دواى هه‌ڵه‌كانی ڕابردووـ ئێستا چی بكرێت؟

ڕۆژاڤای کوردستان.. مێژوو و بارودۆخ و هەڵەکانی کورد

ره‌نج نه‌وزاد 2026.02.11 02:02 AM
2386 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

بەبێ تێگەیشتن و گەڕانەوە بۆ سەرەتای ڕووداوەکانی سووریا و ڕۆژاڤا لە ٢٠١١ـەوە، ئەستەمە بتوانرێت تێگەیشتنێکی دروست و ورد لەسەر ڕووداوەکانی ئەمڕۆ دروست ببێت. بەشێک لەوانەی ئەمڕۆ قسە لەسەر ئەزموونی ڕۆژاڤای کوردستان دەکەن، ئەوانەی ستایشی دەکەن یان ڕەخنەی لێ دەگرن، ستایش و ڕەخنەکانیان لەسەر بنەمای ئەم چەند هەفتەیەیی دوایی بووە. دەکرێت بڵێم زیاد لە ١٠ ساڵە چاودێرییەکی بەردەوامی دۆخی سووریا و ڕۆژاڤام کردووە بەبێ دابڕان، چ لە چوارچێوەی بەهاری عەرەبی چ لە پاش ئەو.
ئاگاداری زۆر وردەکاری و ڕووداو و گۆڕانکاریم لەسەر ئەو پرسە.بۆیە پێموایە زۆرێک لەو بۆچوونانەی ئەمڕۆ دەخرێتە ڕوو، ورد نین، چونکە زۆربەی زادەی ئەم چەند هەفتەیەیە. بۆچوون و تێگەیشتنێکی دروست دەبێت لە ئەنجامی تێگەیشتن بێت لە ئەزموونی ڕۆژاڤا لە ٢٠١٢ـەوە تا ئێستا. لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند خاڵ و لایەنێک دەدەم لەوبارەیەوە.
یەکێک لە هەڵەکان بریتییە لەوەی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ڕۆژاڤا لە پێش و پاش ٢٠١٨-٢٠١٩ حوکم لەسەر ئەو ئەزموونە بدرێت. خۆسەری و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی ئەمڕۆ، زۆر جیاوازە لە خۆسەری پێش ٢٠١٨. زۆربەی ئەوانەی ڕەخنەی لێ دەگرن ئاگاداری ئەم ئەزموونە نین لە پێش ٢٠١٨. هاوکات زۆربەی ئەوانەی ستایشی دەکەن ئاگاداری هەڵەکانی ئەو ئەزموونە نین پێش ٢٠١٨.
سەبارەت بەوانەی ڕەخنە لە کوردانی ڕۆژاڤا دەگرن بەوەی کە هیچ داوا ناکەن، یاخود پڕۆژەیان نییە، یان پڕۆژەیەکی تەنیا سوورییە، نەک کوردی. ئەمە زیاتر ڕاستە بۆ پاش ٢٠١٨-٢٠١٩، بە تایبەت پاش کەوتنی ئەسەد تا ئێستا، نەک بۆ ماوەی پێشتر. 

ئیداره‌ی خۆسه‌ر تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوو له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی سوری

 

