ئێوە شکستتان هێناوە تاوانی نەوت چییە ؟

كێ ده‌ستى گرتبوون.. ؟ چه‌ند به‌رچاو ڕوونیه‌ك بۆ قوباد تاڵه‌بانی

د.به‌هرۆز جه‌عفه‌ر 2024.04.18 12:14 AM
4796 جار خوێندراوەتەوە

د.به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

نوسه‌ر و توێژه‌ر

دکتۆرا له‌ په‌یوه‌ندیيه‌ ئابورییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان

ئه‌ندامى فیدراسیۆنى ڕۆژنامه‌نووسانى نێوده‌وڵه‌تى

سه‌رۆکى ئینستیتیوتى مێدیتریانه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى

کێ دەستی گرتبون نیقمەتی نەوت بکەن بە نیعمەت: چەند بەرچاو ڕوونییەک بۆ کاک قوباد تاڵەبانی 
ئەوە بەرەو (١٠) ساڵ زیاترە کاک قوباد تاڵەبانی دەستەڵاتی لە حوکمڕانیی کوردییدا هەیە. لایەنی کەم سەرۆکی حکومەتی ناوچەی سولەیمانییەو، بەرپرسیارێتی زیاتر لە (٢) ملیۆن هاونیشتیمانی لە ئەستۆدایە. 
بۆ جاری یەکەم نییە کە بێ پێش چاو ڕوونی تەواوەتی دەدوێ. ئەمجارەیان لە دیداری سولەیمانی دەڵێ: « نەوت بوە بە بەڵایەک خوا-خوامە ڕۆژێک زووتر لەکۆڵمان بێتەوە». ئێمە ناکرێ هەمیشە وای ببینین کە ئیشی چەقۆ تەنها بۆ چەقۆکێشیی و خۆ-کوژییە. بەڵکو چەقۆ پێداویستییەکی گەورەی مرۆڤایەتیشە. 
بە پێی لقەکانی زانست؛ بەتایبەتی فیزیا و زانستە پزیشکییەکان، هەروەها زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وزە سەرچاوەی جووڵەیە. واتە ئەگەر «وزە- Energy» نەبێت مرۆڤایەتی، گێتی«گەردوون» لە جووڵە دەوەستێ. 
کەواتە وزە ئەوە دەهێنێ وەک بابەتێکی بونیەوی و ستراتیجی کاریگەر تەماشا بکرێ و بەڕێوە ببرێ. بەتایبەتی هێشتا بە پێی ئاژانسی وزەی جیهانی (IEA) نیزیکەی (٥٩٪) ی وزە لە جیهاندا پشت بە نەوت و گاز دەبەستێ و ساڵانەش ئەو پێداویستییەی جیهانیش بە نەوت و گاز زیاتر دەکات.
فۆڕبس، ئاژانسێکی گڵۆباڵی وردە لە تیشک خستنە سەر سەرکردایەتی جیهانیی لە ڕوانگەی سەرمایەگوزاری و ئابوریی و تەکنەلۆژیاوە، بۆ ساڵی (٢٠٢١) کە کۆرۆناش لە ئارادا بوە، دیاریکردوە کە:  وەک پشکێکی گشتی لە بەکارهێنانی وزە، نەوت لە سەرەوە ماوەتەوە بە 33%ی هەموو بەکارهێنانی وزە. باقی بەکارهێنانی وزەی جیهانی لە خەڵوز (٢٧٪) گازی سروشتی (٢٤٪)، وزەی ئاو (٦٪)، وزەی نوێبووەوە (٥٪) و وزەی ئەتۆمی (٤٪) بووە. ئێستا لە (٢٠٢٤) ەدا ئەو بڕە زۆر زیاتری کردوە و ڕۆژانە جیهان (١٠١) ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ بەکاربردن پێویستە. 
بابەتێک «بۆ بەرچاو ڕوونی هەموو کەسێک زۆر پێویستە» لەسەرەتاوە بیزانێ، کە وزە هەر نەوت و گازی سرووشتی نییە. وەک چۆن پرسی کوردیش لە چەند کێڵگەیەک نەوت و گاز و بۆڕییەکدا کورت ناکرێتەوە. 

