ده‌وڵه‌ته‌ پشتیوانه‌كانی بورهان و حه‌میده‌تی كێن ؟

سودان.. شه‌ڕی ناوخۆ و هاوكێشه‌ی جیۆپۆله‌تیكى

ره‌نج نه‌وزاد 2025.11.01 02:11 AM
1381 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

نزيکەی سێ ساڵە شەڕی ناوخۆی سوودان بەردەوامە، ژمارەی کووژراو و ئاوارە و بريندار و تاوانەکانی جەنگ لە سوودان زۆر زیاتر و گەورەترە لە هی شەڕەکەی غەززە. ئەوانيش هەر مسوڵمانن، کەچی بە نيوەی غەززە نەبوونە بابەتی ميديا و ڕای گشتی و ناڕەزایەتی، چونکە خوێنی مسوڵمانە سوودانييەکە گونجاو نەبوو بۆ بازرگانی و سياسەت بە براورد بە هی غەززە. بەڵام وا چەند ڕۆژێکە ڕووداوەکانی سوودان، بە تايبەت ڕووداوەکەی شاری "الفاشر" لە هەرێمی دارفور، بووە بابەتێکی ديار لە ميدياکان و زیاتر باس دەکرێت. بێ گومان مەسەلەکە مرۆیی و ئاينی نييە، چونکە سێ ساڵە ئەو جۆرە کووشتار و تاوانانە بەردەوامن، ئایا هۆکارەکانی چين؟ چ شتێکی جياواز ڕوويداوە؟ هۆکارەکە ئەوەیە شەڕەکەی سوودان خەريکە دەبێتە هاوکێشەیەکی جيوپۆلەتيکی گرنگ و بەرەکانی ململانێکە وردە وردە دەردەکەون.
بە کورتی: هێزەکانی پشتيوانی خێرا بە سەرکردایەتی حميدتی، توانی شاری "الفاشر" لە باکوری هەرێمی دارفور کۆنتڕۆڵ بکەن و هێزەکانی سوپای سوودان بە سەرکردایەتی عەبدولفەتاح بورهان، دەربکەن. ئەم شارە گەورەترينە لە هەرێمی دارفور و لە ڕووی مێژووییەوە وەک پايتەختی هەرێمەکە دەناسرێت. بە کۆنتۆڵکردنی ئەو ناوچەیە لە لایەن هێزەکانی پشتيوانی خێرا، تەواوی هەریمی دارفور کەوتە ژێر دەسەڵاتی حميدتی، چونکە "الفاشر" تاکە ناوچەی دارفور بوو لە ژێر دەسەڵاتی سوپای سوودان بوو. ڕووبەری دارفور لە عيراق گەورەترە و نزيکەی ٢٥٪ی ڕووبەری سوودان پێکدێنێت، ميليشياکانی حميدتی جگە لە دارفور، چەند ناوچەیەکی تريش حوکم دەکەن. دەنگۆ و گومان هەیە کە سوودان بەرەو دابەشبوونێکی تر دەچێت، لە ئێستادا هەرێمی دارفور لەگەڵ ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی حميدتی دەکرێت بەرەو سەربەخۆییەکی ديفاکتۆ هەنگاو بنێن، بە تايبەت کە دارفور ئيتر ئەستەمە گەمارۆ بدرێت لە لایەن سوپای سوودانەوە چونکە سنووری لەگەڵ ليبيا و چاد و ئەفريقای ناوەند و دەوڵەتی باشووری سوودان هەیە، کە سنوورێکی کراوە و نا سەقامگير و کۆنتڕۆڵ نەکراون.

بورهان و حه‌میده‌تی له‌ هاوپه‌یمانییه‌وه‌ بۆ دوژمنایه‌تى

 

