مانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی كاریزمی یان پێشێلكردنی په‌یڕه‌و ؟

کۆنگرەی یەکگرتوو.. لە نێوان ئەمیندار و پەیڕەودا

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2024.11.12 04:56 PM
12556 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

حەکیم قەرەداغی
کەم حزب هەیە لە جیهاندا هێندەی یەکگرتوو پابەندی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی بێت، هەر ئەمەش وایکردووە هەموو کاتێک لەکاتی خۆیدا کۆنگرەی کردووە.
ئەم رێزە زۆرە بۆ پەیڕەو وایکردووە کە حزبێکی تەمەن ٣٠ ساڵ، ئەمساڵ نۆیەم کۆنگرەی دەبەستێت، کە دڵنیام نەک لە ئاستی ناوچەکە بەڵکو لە ئاستی جیهانیشدا ریکۆردە و هیچ حزبێک نەیوێراوە هەموو سێ ساڵ جارێک کۆنگرەیەکی بێکێشە ببەستێت.
ئێستا لە سەروبەندی کۆنگرەیەکی نوێی ئەو حزبەدا، دەبیستی و دەبینی کە باس لەوە دەکرێت چیدیکە م. سەلاحەدین بەهائەدین مافی خۆپاڵاوتنەوەی نییە چونکە پەیڕەو رێگەی نادا و دەبێتە پێشێلی خاڵی پەیڕەوی ناخۆی حزب. هەندێک ئەندامی یەکگرتوو هەیە، لە رقی بۆ ئەمیندار نا، بەڵکو لەبەر حەماسەتی زۆری بۆ پەیڕەو ئەڵێت نابێ مامۆستا ئەمجارەش ببێتەوە بە ئەمیندار. خۆ لە دڵیشەوە رەنگە حەزبکات هەر ئەو بێت و بگاتە دەنگدانیش هەر دەنگ بۆ ئەو دەدات، بەڵام رێزی زۆری بۆ پەیڕەوی ناوخۆ گەیاندویەتی بەو قەناعەتەی کە قەینا با مامۆستا بڕوات بەڵام پەیڕەو وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. بەڵام ئەو قەناعەتە غەڵەتە. لانیکەم بۆ ناوچەکەی ئێمە کە شوێنی سەرکردەی کاریزمییە نەک پەیڕەوی سویدی.

مامۆستا سەلاحەدین نەک دەبێ رێگەی لێنەگیرێ، ئەگەر تەمەن و کاتی رێگەی بدات، بەڵکو دەبێ ئەندامانی حزبەکە مەمنوونی بن و تکای لێبکەن نەڕوات.
جارێ پێش هەموو شت دەبێ دان بەوەدا بنێیین کە م. سەلاحەدین جیاواز لە سەرۆک حزبەکانی دیکە دەستی بە کورسیەکەیەوە نەگرت و بڵێت نەک بۆ خەڵکی دیکە بەڵکو بۆ برا و ئامۆزاکەشمی چۆڵناکەم. 
کاکە حەمە براکەی خۆی لەپێناو رێبین-ی کوڕی دەرکرد و تەقەی لێکرد. بافڵ تاڵەبانی یەکێتی لەژێر دەستی لاهوور جەنگی ئامۆزای دەرهێنا و خۆی کردە سەرۆک. کوڕەکانی کاک نەوشیروان دەرگای گردەکەیان بەسەر هەڵسوڕاواندا داخست و گۆڕانیان بە واقیع کردە دوو حزب. ماڵی بارزانییەکانیش کێشەی گەورەیان تێدایە و دوایین کۆنگرە مەسرور بارزانی رازینەبوو وەک نێچیرڤان ئەویش جێگری سەرۆک نەبێت، بۆیە ئێستا سەرۆکی پارتی جێگری رەقەم یەک و رەقەم دووی هەیە، هەرچەندە رەقەم دوو ژمارە قبوڵناکات و ئەڵێ باوکم دوو جێگری هەیە بەبێ رەقەم.

م. سەلاحەدین جیاواز لە سەرۆک حزبەکانی دیکە دەستی بە کورسیەکەیەوە نەگرت و بڵێت نەک بۆ خەڵکی دیکە بەڵکو بۆ برا و ئامۆزاکەشمی چۆڵناکەم. 

لە دۆخێکی ئاوادا کە سەرۆک حزبەکانی کوردستان برا و ئامۆزای خۆیان دەکوژن لەپێناو ئەوەی دەستاودەستی کورسییەکەیان بۆ کوڕی خۆیان بێت، م. سەلاحەدین لەوپەڕی توانا و باڵادەستی نێوحزبەکەیدا وازی هێنا و کشایەوە. هیچ کەسیش لە کوڕ و ئامۆزا و کەسوکاری نەبوونە ئەمیندار.
ئەی ئەنجامەکەی چی بوو؟
یەکگرتوو تووشی کێشەی گەورە بوو. لەسەر ئاستی سیاسی کورسییەکانی لە ١٠ کورسییەوە بوونە ٥ کورسی پەرلەمان و هەندێک فاتیحایان بۆ دەخوێند.
بۆیە بەناچاری م. سەلاحەدین گەڕایەوە. حزبەکەی لە لەتبوون و پەرتەوازەیی پاراست. ئەو کاتەی هەندێک گۆڕانخواز لة کاتی بەخاکسپاردنی کاک نەوشیروان بێڕێزیان پێکرد، ئەو هەر لەوێدا وەڵامی ئەوانی دایەوە و لەسەر ئەرزی واقیعی سیاسیش  حزبەکەی لانیکەم لە لەتبوون و کورسی کەمکردن پاراست.
لە یەکەم ئەزموونی گەڕانەوەیدا ، کورسییەکانی بۆ پەرلەمانی عێراق گەیاندە دوو هێندە.