قوباد تاڵه‌بانی له‌ دیداری سلێمانى ـ 2024.4.17

ئێستا لە کەنداودا بایی سەروو (٧٠) ملیار دۆلار پرۆژەی هایدرۆجینی سەوز کاری لەسەر دەکرێ، پرسی بەکارەبایی کردنی ناوچەیی (Regional Electrification) بەتەواوی بوەتە تۆپیکێک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، شەپۆلە ئاوییەکان، وزەی با، خۆر، بەرهەمهێنانی وزە لە ڕێگەی پەینی کیمیایی، پرسە ژینگەییەکان و... دەیان لقی دیکە لە ناو پرسی وزەدان. هەروەها پرسی پاراستنی ئاسایش و، گۆڕانی جیوپۆڵەتیکیی، هاریکاریی جیهانیی و بازاڕە داراییەکان و بە دیجیتاڵیزەکردن و...تادوایی ڕاستەوخۆ پرسی وزەن. 
کاک قوباد تاڵەبانیش، لەپێش چاوی ئەو «عالەم»ە هاتوەو دەڵێ: نەوت بوە بە بەڵایەک خوا-خوامە ڕۆژێک زووتر لەکۆڵمان بێتەوە. تۆ لە دیدارێک دانیشتوی ڕەنگە دەیان ملیۆن دۆلاری تێ چوو بێ و چاتام هاوس بەشداری لە ڕێکخستنی دا کردوە، دەبێ وەک سەرکردەیەکی ئاگادار ئاوها بدوێی: "نەوت و گاز و بەبەردبوەکان لە دەیەکانی ئایندەدا لەوە دەچێ کاریگەرییان لاواز بێ، دەبێ پابەند بین بە وزەی پاک و هەمەچەشنەکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئابوریی." 
ئێوە شکستتان لە بەڕێوەبردن هێناوە تاوانی نەوت چییە؟
ئەو دە- پانزە مایکەی لەبەردەمتاندا لە هەر شوێنێک قیت دەبنەوەو، تۆش ئا-لەو قسانە-یان بۆ دەکەی، هەمووی بە پارەی نەوت ئێوە درووستتان کردوون و، سایت و پەیج و ئۆفیستان بۆ کردونەتەوە. بە دەیان ڕاوێژکار و سەنتەر و هەزاران کادیری حیزب بەپارەی نەوت ڕۆژانە «کای کۆن بە با دەکەن».
لە (٢٠١٣) ەوە دیداری سولەیمانی دەکرێ، چارەکی ئەوەی تێ نەدەچوو زۆر خزمەتی گەورەتر بکەن، جارێکیش «فرانسیس فۆکۆیاما» لەو هۆڵەو لە جێگەی جەنابت پێی بەهەمووتانی وت: "باشترین دیموکراسی ئەوەیە بیستوچوار کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتییەکانی دابین بکا".

کاک قوباد، پارەی نەوت دەبێ چی بەسەر هاتبێ؛ لە ئۆگەستی ٢٠١٤ ەوە بۆ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بە ئاگاداری ئێوەو سەرۆکی حکومەتی ئەوکات لە کەرکوکدا ڕۆژانە (٣٠٠ بۆ ٣٥٠ هەزار) بەرمیل نەوتتان بە بۆڕی کوردستاندا فرۆشتوە

