حه‌لبوسی بووه‌ یه‌كه‌می بێ ڕكابه‌ری سوننه‌كان

دواى هەڵبژاردنه‌كان.. نه‌خشه‌ى نوێی سیاسی عێراق چۆنه‌؟

یاسین تەها 2023.12.22 04:51 PM
6875 جار خوێندراوەتەوە

یاسین تەها

رۆژنامەنووس و توێژەر

شارەزای کاروباریی عێراق

ماستەر لە مێژووی ئیسلامیی ـ زانکۆی مەنسورە ـ میسر

پاش راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی 18ی دیسەمبەری 2023، رەنگە رێژەی نەگۆڕاو و پێشهاتە پێشبینی كراوەكانی بەر لە هەڵبژاردن زیاتر چەسپابن، تاوەکو سوپرایز و لێكەوتە نوێیەكان، دەكرێت لەم تەوەرانەدا ئاماژە بەهەندێكیان بكرێت :

زنجیرەی دابەزینی ئاست و رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لەسەر هەمان نەرێتی چوار خولی پێشوو بەردەوامە، بەم جۆرە: لە هەڵبژاردنی 2005 : 76%، لە 2010 : 62%، لە 2014: 61%، لە 2018 : 44%، لە : 2021، بە 43%، لەم هەڵبژاردنەش بە 41%، بە فەرمی دیاری كرا ، بەڵام ئەم دوو رێژەی دوایی بە رێكارێك كراوە كە گوزارشت لە دەنگدەرانی راستەقینە ناكات، بۆ نموونە كۆی ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە 24 ملیۆن و 667 هەزار كەس بوون، بەڵام تەنیا 6 ملیۆن و 599 هەزار كەس بە كردەیی بەشدارییان كردووە كە دەكاتە 26.7% ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، بەم پێیەش بایكۆت 73.3% بووە.

شیعەكان سەركەوتن بەسەر خۆیان دا، بەو واتایەی یەكەمجارە یەك هاوپەیمانی سیاسی گەورە كە چوارچێوەی شیعییە لە 13 پارێزگا ركابەری لەگەڵ یەكتر بكەن و پاشان یەكبگرنەوە. لە ركابەرییەكەشدا كەسایەتی كاریگەری كۆمەڵایەتی كاندید كراون بۆ سوود وەرگرتن لە پێگەیان، سەرباری لۆكاڵی بوونی پرۆسەكەش، پرۆگرام و بانگەشەی هەڵبژاردن رۆڵیان نەبووە و زیاتر گفتی دابەشكردنی زەوی و بەخشینەوەی ئیمتیازات و دامەزراندن هەبووە، کە ئەمەش باری حكومەت قورستر دەكات بۆ قۆناخی داهاتوو. هەروەها چاوەڕوانییەكانی خەڵكیش زیاتر دەكات و دەشێت ئەمە متمانە بۆ هەڵبژاردنی 2025 لاوازتر بكات.

دەركەوت ركابەرە سیاسییەكەی چوارچێوەی شیعە كە سەدرە میكانیزمی كاری خۆی لە كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە گۆڕیوە بۆ هەوڵی تێكشاندن و جێگرتنەوەیان لە پرۆسەی سیاسی. سەدر ئامادە نەبوو لەگەڵیان پرۆسە سیاسییەكە بە عەبای هەڵبژاردن جوانتر بكات، ئەمەش مایەی نیگەرانی قووڵە بۆ رکابەرەکانی، چونكە دەنگدەرانی هەڵبژاردن تەنیا جەماوەری سوودمەندی حیزب و لیستەكان بوون و گوزارشت لە رای گشتی ناكەن و دەشێت سەدر كەڵك لە لیستی "زۆرینەی بێدەنگ وەربگرێت" كە نەچوون بۆ دەنگدان.

لەم هەڵبژاردنە ژمارەیەك پارێزگار لە دەرەوەی هاوپەیمانییە سیاسییەكان بەرێژەی بەرچاو سەركەوتن، لەوانەش پارێزگارەكانی ئەنبار، كوت (واسط)، كەربەلا، دیارترین ئەو پارێزگارانەش ئەسعەد ئەلعیدانی، پارێزگاری بەسرەیە، ناوبراو توانی لەكۆی 22 كورسی پارێزگاكە، 12 كورسی بباتەوە بۆ لیستەكەی "تەسمیم"، هاوكات خۆیشی وەك كاندید بە تەنیا 156 هەزارو 470 دەنگی بەدەستهێنا كە ژمارەیەکی پێوانەییە، ئەمە لە كاتێكدایە کە پارێزگاری بەغدا لە نێو 9 ملیۆن دانیشتوانی بەغدا سێ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە. ئەم ئاماژەیەش دەری دەخات گوتاری خزمەتگوزاری خەریكە وەك ركابەری گوتاری سیاسی و مەزهەبی كاری خۆی دەكات. ئەم حاڵەتەش بۆ نەجم جبوری لە نەینەوا هەمان شتە، ئەم دیاردەیە ئەوەشی سەلماند پارێزگاری جێبەجێكار كاریگەرترە لە پارێزگاری سیاسی.

