تانزانیا لە دوای هەڵبژاردنەکانی [٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥]، یەکێک لە گێژاوترین ساتەکانی سیاسیی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا بەخۆوە دەبینێت، دوای ئەوەی سندوقەکانی دەنگدان بوونە پڕشنگێک بۆ تەقینەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان دژ بە سەرۆک سامیا سوڵوح حەسەن، کە چەند ساڵێک پێش ئێستا مایەی شانازی بزووتنەوە فێمینیستییە جیهانییەکان بوو، بەڵام ئەمڕۆ لە چاوی زۆر کەسدا بووەتە هێمایەک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی تاکڕەو لە وڵاتێکدا، کە یەکێک بوو لە سەقامگیرترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا.
لە سەرەتای وەرزی هەڵبژاردنەکانەوە، دەسەڵات دەستی کرد بە داڕشتنی گۆڕەپانی سیاسی بەپێی خواستەکانی خۆی، لە ڕێگەی دوورخستنەوەی دیارترین ڕکابەرە ڕاستەقینەکان. [تۆندۆ لیسۆ]، سەرکردەی مێژوویی ئۆپۆزسیۆن، لە [٩ی نیسان] بە تۆمەتی [خیانەتی نیشتمانی] دەستگیر کرا، دوای ئەوەی داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی کرد لە ژێر دروشمی [نە چاکسازی، نە دەنگدان]، هەروەها لوهاگا مبینا، سەرۆکی پارتی [ACT-Wazalendo]، بە بیانووی هەڵەی کارگێڕیی، لە بەربژێرکردن سڕایەوە. پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی چادێما [CHADEMA] بە شێوەیەکی کردەیی هەڵوەشایەوە دوای ئەوەی ڕێگەی لێ گیرا بە ئیمزاکردنی میساقی ڕەفتاری هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی گۆڕەپانەکە نزیکەی بەتاڵ بێتەوە بۆ پارتی دەسەڵاتدار چاما چا مابیندۆزی [CCM]، کە لە کاتی سەربەخۆییەوە حوکمی وڵات دەکات.
بەیانی ئەمڕۆ (پێنجشهممه)، دارولسەلامی پایتەختی بازرگانی گۆڕا بۆ گۆڕەپانی پێکدادان لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەرانی تووڕەدا. لە گەڕەکەکانی کیما ڕا و ئۆبۆنگۆ و تاندالی، دروشمەکانی داواکاری ڕۆیشتنی سەرۆک بەرز بوونەوە، ستوونی دووکەڵ لە پاس و وێستگەکانی سووتەمەنی، کە سووتێنرابوون، بەرز بوونەوە، لە کاتێکدا پۆلیس گولـەی لاستیکی و گازی فرمێسکڕێژی تەقاند بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران. خۆپیشاندانەکان بە خێرایی بڵاو بوونەوە بۆ شارەکانی دیکە، وەک ئاروشا و موانزا، بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران پاش چەند کاتژمێرێک قەدەغەی هاتووچۆی گشتگیر ڕابگەیەنن، کە هاوکات بوو لەگەڵ پچڕانی بەرفراوانی ئینتەرنێت، لە دیمەنێکدا، کە شێوازەکانی ڕژێمە کودەتاکان زیاتر لە هەڵبژاردنە دیموکراتییەکان بیرهێنایەوە.
لووتکەی تووڕەیی گەیشتە ئەوەی خۆپیشاندەران هەڵیانکووتایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دارولسەلام و ڕێگاکانی گەیشتن بە فڕۆکەخانەکەیان داخست، بۆ ڕێگریکردن لە ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران و بەرپرسانی حکوومەت لە جێهێشتنی وڵات، لە هەنگاوێکی سیمبولی، وەک ڕەنگدانەوەی هەستی شەقام کە چینی دەسەڵاتدار هەوڵدەدات لە لێپرسینەوە ڕابکات.
