له‌ شه‌ڕی ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بۆ شه‌ڕی هێزه‌كان

مەتەڵی مانه‌وه‌ی ئەسەد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

د.سەردار عەزیز 2024.10.10 01:36 PM
1041 جار خوێندراوەتەوە

د.سەردار عەزیز

نوسەر و توێژەر
مامۆستای زانکۆی کۆرک ـ ئیرلەندا


تێگەیشتن لە مانەوەی ئەسەد هاوکارە لە تێگەیشتن لە دۆخەکە بە گشتی، بەشار ئەسەد لە دەرەوەی فشارەکانی ئەم ململانێیانەی ئێستایە، بە هۆکاری جیاواز، نە ئێران، نە ئیسرائیل، نە ئەمریکا و نە ڕوسیا و نە چیدی تورکیا نایانەوێت فشار بخەنە سەر ئەسەد. دیارە وڵاتانی کەنداویش پاش بەدیهێنانی ئامانجیان لە کوشتن و ئاوارەکردنی ملیونان مرۆڤی سوریی.
ئێران نایەوێت فشار لە سەر ئەسەد بکات چونکە دەزانێت فشار ڕەنگە پێگە لاوازەکەی لە ناوەوە بخاتە مەترسی و بە ڕوخانی ئەسەد دابڕان دروست دەبێت لە نەخشەی شامی ئێرانیدا، حیزبوڵا هێندەی تر لاوازتر دەبێت. بۆیە ئێران لە ڕێگاى ماهیر ئەسەدەوە کارەکانی ڕایی دەکات کە زیاتر گەیاندن و گواستنەوەیە، ئەوەش وەهایکردوە کە ئیسرائیل لە ماهیر بدات بەڵام لە ئەسەد نا.
بۆ ئیسرائیل، لە پاش بەهاری عەرەبییەوە، ئەسەد بوەتە ئەو بەفەر، یان دابڕە لە نێوان ئیسرائیل و کۆمەڵێک هێز کە ئەگەر جێگای ئەسەد بگرنەوە توندتر دەبن بەرامبەر ئیسرائیل.
هەروەها مێژوی بنەماڵەی ئەسەد لەگەڵ ئیسرائیلدا مێژوییەکی هێمنە، هەرچەندە جۆلان داگیرکراوە بەڵام دانیشتوانی جۆلان هەمویان دروزن و دۆستی دەوڵەتی ئیسرائیلن، تەنانەی دەچنە خزمەتی سەربازیی ئیسرائیلیش، لە هەمانکاتدا ئەسەد ڕۆڵێک دەبینێت لە نێوان ئیسرائیل و ڕوسیادا، ڕوسیا هاوکار بووە لە کردنەوەی ئاسمانی سوریا بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل. 


بۆ ڕوسیا ئەسەد گرنگە چونکە لە ڕێگای ئەسەدەوە پێگەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و لەم پێگەیەوە ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی هەیە لە گەڵ سوپای ئەمریکیدا، بۆ ئەمە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ عەقیدەی پریماکۆڤ کە بڕوای وەها بوو ڕوسیا ناتوانێت دۆستی ئەمریکا بێت بۆیە دەبێت ڕکەبەریی بکات، باشترین جێگا بۆ ڕکەبەریی ئەمریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەمە جگە لە ترس لە تیرۆری ئیسلامیی بۆ ڕوسیا.
بۆ ئەمریکا، کەوتنی ئەسەد یانی بەهێزبونی ئەو هێزانەی کە داعشن یان هاوشێوەی داعشن، ئەمەش لە لایەن ئەمریکاوە نەخوازراوە. 
لە واقیعە ئاڵۆزە چی هەڵدەهێنجین:
یەکەم شەڕەکان چیدی شەڕی وڵاتان نین، دەبینین تەنها ئیسرائیل وڵاتە لەم جەنگەدا و شەڕی دەوڵەتی دەکات.
دووەم، هەریەک لە ئێران و سوریا و عێراق و لوبنان، تەنها ڕژێمەکانیان، یان بەشێک لە ڕژێمەکانیان یان چەند هێزێک دەجەنگن، ئەوانیتر نەیارن.


سێیەم، نەک تەنها زۆرینەی زۆری خەڵکی ئێران بەڵکو بەشێکی زۆری ناو ڕژێم دژ بە جەنگن، هەندێک بە ڕوونی وەک بەرەی سەرۆک کۆمار، هەندێکی تر بە هاوکاریی ئیسرائیل و ئەمریکا، یەکێک لە دوو دڵییەکانی ئیسرائیل ئەوەیە کە هەنگاوێک نەنێت کە خەڵک و ڕێژێم یەکبخات.

نەبوونی دیموکراسی، نەبوونی دەوڵەت، نەک تەنها دەستوەردانی ئەوانیتری کردوەتە بەشێک لە واقیعی سیاسی، بەڵکو دۆخێکی وەهای دروستکروە کە هەموو ڕژێمەکانی ناوچەکە لە خەڵکی خۆیان زیاتر دەترسن هەتا لە لایەنی دەرەکی، ئەم نەبوونی دیموکراسییەیە، کە بە ئاسانی لە جەنگدا دەدۆڕین. 
کورد وەک لە بانگەشەکاندا دیارە، پەرت و دابەشە بەسەر ئەم بەرە دژ بە یەکانەی ناوچەکە، نە ئاگایی گشتی هەیە و نە بەرژەوەندی نوخبە هەتا بە ئاراستە دیموکراسی و دادپەروەیی و خۆشگوزەرانی بڕۆن.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