مامۆستای زانکۆی راپەرین
ماستەر لە لێكۆڵینهوهی ستراتیژیی
دکتۆرا لە پەیوەندییه نێودەوڵەتییهكان
بەڕیوەبەری سەنتەری بوار بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیژیی
پێشەکی
لە قۆناغی ئێستا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتی گۆڕانکاری بنەڕەتییە لە پەیکەری جیۆپۆلەتیکی کە دەتوانێت دنیا بەرەو ڕوانگەیەکی نوێ بەرێت. ئەم شیکارییە ستراتیژییە تیشک دەخاتە سەر پلانێکی گەورە و ئامانجدار کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە جێبەجێ دەکرێت، پلانێک کە ئامانجی نەک تەنها گۆڕینی نەخشەی ئەم ناوچەیەیە، بەڵکو ڕێکخستنەوەی هاوسەنگی جیهانی هێزیش بەشێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانیان.
پلانی دوو ڕێڕەو: ستراتیژییەتی گەمارۆدان
هەرچەندە لەبەرچاودا ئەم پلانە وەک پڕۆژەی گواستنەوە و پەرەپێدانی ئابوری دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەرکێکی ستراتیژی قووڵ و دور و درێژی هەیە. دوو ڕێڕەوەی سەرەکی لە ناوەندی ئەم پلانەدان کە بەیەکەوە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی گەمارۆدان لە دەوری ئێران کار دەکەن.
یەکەمیان ڕێڕەوی زەنگەزۆر؛ پڕۆژەیەکە لە ڕووەوە ئامانجەوە، بەستنەوەی ئازەربایجانە بە هەرێمی نەخچیڤانی دابڕاوی خۆی، لەڕێگەی تێپەڕین بە هەرێمی سیونیکی ئەرمینیا. بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە، واشنتن نەک تەنها ڕۆڵی ناوەندگیری لەم پڕۆژەیەدا دەبینێت، بەڵکو خۆی بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ وەک بەڕێوەبەری سەرەکی ئەم ڕێڕەوە ٤٢ کیلۆمەتریە ڕادەگەیەنێت. ئەمە جگە لە ئەوە پلان بۆ جێگیرکردنی نزیکەی ١٠٠٠ چەکداری ئەمریکی لە نزیک سنووری ئێران لەسەر ئەم ڕێڕەوە هەیە.
ڕێڕەوی دووەم، کە ناوی ڕێڕەوی "داود"ی لێنراوە؛ ئەم ڕێڕەوە زیاتر لە سێبەری ئیسرائیلدایە. ئەم ڕێڕەوە لە بەرزاییەکانی جۆلانی ئیسرائیلەوە دەست پێدەکات و بەناو باشووری سووریادا تێدەپەڕێت تا دەگاتە ڕووباری فورات، پاشان بەناو ناوچە کوردییەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادا بەردەوام دەبێت تا دەگاتە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەمە هێڵێکی ڕاستەوخۆی لۆجستی و سەربازی لە نێوان ئیسرائیل و نزیکترین خاڵ بە ئێرانەوە دروست دەکات.
کاریگەری لەسەر ناوچەی ئۆراسیا
ئەوەی ئەم دوو ڕێڕەوە زیاتر گرنگ دەکات، کاریگەرییان لەسەر پڕۆژە گەورەکانی ئۆراسیایە کە لە سەردەمی ئێستادا خەریکە شێوەی نوێی هاوکاری ئابوری و سیاسی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دروست دەکەن.
پڕۆژەی "یەک پشتێن و یەک ڕێگا"ی چین، کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژە ژێرخانییەکانی مێژوو، و ڕێڕەوی گواستنەوەی نێودەوڵەتی باکوور-باشوور کە هیندستان بە ڕووسیا دەبەستێتەوە، هەردووکیان پشت بە ئێران دەبەستن وەک پردێکی گرنگی گواستنەوە.
بە بڕینی ئەم ڕێڕەوانە و دووبارەکردنەوەیان بە ئەلتەرناتیڤی ئەمریکی، هەوڵ دەدرێت نەک تەنها ئێران لەم تۆڕە ئابورییە گرنگانە دوور بخرێتەوە، بەڵکو هەموو هاوکارییەکانی نێوان ڕووسیا، چین، ئێرانیش کاریگەری نەرێنی بەسەردا بێت. ئەمە بە واتای ئەوەیە کە ئەم سێ هێزە دەتوانن ڕکابەرێکی جیددی بۆ هەژموونی ئەمریکا پێک بهێنن، لە یەکتری جیا بکرێنەوە.
