"ھەنیە شەھید نییە و تاوانباری جەنگە"

د.مه‌ریوان وریا قانع..7 ئۆکتۆبەر و کوشتنی ھەنیە و شەھادەت

د.مه‌ریوان وریا قانع 2024.08.02 07:59 PM
1331 جار خوێندراوەتەوە

د.مه‌ریوان وریا قانع

نوسه‌ر و روناكبیر
دكتۆرا له‌ هزری سیاسی
مامۆستای زانكۆ له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا

٧ ئۆکتۆبەر: تۆفانی ئەقسا، کوشتنی ھەنیە و شەھادەت
بە ھەموو پێوەرێک پەلامارەکانی” تۆفانی ئەقسا“ لە رۆژی ٧ ی ئۆکتۆبەردا ھەڵەبوو، ھەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە، ھەڵەیەکی سیاسیی و سەربازیی و ئەخلاقیی.
ھەڵەیەکی سیاسیی بوو، چونکە جەوھەری مەسەلەی فەلەستین ،کە بریتییە لە داگیرکردنی خاک و دەرکردنی ژمارەیەکی گەورە لە خەڵک لەو خاکە و، چارەسەرەکەشی لەڕێگای گەڕاندنەوەی ئەو خاکە و دامەزراندنی حوکمڕانییەکی سیاسیی سەروەر لە سەری، لەدوای تۆفانی ئەقساوە لە ھەموو کاتێک دوورتر و مەحاڵترە. لەدوای ٧ ئۆکتۆبەرەوە ، چارەسەری ئەم کێشەیە نەک بە تەواوی نائامادە و غائیبە، بەلکو لە مەحاڵ نزیکبۆتەوە، ھیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە لە ئارادا نییە و لەئارادا نەماوە. نەک ھەر ئەمە بەڵکو غەزە خۆیشی، کە بەشێکی سەرەکیی سەرزەمینی فەلەستینیەکانە، بەڕادەیەک وێرانکراوە، بۆ زیاد لەنەوەیەک کەڵکی ژیانی تێدانەماوە. ئەمە ئەگەر ئیسرائیل ڕێگەبدات خەڵکەکەی بگەڕێنەوە شوێنە کۆنەکانی خۆیان کە لە ئێستادا بووە بە خۆڵەمێش.

د.مه‌ریوان وریا قانع مامۆستای زانكۆ له‌ هۆڵه‌ندا


ھەڵەیەکی سەربازیش بوو، چونکە تۆفانی ئەقسا بەگژاچوونەوەیەکی سەربازیی تەواو نابەرامبەر و ناھاوسەنگ و ناسیستمایکە. ئیسرائیل خاوەنی سوپایەکی گەورەی پڕچەک و تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکردنی مۆدێرنە، خاوەنی چەکی کۆکوژ و چەکی ئەتۆمییە، بەرامبەر بە حەماس کە جگە لە حەماسەتێکی دینیی ناعەقڵانیی و کۆمەڵێک رۆکێتی کەم کاریگەر، خاوەنی ھیچ شتێکی دیکە نییە. توانای سەربازیی دەوڵەتی ئیسرائیل و توانای حەماس و ھاوپەیمانییەکانی، بەھیچ پێوەرێک، قابیلی بەیەکتری بەراوردکردن نییە.

ئیسماعل ھەنییە نەک شەھید نییە و ڕێی ناکەوێتە ناو ھیچ بەھەشتێکەوە، بەڵکو یەکێکە لە تاوانبارەکانی ئەو جەنگەی دایناگیرساندوە و یەکێکە لەوانەش بەرپرسە بەرامبەر بەو ھەموو ماڵوێرانیی و کوشتن و خوێنڕشتنە

