ئێستای كوردستان له‌ ناو ڕۆمانه‌كانی ساراماگۆدا

شۆڕشی سپی و جه‌ماوه‌ریى.. له غیابى‌ ڕابه‌رێكى سیاسی دا

ئـاكـۆ حـه‌مـید 2020.08.10 12:01 PM
4512 جار خوێندراوەتەوە

ئـاكـۆ حـه‌مـید

نوسه‌ر
خوێندكاری ماسته‌ر ـ جوگرافیا

هه‌ر دوو ڕۆمانى "نابینا (كوێری)" و"بینایی" له‌ نوسینى ڕۆماننوسى پورتوگاڵى ژوزه‌ ساراماگۆ و، براوه‌ى خه‌ڵاتى نۆبڵ، وه‌ك سیاسیترین به‌رهه‌مى نوسه‌ر بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و، ساراماگۆ له‌ ڕۆمانى یه‌كه‌م به‌ شێوه‌ى شیكارى له‌ باس له‌ ژیان و رۆژگارى كوله‌مه‌رگى و پرزحه‌مه‌تى كۆمه‌ڵگا ده‌كات به‌ شێوه‌ى هێماكارى، واته‌ كاره‌كته‌ره‌كانى نێو ڕۆمانه‌كان هیچ ناوێكیان نیه‌، له‌ ڕۆمانى دووه‌م دا، پێنوسه‌كه‌ى ئاراسته‌ى حكومه‌ته‌ دكتاتۆره‌كان ده‌كات و لێره‌دا ڕه‌خنه‌ له‌ دیسپلینگ و سه‌ركوتكارى سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌گرێت. 
به‌ جۆرێك له‌ڕۆمانى (كوێری)دا ده‌ڵێت "بۆ كوێر بووین؟ نازانم! ڕه‌نگه‌ بزانم!! ده‌ته‌وێت ڕائی من بزانیت؟ من پێم وانی یه‌ ئێمه‌ كوێر بووبێتین، به‌ڵكو ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كوێربووین و ته‌نها بینایمان هه‌بووه‌، كوێرێك كه‌ ده‌توانێت ببینێت، به‌ڵام ناتوانێت تێبگات". 

ڕۆمانى "كوێریی" (بێ ئاگایی و كه‌مته‌رخه‌مى كۆمه‌ڵگا) 
كوێرى وه‌ك ڕۆمانێكى هێماكارى و شانۆكار، هه‌موو سنوره‌ جوگرافیایی، سیاسی، فه‌رهه‌نگى  و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان یه‌ك به‌ دواى یه‌ك تێده‌په‌ڕێنێت، كات و شوێن و ناو و شێوه‌ى ئه‌كته‌ره‌كانى دیارینه‌كراوه‌. نابینایی زیاتر ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ (كوێری سپی) كه‌ كوێربووان هه‌موو شتێك به‌ سپی ده‌بینن و وه‌ك نورێكى سپی بینایی ڕۆشنكردوونه‌ته‌وه‌ و  ناتوانن هیچ شنێكى تر ببیینن.

نوسه‌ر لێره‌دا باس له‌ نائاگایی و نه‌زانى كۆمه‌ڵگا و خه‌ڵكانێك ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى خۆیان و، بێ هه‌ڵوێستى و بێ ده‌نگییان له‌هه‌مبه‌ر ژیانى كوله‌مه‌رگى و نادادپه‌روه‌رى گشتى. له‌ ئه‌نجامى كوێرى گشتى كۆمه‌ڵگادا حكومه‌ت بریارى كه‌ره‌نتینه‌ ده‌دات بۆ كوێربووان، به‌ڵام بێ ئاگا له‌وه‌ى هه‌موو كۆمه‌ڵگا له‌ نابینایی گشتى دا ده‌ژی، ته‌نها ژنێك نه‌بێت توانایی بینایی كراوه‌یه‌ و كار بۆ بینینى ئه‌وانى تریش ده‌كات.  لێره‌وه‌ ڕۆمانى بینایی (ڕۆمانى دووه‌م) ده‌ست پێده‌كات. 