لە ناوخۆی شیعیدا ئەنجامە بەدەستهاتووەكانی مالیكی لە ئاست پێشبینی و چاوەڕوانییەكان نەبوون. ئەوەش سەرباری بایكۆتی سەدرییەكانی کە ركابەری نەریتی هاوپەیمانییەکەی ئەون. لەم میانەیەشدا ئەنجامەكان ئەوە دەردەخەن کە سەرباری ئەوەی "دەوڵەتی یاسا" زیاتر لە 530 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنەكە، بەڵام لە بەغدا و بەسرە چووەتە پێگەی سێیەم، لە پایتەخەت نەگەیشتە لیستەكەی حەلبوسی و لەو 35 كورسیەشی کە لە كۆی 275 كورسی لە 15 پارێزگا بەدەستهێناوە، تەنیا لە پارێزگای موسەننا (زۆرینە هەژار)یەكەم بووە، لە بەرامبەردا پارێزگای كەربەلای لەدەستداوە كە لە پاش 2005وە پێگەی مێژویی لیستەكەیە.

لە هاوكێشەی شیعیدا لیستی هاوبەشی حەكیم _ عەبادی بەناوی "هێزەكانی دەوڵەت" بڕێك لە شكستی 2021 یان قەرەبووكردەوە بە بەدەستهێنانی 23 كورسی و ئەمەیان ناو نا "گێڕانەوەی پێگە"، بەڵام هێشتا ئەمە نایانكاتە ژمارەیەكی گەورە لە 275 كورسی، لە كاتێكدا سەدرییەكان لە گۆڕەپان نەبوون. ئەم هاوپەیمانییە تەنیا لە یەك پارێزگا دووەم بوون و لە دووانی دیکە سێیەم، ژمارەی دەنگەكانیشیان نزیكەی 308 هەزار دەنگە و لە بەغدا كە شاری عەبادییە و حەكیمی تێدا نیشتەجێیە نەگەیشتنە 70 هەزار دەنگ.

هێزە سیاسیە خاوەن باڵە چەكدارییەكانی شیعە، كە هاوپەیمانێتی "نەبنی" یان هەیە بە سەرۆكایەتی عامری و بەشداری خەزعەلی و لەگەڵ "موقاوەمەی ئیسلامی" هاوپەیمانن، زیاتر لە 638 هەزار دەنگیان لە سەرجەم پارێزگاكان بەدەستهێنا، سەرباری ئەوەشی لە 5 پارێزگا یەكەمن (زیقار، میسان، بابل، دیوانیە، نەجەف)، بەڵام لە بەغدا حەلبوسی و لە بەسرە ئەسعەد ئەلعیدانییان تێنەپەڕاند.

ئەو ژمارە دەنگەشی بەدەستیان هێناوە بەشێكە لە گۆڕانی دیمەنە سیاسییە شیعەكە كە جاران بەدەست هێزە نەریتییەكانی وەك حیزبی دەعوە و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و رەوتی سەدرەوە بوو، بەڵام ئێستا ئەمان بوونەتە گەورەترین هاوپەیمانی براوەی شیعە لە سایەی هەژموونی چەك و مەزهەب و قوربانییەكانی شەڕی داعش. هاوپەیمانی نەبنی لە قۆناخی داهاتوودا لە بەغدا تووشی بەربەستی حەلبووسی و لەو ناوچانەشدا کە لەڕووی پێکهاتەوە تێکەڵ نین رووبەڕووی گرفتی لیستی پارێزگارەکان دەبنەوە.

سەرباری پاشەكشەی لیستە شیعییەكان بەرامبەر لیستەكەی حەلبوسی لە بەغدای پایتەخت، بەڵام لە كۆی گشتیدا هێشتا كۆی گشتی دەنگی لیستە شیعەكان زیاترە بە 430 هەزار بەرامبەر 380 هەزار دەنگی لیستە سوننە گەورەكان، بەڵام بۆ درووستكردنی حكومەتی لۆكاڵی لە بەغدا گرێ و كێشەی زۆر لە پێش دەبێت.

یەكەم ئەزموونی هاوپەیمانی هێزە مەدەنییەكان لە چوارچێوەی "قیم" بە بەشداری حیزبی شیوعی چووە سەرووی 100 هەزار دەنگ لە سەرجەم پارێزگاكان، لە نێو ئەوانیشدا لە دیوانیە سێیەم بووە، لە پارێزگاكانی دیکەش ئەنجامەكانی جۆراوجۆر بوون، ئەم ئەنجامەش رەنگدانەوەی باوەڕ نەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە چالاكییە مەدەنییەكانی عێراقە بە گرنگی و بایەخی هەڵبژاردن و سەركەوتنی بانگەوازەكانیانە بۆ بایكۆت بەهۆی نەبوونی هەلی یەکسان و هەژموونی چەك و پارە و گوتاری ئاینییەوە، ئەمەش جارێكی دیکە مەترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکانی هاوشێوەی تشرینییەکان درووست دەكاتەوە.