دیداری سولەیمانی لە (٢٠١٣) ەوە دەستی پێکردوە، کەچی لەساڵی (٢٠١٢) ەوە بڕیارە ڕێگەی سلێمانی- کەلار بکەن بە دوو سایت، دوایی پێتان نەکرا، کورتتان کردەوەو ناوتان نا ڕێگەی کەلار- دەربەندیخان؛ هێشتاش هەر پێتان تەواو نەکراوە! پانزە ساڵە ڕێگەی دووکان- ڕاپەڕین وێرانەیە؛ لەگەڵ هەموو تاسەیەکی قووڵدا شوفێرەکان « ڕەحمەت!» ێک بۆ فەرمانڕەواییەکەتان دەنێرن. 
پێشووتریش لە کۆتایی نەوەتەکانەوە ( کاتی دوو ئیدارەیی) ەوە تا ئەمدواییە نەخۆشخانەی چوارسەت قەڕەوێڵەیی سولەیمانی دوانزە ساڵی خایاندو، دووجار بودجەکەی دیار نەما، ئینجا جاری سێهەم توانرا نەخۆشخانەکە تەواو بکەن.
سی و دوو ساڵە ئێوە فەرمانڕەوان؛ کێ دەستی گرتبوون بچن لە چەمچەماڵ ( پایتەختی شەهیدان و ئەنفال) نەخۆشخانەیەک درووست بکەن! چەمچەماڵ (٢٥٠) دوو سەتوپەنجا هەزار نفووسی هەیە؛ نەخۆشخانەی نییەو، سەرمایەدارێک ئازاری ویژدان هەڵی پێچا و جورئەتی کرد بەگوژمەی (٨) ملیۆن دۆلار و خێرخوایی خەریکە درووستی دەکات! 

كێڵگه‌یه‌كی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان

کاک قوباد، پارەی نەوت دەبێ چی بەسەر هاتبێ؛ لە ئۆگەستی ٢٠١٤ ەوە بۆ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بە ئاگاداری ئێوەو سەرۆکی حکومەتی ئەوکات لە کەرکوکدا ڕۆژانە (٣٠٠ بۆ ٣٥٠ هەزار) بەرمیل نەوتتان بە بۆڕی کوردستاندا فرۆشتوە؛ تاکە یەک دۆلاری نەچۆتە خزمەتی کەرکوکییەکانەوەو بە  تەنها (١٨٪) ی داهاتەکەی دەهاتە سەر قاسەی هەرێم و دەدرا بە مووچەی فەرمانبەران، مانگ هەبوە بایی (٤٥٠ بۆ ٥٠٠) ملیۆن دۆلار لەو «نەوت» ەتان فرۆشتوە: کوا داهاتەکەی؟! 
ئەگەر بڕیارە هەموومان لەسەر سەرمایەی ڕابردوو بژین، باوک و باپیری ئێمە شۆڕشی ڕاستەقینەیان کرد؛ عەزیەت دەکێشی تەماشا بکەی؛ لادێکەمان دەکەوێتە ناو گەورەترین کێڵگەی گازیی عێراقەوە ( سنوری ناحیەی قادرکەرەم)، پەنجاو شەش شەهیدو ئەنفالی هەیە، تائێستا ئیدارەکەی ئێوە دەمە شۆڤڵێکی لە ڕێگەکەی نەداوە؛ بەڕێگەی جنۆکە دەچێ. تۆ بڵێ من دەوڵەتمەدار نییم، هەریەکەمان چووین چەند دۆستێکی خۆمان لە دەرەوەی وڵات کە کۆمپانیایان هەیە هێناوەو گرێبەستمان لەگەڵ کردون، ئیتر ئەوەیە دۆخەکە گەیشتوە بە ئێستا...
بڵێ منیش وەکو ئەوانی تر کۆمەڵێ خەڵکم لە خۆم کۆکردۆتەوە و وا دەزانم ئیشمان کردوە؛ ئێستا وا دەردەکەوێ هیچمان نەکردوە [ ئاوا بڵێ]. گوایە کێ دەستی گرتوون فەلسەفەی ئابوریی دابڕێژن و بیر لە قۆناخی دوای نەوت بکەنەوە، بۆ نەتانکردوەو نایکەن! 
دیداری سولەیمانی: کای کۆنی تیا بە «با» دەکرێ
کای کۆن بە با کردن، یانی ئەوە (٢٠٢٤) ەو جیهان ساڵانێکە بێی بیسمیلای لە زیرەکی دەستکرد (AI) کردوە؛ ئێمە تازە- تازە لە گەرمەی حیکایەت و شەڕو دەستشکانەوەکانی ساڵانی شەستەکان و نەوەتەکانداین. تازە تازە دەوروبەرەکانمان، دەستگا ئەمنییەکانمان، بەناو «ئامرازەکانی میدیا» مان بە یێدەنگی ژووری تایبەتیان بۆ بە با کردنی کای کۆن تەیار دەکەن!