بەشێکی زۆر لە خەڵک بێئاگان لەوەی لە ١٧ی ٣ی ٢٠١٦ لە شاری “رمیلان” لە حەسەکە، ئیدارەی خۆسەری بە فەرمی و ئاشکرا فیدرالیزمی ڕاگەیاند، بە عەمەلیش جێبەجێ کرا. ئیدارە و پۆلیس و سەرباز و سیستەمی پەروەردە و ئابووری خۆی هەبوو. تەنانەت نوێنەر و نوێنەرایەتی لە چەندین وڵات کردەوە و دانا، بۆ نموونە، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، سویسرا، ئەمریکا، ڕووسیا، بەلجیکا، سوید و هەرێمی کوردستان. ناوچە سەرەکییەکانی ئەو خۆسەرییە فیدراڵیە حەسەکە و کۆبانێ و عەفرین بوو.
ئەم ناوچانە پێشتر لە ٢٠١٢ـەوە هەنگاو بە هەنگاو لە لایەن کوردەوە ڕزگار کرا و خۆسەرییەکی دیفاکتۆی تیا دامەزرا. هەتا ٢٠١٥، بە گشتی میدیا و ئەندامانی ئیدارەی خۆسەری وشەی “ڕۆژاڤا”یان بەکاردەهێنا بۆ ئەو ناوچانە.
لە کۆبوونەوەکەی ٢٠١٦ لە حەسەکە، ویستیان بەفەرمی ناوی بنێن فیدرالیزمی ڕۆژاڤا، باکووری سووریا. بەڵام عەرەب و نەتەوەکانی تر کە ژمارەیان زۆرە لەو ناوچانە، مەرجەکەیان ئەوە بوو وشەی ڕۆژاڤا لاببرێت. بۆیە کرا بە فیدرالیزمی باکووری سووریا و بە فەرمی ڕاگەێنرا. هەر چەند لەسەر ئاستی میدیا و خەڵک هەر ڕۆژاڤا بەکاردەهات.
ئیدارەی خۆسەری داوای لە دەوڵەتان و لایەنە ناوخۆییەکان و دیمەشق کرد دانی پێ بنێن، بەڵام دیمەشقی ئەسەد ڕاستەوخۆ ڕەتی کردەوە. بە پاساوی جوداخوازی. 
ئەوەی سەیر بوو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریاش هەمان هەڵوێستی ئەسەد-یان هەبوو و ڕەتیان کردەوە. هەموو پاساوەکەش ئەوە بوو کە ئەمە هەنگاوێکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی، لە کاتێکدا ئیدارەی خۆسەر بە فەرمی ڕایگەیاند بەشێکن لە سووریا و نابنە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
ئەوەی کە زۆر گرنگ بوو، ئەمریکا لەسەردەمی ئۆباما، ئامادە نەبوو دان بەو فیدرالییە بنێت و وەزارەتی دەرەوە گوتی هەموو ڕاگەیاندنێکی تاک لایەنە بۆ هەر جۆرە ئۆتۆنۆمییەک لە سووریا ڕەت دەکەینەوە. دیارە تورکیا ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لەو پرسە.

هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی فیدرالیزم لە لایەن ئیدارەی خۆسەری، تورکیا بڕیاریدا دەستتێوەردان بکات بۆ ڕێگرتن لە قەوارەیەکی نوێی کوردستانی، بەڵام دەرەفەت نەبوو خێرا دەستتێوەردانێکی سەربازی بکات. چاوەڕێی دەرەفەتێک بوو کە ئەمریکا گڵۆپی سەوز هەڵ بکات.
هاتنی ترەمپ لە ٢٠١٧ ئەو دەرەفەتە بوو کە ئەردۆگان چاوەڕێی بوو. ( ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ پرسی ریفراندۆمی باشووری کوردستان، لەناوچەکەدا ئەو گوتارە زاڵ بوو کە کورد بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت و تەنانەت دەوترا پلانی یەکگرتنی باشوور و ڕۆژئاوا هەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی کوردستان، ئەمە هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی ترساند.) 

مامه‌ڵه‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ڕۆژاڤا زیاتر ئه‌منی بوو نه‌ك سیاسى

 

ئەوە بوو لە ٢٠١٨، تورکیا توانی لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە عەفرین داگیر بکات، لە ٢٠١٩ توانی ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی داگیر بکات، دیسان بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا. هەر لەو سەردەمە، ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە بە هاوکاری ئەمریکا ناوچەیەکی فراوانی لە ڕەقە و دێرەزوور کۆنتڕۆڵ کرد و داعشی تیا دەرپەڕاند.
ئەم ڕووداوانە بوونە هۆکاری گۆڕانکارییەکی جەوهەری: پێشتر ڕووبەری ئیدارەی خۆسەر بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە کوردییەکان پێک دەهات، بەڵام پاش ئەو ڕووداوانە، ڕووبەری ئیدارەی خۆسەر زیاتر لە ناوچە عەرەبییەکان پێک دەهات و دانیشتووانەکەی بوونە زۆرینە عەرەب. 
بۆ نموونە ئەو ڕووداوانە بوونە هۆی ئەوەی ئیدارەی خۆسەر شارێکی وەک عەفرین کە زیاد لە ٩٠٪ی کوردە لەدەست بدات، لەبەرانبەردا شارێکی وەک ڕەقە یان دێرەزووری دەستکەوت کە ٩٠٪ی زیاتری عەرەبە. 
ناڕاستەوخۆ ئەمریکا ویستی بەم مامەڵەیە تورکیا ڕازی بکات بە گرتنی ناوچەیەکی گەورەی لە ڕۆژاڤا، هاوکات ناوچەیەکی گەورەتر بداتە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر بۆ ئەوەی هەر وەک هاوپەیمانی بمێننەوە، بەڵام ناوچەیەک کە عەرەبییە و زیانی دەبێت بۆ دەسەڵاتی ڕۆژاڤا، وەک دواجار دەرکەوت.