پێشگریمانەی تیۆری: دۆکترینی وۆڵفۆویتز
ڕەگەکانی ئەم ستراتیژییەتە دەگەڕێتەوە بۆ دۆکترینی وۆڵفۆویتز لە ساڵی ١٩٩٢، ئەم دۆکترینە یەکێک بوو لە گرنگترین بەڵگە ستراتیژییەکانی دوای کۆتایی جەنگی سارد، بە روونی ئاماژەی دەکرد کە ئامانجی سەرەکی ئەمریکا دەبێت ئەوە بێت کە ڕێگە نەدات هیچ هێزێک سەرهەڵبدات کە بتوانێت ڕکابەری جیددی بۆ هەژموونی ئەمریکا بکات. ئەمە بە واتای ئەوەیە هەر هاوپەیمانێتییەک یان هاوکارییەک کە دەتوانێت هاوسەنگی جیهانی هێز بگۆڕێت، دەبێت پێشی لێبگیرێت یان تێک بدرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، سێگۆشەی ئێران-ڕووسیا-چین وەک گەورەترین مەترسی بۆ بەردەوامی هەژموونی ئەمریکا لەسەر جیهان دەبینرێت. بۆیە هەموو ئەو هەوڵانەی کە ئەم سێ وڵاتە دەیکەن بۆ قووڵکردنی هاوکارییەکانیان لە بوارەکانی ئابوری، سەربازی، و وزەدا، بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دادەنرێت.
ڕێگری ناوچەیی و کاردانەوەکان
لەم پێناوەشدا، ئەمریکا و ئیسرائیل بە وردی هاوپەیمانی ناوچەییان هەڵبژاردوون. لەلایەک ئازەربایجان کە بۆ ماوەی دەیان ساڵە وەک بنکەیەکی پێشەوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران بەکارهاتووە، ئێستا ڕۆڵێکی زیاتری لە ڕێڕەوی زەنگەزۆردا دەبینێت. لەلایەکی دیکەوە، هەرێمی کوردستانی عێراق بە هێواشی خۆی ئامادە دەکات بۆ بوونە بنکەیەکی هاوبەش بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا.
ئێران خۆی لەناوەندی ئەم گەمارۆدانەدا دەبینێتەوە، کاردانەوەی توندوتیژی هەبووە و دەبێت.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، یەکێک لە گرنگترین ڕاوێژکارانی ڕهبەری ئێران، بەئاشکرا ئەم پڕۆژانەی بە ڕێڕەوی ئەمریکی-ئیسرائیلی ناوبرد کە ئامانجی لاوازکردنی "بەرەی بەرگری"یە، واتە ئەو تۆڕە هاوپەیمانێتییەی کە ئێران لە ناوچەکەدا دروستی کردووە.
ئەنجامەکان و مەترسییەکان
ئەگەر ئەم پلانە بەسەرکەوتووی جێبەجێ بکرێت، کاریگەرییەکانی دوور و درێژ و قووڵ دەبن. لەلایەک، ئێران لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی وزە و دەرچوونی گاز و نەوت بڕیاو دەبێت، ئەمەش لە هەمان کاتدا ئابووری ئێران لاواز دەکات، پشت بە سەرچاوە وزەییەکانی ڕێڕەوە نوێکانیش دەبەستێت کە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ڕۆژئاوان. لەلایەکی دیکەوە، ڕووسیا و چین کە پشتیان بە ئێران دەبەست بۆ دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی باشوور، خۆیان لەبەردەم ڕێگری گەورەدا دەبیننەوە.
بەڵام مەترسییەکانیش بەرچاون. بوونی هێزی سەربازی ئەمریکی لە نزیک سنووری ئێران و نزیکبوونەوەی زیاتری ئیسرائیل لە سنوورەکانی ئێران، دەتوانێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی سەربازی کە ئاکامەکانی بۆ تەواوی ناوچەکە کارەساتبار بن. هەروەها، تەنگەی هۆرموز کە ئێران کۆنترۆڵی دەکات، دەتوانێت وەک کارتێکی بەهێز بەکار بهێنرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم فشارانەدا.
ئەنجام
لە کۆتاییدا، ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات تەنها گۆڕینی سنوور یان دروستکردنی ڕێگای نوێی گواستنەوە نییە. ئەمە جەنگێکی کاملە بۆ دەسەڵاتدارێتی لەسەر ئایندەی هاوسەنگی هێزی جیهانی. ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی کە هەژموونی ڕۆژئاوا لەسەر دنیا بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا ڕووسیا، ئێران هەوڵ دەدەن دنیایەکی چەند قوتبی دروست بکەن.
ئاکامی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە نەک تەنها چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکات، بەڵکو شێوەی هاوسەنگی جیهانی هێز بۆ چەندین نەوەی داهاتوو دیاری دەکات.