ڕۆمانى "بینایی" (چالاك و خه‌باتگێڕ) 
پاش چه‌ندین ساڵ له‌ كوێرى گشتى، قۆناغى بینایی ده‌ست پێده‌كات، ساراماگۆ ئه‌م ڕۆمانه‌ى به‌ ناونیشانى (بینایی) ده‌نوسێت و كه‌ درێژه‌پێده‌رى هه‌مان شاره‌ كه‌ دانیشتوانى گیرۆده‌ى نابینایی بووبن، لێره‌دا ساراماگۆ ڕه‌خنه‌ له‌ (سه‌ركوتكارى سیاسی) و (دابڕین و جیاكارى كۆمه‌ڵایه‌تى) ده‌گرێت. 
نوسه‌ر به‌ هه‌ڵویسَت وه‌رگرتنى دانیشتوان به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێده‌كات، كه‌ باس له‌ كه‌مى ده‌نگده‌ران له‌ سه‌ر سندوقه‌كان ده‌كات، بارانبارینى به‌هێزى سه‌رله‌به‌یانى ڕۆژى ده‌نگدان دۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌كات، لێره‌وه‌ ده‌سه‌ڵات و پارته‌كان ده‌ترسن! ده‌ترسن له‌ هه‌لوێست و هه‌ستانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا و بێ برواییان به‌رامبه‌ر به‌ سیاسییه‌كان. به‌ڵام سه‌ر له‌ ئێواره‌ ده‌نگده‌ران له‌ هه‌موو شاروشارۆچكه‌كان ڕوو له‌ سندوقه‌كانى ده‌نگدان ده‌كه‌ن و سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكى ده‌سته‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ سوپاسگوزارى ده‌نگده‌ران ده‌بن.
به‌لام ئه‌م دڵخۆشییه‌ سیاسییه‌ ته‌نها چه‌ند كاتژمێرێكه‌ و له‌ دواى ژماردنى ده‌نگه‌كان، "ده‌نگى سپی" براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ و زیاتر له‌ 70%ى ده‌نگه‌كان پێكده‌هێنێت، هه‌ربۆیه‌ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكى ده‌سته‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌ڵبژاردن هه‌ڵده‌سپێرن و له‌ پاش هه‌فته‌یه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كان دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.
هه‌لبژاردنى دووه‌م، " ده‌نگى سپی" هه‌مووان په‌رێشان ده‌كات و  83%ى كۆى ده‌نگى ده‌نگده‌ران ده‌بات، ئه‌م ڕاستییه‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى قه‌یرانێكى سیاسی ده‌بێت، حكومه‌ت ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ پلانگێرى ده‌ره‌كى داده‌نێت و سه‌ركوتكارى و توندوتیژى سیاسی ده‌ست پێده‌كات و چاپه‌مه‌نیى و ڕاگه‌یاندنه‌كان سانسۆرده‌كات و، گروپی پشكنینى بیرورا و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌دان كارى سه‌ره‌كى حكومه‌ت ده‌بێت. 

ژوزه‌ ساراماگۆ 1922 - 2010

به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه‌ ناتوانێت ده‌نگده‌ران له‌ ڕاكانیان په‌شیمان بكاته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و په‌نجه‌ى تاوان و شمشێر هه‌ڵكێشان ده‌كه‌وێته‌ نێوان كاربه‌دستى وڵات و پارته‌ سیاسییه‌كان، كه‌ یه‌كترى تاوابار و به‌رئه‌نجامى ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه‌ ده‌زانن.