لە دۆخێکی وادا، ئیدارەی خۆسەر بۆ ئەوەی بیەوێت دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت لە ناوچەیەکی زۆرینە عەرەب، بێگومان ئیتر قوورسە باس لە کورد و ڕۆژاڤا بکات، یاخود داواکردنی فیدرالی لەسەر بنەمای نەتەوەیی. لەمەوە ئیتر وا دەرکەوت کوردانی ڕۆژاڤا سەریان لێ شێواوە و نازانن چیان دەوێت.
ئەگەر باس لە هەمان فیدرالییەکەی ٢٠١٦ بکەن کە لەسەر بنەمای ناوچە کوردییەکان دامەزرا، گونجاو نابێت بۆ ڕەقە و دێرەزوور و ناوچە عەرەبییەکانی تر کە بە توندی هەموو هەژموونێکی کوردیان ڕەتدەکردەوە و چاوەڕوانی دەرەفەتێک بوون بۆ هەڵگەڕانەوە. فیدرالیەکەی ٢٠١٦ بنەماکەی کورد و ڕۆژاڤا بوو، لە دوای ئەو ڕووداوانە واقیعەکە گۆڕا، ناکرێت فیدرالییەکی کوردی بۆ ناوچەیەک داوا بکرێت کە زۆرینە عەرەبە.

ئه‌و ڕۆژه‌ی هه‌سه‌ده‌ ڕه‌ققه‌ى گرت ـ 2017.10.17

 