ھەڵەیەکی ئەخلاقیش بوو، چونکە ژیانی زیاد لە دوو ملیۆن مرۆڤی مەدەنیان فڕێدایە ناو جەنگێکەوە، کە نە خۆیان و نە ئەو خەڵکە دەرەقەتی دەرنجامە وێرانکەرەکانی، دێن. کوشتنی زیاد لە پەنجا ھەزار کەس و برینداربوون و کەمئەندامبوونی سەدان ھەزار کەسیتر، دروستکردنی دوو ملیۆن مرۆڤی بێجێگە و بێڕێگا و روخاندنی دەیان ھەزار خانو، ئەو دۆخەیە کە لە پەلامارەکەی تۆفانی ئەقسا لە ٧ ئۆکتۆبەردا، کەوتەوە. دۆخێک ھیچ میلەتێکی سەر ئەم ھەسارەیە نایەوێت تێیبکەوێت و لەناویدا بژیی.
ئەم جەنگە کە دروستبووە، بە ھیچ مانایەک، جەنگی ھەموو فەلەستینیەکان بەرامبەر بە دەوڵەتی ئیسرائیل نییە، بەڵکو جەنگی حەماس و حەماسیەکانە بەرامبەر بەو دەوڵەتە. بۆیە حەماس لە دروستبوونی ئەو کارەساتە ئینسانییە کەموێنەیەدا، ئەگەر لە ئیسرائیل تاوانبارتر نەبێت، بەقەد ئیسرائیل تاوانبارە. سەرکردەکانی حەماس بەقەد خودی ناتانیاھۆ و ئەندامانی حکومەتە راستڕەوەکەی ناتانیاھۆ، تاوانبارن. نابەپەرسیاریەت و گاڵتەکردن بە ژیانی مرۆڤەکان لەھەردوو بەرەکەدا ھەمان نابەرپرسیاریەتە و بەھەمان ڕادە ئامادەیە.

ئاپۆرای جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ ته‌رمی هه‌نیه‌ به‌ره‌و زانكۆی تاران ده‌ڕۆن


بۆیە ئیسماعل ھەنییە نەک شەھید نییە و ڕێی ناکەوێتە ناو ھیچ بەھەشتێکەوە، بەڵکو یەکێکە لە تاوانبارەکانی ئەو جەنگەی دایناگیرساندوە و یەکێکە لەوانەش بەرپرسە بەرامبەر بەو ھەموو ماڵوێرانیی و کوشتن و خوێنڕشتنەی، دروستبووە. ئەو گوتاری شەھادەتەش کە ھێزە ئیسلامییەکان بەخەستی خستویانەتە گەڕ و باس لە چونی کوژراوەکان بۆلای خوا و بۆ بەھەشت دەکات، تەنھا یەک دەرەنجامی ھەیە: بێنرخکردن و گاڵتەکردنێکی کەموێنە بە ژیانی مرۆڤەکان.

لە دیدی حەماسدا خەڵکی غەزە پێویستە سوپاسی حەماس بکەن کە بیتاقەی چوون بۆ بەھەشتی بۆ بڕیون و لەڕێگای کوشتنیانەوە یەکسەرە بۆ بەھەشتیان دەنێرێت

گوتاری شەھادەت یەکێکە لەو گوتارانەی بەرپرسە لە دروستبوونی ئەو دۆخەی ئێستاکە لە غەزە و ناوچەکەدا ھاتۆتەکایەوە. لەدیدی حەماسدا ھەر یەکێک لەو ئەندام و ھەوادارانەی کە دەکوژرێن یان ھەرکەسێکی موسڵمان کە لە غەزەدا دەکوژرێت، نەک ھیچ زیانێکی پێناگات، بەڵکو ڕاستەوخۆ ھەموویان لە غەزەوە بەرەو بەھەشت دەبرێن. بەم جۆرە حەماس لەباتی ئەوەی خۆی بە بەرپرسیاری ڕژانی ئەو ھەموو خوێن و کوشتن و وێرانکارییە بزانێت، خۆی بە خاوەنی چاکەکارییەکی گەورە دەزانێت بەرامبەر بە کوژراوەکان، چونکە ھەموویان بۆ بەھەشت دەنێرێت. لە دیدی حەماسدا خەڵکی غەزە پێویستە سوپاسی حەماس بکەن کە بیتاقەی چوون بۆ بەھەشتی بۆ بڕیون و لەڕێگای کوشتنیانەوە یەکسەرە بۆ بەھەشتیان دەنێرێت. ئەم گوتارە جگە لە گاڵتەکردن بە ژیانی مرۆڤ و بەکەم و بێنرخکردنێکی ترسناکی ئەو ژیانە، شتێکی دیکە نییە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