ئه‌حمه‌د شه‌رع چی ئیمزا كردووه‌ بۆ ئیسرائیلییه‌كان؟

لابردنی ئه‌سه‌د و هێنانی جۆلانى.. پیلانه‌ هه‌واڵگرییه‌كه‌ چۆن بوو؟

ره‌نج نه‌وزاد 2025.09.19 04:22 AM
3961 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

لە پاش ڕووخانی ئەسەد و هاتنی جۆلانی، کۆمەڵێک بابەت و ڕووداو هەن زوو زوو دەبنە جێگەی باس و خواستی ميدياکان و خەڵک، چ لە سوريا یان لە دەرەوە. بۆ نموونە بۆردومانەکانی ئيسرائيل بۆ لەناوبردنی ژێرخانی سەربازی سوريا، پەيوەندی و کۆبوونەوەکانی حکومەتەکەی جۆلانی لەگەڵ ئيسرائيلييەکان، پرسی درووز و عەلەوييەکان، کۆنتڕۆڵکردنی باشووری سوريا لە لایەن ئيسرائيلەوە...
لەو کتێبەی کە لە خوارەوە وێنەکەی دانراوە، وەڵام و ڕوونکردنەوە بۆ زۆربەی ئەو پرسانە هەیە. کتێبەکە لە لایەن (نزار نيوف)ەوە نووسراوە، رۆژنامەنووس و چالاکوانێکی سورييە. جارێ بڵاونەکراوەتەوە، وا ديارە کەس ئامادە نييە بۆی بڵاوبکاتەوە، بەڵام ئەرشيف کراوە لە دوو دەزگای بەڕيتانی (The Intellectual Property Office) و (Nielsen Book)، بۆ ئەوەی ئەگەر کووژرا یان مرد، کتێبەکە نەفەوتێت. کتێبەکە تەنيا چەند لاپەرەیەکی بەردەستە، لە لایەن هاوڕێيەکی نووسەرەوە بڵاوکراوەتەوە.
لە کتێبەکە ئەو نەخشە ڕێگا و ڕێککەوتنەی تيایە کە سەبارەت بە ڕووخانی ئەسەد و هێنانی جۆلانیيە، نووسەر لە ڕێگەی پەيوەندييەکانی خۆی لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی کۆنی سوپای ڕووسيا، نوسخەیەکی لە ڕێککەوتن ونەخشە ڕێگاکە دەست کەوتووە.

به‌رگی كتێبه‌كه‌

بە کورتی، بە پێی بەڵگەنامەکانی ناو کتێبەکە، جۆناسان پاوڵ، ڕاوێژکاری ئاسايشی نەتەوەیی بەڕيتانيا، لەگەڵ ڕون دێرمر، وەزيری کاروباری ستراتيژی لە ئيسرائيل نەخشە ڕێگایەک دادەنێن، تورکيا و ڕووسيا و ئەمريکا (بە ئيدارەی بايدن و تڕەمپ) ڕەزامەندی لەسەر دەدەن، بۆ لابردنی ئەسەد و هێنانی جۆلانی. خودی جۆلانی لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٤ ئيمزای لەسەر دەکات. جۆناسان پاوڵ پێشتر سەرۆکی دەزگای (Inter Mediate) بوو، وا ديارە دەمێکە جۆلانی دەناسێت و پەيوەندی لەگەڵدا هەبووە و ئامادەی کردووە. پێش کەوتنی ئەسەد بە چەند ڕۆژێک، سەرۆک وەزيرانی بەڕيتانيا داوای لێدەکات ببێتە ڕاوێژکاری ئاسايشی نەتەوەیی بەڕيتانيا.
نەتانياهۆ چەندين خاڵ و داواکاری بۆ نەخشە ڕێگاکە زیاد دەکات، ئەمريکا و تورکيا و ڕووسياش زیادکردن و دەستکاری خۆیانی بۆ زیاد دەکەن. بەڵام بە گشتی، ئەوەی تا ئێستا بڵاوکراوەتەوە، نەخشە ڕێگاکە هەژموون و دەستی ئيسرائيلی لە هەمووان زیاتر تيا دەردەکەوێت. لەو خاڵانەی کە لە نەخشەڕێگا و ڕێککەوتنەکە هەیە و جۆلانی ئيمزای کردووە، بريتييە لە:
١. سوريا نابێت سوپایەکی بەهێز و گەورەی هەبێت. دەبێت ژێرخانی سەربازیيەکەی لەناوببرێت.