کەواتە بەدیل چییە..؟ ئیدی داواکردن و بانگەشە بۆ خۆسەری ڕۆژهەڵات و باکووری سووریا و برایەتی گەلان و سووریاییبوون بکرێتە پێوەری سەرەکی، نەک ڕۆژاڤا و کوردبوون، کە دەرکەوت ئەوەش شکستی هێنا و سوودی نەبوو. جگە لەوەی هەسەدە لە ٢٠١٥ دامەزرا، پێشتر هێزی سەربازی ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی سەرەکی کورد بوون و ناوچە کوردییەکانیان بەڕێوە دەبرد. دواتر لەبەر شەڕی داعش کە ئەمریکا دەیویست لەگەڵ کورد ئەو شەڕە بکات، داوای کرد هەسەدە دابمەزرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە چەکدار بێنە ڕیزەکانی و لە دەرەوەی ناوچە کوردییەکانیش شەڕ بکەن. واتە “برایەتی گەلان” تەنانەت لە لایەن ئەمریکاوەش بەکارهات و پەرەی پێدرا لە ڕۆژاڤا.
بە کورتی لێرە مەبەست ئەوەیە، کوردانی ڕۆژاڤا نەک هەر داوای فیدرالیان کردووە، بەڵکوو بە فەرمی ڕایانگەیاند و لە واقیعدا جێبەجێ دەکرا، بەڵام هەر قبوڵ نەکرا، چونکە دۆخی سووریا زۆر جیاوازە لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ١٩٩١ و ٢٠٠٣ کە ئەمریکا لە بەرژەوەندی بوو هەرێمێک بۆ کورد دروست بکات، لە سووریا ئەو بەرژەوەندییەی بەو شێوەیە نەبوو، ڕوون و ئاشکرایە بەبێ ئەمریکا کورد ناتوانێت ببێتە خاوەن قەوارەیەکی فەرمی.
هەڵەکانی ئەزموونی ڕۆژاڤای کوردستان چی بوون..؟
ئەوانەی ستایشی ئەو ئەزموونە دەکەن و هەموو بەرپرسیارێتییەکە دەخەنە ئەستۆی ئەمریکا لەم ڕووداوانەی کە ڕوویدا، ئەو هەڵانە پشتگوێ دەخەن کە کورد خۆی نەدەبوو بیکات و نەدەبوو گوێڕایەڵی ئەمریکا بێت لەو بابەتانە. 
بۆ نموونە، ڕوون و ئاشکرایە ئەمریکا لەبەر بەرژەوەندی خۆی دەیویست تەرکیز بکاتە سەر شەڕی داعش، لە دۆخێکی وادا دەیویست تورکیا ڕازی بکات لە ڕێگەی هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ داگیرکردنی ناوچە کوردییەکان. هەروەها، پێویستی بە هەسەدە بوو بۆ شەڕی داعش، بۆ ئەوەی ڕازی بکات ناوچەی عەرەبی پێدەدا. سەرکردەکانی ئیدارەی خۆسەر دووربین نەبوون، دەبوو ئەو مامەڵەیە ڕەت بکەنەوە. دەبوو بە ئەمریکایان بگوتایە ئەگەر تورکیا عەفرین و سەرێ کانی بگرێت، ئەوا ئێمە شەڕی داعش ناکەین و تەنیا بەرگری لە ناوچەکانی خۆمان دەکەین. یاخود هەر بە واقعی دەستبەرداری شەڕی داعش بان و هەموو هێزی خۆیان تەرخان بکردایە بۆ بەرگری لە عەفرین و سەرێ کانێ. نەک ڕێ بدەن ئەو مامەڵەیەیی ئەمریکا بە چەند مانگێک جێبەجێ بکرێت و لەولاوە بڕۆن ڕەقە و دێرەزووری بۆ ئازاد بکرێت. پاشان ئەمریکا لە ٢٠١٦ کە ئامادە نییە دان بە فیدرالیەتی ڕۆژاڤا بنێت، بۆچی پاش ئەوە بەو ئاسانییە شەڕی بۆ بکرێت لە دیرەزوور و ڕەقە و حەلەب!
 یەکێک لە هەڵەکانی دیکە ئەوەیە کە گوایە ئیدارەی خۆسەری نزیکتر بووە لە بەرەی ئێران و ئەسەد و ڕووسیا، نەک ئەمریکا، بۆیە ئەمریکا دەستبەرداری بوو. ڕاستی ئەوەیە سەرکردایەتی ڕۆژاڤا زۆربەی کات کوێرانە فەرمان و ویستەکانی ئەمریکایان جێبەجێ دەکرد. لێدوان و بۆچوونی سیاسی و سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا لەبارەی هەسەدە و کوردانی ڕۆژئاڤا لە ١٠-١٢ ساڵی ڕابردوو و وەسفکردنیان وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو، نیشانەی ئەو دڵسۆزییە کوێرانەیەیی ئیدارەی خۆسەرە بۆ ئەمریکا. لەم ڕەهەندەوە، کورتبینی و تێنەگەیشتنی ئیدارەی خۆسەر لە ئەمریکا و سیاسەت بە گشتی بەرپرسی سەرەکییە، نەک خودی ئەمریکا کە سیاسەتی خۆی دەکات و تەنیا بەرژەوەندی خۆی دەبینێت. 
دەبوو کوردیش بەرژەوەندی خۆی بکاتە بنەمای سەرەکی.  ئەوەی کە دەبێت بیزانین، سەرچاوەی هەڵەکانی ئەزموونی ڕۆژاڤا بۆ ساڵانی ٢٠١٨-٢٠١٩ دەگەڕێتەوە نەک بۆ ئێستا و سەردەمی دوای ڕووخانی ئەسەد.

