له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا چ پۆستێكى یه‌كێتى بۆ سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین دانراوه‌؟

(سایتی پۆله‌تیك) ڕێكه‌وتنی نێوان ماڵی سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین و یه‌كێتی ئاشكرا ده‌كات

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2024.08.07 08:39 PM
42656 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

تایبه‌ت ـ سایتی پۆله‌تیك

دوای زیاتر له‌ 10 ساڵ ڕه‌خنه‌ و دژایه‌تی و سه‌نگه‌رگرتن له‌ پارتی و یه‌كێتی و ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی، دواجار خۆیان كرد به‌ژێر چادری بنه‌ماڵه‌دا و گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و ئایدۆلۆژیای ژن و پیاوێك ڕوویدا، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ فه‌زای سیاسی وه‌ك دووانه‌یه‌ك ناویان ده‌هات، ڕێك هاوشێوه‌ی هه‌ردوو هاوسه‌ر داریوش فروهه‌ر و په‌روانه‌ ئه‌سكه‌نده‌ری له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئێرانییه‌كاندا، كه ته‌نانه‌ت قه‌ده‌ر وابوو پێكه‌وه‌ له‌ هه‌مان سه‌عات و شوێندا گیانیانله‌ده‌ستدا.
به‌پێی زانیارییه‌كانی (سایتی پۆله‌تیك)، نزیكبوونه‌وه‌ی سه‌ركه‌وت مام له‌تیف شه‌مسه‌دین و شنیار ئه‌نوه‌ری هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ته‌نها له‌ كاندیدكردنی شنیار كورت نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ڕێكه‌وتنێكی تاراده‌یه‌ك كۆنكرێتی و موسته‌قبه‌لیه‌ و سه‌ركه‌وتیش جێگه‌یه‌كى گه‌رمی بۆ خۆی تێدا گرتووه‌.

ژن و مێردێك كه‌ له‌مه‌ودوا له‌ژێر چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی یه‌كێتی سیاسه‌ت ده‌كه‌ن

(سایتی پۆله‌تیك) زانیویه‌تی، ڕێكه‌وتنه‌كه‌ له‌ نێوان ئه‌و ژن و مێرده‌ ئه‌مریكیه‌دا له‌گه‌ڵ باڵی ده‌سترۆیشتووی یه‌كێتی، ڕێكه‌وتنێكی حسابیه‌ و له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌ ئیمزاكراوه‌ و شاهید له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، به‌رپرسێكی باڵای گۆرانیش كه‌ كاتی خۆی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و عێراق پۆستی باڵای هه‌بووه عه‌راب و نێوانگیرى ڕێكه‌وتنه‌كه‌یه‌.
سه‌باره‌ت به‌ شنیار ئه‌نوه‌ر، له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا ئه‌وه‌ هاتووه‌، كه‌ ده‌بێته‌ كاندید له‌ لیستی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌شی پێدراوه‌ كه‌ هه‌ر به‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت ( پێشمه‌رگه‌ و هێزی ئه‌منی) ده‌ربچێنرێت، دواتریش بكرێته‌ وته‌بێژی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان.

سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین له‌ناو خۆبه‌خشانى نه‌وه‌ی نوێدا ـ 2018

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ئه‌و ژن و مێرده‌ وه‌رگیراوه‌ بۆ ئه‌م ڕاپۆرته‌، سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین زۆر له‌ژێر كاریگه‌ری هاوسه‌ره‌كه‌یدایه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ هاندانی ئه‌ویش كاتی خۆی چووه‌ته‌ ناو نه‌وه‌ی نوێ و ده‌ستیكردووه‌ به‌ كاری سیاسی، بۆیه‌ دوورنییه‌ به‌ یه‌كێتی بوونی ئێستاشیان هه‌ر بیرۆكه‌ و پێشنیازی شنیار بووبێت.
سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین (سایتی پۆله‌تیك) ئه‌وه‌ی زانیووه‌، به‌پێی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێته‌ كاندیدی یه‌كێتی له‌ بازنه‌ی سلێمانی له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق و یه‌كێتی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات تاوه‌كو ده‌ربچێت، ئه‌گه‌ریش ده‌رنه‌چوو ئه‌وا له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتی ده‌كرێته‌ باڵوێزی عێراق له‌ یه‌كێك له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا.

سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین متمانه‌پێكراوی شاسوار عه‌بدولواحید بوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی نه‌وه‌ی نوێدا

سه‌ركه‌وت مام له‌تیف ناسراو به‌ (سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین) خه‌ڵكی گوندێكی نزیك سه‌یدسادقه‌ و كاتی خۆی به‌ نوسراو و پشتگیری (گۆڤاری لڤین) چووه‌ته‌ ئه‌مریكا و ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی وه‌رگرتووه‌، خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی یه‌كێكن له‌ ڕێكخستنه‌ كۆنه‌كانى نه‌وه‌ی نوێ و دۆستی هه‌ره‌ نزیكی شاسوار عه‌بدولواحید بوون و تێكه‌ڵاوی خانه‌واده‌ییان هه‌بووه. له‌ هه‌ڵبژاردنی 2018ی په‌رله‌مانی عێراق شاسوار كردی به‌ سه‌رۆك لیست له‌ بازنه‌ی سلێمانی و بووه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان، به‌ڵام دوای كه‌متر له‌ 2 ساڵ وازی له‌ نه‌وه‌ی نوێ هێنا و سه‌نگه‌ریان له‌ شاسوار عه‌بدولواحید گرت. ساڵی 2021 له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی عێراق وه‌ك كاندیدی سه‌ربه‌خۆ له‌ بازنه‌ی سلێمانی خۆی كاندید كرد به‌ڵام متمانه‌ی ده‌نگی خه‌ڵكی به‌ده‌ستنه‌هێنا و ده‌رنه‌چوو.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