

پەکەکە لە مێژووی خۆیدا چەند جارێک کشانەوەی هاوشێوەی ئەنجام داوە. بەڵام کشانەوەی بەشێک لەهێزەکانی پەکەکە ئەمجارە ئەگەرچی بە ڕواڵەت بەشێکە لە پرۆسەی ئاشتی، بەڵام شێوازی ئەنجامدانی ئەم جارە لەچوارچێوەی ئامادەییەکی ئاسایش، پرۆتۆکۆڵ، دیسپیلینی ئەمنی و هەواڵگریی بەهێزەوە، هەڵگری پەیام و ڕازی گرنگە.
کۆنترول کردنی ئەمنی توند لەلایەن گەریلا و پابەندبوونی توند بە پرۆتۆکۆل و دسپیلینی سیاسی، سەربازیی، ئەمنی و هەواڵگرییەوە نیشان دەدات کە هەموو ئەو ڕێوشوێنانە پەیامی فرەڕەهەندیان هەیە .
ڕەهەندی سیاسی
ئەم کشانەوەیە دەتوانێت فەزای سیاسی بۆ دەوڵەت دروست بکات تا خۆی وەک سەرکەوتوو نیشان بدات لە سیاسەتی ئاسایشی ناوخۆدا.بۆ ئەوەی بتوانێت هەنگاوی سیاسی،یاسایی و دستوریی دەست پێ بکات.
جۆرێکە لە پەیامی سیاسی بۆ حکومەتی تورکیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە پەکەکە تەنها گروپێکی یاخی نییە، بەڵکو هێزێکی بە دسیپلین، ڕێکخراوە وە هێزیکی سیاسی، سەربازی ڕوون و ئاشکرایە.
هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەتی سیاسی لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا هەوڵدەدات خۆی وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی سیاسی شەرعی و بەرپرسیار نیشان بدات، نەک گروپێکی بێ دیسپلین و تیرۆریستی.
ناردنی پەیام بۆ ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان: بۆ فشارخستنەسەریان بۆ نێوەندگیری.
ڕەهەندی هەواڵگریی
لە ڕوانگەی هەواڵگرییەوە هەموو ئەمانە بەشێکن لە دروستکردنی متمانە،کرانەوەی گفتۆگو و هەماهەنگی شاراوەی نیوان دەوڵەت و پەکەکە.کەواتە ئەو قۆناغە ئاماژەیە بۆ هەماهەنگی پێش وەختە و پشت پەردە لە نێوان دەزگای هەواڵگری (میت)، پەکەکە.

بۆیە ئەو کشانەوەیە ئەنجامی دانوستانی نهێنیە، هەنگاوێکی لەو شێوەیە بەبێ هەماهەنگی هەواڵگری ناکرێت. ئەگەری ئەوە هەیە کە دەزگای میت، پەکەکە و دەزگا هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشوەختە لەسەر کاتی کشانەوەی هێزەکان ڕێککەوتبن.
ئاسایش، پرۆتۆکۆڵ و دیسپیلینی توند
بەگشتی نیشان دەدات کە هێزێکی ڕێکخراو، ڕاهێنراون و ئامانجێکی سیاسی ڕوونیان هەیە. پێگەیشتنی سیاسی و سەربازیی تەواوی پارتەکە نیشان دەدات بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغی سیاسیی.
نیشان دەدات کە ئەم قۆناغە ڕووداوێکی هەستیاری سیاسی، سەربازییە. ئامانج ڕێگریکردنە لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، یا خراپ بەکارهێنانی دۆخەکە. هەورەها هێمای پابەندبوونە بە پرۆسەکە. واتە خودی پرۆسەکە بەڵگەیە بۆ نیاز پاکی جددی.
یەکپۆشی جلوبەرگی سەربازیی وەک ئامرازی هەژموونگەرانەی بنیاتنانی ناسنامە
لەبەرکردنی یک جۆر جلوبەرگی سەربازی وەک هێزێکی ئاسایی خۆی دەناسێنێت، نەک تەنها گروپێکی یاخیبوو و نایاسایی. ئەمەش هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەتی سیاسی لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.پێیان دەڵێت ئێمە هێز و دەسەڵاتێکی جیاواز و ڕێکخراوین، چونکە زۆرێک لە گروپە سەربازییەکان،یا میلیشیا و گرۆپە تیرۆرستیەکان دیسیپلین و توانایەکی لەو شێوەیەیان نییە. بە زۆری گرۆپە سەربازییەکان جل و بەرگی جۆراوجۆریان لەبەرە.

بەتایبەت ئەو جۆرە جلوبەرگە سەربازییە بەتەواو کوردییە، جۆرێکە لە جلوبەرگی سەربازی کوردی تایبەت کە گونجاوە بۆ سروشتی شاخاویی کوردستان. بە جۆریک کە تێکەڵ ببێت لەگەل سروشت، ژینگەی شاخاوی، بەردین، نیمچە وشکەکاندا.کە تایبەتە بە گەریلاکان.
نمایشکردنی چەک و کەرەستە وەکو لیڤەرێک بۆ فشاری سیاسیی و دیپلۆماسی
پیشناندانی چەکەکان بۆ ئەوەیە کە نیشان بدەن کە بزۆتنەوەکە پشتیوانی سیاسی، لۆجستی و ڕاهێنانی ئاکتەرە دەوڵەتییە ناوچەیی و نێودەوڵەتیە هەژمون دارەکانی هەیە، بۆ نموونە ئەو چەکانەی لە دەستی گەریلاکان دەبینران جۆراجور بوون وەک چەکی ئەمریکی و ڕووسی.
ئامێری دژە شوێنپێهەڵگرتن: بۆ تێکدانی پەیوەندییە ڕادیۆییەکان و سیگناڵەکانی مۆبایل، سیستەمی (GPS). دەبێتە هۆی پەککەوتنی تۆڕەکانی تەلەفۆنی گشتی و خزمەتگوزارییە فریاگوزاریەکان. ڕێگریکردن لە گوێگرتن یان تۆمارکردن لە کاتی کۆبوونەوە گرنگەکاندا.
ئەو سندوقەی کە لەسەر زەوی لە تەنیشت گەریلاکە کەوتە بوو: بۆ گواستنەوە، پاراستنی چەک و ئامێرە هەستیارەکان لە ژینگە سەختەکاندا دروستکراوە لەوانە:بۆ هەڵگرتنی پارچەی یەدەگی چەک و دووربینی شەوان حراری، قەناس، درۆن ، ئامێری تەکنیکی، ئەلیکترۆنی ئامێری پەیوەندی بۆ پاراستنی پەیوەندییە پارێزراو و کۆدکراوەکان .