 له‌ پاشان دا سه‌رۆك ئه‌ركانى سوپا ماڵ به‌ ماڵ، كۆڵان به‌ كۆڵان و شار به‌ شار به‌ دواى ده‌نگده‌رانى ده‌نگى سپی دا ده‌گه‌رێت، تا له‌ كۆتاییدا ژنه‌ دكتۆره‌ بیناكه‌ و پاڵه‌وانى ڕۆمانى كوێرى كه‌ هه‌مووانى بیناكرد، ده‌دۆزێته‌وه‌ و ده‌یكوژێت، به‌ڵام ده‌نگى سپی زیاتر ده‌بێت و ده‌نگده‌ران ڕه‌نگ و شێوه‌ى جیاواز وه‌رده‌گرن و به‌ردوام ده‌بن له‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان. 
كۆمه‌ڵگاى كوردى، له‌ ئێستادا داچۆڕاوى نائومێدى و بێ ئاگاییه‌ له‌ هه‌مبه‌ر مافه‌ سه‌ره‌تایی و ڕه‌واكانى خۆیی، له‌ یه‌كتاندا ڕووبه‌ڕووى چه‌ندین قه‌یران بووه‌ته‌وه‌ وێرایی قه‌یرانى ئابورى، گیرۆده‌ى قه‌یرانى نائومێدى و بێ سمبوڵى سیاسی دایه‌ و، هیچ سمبولێكى سیاسی له‌ شانۆى سیاسی كوردستاندا نابینرێته‌وه‌ كه‌ ببێت به‌ ناوك و بزوێنه‌رى ئه‌و هه‌موو ده‌نگه‌ ناڕازییه‌ و ئاراسته‌ى بكات. 

له‌م قوناغه‌دا كوردستان، پێویستی به‌ كاره‌كته‌رێكه‌ بتوانێت بینایی پێ ببه‌خشێت و هه‌لوێستیێكى ده‌سته‌جه‌معی لادروست بكات كه‌ بتوانرێت پێكه‌وه‌ هه‌موو پارت و لایه‌نه‌كان كه‌نارگیر و په‌راوێزبخات، له‌ بێ متمانه‌یدا به‌جێیان بهێڵێت، وه‌ك چۆن ژنه‌ دكتۆرێك ده‌بێت به‌ فریادڕه‌س و كرانه‌وه‌ى بینایی كۆمه‌ڵگا نابیناكان به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت هه‌نگاوبنرێت به‌ ئاراسته‌ى ئاگاى و هۆشیارى گشتى كۆمه‌ڵگا، پێویسته‌ له‌ هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا هه‌مووان پێكه‌وه‌ ده‌نگى سپی و هه‌ڵویستى گشتى ڕابگه‌یه‌نن له‌ به‌رامبه‌ر نادادى و نادادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و نایه‌كسانى سیاسی، به‌ جۆرێك سندوقه‌كانى ده‌نگدان به‌ ده‌نگى سپی پڕبكرێته‌وه‌.
ده‌نگى سپی، له‌ نه‌بوونى پارتى سیاسی و ئۆپۆسزیۆنى بوێر، بێ هه‌ڵویستى شه‌قام و نه‌بوونى رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و میدیاى ئازاد، بژارده‌یه‌كى گونجاوه‌ و له‌ بۆ په‌یامێكى تر به‌ هه‌موو پارته‌كان و قبوڵنه‌كردنى بوونیان به‌و شێوه‌ى كه‌ ئێستا هه‌ن، به‌ ڕێگه‌یه‌كى ئاشتییانه‌، ڕه‌نگه‌ كۆمه‌ڵگاى كوردى له‌ فه‌راغى سمبولى سیاسی و له‌ بۆ دۆخى هه‌نوكه‌ى كوردستان باشترین بژارده‌یی پڕكردنه‌وه‌ى سنوقه‌كانى ده‌نگدانه‌ به‌ ده‌نگى سپی. 
ده‌توانین ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ شۆڕشی سپی ناوبه‌رین، شۆڕێكى نوێ كه‌ به‌رئه‌نجامى هۆشیارى گشتى بێت و چه‌كى ده‌ستى كۆمه‌ڵگا سندوقه‌كانى ده‌نگدان بێت، هه‌ڵوێستێكى سه‌رتاسه‌رى و شۆكێكى گشتى بێت بۆ پارته‌كانى ده‌سه‌ڵات، كۆمه‌ڵگا بگات به‌ قۆناغى بینایی و پارته‌كان ڕووبه‌ڕووى كوێرى سپی بكه‌نه‌وه‌. 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