ئەم تەقینەوە جەماوەرییە خۆڕسک نەبوو؛ چینی گەنجان، کە بە نەوەی زێد [Generation Z] ناسراون، سەرکردایەتییان دەکرد، کە جووڵەکانیان لە ڕێگەی تیکتۆک و فەیسبووک و سۆشیاڵمیدیاوە هەماهەنگ دەکرد، دروشمی، وەک [زۆرێک لە بێدەنگی مانەوە.. ئێستا شەقامەکانمان دەوێت]یان دەوتەوە. ئەم گەنجانە، کە تەنها حوکمی یەک حیزبییان ناسیوە، خۆیان لەبەردەم سیستەمێکدا بینییەوە، کە زمانی نوێخوازی و ڕووخساری ژنێکی پێشکەوتنخوازی بەکار دەهێنا، بەڵام دڕندەترین شێوازەکانی سەرکوتکردنی سیاسیی و ڕاگەیاندنی پەیڕەو دەکرد.
▪️لە ئایکۆنێکی فێمینیستییەوە بۆ حاکمێک، کە وڵات گڕ تێبەر دەدات
زیاتر لە جارێک دووپاتم کردووەتەوە، دەسەڵات ڕەگەز و جۆری نییە، بەڵکو بوونەوەرێکە بە سروشتی خۆی تینوویە، وێنەی ئەو کەسە دەگرێت، کە لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت. هەوڵدان بۆ ناساندنی سەرۆک سامیا بۆ ئێمە – هەر کەسێک بێت، کە دەسەڵات بەدەست بێت – کە گوایە ئەو دڵسۆزتر و دادپەروەرتر و ناسکتر دەبێت تەنها لەبەر ئەوەی ژنە، تەنها خەیاڵێکی جوان بوو، کە بێئاگا بوو لە مێژوو.
کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان لەو کاتەدا ئاهەنگیان بۆ گێڕا، تەنانەت هیلاری کلینتۆن خۆیشی، کە وەک نموونەیەک بۆ ژنێکی توانادار لە سەرکردایەتی ناساندی، بەڵگەیەک بوو لەسەر ئەوەی ژنان دەتوانن هەموو ئەو کارانە بکەن، کە پیاوان دەیکەن، بەڵکو لەوانەیە بە شێوەیەکی بەرزتر و مرۆڤدۆستانەتر. هەندێک لە فێمینیستەکان لەو کاتەدا حەماسەتیان گەیشتە ڕادەیەک، کە گوتیان پیاوان هۆکاری نەهامەتییەکانی جیهانن، جەنگە درێژخایەنەکان – لە جەنگی سی ساڵەوە تا جەنگی سەد ساڵ، و گەیشتن بە دوو جەنگی جیهانی – ڕووی نەدەدا ئەگەر بڕیار لە دەستی ژناندا بووایە.

بەڵام من لێرەدا بۆ گاڵتەجاڕی یان کەمکردنەوەی ژنێک، کە گەیشتووەتە حوکم نانووسم، بەڵکو لەبەر ئەوەی دڵم دەوێت ئەو سادەییە ئاشکرا بکەم، کە زۆر کەسی گرتەوە، کاتێک تەنها لەبەر ئەوەی ژن بوو بەرزکردیانەوە، سیفەتی [دایەتی سیاسیی] و سۆزی نیشتمانیان پێ بەخشی، وەک ئەوەی دڵسۆزی بە ناچاری لەگەڵ مێیینەدا لەدایکبێت.
مێژوو بەردەوام بیرمان دەهێنێتەوە، کە دەسەڵات نە نێرە و نە مێیە؛ بەڵکو ماددەیەکی بێهۆشکەرە، کە خاوەنەکەی هەستی ڕەگەزەکەی لەدەست دەدات، ئەوینداری دانیشتن لەسەر تەختەکە سەرمەستی دەکات.