ڕاستە کۆنتڕۆڵکردنی "الفاشر" لە ڕووی سەربازی و سياسييەوە ڕووداوێکی گەورەیە، بەڵام ئەوەی ڕووداوەکەی گەورەتر کرد و کردييە هەواڵێکی سەرەکی، بريتييە لە بەرەکانی ئەو ململانێيە. لە ململانێی سوودان بەرەکان ئاڵۆزن و دياريکردنيان ئاسان نييە. چونکە جياوازە لە فۆرم و بکەرەکانی بەرەکانی ناوچەکە. بۆ نموونە لە ناوچەکە ئيمارات و ميسر و سعوودييە بۆ زۆر بابەت یەک بەرەن، بەڵام لە سوودان ئيمارات و ميسر لە بەرەی دژ بە یەکن، ئيماڕات هاوکاری حميدتی دەکات، ميسر پشتيوانی بورهان دەکات. سعوودييە تا ڕادەیەک هاوسەنگی راگرتووە، بەڵام نزيکترە لە ميسر و بورهان. قەتەر هەوڵدەدات ناوەندگير بێت، بەلام لە ئێستادا نزيکترە لە بورهان. ئەمريکا دەيەوێت شەڕەکە بوەستێت و هەردوو بەرەکە ڕێکبکەون. ڕەخنە و فشار و سزای بۆ هەردوو بەرەکە هەیە. بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابودوو زمانی توند بوو دژ بە هێزەکانی حمديتی و، تۆمەتباری کرد بە ئەنجامدانی کۆمەڵکووژی لە "الفاشر". تورکيا بە گشتی دۆستی عومەر بەشير بوو، دژی کودەتاکەی بورهان و حميدتی بوو، بەڵام لە ئێستادا پشتگيری بورهان دەکات. بە پێی هەندێک ڕاپۆرت ئێران هاوکاری سەربازی ناردووە بۆ بورهان. ڕووسيا بە فەرمی لەگەڵ هەردوو بەرەکە پەيوەندی هەیە، بەڵام ڤاگنەر لەگەل هێزەکانی پشتيوانی خێرایە و دەوترێت بازرگانی ئاڵتون و چەندين جۆری بازرگانی تر بە یەکەوە دەکەن.
ئيسرائيل لەگەڵ هەردوو بەرەکە پەيوەندی هەیە، چونکە هەردووکيان سەبارەت بە ئيسرائيل بۆچوونيان پۆزەتيڤە و لەگەڵ ئەوەن سوودانيش بچێتە ناو ڕێککەوتنامەکانی ئيبراهيمی. هەر بۆیە لە سەرەتای شەڕەکەوە ئيسرائيل چەندين جار هەوڵيداوە هەردوو بەرەکە دانوستان بکەن و تەنانەت ئامادە بوو دانوستانەکان بهێنێتە تەل ئەڤيڤ. بەڵام حمديتی زیاتر خۆی نزيک دەکاتەوە لە ئيسرائيل بەو هيوایەیی هاوکاری سەربازی و دبلۆماسی وەربگرێت دژ بە بورهان، تەنانەت براکەی خۆی نارد بۆ ئيسرائيل لە پێناو درووستکردنی پەيوەندييەکی باشتر و تۆکمەتر. بەڵام ئيسرائيل بە فەرمی دەيەوێت پەيوەندييەکانی لەگەڵ هەردوو بەرەکە باش بێت، چونکە پێیوایە ئايندەی سوودان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دووانە بە یەکەوە، یان لە ژێر دەسەڵاتی یەکێکيان دەبێت. دەنگۆ هەیە گوایە هاوکاری حمديتی کردووە، ئەگەر ئەوە ڕوويدابێت لەبەر دوو هۆکارە، فاکتەری ئيماڕات، هاوکات نزيکبوونەوەی بورهان لە ئيخوانەکان لە کاتی شەڕەکە.

شاری ئه‌لفاشر پایته‌ختى هه‌رێمی دارفۆر

 

ئەوەی ئاماژەی پێکرا ئەکتەرە گرنگەکانن، ئەگەرنا، دەوڵەت و ئەکتەری ديکەش هەن کە ڕۆڵيان هەیە لەو هاوکێشەیە، وەک خەليفە حەفتەر و ميليشياکانی ليبيا، چاد و باشووری سوودان.. بەڵام لەناو ئەو ئەکتەرانە، ميسر و ئيماڕات ڕۆڵی سەرەکی و ئاشکراتر دەبينن. ميسری سيسی و ئيماڕات لە زۆربەی هاوکێشەکان لە یەک بەرەن، کەچی لە هاوکێشەی سوودان، لە واقعدا دژی یەکترن. لە سوودان، ميسری سيسی لە هەڵوێستی قەتەرەوە نزيکترە، نەک ئيماڕات، ئەمە ڕێکەوتێکی سەيرە. هۆکاری زۆر هەیە بۆ ئەم ئاڵۆزييە، گرنگترينی:
١. بورهان و حميدتی هەردووکيان هاوپەيمان بوون، بە یەکەوە عومەر بەشيريان لابرد، هەر بە یەکەوە دواتر کودەتایان بە سەر حکومەتە نوێيەکەی دوای بەشير کرد و دەسەڵاتی سەربازييان سەپاند.

٢. سوودانی سەردەمی عومەر بەشير نزيک بوو لە ئيخوان و ئەردۆگان و قەتەر و ئێران، دژە ئەمريکا و ئيسرائيل و رۆژئاوا بوو. کاتێک بورهان و حميدتی بەشيريان لابرد، ئيخوان و ئەردۆگان و ئێران و قەتەر نيگەران بوون. ئەمريکا و سعوودييە و ئيماڕات و ئيسرائيل و ميسر خۆشحاڵبوون.