بڵێ منیش وەکو ئەوانی تر کۆمەڵێ خەڵکم لە خۆم کۆکردۆتەوە و وا دەزانم ئیشمان کردوە؛ ئێستا وا دەردەکەوێ هیچمان نەکردوە

خەڵکی لە من و کاک قوبادیش خاستر دەزانێ و چەشتوویەتی، دەبینێ کە چی دەگوزەرێ و نیەتەکان چۆنن و شێوازی بیرکردنەوەکان چین.. ئەوە بۆیە بەهەر هەموومانەوە «حیزبی و ناحیزبی» لە کوردی کەرکوک دەپاڕاینەوە «بۆ خاتری خوا با ماڵمان بە قووڕ نەگیرێ»، ماڵ- بەماڵ دەگەڕان، مەلا لە مزگەوتەوە هاواری دەکرد، هێشتا (٥٠٪) ی کوردی ناوچە دابڕاوەکان نەچوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان. 
کاک قوباد هەر لەو « دیداری سولەیمانی» یە، دەڵێ: «ئێمە هیچ ڕووئیایەکمان نییە، ڕۆژی وا هەیە لە خەو هەڵدەستم ئابورییەکەمان وەک ئەوەی ئەمریکایەو، ڕۆژی واش هەیە لەوەی سۆڤییەتی ساڵانی حەفتاکان دەچێ».
بیرت نەچێ کاک قوباد ئێمەش ڕۆژی وا هەیە لەخەو هەڵدەستین هەست دەکەین سعودییەو سەلەفییەکان کە «محەمەد بن سەلمان» جموجوڵەکانی سنوردارکردوون، ئێوە هەموویتان هێناوە بۆ پایتەختی ڕۆشنبیریی.
هەندێ ڕۆژ هەست دەکەین ئازادی هەیەو هەندێجار هەست دەکەین لەدوای کۆچی دوایی «مام» ەوە سەدان پلە شارەکە گۆڕاوە! ئەم قسانەی بەڕێزتان دەیسەلمێنێ کە تاوانی گەورەتان کردوە، وەک ئەوەی دارتاشێک بێت و هەر بەزۆر خۆی بکات بە پزیشکی دڵ و نەشتەرگەریی ئەنجام بدا و نەخۆشەکان بکوژێ!؟ 
حوکمڕانی بە بێ ڕووئیا «Vision» و «پلان» و فۆکەس لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکە وەکو ئەوە وایە بچین بۆ ئاهەنگی گواستنەوە بە بێ بوونی بووک و زاوا. 
لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە، چەند ڕۆژێ پێش «ئەو دیدارە» کاک قوباد دەڵێ: "ئەگەر لەماڵی خۆمان لە هەولێر سندوقم دانابێ، هەڵبژاردن دەکەم." بۆچی دەیکەی؟ بۆ ئەوەی هەر بەم ڕووئیاو تێگەیشتن و کەرەستانەی ئێستاتان پۆستی سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت وەربگرن! ئەگەر وانییە؛ پێمان نیشان بدە چۆن بەم دۆخەوە کار لەسەر هەستانەوەی کوردستان دەکەی!؟
بە سەدان هەزار شووققەو ڤیەللاتان درووست کردوەو، بەردەوامیش شوێن داگیردەکرێ و دەکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبوون بێ ئەوەی بزانن سبەی چی ڕوودەدات، بۆ کێی درووست دەکەن! هەر تاسەکانی ناو سولەیمانی هەیانە دوو بۆ سێ ساڵە چەند تەنەگەیەک قیری پێویستە چاکی ناکەن؛ ئاخەر یەکێ ئیشی بچووکی پێ نەکرێ هەرگیز ناتوانێ کاری گەورە بکات.
لە بنچینەدا ئێوە ڕقتان لە پسپۆڕی ئابوریی و کەسانی شارەزا دەبێتەوە
ئەلف و بای کێشەکان ئەوەیە؛ ئێوە ڕقتان لەکەسانی پسپۆڕی ڕاستەقینەو شارەزایە؛ چوونکە وەک دەردەکەوێ لەسەرەتاوە نیەتەکە بونیادنان نەبوە و شتێکی تر بوە.
ئەگەر وانییە کاک قوباد، تۆ کە ئەوەندە ڕقت لە نەوتەو دەتەوێ وای نیشان بەی خۆت لەپرسی نەوت دوور گرتوەو، ماوەیەکە دەزانی کار گەیشتوەتە لێژی؛ بۆچی دوو کارگەی «ڕستن و چنین»ی گەورەتان نەکردەوە، گەنجەکانی تیادا سەرقاڵ بکەن، کێ دەستی گرتووی دە ساڵ زیاترە کارگەیەکی درووستکردنی پێڵاو بکەنەوە، دوو ئەندازیاری چینی بهێنن و ماددە سەرەتاییەکان هەیە، قەیتانەکەی لە پێنجوێن و پێڵاوەکەش لە چەمچەماڵ درووست بکەن؟ عەیبە ئیتر با ئەو خەڵکی کوردستان و شارە حەیاتەکە پێڵاوی تورکیی لە پێ نەکەن!

