
لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هەندێکجار دانانی کەسێک لە پۆستێکی دیاریکراودا، تەنها گۆڕانکارییەک نییە لە ئەرکێکی کارگێڕیدا، بەڵکو گۆڕینی تەواوەتی نەخشەڕێگای ناوچەیەکە. دیاریکردنی تۆماس جۆزێف باراک (تۆم باراک) وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و هاوکات سپاردنی دۆسیەی "نێردەی تایبەت بۆ سوریا" بە هەمان کەس، پەیامێکی ترسناک و پڕ لە پرسیارە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بۆ کورد بەتایبەتی.
کۆکردنەوەی دۆسیەی ئەنقەرە و دیمەشق لە دەستی یەک پیاودا، کە دۆستێکی دێرینی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و بازرگانێکی چاوچنۆکی سەردەمی ترەمپە، ئاماژەیە بۆ هاتنەکایەی قۆناغێکی نوێ لە "سیاسەتی سەفقە" کە ڕەنگە تێیدا خەونە نەتەوەییەکانی کورد بکرێنە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییە گەورەکان.
بۆ تێگەیشتن لەم پیاوە، دەبێت سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خێزانی. تۆم باراک کوڕی خێزانێکی کۆچبەری مەسیحیی لوبنانییە کە باپیرانی لە شاری "زەحلە"وە کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا.
لای باراک، فیدڕاڵیەت نابێت ببێتە هۆی لاوازبوونی بەغدا یان دیمەشق ئەو وەک ئەندازیارێکی بازرگانی سەیری نەخشەکە دەکات بۆ ئەوەی وزە و کاڵا بگوازرێتەوە

ئەم پاشخانە شامی و مەسیحییە وایکردووە باراک لە هەناوی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبگات، بەڵام نەک وەک شۆڕشگێڕێک، بەڵکو وەک بازرگانێک کە دەزانێت چۆن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە گفتوگۆ بکات.

ئەو دەرچووی زانکۆکانی کالیفۆرنیایە و سەرەتای ژیانی پیشەیی لە نوسینگەی پارێزەری تایبەتی "نیکسۆن" دەستپێکردووە و ساڵی ١٩٧٢ بۆ یەکەمجار وەک نوێنەری کۆمپانیایەکی زەبەلاحی بیناسازی چۆتە سعودیە. لەوێ، لەبری ئەوەی تەنها وەک یاساناسێک کار بکات، بووە هاوڕێ و یاریزانى سکواشی شازادە سعودییەکان.
ئەمە کلیلی تێگەیشتنە لە تۆم باراک؛ پیاوێک کە سیاسەت لە ڕێگەی پەیوەندیی شەخسی و بەرژەوەندیی بازرگانییەوە ئاڕاستە دەکات، نەک لە ڕێگەی پرەنسیپە دیموکراسییەکانەوە.
پەیوەندیی تۆم باراک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی ئاسایی سەرۆک و دیپلۆماتکار نییە، بەڵکو دۆستایەتییەکی چل ساڵەیە کە لەسەر بنەمای مامەڵەی زەوی و زار و هۆتێل و قومارخانەکان دروست بووە.
کاتێک ترەمپ دەیكاتە دەمڕاستی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو مانایە دێت کە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی "ڕیالیزمی ڕووت". باراک باوەڕی بەوە نییە کە ئەمریکا دەبێت پارێزەری مافی گەلانی ژێردەستە بێت، بەڵکو باوەڕی بەوەیە کە سەقامگیری لە ڕێگەی دەوڵەتە بەهێزەکانەوە دێتەدی. هەر ئەمەشە وایکردووە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ تورکیا و ئەردۆغان هەبێت.
هاتنی تۆم باراک زەنگێکی مەترسیدارە، ئەم پیاوە بە فرمێسک و چیرۆکی مافی مرۆڤ کاریگەر نابێت.