لە پارێزگا سوننەكان هەوڵەكانی جێگرتنەوەی حەلبوسی شكستیان هێنا، ئەنجامەكانی سەرۆكی لادراوی پەرلەمانیش بێ پێشینە و سوپرایزی گەورە بوون لە نێویشیاندا بردنەوەی بەغدا كە پێشهاتێكی گرنگ و رەمزییە، بەتایبەت كە كێبڕكێیەكی توند و سەختی تێدا بووە، هەروەها لە ئەنباریش بانگەشەی "كۆتاییهاتنی حەلبوسی" پووچەڵ كردەوە و كۆی گشتی دەنگەكانیشی لە پرۆسەكە گەیشتە سەروو 483 هەزار. لە بەرامبەریشدا ركابەرەكانی حەلبوسی داكشان بۆ نموونە "الحسم" كە بەرەیەكی بەرفراوانی هێزە سیاسییە سوننەكانە تەنیا 177 هەزار دەنگی بردووە لە بەغدا و رۆژئاوای عێراق و پێگەكەشی لە سەرجەم پارێزگاكان شەشەم و حەوتەمە.

لە كەركوك هاوپەیمانیی و لیستی حیزبە كوردییەكان بە بردنەوەی 7 كورسی لە 15 دەبنە خاوەن 47% ی كورسییەكان، لەكاتێكدا پێشتر 63%ی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگایان بەدەستەوە بوو، ئەمە جگە لەوەی لە 2005 وە هێزە كوردییەكان لە هەموو هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق لە كەركوك، زیاتر لە 50% یان بەدەستهێناوە، بەڵام بۆچوونێك هەیە پێی وایە سەرباری ئەنجامەكە هەڵبژاردن وزەی کوردبوونی خرۆشاندەوە لە شارەكە، ئەوەشی سەلماند کە ئیدارەی داهاتووی شارەکە بێ کورد و لە دەرەوەی ئیرادەی کوردی پێكنایەت بە پێچەوانەی واقیعی درووستكراوی پاش 2017.

لە كەركوك ئەنجام هەرچۆن بێت، سازان یەكلاكەرەوەیە، چونكە لەماددەی 13 ی هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە 12 ی ساڵی 2018 بڕگەی دووەم دەڵێت: ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابنە بناخەیەك بۆ هەر دۆخێكی یاسایی یاخود ئیداری. لەبڕگەی سێیەمدا دەڵێـت بنەماكانی ئەم ماددەیە بۆ خولی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و خولی ئەنجومەنی پارێزگاش وەك خۆیەتی. لەبڕگەی چوارەمیشدا هاتووە: دابەشكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەنێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكەدا بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردن كاری پێ دەكرێت. _ لە ناوچەكانی دیکەی جێناكۆك جگە لە كەركوك، هەژموونی چەك و پارەی لیستە عەرەبی و شیعییەكان و بەهێزبوونی بكەری شیعی لە پاش 2017 و 2018 زیاتر پاڵەپەستۆی لەسەر كورد درووست كردووە بەم جۆرەی خوارەوە:

لە نەینەوا قەبارەی هێزە كوردییەكان لە 31%ی ناو ئەنجومەنی پێشوو دابەزیوە بۆ 23.5%، لەمەشدا پارتی 4 كورسی و یەكێتی دووان، تێكڕای دەنگی كوردیش لە پارێزگاكە 174 هەزارە. -لە دیالەش پێكهاتەی كوردی یەك كورسی كوردی بەدەستهێناوە كە هی یەكێتییە و كۆی دەنگە كوردییەكانیش 31 هەزارە لە كاتێكدا لە ئەنجومەنی پێشوو 3 كورسی بۆ لیستە كوردییەكان بووە (2 یەكێتی 1 پارتی).

لەسەلاحەدین تەنیا یەك كورسی بۆ یەكێتی بەدەستهاتووە، ئەویش لە نێو هاوپەیمانییەكەی "الجماهیر الوطنیة"ی پارێزگاری پێشووتری سەلاحەدین. دەنگی سەرجەم كاندیدە كوردەكانیش كە پەرتەوازە بوون بەسەر هاوپەیمانییە لۆكاڵییەكان ناگاتە 40 هەزار، ئەم ئەنجامەش تاڕادەیەك هاوشێوەیە لە چاو 2013 كە تەنیا یەك كورسییان بە دەستهێنا لە كۆی 29 کورسی، بەڵام پاشەكشەیە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2009ـی ئەنجومەنی هەمان پارێزگا کە هاوپەیمانی برایەتی كوردی دوو كورسی بەدەستهێنا بوو.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