گڕێبه‌ستی نه‌وت له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ڕوزنه‌فت ـ سانپترسبۆرگ ـ ڕوسیا ـ 2017

ئەگەر نەوت بەڵایە، بۆچی ئێوە لەسەرەتاوە چوون گرێبەستتان واژۆکرد لەگەڵ ئەو هەموو کۆمپانیایە؟ بۆچی ساڵی (٢٠٠١) یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان وەک ئیدارەی سولەیمانی چوون لەگەڵ ئەنکەرە ڕێککەوتن و، ئەوانیش کۆمپانیای «گەنەڵ ئینێرجی» یان بۆ ئەو مەبەستە درووستکردو، هێناتان «کێڵگەی تەق تەق» تان ڕادەست کردن؟ داهاتەکەی نازانن چوە بۆ کێ و کێ؟! کێڵگەکە توانای ئەوەی هەبوو تەنها (٤٠ بۆ ٥٠ هەزار بەرمیل) ی لێ دەربهێندرێ، ئێوە دوای ڕووخانی سەدام و دروستکردنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان چوون و ڕێگەتان دا ڕۆژانە ١٤٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەم بهێندرێ؛ بەرئەنجامی ئەوە ئێستا کێڵگەکە لە ڕووی جیۆلۆجییەوە داغان بوەو بەرەو ئەوە دەچێ بەکەڵکی بازرگانی نەمێنێ.
نابێ بپرسیت: بۆچی نەوت لە نەرویج، قەتەر و ئیمارات مایەی خۆشگوزەرانییە لای ئێمە بوەتە مایەی قووڵبونەوەی گرفتەکان؟
ئەگەر نەوت ئەوەندە خراپە، بۆچی وەفدی یەکێتی لەگەڵ پارتی دەچن لە تورکیا گرێبەستی پەنجا ساڵە ئیمزا دەکەن؟ بۆچی کۆمپانیاکانی حیزب نەوتی گەرمیان دەگوێزنەوە بۆ بەهەر لایەکدا بیانەوێ!؟ بۆچی لە (حوزەیرانی ٢٠١٧) لەگەڵ کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ئەوکاتی هەرێم، دەچیت بۆ ڕوووسیاو  کاک ئاشتی هەورامیش لەگەڵ خۆتان دەبەن لە سانت پیتەرسبۆرگ لەگەڵ  ئیگۆر سێچین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕۆس نەفت گریبەست واژۆردەکەن؛ بە چ پێوەرێک ئێوە هاوپەیمانی ئەمریکان، دەچن (٥) بلۆکی نەوتی و (٦٠٪) ی هێڵی بۆڕی کوردستان دەفرۆشنە ڕۆس نەفت لەبەرانبەر پێدانی (٣.٥) سێ ملیارو نیو دۆلار بۆ مووچەی فەرمانبەر! لە کوێی گۆی زەوی هەبوە حکومەتێک قەرز بکا بۆ مووچە.. چ جای بچی سامانی زێڕینی وڵاتەکەت کە ملیۆنەها ساڵی ویستوە تا لە ژێر زەویدا فۆڕمیولە بوە، بفرۆشی بۆ مووچە! 