بۆ باراک، تورکیا هاوبەشێکی بازرگانی و ئەمنییە و کلیلی دەروازەی ئەوروپا و ئاسیایە، بەڵام پرسی کورد بۆ ئەو تەنها "کێشەیەکی ئەمنی"ـیە کە دەبێت چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بازرگانی بەردەوام بێت.
ئەوەی جێگای مەترسییە بۆ کورد، تێڕوانینی سیاسیی تۆم باراکە بۆ چەمکی دەوڵەت و سنوورەکان. باراک چەندینجار ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەهمە" و ناوچەکە لە هۆز و تایەفە پێکهاتووە، بەڵام چارەسەر لای ئەو دابەشکردنی خاک نییە، بەڵکو "بەهێزکردنەوەی دەوڵەتی ناوەندییە".
لە دۆسیەی سوریادا (ڕۆژئاڤا)، باراک هەسەدە و یەپەگە وەک هاوپەیمان دژی داعش دەبینێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دان بە قەوارەیەکی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆی کوردیدا نانێت کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا. ئەو دەیەوێت هێزە کوردییەکان بخاتەوە ژێر ڕکێفی سوپای سوریاوە لە چوارچێوەی "لامەرکەزییەتێکی ئیداری"دا، واتە کورد ببێتە بەڕێوەبەری شارەوانییەکان، نەک خاوەن بڕیاری سیاسی و سەربازی.
ئەمەش هەمان ئەو داوایەیە کە تورکیا و سوریا هەیانە؛ تواندنەوەی هێزی سەربازیی کورد لەناو سیستەمێکی دەوڵەتیدا.
هەڵوێستی باراک بەرامبەر باشووری کوردستان و عێراقیش جیاواز نییە. ئەو زۆر بە ڕەقی دژی هەر هەوڵێکی سەربەخۆیی کوردستانە و تەنانەت ڕەخنەی لە سروشتی سیاسەتی عێراقیش گرتووە.
لای باراک، فیدڕاڵیەت نابێت ببێتە هۆی لاوازبوونی بەغدا یان دیمەشق. ئەو وەک ئەندازیارێکی بازرگانی سەیری نەخشەکە دەکات؛ بۆ ئەوەی وزە و کاڵا بگوازرێتەوە، دەبێت سنوورەکان کراوە بن بەڵام لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتە فەرمییەکاندا بن.
دوور نییە تۆم باراک سیناریۆی کێسنجەر دووبارە بکاتەوە و لەپێناو ڕازیکردنی دڵی ئەردۆغان و ڕێکخستنەوەی بازاڕی وزەی ناوچەکه

بۆیە زۆرجار چاودێران بەراوردی دەکەن بە "هێنری کێسنجەر". هەروەک چۆن کێسنجەر لە ساڵی ١٩٧٥ کوردی کردە قوربانیی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران (ڕێککەوتنی جەزائیر)، تۆم باراکیش لە ساڵی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ ئەگەری هەیە کورد بکاتە قوربانیی ڕێککەوتنێکی گەورەی نێوان تورکیا، سوریا بە سەرپەرشتی ئەمریکا.
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ناکۆکیی شاراوەی باراکە لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ. سەرەڕای ئەوەی باراک دۆستی ئیسڕائیلە، بەڵام وەک بازرگانێک شەڕی بەردەوام و ئایدۆلۆژیای توندڕەوی نەتانیاهۆ بە زیان دەزانێت بۆ پڕۆژە ئابوورییەکانی ناوچەکە (وەک ڕێککەوتنی ئیبراهیم).
باراک دەیەوێت لە ڕێگەی "سەفقە"وە حزبوڵا بێچەک بکات لوبنان و سوریا لە ئێران دوور بخاتەوە، نەک لە ڕێگەی شەڕێکی ماڵوێرانکەرەوە کە نەتانیاهۆ دەیەوێت.
ئەم پراگماتیزمە وایکردووە ئیسڕائیلیش بە گومانەوە سەیری جوڵەکانی بکەن، چونکە دەترسن باراک لەپێناو ئارامیی بازاڕەکاندا، سازش لەسەر هەندێک مەرجی ئەمنی بکات.
کورد دەبێت چی بکات؟
هاتنی تۆم باراک زەنگێکی مەترسیدارە، ئەم پیاوە بە فرمێسک و چیرۆکی مافی مرۆڤ کاریگەر نابێت، کورد ئەگەر بیەوێت لە سەردەمی باراکدا بمێنێتەوە و دەستکەوتەکانی بپارێزێت، دەبێت واز لە خیتابی سۆزداری بهێنێت و بە زمانی "بەرژەوەندی" قسەی لەگەڵ بکات.
دەبێت کورد بیسەلمێنێت کە مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا، فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا.
ئەگەر سەرکردایەتیی سیاسیی کورد نەتوانێت خۆی وەک "شەریکێکی قازانجویست" نیشان بدات، ئەوا دوور نییە تۆم باراک سیناریۆی کێسنجەر دووبارە بکاتەوە و لەپێناو ڕازیکردنی دڵی ئەردۆغان و ڕێکخستنەوەی بازاڕی وزەی ناوچەکە، خەونی کورد جارێکی تر بخاتەسەر مێزی قومارخانە سیاسییەکانی خۆی و دۆناڵد ترەمپ.
دڵشاد موانى