٢. دەرکردنی سەرباز و کارمەندەکانی هەواڵگری سەردەمی ئەسەد و ناردنەوەیان بۆ ماڵەوە.

٣. پێشکەش کردنی ليست و زانياری تايبەت بە ژێرخانی زانستی و تەکنەلۆژی سوريا لە بواری سەربازی بە ئيسرائيل.

٤. ئيسرائيل بۆی هەیە دەستتێوەردان بکات لە پرسی درووز (دەوترێت ئەمە لەسەر داوای خودی نەتانياهۆ زیاد کراوە بۆ نەخشە ڕێگاکە).

سه‌ردانی جۆناسان پاوڵ بۆ لای ئه‌حمه‌د شه‌رع له‌ دیمه‌شق ـ 2025.8.5

 

٥. داماڵينی چەکی قوورس لە باشووری سوريا، هەر جوڵەیەکی سەربازی لە لایەن سورياوە لە باشووری وڵاتەکەی، دەبێت پێش وەخت ئيسرائيل ئاگادار بکرێتەوە و ڕەزامەندی وەربگيرێت.

٦. زيندووکردنەوەی پرسی جووە سورییەکان کە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتن و پرسی موڵک و ماڵيان، هەر وەها شوێنە ئاينييەکانیان (دەوترێت ئەمەش نەتانياهۆ بۆ نەخشە ڕێگاکەی زیاد کردووە).

٧. هەوڵبدرێت هەموو ئەرشيفی جووەکانی سوريا، لاشەی کووژراوەکانی سوپای ئيسرائيل لە کاتی شەڕەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت و، ئەرشيف و زانيارييەکانیان بدرێتەوە بە ئيسرائيل.
٨. سوريا نابێت دەوڵەتێکی مەرکەزی بەهێز بێت، کەمينەکانی وەک درووز و کورد و مەسيحيەکان و ئيسماعيلييەکان دەبێت دەسەڵات و ئيدارەی خۆیان هەبێت.

ئەوەی ئيسرائيل دەيکات لە سوريا پێشوەخت جۆلانی لە پێناو گەيشتن بە دەسەڵات ئيمزای کردووە

٩. عەلەوييەکان پێويستە پشتگوێ بخرێن، بە تايبەت لە سوپا و هەواڵگری دووربخرێنەوە لایەنی کەم بۆ ماوەیەکی کاتی ( هەر بۆیە هەمووان بێ دەنگ بوون لەو کووشتارەی بەرانبەر بە عەلەوييەکان کرا).

١٠. فەڵەستينييەکانی سوريا دەبێت هەموو جوڵەیەکی سياسی و سەربازييان لێ قەدەغە بکرێت، هەر وەها وردە وردە ڕەگەزنامەی سوريان بدرێتی، هاوکات ئامادەیی سوريا بۆ وەرگرتنی بەشێک لە فەڵەستينەکانی کەناری خۆرئاوا و غەززە.

١١. ڕێگرتن لە هەژموونی ئێران و ناردنی چەک بۆ حيزبوڵا.

ڕون دێرمه‌ر له‌گه‌ڵ نه‌ته‌نیاهۆ

١٢. سوريا دەبێت ئەوە قبوڵبکات کە پرسی جۆلان کۆتایی هاتووە.

١٣. بە گشتی سوريا لە هەموو هەنگاوێکی سياسی و سەربازی و ئەمنی و ئيداری، دەبێت بەرژەوەندی و ئاسايشی ئيسرائيل لەبەرچاو بگرێت.

١٤. ئۆفيسیکی هاوبەش لە نێوان ئيسرائيل و سوريا لە ديمەسق و قودس درووست دەکرێت بۆ چاودێری و بەڕێوبردن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان، لەوەدا ئيسرائيل مافی چاودێری و دەستتێوەردانی هەیە، بە تايبەت لە باشووری سوريا، ئيسرائيل بڕياری کۆتایی دەدات.
کتێبەکە لە مانگی ٣ی ئەم ساڵ نووسراوە، بەڵگەنامەکان ڕاست بن یا نا، ئەوەی کە ڕوودەدات لە سوريا، لەگەڵ زۆربەی زانيارييەکانی ئەو کتێبە دەگونجێت، کە جارێ چەند لاپەرەیەکی لێ بڵاوکراوەتەوە. بە پێی ئەو بەڵگەنامانە، ئەوەی ئيسرائيل دەيکات لە سوريا و داوای دەکات، پێش وەخت جۆلانی لە پێناو گەيشتن بە دەسەڵات، ڕەزامەندی لەسەر داوە و ئيمزای کردووە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