لە پێناو حوکمڕانیدا، خەیزەران کوڕەکەی خۆی هادی کوشت بۆ ئەوەی تەختی پاشایەتی بۆ کوڕەکەی هارون ڕەشید بێت، شاجیری درەخت هیچ دوودڵییەکی نەبوو لە کوشتنی هاوسەرەکەی پاشا ساڵح نەجمەدین ئەیوب بۆ ئەوەی دەسەڵات قۆرخ بکات، هەروەها جەنگی داحس و غەبرا، کە چل ساڵی خایاند، یەکەم پڕشنگەکەی وشەیەکی ژنێک بوو.
ئەمە کۆنترین وانەیە لە تۆمارەکانی مێژووی سیاسیدا، کە دەسەڵات قبوڵی دابەشبوون ناکات. بەڵگەکان بێشومارن.
ژۆلیۆس قەیسەری ئیمپراتۆری ڕۆمانی لەلایەن ژنەکەی لیڤیاوە کوژرا، لەبەر تەمای ئەوەی حوکمڕانی بۆ کوڕەکەی تیبریۆس بێت، بەڵام تیبریۆس خۆیشی، سەلامەت نەبوو، خنکێندرا کاتێک لە خەودا بوو لەلایەن نەوەزایەکی هەڵگیراوەوە، کالیگۆلا. کالیگۆلاش هێشتا بەشەکانی ستەمکارییەکەی تەواو نەکردبوو تا پاسەوانەکانی لێی هەڵگەڕانەوە و کوشتیان، بۆ ئەوەی بیعەت بە فەیلەسوف کلۆدیۆس بدەن، کە چارەنووسی ئەویش باشتر نەبوو، چونکە ژنەکەی ژەهرێکی خستە خواردنەکەیەوە بۆ ئەوەی کوڕەکەی نێرۆن بگەیەنێتە تەخت، هەر ئەو نێرۆنەش بوو، کە ڕۆمای سووتاند.
لە تۆمارەکانی مێژووی ئیسلامیدا، مێژوونووسان بۆمان دەگێڕنەوە، کە سولەیمان قانونی، یەکێک لە گەورەترین سوڵتانەکانی عوسمانی، دوودڵ نەبووە لە سێدارەدانی کوڕەکەی مستەفا – کە مێژوونووسان کۆک بوون لەسەر ئەوەی ئەو شایستەترین بوو بۆ خەلافەت – پاشان برایەکەی بەییازید و پێنج کوڕەکەی، بۆ دوورخستنەوەی تارمایی دابەشبوون لەسەر تەختی سوڵتانییەت، نموونەکان بێشومارن لە خەلافەتی ئەمەوی و عەبباسی، تەنانەت فاتیمیش، زۆربەی خەلیفەکان بە کوشتن مردوون، ئەوانەی بە مردنی سروشتی مردوون زۆر کەمن.
ئەوەی دۆخیت دەبێ ژن و پیاو وەک یەک کاتێک دەسەڵات بەدەست دەگرن، هەمان مەیلی کۆنترۆڵکردنیان تێدا دەبێت، تووندوتیژی و سەرخۆشبوونی هێز بە هەمان بڕ فریویان دەدات.

لەگەڵ ئەوەشدا، بە دادپەروەرییەوە دەڵێم: من لەو کەسانە بووم، کە هیوای سەرکەوتنیان بۆ سەرۆک سامیا حەسەن دەخواست، پاڵپشتیان دەکرد، ئەگەرچی ئەویش – وەک زۆرێک پێش ئەو – بڕیاریدا ئاگر لە وڵاتەکەی خۆی بەربدات بۆ ئەوەی ترسی خۆی لە کەوتن لەسەر تەختەکە بکوژێنێتەوە. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی سیاسییەوە، ناتوانرێت ڕەگ و ڕیشەی تووندوتیژی بگەڕێندرێتەوە بۆ جێنەکانی پیاوان بێ ژنان، چونکە پاڵنەری زاڵبوون بایۆلۆجی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پێکهاتەی دەسەڵات خۆی؛ لۆژیکی ئەبەدییەکەی یەکە، جا بە دەنگی پیاوێک قسە بکات یان بە چرپەی ژنێک.
• ئیدریس ئایات - توێژەر لە زانکۆی کوەیت.