ناوچه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌ تا ڕۆژی ڕووخاندنی ئه‌سه‌د


هەڵەکانیش ئەوە نەبووە کە بە گوێی ئەمریکای نەکردووە یان لە بەرەی ئەمریکا نەبووە، بەڵکوو کوێرانە لە بەرەی ئەمریکا بووە و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکرد. لە ڕاستیدا ئیدارەی خۆسەر لە نێوان بەرەی ئۆپۆزسیۆن (زۆربەی تیرۆریست بوون) و ڕژێمی ئەسەد، چووە بەرەی ئەمریکا، بە تایبەت لە ٢٠١٤ەوە. ئەمە بڕیارێکی زۆر دروست بوو، ئێستاش هەر ناچارە  وا بکات، بەو مەرجەی کۆمەڵێک بنەما و هێڵی سووری سیاسی هەبێت، کاتێک داواکارییەکی ئەمریکا بە تەواوی لە زیانی کوردە، نابێت بە گوێی بکرێت، بە تایبەت ئەو کات کە ئەمریکا بەدیلێکی وەک کوردی نەبوو و بە ئاسانی نەیدەتوانی دەستبەرداری بێت.
ئەوەی بە وردی ئاگاداری ڕووداوەکانی سووریا بێت لە ٢٠١١ەوە، بۆی دەردەکەوێت ئیدارەی خۆسەریی ڕۆژاڤا لە ٢٠١٨ەوە ئیتر بەرەو ونبوون و سەرلێشیواوی دەڕوات؛ لە ڕۆژاڤاوە دەبێتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە فیعلی، ناوچەی کوردی و کوردستانی لە دەست دەدات و ناوچەی عەرەبی و سووری بەدەست دەهێنێت، داواکاری و پڕۆژەیەکی ڕوونی نامێنێت، فیدرالیە دیفاکتۆکەی ٢٠١٦ و پێشتر، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو نەمان دەڕوات.
فاکتەری سەرەکی بۆ ئەمە تێنەگەیشتنی سەرکردایەتی ڕۆژاڤا بوو. هاوکات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەوەی دەخواست، لەمەدا تورکیا ڕۆڵی سەرەکی تیادا دەبینی و دەبینێت. ئەگەر فاکتەری تورکیا بخەینە دەرەوە، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە ئەمریکا هەر لە ٢٠١٦ دانی بە فیدرالیەکەی ڕۆژاڤا دەنا.

ژه‌نراڵ مه‌زڵوم ئاڵای كوردستانی له‌ یه‌خه‌ی داوه‌

 

ڕەخنەی سەرەکی دەبێت ئەوە بێت بۆچی ئیدارەی خۆسەر لەسەر ویستی ئەمریکا بە ئاسانی دەستبەرداری عەفرین و سەرێ کانێ بوو بەرانبەر بە ڕەقە و دێرەزوور، نەک بۆچی داوای فیدرالیزم بۆ کورد ناکەن لە ناوچەیەک کە زۆرینە عەرەبە لە ڕووی دانیشتوان و ڕووبەرەوە. 
مانای نییە بە جۆلانی و ئەمریکا بگوترێت ڕەقە و دێرەزوورم بدەنێ وەک هەرێمێکی کوردی، لە کاتێکدا زۆرینەی ڕەقە و دێرەزوور نەک هەر سووری و عەرەبن، بەڵکوو بە دوای دەرەفەتێک دەگەڕێن کورد کۆمەڵکوژ بکەن.
هەڵەی تێگەیشتنی ئیدارەی خۆسەر لەوەی لە بری عەفرین و سەرێ کانێ، ڕەقە و دێرەزوور قبوڵ بکەن، لەم ڕووداوانەی دوایی بە ڕوونی دەرکەوت. بۆ نموونە کاتێک هەسەدە ٢٥٪ی خاکی سووریای بەدەست بوو و لە لوتکەی هێزی خۆیدا بوو، نەیتوانی یەک ڕۆژ بەرگری بکات لەو  ناوچە فراوانە، بەڵام لەو کۆبانێیە بچووکە دوو هەفتە بەرگری کرد و نەکەوت. هۆکارەکە سادەیە، لە ناوچەی کوردی حوکمکردن و بەرگریکردن ئاسانە بۆ هێزێکی کوردی، لە ناوچەی عەرەبی ئەستەمە. ئەو قوربانی و وزەیەیی ئیدارەی خۆسەر لە ڕەقە و دێرەزوور بەخشی، لە عەفرین و سەرێ کانی بیکردایە دەکرا وەک حەسەکە و کۆبانێ لە ژێر دەسەڵاتی کورد بمێننەوە
ئێستا چی بکرێت...؟
لە ئێستادا ئەگەر سەرکردایەتی ڕۆژاڤا وانە لە هەڵەکانی ڕابردوو ببینن، هاوکات ئەگەر هاوکێشەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و سیاسەتی ئەمریکا بگۆڕێت (ئەگەر هەیە لە دوای یەک لابوونەوەی کەیسی ئێران ئەم گۆڕانکارییە تا ڕادەیەک ڕووبدات) ئەوا دۆخەکە تا ڕادەیەکی کەم نزیکترە لە دۆخی نێوان ٢٠١٢-٢٠١٦ بە بەراورد بە دۆخی دوای ٢٠١٨-٢٠١٩، لەو ڕووەوەی کە دەسەڵاتی خۆسەری تەنیا لە حەسەکە و کۆبانێ ماوە، واتە نزیکترە لە ڕۆژاڤا وەک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. لە ئێستادا داواکاری لەسەر بنەمای کوردبوون، لۆجیکتر و ئاسانترە.

