وهرگێڕ و توێژهر
مامۆستای زانكۆی سلێمانى
ماستهر له مێژووی نوێ و هاوچهرخی ئێران
لە دۆخی ئاساییدا نزیکەی ٢٠٪ی نەوت لە گەرووی هورمزەوە گوزەر دەکات. لە هەمان کاتدا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا تێپەڕینی کەشتیە نەوتییەکان لەم گەرووەوە زۆر کەمی کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات، کە هەر کەستییەکێک بیەوێت لەم گەرووەوە تێپەڕێت، ئەوا بە ئامانج دەگیرێت. ئەم هەرەشانەی ئێران بوونەتەمایەی گۆڕانکاری لە نرخی نەوت و هەڵکسانی نیگەرانییەکان لە هەمبەر ئەنجامە ئابوورییەکان لەسەر ئاستی جیهان.
وادەردەکەوێت بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ لە بەرانبەر ئەو پشێوییەی بازاڕی جیهانیدا دووچاری سەرسوڕمان بووبن، ئەوان لە کۆبوونەوە نهێنییەکانیاندا ئەوەیان ڕاگەیاندووە، کە پێشبینی گریمانەی هەوڵەکانی ئێرانیان بۆ داخستنی گەرووی هورمز نەکردبوو.
هەرچەندە ئەگەر بەپێی بانگەشەکانی ترەمپ ژمارەیەکی زۆر لە هێزی دەریایی سوپای ئێران نقوم بووبێت، بەڵام هێشتا مەترسییەکانی هێزی دەریایی سوپای ئەو وڵاتە وەک خۆی ماوەتەوە.
هێزی دەریایی ئێران ساڵانێکه پلان و بەرنامەڕێژی کردووە بۆئەوەی بە کەڵکوەرگرتن لە مینی دەریایی، موشەک، درۆن و ژێردەریاییە بچوکەکان و بەلەمە تیژڕەوە پڕچەککراوەکان، هەڕەشە لە تێپەڕین و گوزەرکردن بە نێو گەرووی هورمزدا بکات.
پێویستە ئاماژەش بەوەبکرێت سوپای پاسدارانی ئێران چەندین دەیەیە توانای سەربازی خۆی لە بەئامانجگرتن و ڕێگریکردن لە تێپەڕین بەنێو ئەم گەرووەدا بەرەوپێشەوەبردووە.
پێش دەستپێکی جەنگی ڕەمەزان (جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران) هەندێک لە سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو کە ئێران خاوەنی نزیکەی 5000 مینی دەریاییە کە لە جۆری سادە، ئاڵۆز و کارۆموگناتیسییە. نابێت ئەوەش فەرامۆش بکرێت لە ڕوانگەی مێژووییەوە تەنانەت ژمارەیەکی کەم مین، کاریگەریی گەورە بەدوای خۆیان دەهێنن.
بۆ نمونە لە ساڵی 1972 ئەمریکا تەنها بە بەکارهێنان و جێگیرکردنی 36 مین توانی ڕێگری بکات لە تێپەڕینی تەواوی جووڵەی کەشتیوانی بەندەری هایفۆنگ لە ڤێتنامی باکوور. هەروەها لە ساڵی 1991 عێراق بە بەکاربردنی 1000 مین لە کەناراوەکانی کوێت توانی ڕێگری بکات لە هێرشی ئاوی-خاکی ئەمریکا.
ئەم نموونانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە تەنانەت مینڕێژکردنێکی سنووردار لە لایەن ئێرانەوە دەتوانێت ڕێگریی بکات لە کەشتییە نەوتییەکان بە نێو گەرووی هورمز.
*بژاردەکانی ئەمریکا
ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمریکا (گەورەترین توانای هەڵگرتنەوەی مینی دەریای لە جیهاندا) هەیە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هێزی دەریایی ئەمریکا هەرگیز پاکسازی مینی دەریای لە پێشینەی کار و پلانە جەنگییەکانی دانەناوە. لە کاتێکدا تەنها 4 کەشتی لە جۆری پاکسازی مین لە هێزی دەریایی ئەمریکا هەیە و ئەوانیش لە نزیک یابان جێگیرکراون.


لە ڕوانگەی مێژووییەوە ئۆپەراسیۆنی پاکسازیی و هەڵگرتنەوەی مین لە نێو دەریادا زۆر خاو بووە و کاتی زۆری پێویست بووە، بۆنموونە لە ساڵی 1991 ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پێویستیان بە 51 ڕۆژ هەبوو بۆئەوەی 907 مین لە کەناراوەکانی کوێت پاک بکەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە جەنگ کۆتایی هاتبوو و نەخشەی گۆڕەپانی جەنگەکە لەلایەن عێراقەوە خرابووە بەردەستیان.
هەربۆیە لە ژێر هێرش و پەلاماری هێزی دەریایی ئێران، ئەم پڕۆسەیە لە گەرووی هورمز دەبێتە مەحاڵ.

ئەگەر ئێران گەرووی هورمز مینڕێژ بکات و جەنگ بەرفراوانتر بێت، ئەوە ئەمریکا ڕوبەڕووی بڕیاری دژوار دەبێتەوە: ئەویش ئەوەیە ئایا پێویستە کەشتییە گرانبەها و فڕۆکەکانی بۆ پاکسازیی مینەکان ڕەوانەی کەناراوەکانی ئێران بکات؟ هەرچەندە ئەمریکا و ئیسرائیل توانا سەربازییەکانی ئێرانیان لاواز کردووە، بەڵام هێشتا ئێران دەتوانێت بە (موشەکی کروز)ی دژەکەشتی، درۆن و بەلەمەکانی هێرش بکاتەسەر ئەو هێزانەی ئەمریکا کە ئەرکی پاکسازی و هەڵگرتنەوەی مینانە دەدەن.
لەڕاستیدا پەلکێشکردنی ئەم هێزانەی ئەمریکلدا بۆ نێو سنوور و بازنەی گۆڕەپانەکە، یەکێکه له ئامانجە سەرەکی و ستراتیجییەکانی ئێران.
سەرباری ئەوەی ئەگەر ئێران بتوانێت گەرووی هورمز بەشێوەیەکی کاریگەر مینڕێژ بکات، ئەوا بژاردەکانی ئەمریکا لەم پرسەدا ڕوبەڕووی کێشە دەکاتەوە. بەم پێیە دەبێت لە قۆناغی یەکەمدا ئەمریکا جەخت بکاتەوە لەسەر ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی پڕۆسەی مینڕێژکردنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە و دواتر دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لە جەنگێکی چەندین بەرە و بەرفراوان.
گەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە نەنێت واشینگتۆن دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات کە ڕێگریکردن لە تێپەڕینی کەشتی لە گەرووی هورمز لەلایەن سوپای پاسدارانەوە یەکێکه لەو وەڵامانەی کە ئێران لەم جەنگەدا بەکاریدەهێنێت.