لەم خولەی پەرلەمانیشدا کە سێ حزبی نوێی خاوەن دەنگ دروستبوون و دەنگی ئۆپۆزسیۆن زۆر دابەش و کەرت بوو، یەکگرتوو توانی دەنگەکانی زیادبکات و کورسییەکانیشی لە پێنجەوە بکاتەوە حەوت و لە ریزبەندی پەرلەماندا چوارەم لیستە. 
لەبری سوپاسکردنی مامۆستا سەلاحەدین و تکالێکردنی کە بەردەوام بێت چونکە هەم لەناو یەکگرتووەکاندا کاریزمای هەیە و، هەم لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق گوێلێگیراوە و لەسەر ئاستی ئێران و تورکیاش راوێژپێکراوە، کەچی هێشتا ئەندامی یەکگرتوو هەیە دەڵێ رێز لە پەیڕەو بگرین گرنگە و لەبەر پابەندی بە پەیڕەو واباشە ئەمیندار خۆی هەڵنەبژیرێتەوە.

مامۆستا سەڵاحەدین کاریزمای هەیە و لە ئاستی کوردستان و عێراق گوێلێگیراوە و لە ئاستی ئێران و تورکیاش ڕاوێژپێکراوە


بەڵام لەڕاستیدا پەیڕە هیچ گرنگ نییە، نەخوازەڵا بۆ ناوچەکەی خۆمان. لەراستیدا پەیڕەو بۆ حزب شتێکی لاستیکیە کە دەتوانی بەپێی دۆخ بیگۆڕیت. حزب وەک حکومەت و دەوڵەت و وڵات نییە کە گرنگ بێت رێز لە دەستوور و یاسا بگرێت، بەڵکو حزب یانەیەکی تۆپی پێیە، کێ باش بوو گرنگە بمێنێتەوە، کێش نەبوو گرنگە بڕوات. من لەدایکبووم وابزانم پێرێز سەرۆکی ریال مەدریدە، کەس ناڵێ با بڕوات چونکە ریال مەدرید سەرکەوتووە، ئیدی پەیڕەو چییە!
مەگەر ئەو چوار ساڵەی مامۆستا سەلاحەدین یەکگرتووی بەجێهێشت حزبەکە بە کوێ گەیشت تائێستا بە رۆشتنی کورسی و پێگەی باشتر ببێت.
بەراستی یەکگرتوو لە سوید ناژی بەڵام بۆ سوید حزب بەڕێوەدەبات و پەیڕەو جێبەجێدەکات. دەبێ یەکگرتووەکان لەوە تێبگەن زیاتر رێز لەو سەرکردە و ژن و پیاوانەیان بگرن کە هۆکاری سەرکەوتنیان و کاریزمایان هەیە نەک پەیڕەوێکی ناوخۆیی کە خۆت دەینوسیتەوە و خۆشت دەتوانی بیگۆڕیت.
بۆ هەر وڵاتێک دەستوور گرنگە نەک سەرکردە و شەخس. بەڵام بۆ حزب سەرکردە گرنگە نەک پەیڕەو. 

لە حاڵەتێکدا ، ئەگەر بەگەڕانەوەی م. سەلاحەدین دەنگی یەکگرتوو کەمی بکردایە و ئەم هەڵبژاردنە چوار کورسی بهێنایە ئەوا قەینا خەڵکێک بڵێن هەقە خۆی بۆ ئەمینداری کاندید نەکاتەوە.  بەڵام خۆ مامۆستا بە هەموو پێوەرەکان حزبەکەی لە کەوتن پاراست و ئێستا بەشێکی زۆری باری لاربووی ئەو چوار ساڵەی راست کردۆتەوە، ئیدی بە کام پێوەر حەقە بڕوات!
خەڵکێکیش رەنگە بڵێن دەبوو مامۆستا جێگرەوەی خۆی یان سەرکردەیەکی دروستبکردایە تا ئێستا بتوانێ جێگەی بگرێتەوە. 

بۆ هەر وڵاتێک دەستوور گرنگە نەک سەرکردە و شەخس. بەڵام بۆ حزب سەرکردە گرنگە نەک پەیڕەو

بەڵام ئەگەر وای بکردایە ئەو کاتە دەگوترا حزبەکەی کردوە بە هی بنەماڵە و سەیرکەن فڵان کەسی خۆی یان نزیک لە خۆی دەستگرتووە و پێشی دەخات. 
ئەرکی سەرکردە بەڕێوەبردنی حزبەکەیەتی نەک دروستکردن و بەرهەمهێنانی سەرکردەی نوێ. سەرکردە خۆی دروست دەبێت نەک دروستکرێت. 
وەک چۆن هەر هیچ راهێنەرێکی تۆپی پێ دورناخرێتەوە کە سەرکەوتوو بێ، هەر سەرکردەیەکیش سەرکەوتوو بێت، دەبێ تاوەکو تەمەنی رێگەی بدات لە پێگەکەیدا بهێڵرێتەوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