وردە وردە لە گوتاری ئیدارەی خۆسەر و دیمەشق و جیهان درک بەوە دەکرێت کە مەسەلەکە بووەتە کوردی، ئەمە دەبێت زیاتر کاری لەسەر بکرێت. 
ئەم قۆناغە پێویستی بە فکر و سیاسەت و مامەڵەی جیاوازە، بە پڕۆژەی پەکەکە ناکرێت و دەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت، ئەوەی بەدەست هاتووە پەکەکە ڕۆڵی تیا هەبووە، بەڵام هەر خۆی دەکرێت هەمووی لەناو ببات، ئەگەر نەکشێتەوە و هەڵنەوەشێتەوە لە ڕۆژاڤا.

خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ پشتیوای رۆڤاڤا ـ سلێمانی 2026.1.30

لەگەڵ هەموو ئەو ڕەخنە و هەڵە و فاکتانەی ئاماژەی پێ کرا، ڕۆژاڤای کوردستان لە ئێستادا گەیشتووە بە کۆمەڵێک دەستکەوت، بە بەراورد بە پێش ٢٠١١، زۆر گەورە و گرنگن، هەر چەند لە ئاستی چاوەڕوانی و قوربانیدانەکە نین. ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان بە زیاد لە ١٠٠ ساڵ جارێ نەگەیشتوون بەو دەستکەوتانە، وەک جۆرێک لە داننان بە کورد و خوێندن بە زمانی کوردی، جۆرێک لە ئیدارە و هێزی چەکداری کوردی لە ناوچەکانی ڕۆژاڤای کوردستان. تەنانەت باشوور ٥٠ ساڵ و زیاتری ویستووە بگاتە ئەو دەستکەوتانە. بێگومان هاوشێوەی باشوور، فاکتەری سەرەکی هەر ئەمریکا و هاوکێشەی نێودەوڵەتی بووە لەو دەستکەوتانە. ئەوەی گرنگە پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکرێت و هەوڵبدرێت هەنگاو بە هەنگاو عەفرین و سەرێ کانێ بهێنرێنە ناو چوارچێوەی حەسەکە. هاوکات، هەموو هەوڵێک بدرێت لەم قۆناغە کە ڕۆژاڤا پشتیوانی نییە، خۆی لە شەڕ بەدوور بگرێت و درێژە بە ئاگربەستەکە بدات. هەروەها، هەموو کات ئامادەکاری هەبێت بۆ بەرگری لە کاتی هێرش و شکاندنی ئاگربەستەکە.
دواجار کورد دەبێت بگاتە ئەو باوەڕەی، کاتێک ئامانج و پڕۆژە و دروشمی سەرەکی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان نەبێت، بە دڵنیاییەوە بەو هەموو قوربانیدان و ماندووبوونە هەر دەگات بەو جۆرە دەستکەوتانە، ئیتر بە پێی بارودۆخ زیاد و کەم دەکەن و هەموو کاتیش لەبەردەم مەترسی دەبن.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