٣. سەرەتا هەردووکيان پەيوەندييەکی باشیان هەبوو لەگەل ميسر و ئيمارات و سعوودييە، هاوکاری دەکران لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە، چونکە هەردووکيان دژە ئيخوان بوون. کاتێک ئەو دوو هاوپەيمانە دەبێتە شەڕيان، وردە وردە هاوکێشەکە دەگۆڕێت. بۆ نموونە بورهان بۆ ئەوەی سەرباز و هێزی زیاتر بەدەست بهێنێت و حميدتی بچوک بکات، ناچار بوو پەيوەندی لەگەڵ ئيخوانەکان درووست بکاتەوە، ئيخوانەکانيش ئەوەیان بە هەلزانی بەو هيوایەیی لەو رێگایەوە دەسەڵات بگرنە دەست، یاخود هيچ نەبێت پێگەی سەردەمی بەشيريان بۆ بگەڕێتەوە. ئەم هەنگاوەی بورهان، هەرچەند ناچاری و تەکتيکی بێت، لای ئيماڕات مەترسيدارە. بۆیە ئيماڕات وردە وردە لە کاتی شەڕەکە لە بورهان دوورکەوتەوە و هاوکاری حميدتی کرد. سەرچاوە نا فەرمييەکان دەڵێن ئيماڕات لە ڕێگەی وڵاتی چاد و ليبيا (خەليفە حەفتەر)ەوە هاوکاری دەنێرێت بۆ حميدتی، لە ئێستادا ئەو پڕۆسەیە ئاسانتر دەبێت چونکە دوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی دارفور لە لایەن هێزەکەی حميدتی، تەواو سنووری نێوان سوودان و چاد کەوتە ژیر دەسەڵاتی هێزەکانی پشتيوانی خێرا.
٤. ميسر هاوسنوورە لەگەڵ ئەو ناوچانەی سوودان کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکەی بورهانە، لە ئێستادا چەند مليۆنێک لە سوودانييەکان پەنابەرن لە ميسر، ترسی ئەوە هەیە ژمارەیان زیاتر ببێت. هاوکات، بورهان و سيسی لە ڕووی کەسایەتی و پێگە و شێوەی گەيشتنيان بە دەسەڵات هاوشێوەی یەکترن، ئەمە وای کردووە ميسر بورهان بە هاوپەيمانی خۆی بزانێت و چاوپۆشی لەو پەيوەندييە تەکتيکيەیی بکات لەگەل ئيخوان.

عه‌بدولفه‌تاح بورهان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌روه‌ریی سودان


