نەوشیروان مستەفا ده‌رباره‌ی‌‌ چی ده‌ڵێت ؟

عه‌بدولره‌حمانى زه‌بیحى.. پیاوه‌ گومنا‌وه‌كه‌ی ناو سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب

ڕەزوان یاڵانپێی 2021.02.12 01:52 PM
3364 جار خوێندراوەتەوە

ڕەزوان یاڵانپێی

نوسه‌ر و توێژه‌ر
مامۆستای زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌
ماسته‌ر له‌ مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ

خوێندكاری دكتۆرا ـ مێژوو

هەرچەنده تەمەن و بیروبۆچونمان لە زۆر لایەنەوە جیاواز بوو، بەڵام ڕەحمانی زەبیحی دۆستێکی خۆشەویست و دڵسۆزم بوو. تێکۆشەرێکی کۆڵنەدەری ڕێگەی کوردایەتی بوو، لە سابڵاخی موکریاندا لە دایک بوبو، بە گەنجی تێکەڵاوی جوڵانەوەی کورد بوبو، یەکێک بو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی  ژێکاف و تاهەڵوەشاندنەوەی سکرتێری بوو. دواتر بوە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان.
دامەزرێنەری گۆڤاری نیشتیمان بوو، زۆر وتاری سیاسی لە گۆڤاری نیشتیمان و ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کردبوەوە، دواێ ڕوخانی کۆماری مەهاباد بە نهێنی هاتبوە عێراق، لە عێراق ئاشکرا دەبێت و دەچێتە سوریا، لە سوریا بە عەرەبی نامیلکەیەکی نوسی بوو بە ناونیشانی ( الرد علی الکوسموپولیتیە) ویستبوی بیسەلمێنێت کورد بە گوێرەفی تێگەشتنی ستالین نەتەوەیە، گەڕایەوە کوردستانی عێراق و لە ڕیزی پارتی دیموکراتی کوردستان کاری کرد، ماوەیەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی بوو، لە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلولدا لێپرسراوی لقی کەرکوک و دواتر لێپرسراوی لقی بەغداد بوو.

عه‌بدولره‌حمانى زه‌بیحى له‌ ته‌مه‌نی لاویدا

زەبیحی خۆنەویست و دڵ و دەرون فراوان و نەفس بەرز بوو، نوسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەوان بوو، چەندین زمانی ئەزانی، زۆر شارەزای زمان و ئەدەب و مێژوی کورد بوو، لە مێژ بوو خەریکی نوسینی فەرهەنگی کوردی - کوردی بوو، لە کۆتایی شەستەکاندا منی ڕاسپارد لە سلێمانی فەرهەنگی مەردۆخی بۆ پەیدا بکەم، زۆر جار ساخکردنەوە و لێکدانەوی وشەی سلێمانی و دەوروبەری لێ ئەپرسیم.

دوەم جار کە بینیم زۆری لە گەڵ خەریک بووم لە ڤیەننا بمێنێتەوە تاخەریکی تەواوکردنی فەرهەنگەکەی بێت، من و فوئاد پێشنیارمان بۆ کرد بۆ خۆ خەریک کردن و دابین کردنی ژیانی دوکانێکی کتێبفرۆشی عەرەبی و فارسی و تورکی دابنێ و ئێمه‌ش یارمەتی بدەین، ئەوسا کتێبفرۆشی وەها لە ئەوروپا نەبوو، ئەکەر هەشبوبێ بەناوبانگ نەبوو، پێشنیارەکەی قەبوڵ نەکرد و سور بو لەسەر گەڕانەوەی بۆ عێراق، هەندێ بیانوی هێنایەوە قانعکەر نەبون، بەتایبەت زەبیحی خەڵکی کوردستانی عێراق نەبوو، ژن و مناڵ و خزم و کەسوکاری لەوێ نەبوو، هەتا مردیش هەر ڕەبەن بوو.

هه‌ژاری موكریانى له‌ ته‌نیشت مەلا مستەفا بارزانی

مەلا مستەفای بارزانی ڕقی لێی بوو، چونکە ئەو وەک هەژار خۆی بە لای ئەودا نەخست بوو. سەرانی دیموکرات بەتایبەت د. قاسملو حەزیان لە چارەی نەئەکرد، چونکە کاری لەگەڵ ئەوان نەکردبوو، زەبیحی باوەڕی وابوو هەر کوردێ کەوتە هەر پارچەیەکەوە پێویستە خزمەت بەو پارچەیە بکا.

حزبی بەعس قینیان لێی بوو، چونک بە دۆستی مام جەلال ۆ ئیبراهیم ئەحمەدیان دائەنا، جارێک گیراو چەند مانگی لە زینداندا بێ سەرو شوێن بوو، ئەشکەنجەی زۆریاندا، هاوسەرەکەی جەنەڕاڵ تەیموری بەختیار بۆی تێکەوتبو لە گرتن و مردن ڕزگاری کرد.  لە دوا ساڵەکانی تەمەنیدا هەڵەیەکی سیاسی گەورەی کرد، چوە ناو یەکێ لە حیزبە کارتۆنیەکانەوە، لە کاتێکدا نە ئەو پێویستی بەمە هەبوو، نە ئەو لەو ڕێگایەوە ئەیتوانی خزمەتێکی کورد بکات.

زه‌بیحی له‌گه‌ڵ شێخ عیزه‌دینی حوسێنی

دوای ڕوخانی شاە، زەبیحی سەردانی کوردستانی ئێرانی کرد، لە گوندی شینی جارێکی تر بینیمەوە، پێشنیارە کۆنەکەم بۆ دوبارە کردەوە کە لەوێ بمێنێتەوەو خەریکی تەواو کردنی فەرهەنگەکەی بێ، بەتایبەتی لەوکاتەدا بابەتی تازە داهاتبو، کۆمبیوتەر پێشکەوتبو، ئەیتوانی کەڵکیان لێ وەربگرێ، دیسان نەیسەلماند. مانەوەی پڕۆژەی فەرهەنگەکە بە ناتەواوی خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ زمانی کوردی. زەبیحی زۆرتر خۆی بە تێکۆشەرو سیاسی ئەزانی تا زمانەوان و ئەدیب، لە کاتێکدا کەم کەس زەبیحی وەک تێکۆشەری سیاسی ئەناسی، کەچی زۆر کەس وەک زمانەوانێکی گەورە سەیری ئەکەن.

به‌رگی ژماره‌ 5ی گۆڤاری نیشتیمان

زەبیحی دو بەرگ لە فەرهەنگەکەی بڵاوکردەو، هەرچی دیویەتی بە شاکارێکی زمانەوانی دائەنا، فریا نەکەوت بەرگەکانی تری بڵاو بکاتەوە، لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزدا لە ناوچەیەکی سنوری نێوان کوردستانی ئێران و عێراق بێ سەروشوێن بزر بوو، وەک ئەڵێن مسوەدەی بەرگەکانی تری فەرهەنگەکەی کەوتۆتە لای دەزگا ئەمنیەکانی عێراق، چونکە ماڵەکەی لە بەغدا بوو.

٭ عبدالرحمانی زەبیحی لە ساڵی 1916 لە مەهاباد لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە مەهاباد و تاقیکردنەوەی سێی ناوەندی لە ورمێ لە ساڵی 1937 تەواو دەکات، لە سەرەتای هەشتاکاندا بێ سەرو شوێن دەکرێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