کاکی من، کاک قوباد؛ تکایە بڵێ کارەساتمان خوڵقاندوە، نەمانزانیوە لە کابینەکانی پێشوەوە تا ئێستا هەڵەی ئێجگار ستراتیجیمان کردوە، دامودەزگەو دامەزراوەی نیشتیمانی و زانستی ڕۆڵی نەبوە، بڵێ ئیدارەی نەوت و گازو توانا پیشەسازییەکانمان هەڵەبوە لە سەرەتاوەو ئێستا لەم کابینەیە هەمووی ئاوساوەو ئەمەی لێ دەرچوە کە دەی بینن. بڵێ نەمانتوانیوەو بە نەزانی کەوتین بەسەر دۆخێکدا.. ئیتر بۆچی لۆمەی نەوت دەکەی؟ بۆچی حەزدەکەی نەوت بڕوات و نەیەتەوە!
سەرەتاو کۆتایی بابەتەکە، پەیوەندیی بەوەوە هەیە ئەقڵ لەپەراوێزی پەراوێزەکاندایە. چوونکە ئێوە کارتان بە خەڵکی پسپۆڕ و ئەقڵ نییە: ماوەکانی ڕابردوو سەلماندویەتی ئەوەی تۆزێک ئەقڵی هەبوبێ، ئێوە بەگشتی بە مەترسیتان زانیوە. ئیتر لەگەڵ ڕێزم بۆ براو خووشکە کوردستانییەکانم ئەوەی تۆزێ ئەقڵی بوو بە هەزار پێ کوردستانی بەجێهێشت؛ کاتێک سەرچاوەی مرۆیی بەهێزیش نەبوو، سەرکردەی خۆشەویست و لێبوردە و ژیر نەبوو، لەوێدا لەگەڵتم سەرچاوەی سرووشتی دەبێتە نەعلەتێکی گەورە. 
من ئەم ڕەخنانەم گرت، چوونکە زانکۆی ئەمریکی کە دیداری سولەیمانی تیا بەڕێوە دەچێ، ئیشی ئەوەیە تاکی داهێنەر- Creative درووست بکات، ڕێگای درووستبونی تاکی داهێنەریش بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە- Critical Thinking دا تێپەڕ دەبێ. وڵات بەو ئارگیۆمێنتانە پێش دەکەوێ، کە بەداخەوە باوەڕموایە ئێوە حەز بە بیستن و بینینیان ناکەن. هەرکەسێکی دیکەش ئاوها وەک قوباد لۆمەی نەوتی کردبایەو، بیگوتبایە پلان و ڕووئیامان نییەو، بەمجۆرەش بەردەوام دەبین؛ هەمان شتم دەنووسی.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