ميسر باش دەزانێت ئيماڕات هاوکاری حميدتی دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئيماڕات هەژموونێکی گەورەی بەسەر ميسری سەردەمی سيسی هەیە، تا ئێستا بە فەرمی گلەیی و ڕەخنەی ئاڕاستەی ئيماڕات نەکردووە. سياسەتی دەرەوەی ئيمارات لەسەردەمی مەحەمەد زايد، بە تايبەت لە سەردەمی بەهاری عەرەبی، گۆڕانکارييەکی ريشەیی بە خۆیەوە بينی. پێش مەحەمەد زايد ئيمارات سياسەتێکی نەرم و دبلۆماسی هەبوو لە دەرەوە، زیاتر تەرکيزی لەسەر ناوخۆ و گەشەکردن و خۆشگوزەرانی بوو. کە نموونەکەی شاری دوبەیە. لە سەردەمی مەحەمەد زايد سياسەتی دەرەوەی ئيماڕات ڕەهەندێکی تری وەرگرت، لە هەندێک بارودۆخ و کات زۆر یەک لاکەرەوە و بەهێز و توندە، وەک دەوڵەتێکی زلهێز دەستتێوەردان دەکات و هاوکێشەکان دەگۆڕێت. لە بەهاری عەرەبی لە ئەردۆگان و قەتەر و ئيخوانی بردەوە، لە ميسر و تونس ئيخوانی لابرد، لە ليبيا و یەمەن ڕێگەی نەدا دەسەڵات بگرنە دەست. سياسەتی ئيمارات بەرانبەر بە ئيخوانی وڵاتانی ناوچەکە بە دوو شێوەیە، یان لە دەسەلات لايان دەبات وەک لە ميسر و تونس، یاخود ڕۆڵی دەبێت لە لێدان لە سەقامگيری وڵاتەکان کە ئيخوان نەتوانێت دەسەڵات بگرنە دەست وەک لە ليبيا و یەمەن و تا ڕادەیەک لە سوريای ئەسەد. نا ڕاستەوخۆ پەيامی بۆ جۆلانيش ناردووە ئەگەر ئيخوان دەسەڵات گرنە دەست، هەڵوێستی دەگۆڕێت لە سوريا. ئەم گۆڕانکارييە لە سياسەتی دەرەوەی ئيماڕات هەندێک جار پێی دەڵێن زاڵبوونی جيهانبينی و سياسەتی ئەبو زەبی بەسەر دوبەی. ئێران تا ڕادەیەک سوودی لەم سياسەتەی ئيماڕات وەرگرت، بە تايبەت لە سوريا و یەمەن. چونکە دووژمنی یەکەم و سەرەکی لای مەحەمەد زايد ئيخوانە، پاشان ئێران، هەر بۆیە لە یەمەن ئيمارات دواجار حووسييەکانی پێ باشتر بوو لە حيزبی ئيسلاحی ئيخوانی.
پاش شکستی بەهاری عەرەبی و ئيخوان، ئيمارات بۆ چەند سالێک پشووی دا و گەڕایەوە بۆ پەيرەوکردنی سياسەتێکی نەرم و دبلۆماسی. لە سودان وا ديارە دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ دەستتێوەردانە بەهێزەکانی. مەحەمەد زايد تێڕوانينێکی ئيسرائيليانەی هەیە بۆ هێز، پێیوایە دەکرێت دەوڵەتێکی بچوک بە قەبارە و دانيشتووان، بەهێز بێت و دەستپێشخەری بکات و هاوکێشەکان بگۆڕێت. دەوڵەت ئامرازی تری هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی لاوازیی دوو فاکتەرە سەرەکييەکەی هێز کە ڕووبەر و دانيشتووانە. لە پرسی جورئەت و سەرکێشی و سەربەخۆیی لە بڕيار، بە هەمان شێوە لە فکری ئيسرائيلەوە نزيکە، دەستتێوەردان لە هاوکێشەی زۆر قوورس و ئاڵۆز و مەترسيدار دەکات و سەرکەوتووش دەبێت. بۆ دەوڵەتێکی وەک ئيمارات کە سوپایەکی بچوک و بێ ئەزموونی هەیە، سەرکێشييە دەستتێوەردان لە کۆمەڵێک هاوکێشە بکات کە تورکيا و ئێران و ڕوسيا و ئەمريکای تیایە، لە هەمووشی گرنگتر، تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆیانە دەستتێوەردان دەکات، بۆ نموونە ئێستا تاکە دەوڵەتە بەو شێوە کاريگەرە هاوکاری حميدتی دەکات. لە یەمەن و سوريا و ليبياش سەربەخۆ کاری خۆی دەکرد. هەندێک پێیان وایە، ئيماڕات رۆژیک باجێکی قوورسی ئەو سياسەتەی دەدات، تا ئێستا سەرکەوتوو بووە، بۆ ئايندە ڕوون نيە.

حه‌میده‌تی و میلیشیاكانی رۆژئاوای سودانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

 

ئەگەر ڕووداوەکان بەم شێوەیە بەردەوام بن، ئەوا ئەگەر هەیە پەيوەندی ئيسرائيل و ئيماڕات پتەوتر و نزيکتر بێت (ئەگەر پرسی لکاندنی کەناری خۆرئاوای فەڵەستين بە ئيسرائيلەوە سەر هەڵنەدات). هيچ دوو دەوڵەتێک بە ئەندازەی ئيسرائيل و ئيماڕات هاوڕانين لەسەر بابەتە سەرەکييەکان و هاوکێشەکان، تەنانەت ئيسرائيل و ئيمارات تێڕوانينان لە یەکترەوە نزيکترە وەک لە ئيسرائيل و ئەمريکا بۆ هەندێک بابەت و کێشەی ناوچەکە. هەر بۆیە، ئەگەر هەیە لەسەر داوای ئيمارات، ئيسرائيل هاوکاری بنێرێت بۆ حميدتی. ئيماڕات تاکە دەوڵەتی ناوچەکەیە، جگە لە ئيسرائيل، پەيوەندی درووست کردووە لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارييانەی غەززە کە دژی حەماسن و چالاکن لە نيوەی زیاتری ڕووبەری غەززە کە لەژێر چاودێری ئيسرائيلە. تەنانەت پێشنيارەکەی تڕەمپ بۆ ئاگربەستەکەی غەززە، تا ڕادەیەکی زۆر پێشنياری ئيمارات بوو کە چەند مانگێک لە پێش تڕەمپ پێشکەشی کرد، بەڵام ئەو کات تەنيا لە لایەن ئيسرائيلەوە قبوڵکرا و حەماس و قەتەر قبوڵيان نەکرد.
لەوانەیە ساردييەک، یاخود ناکۆکييەکی شاراوە درووست بێت لە نێوان ئيمارات و ميسر، هەر وەها ئيماڕات و سعوودييە. لەگەڵ قەتەر لێدان لە یەکتر بەردەوامە، بەڵام بە فەرمی پەيوەندييەکان ئاسايين، لەوانەیە ناکۆکييەکان زیاتر ببن. دۆخی سوودان ڕوون نييە بەرەو کوێ دەڕوات، لەوانەیە شەڕێکی ناوخۆی تر لە دارفور دەست پێبکات لە نێوان هێزەکانی حميدتی و هۆز و گروپەکانی هەرێمەکە، چونکە کۆمەڵکووژی دارفور لە سەردەمی بەشير، هێزەکەی حميدتی ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە جێبەجێکردنی، بۆیە دارفور وەک ناوچەیەکی دژە حميدتی ناسراوە.
سەرەڕای چەندين فاکتەر، بەڵام فاکتەرێکی سەرەکی دۆخی سوودان و زۆر وڵاتی تری ناوچەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو وڵاتانە سوپایەکی نيشتيمانيان نييە و ميليشيا شوێنی دەزگا و سوپا و حکومەت و دادگای گرتوەتەوە. لاوازترين و بچوکترين سوپای نيزامی، دەزگا و حکومەتی فەرمی، بەسوودترە لە بەهێزترين ميليشيا و حيزبی جيهان.
لە سەرەتای سەربەخۆیی ئيسرائيل، بێگن کە یەکێک بوو لە کەسایەتييە گەورەکانی بزوتنەوەی زايۆنی و سەربەخۆیی ئيسرائيل، ئامادە نەبوو ميليشياکەی هەڵبوەشێنێتەوە و فەرمانەکەی بن گۆريۆن جێبەجێ بکات کە ئيسرائيل دەبێت یەک سوپا و یەک حکومەت و یەک دەسەڵاتی دادوەری هەبێت. لەو کاتە ميليشياکەی بێگن چەکيان کڕیووە و بە کەشتييەک ڕەوانەی ئيسرائيل دەکرێت، کاتێک کەشتييەکە نزيک دەبێتەوە لە کەنارەکانی ئيسرائيل، هەواڵ دەگاتە بن گۆريۆن، ئەويش فەرمان بە ئيسحاق ڕابين دەکات، ئەو کات ئەفسەرێکی سوپا بوو، دەڵێت بە تۆپ کەشتييەکە نوقم بکەن. ڕابين دەڵێت ئەو کەشتييە بۆ چەکدارەکانی بێگن هاتووە، چۆن تۆپی ئاڕاستە بکەين؟ (ئەو چەکدارانە ڕۆڵێکی گەورەیان بينی لە سەربەخۆیی ئيسرائيل)، بن گۆريۆن دەڵێت فەرمانەکە جێبەجێ بکە و نوقمی بکەن، دواجار فەرمانەکە جێبەجێ دەکرێت. دواتر لە کينيستی ئيسرائيل لێپرسينەوە لەگەڵ بن گۆريۆن دەکەن سەبارەت بەو فەرمانە قوورس و توندە، لە وەڵامدا دەڵێت ئەوە تۆپی پيرۆز بوو، وای کرد ئيسرائيل ببێتە خاوەن یەک سوپای نيشتيمانی و فەرمی. یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکييەکانی جياوازی هێز لە نێوان ئيسرائيل و فەڵەستينييەکان بريتييە لەوەی ئيسرائيل لە سەرەتاوە یەک سوپای نيشتيمانی و نيزامی هەبوو، فەڵەستينييەکان هەرگيز سوپایان نەبووە، بەڵام دەيان ميليشيایان هەبووە و هەیە. ئاستی تەکنەلۆژی و هاوکاری ئەمريکا بۆ ئيسرائيل و پێشکەوتوویی چەک و توانای سەربازی هەر هۆکارە سەرەکييەکەی ئەوەیە کە ئيسرائيل خاوەن یەک سوپای نيزامييە. سوپا دەتوانێت پيشەسازی سەربازی درووست بکات و چەک لە وڵاتان بکڕێت و بفڕۆشێت، ميليشيا دەبێتە چەتەی ئەو دەوڵەتەی چەکێکی سنوورداری پێدەدات بۆ بەرژەوەندييەکی تايبەت بەکاری دەهێنێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