نهێنى سیاسه‌تى خۆپارێزیی چین

چـیـن.. كاره‌كته‌ره‌ خامۆشه‌كه‌ی جه‌نگى ڕه‌مه‌زان

سـه‌ربـاز حـه‌مـه‌ كـه‌ریــم 2026.03.27 06:23 PM
1281 جار خوێندراوەتەوە

سـه‌ربـاز حـه‌مـه‌ كـه‌ریــم

وه‌رگێڕ و توێژه‌ر

مامۆستای زانكۆی سلێمانى
ماسته‌ر له‌ مێژووی نوێ و هاوچه‌رخی ئێران

چین هەوڵیداوە هاوسەنگیی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی کەنداو بپارێزێت و هاوکات پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ واشینگتۆن پەرەپێبدات، هەربۆیە دیپلۆماتکارەکانی پەکین لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران (جەنگی ڕەمەزان) بە خۆپارێزی و وریاییەوە هەنگاویان ناوە. 
هەرچەندە پەکین ڕایگەیاندووە کە ڕۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە، بەڵام هەوڵەکانی سنووردار بووە و بەشێوەیەک خۆی لە بەرپرسیارێتی لە هەمبەر ئێران لەم کاتەی جەنگدا لاداوە.
لە ماوەی سێ هەفتە لە جەنگەکە چین تەنها یەک پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئێراندا ئەنجامداوە لە کاتێکدا ئێران بە ( هاوبەشی ستراتیجی) چین ئەژمار دەکرێت. لەکاتێکدا بە دەستپێکردنی جەنگی ڕەمەزان یەکەمین وڵاتێک کە (وانگ یی) وەزیری دەرەوەی چین پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵدا ئەنجامدا وڵاتی ڕوسیا بوو. سەرباری ئەوەی (ژای جون) نوێنەری تایبەتی وڵاتی چین بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی کەنداوی کرد و لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی سعودیە، ئیمارات، کوێت و میسر کۆبوویەوە و دواتریش لە ١٨ی مارس پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر ئەنجامدا و ئاماژەی بەوەکرد پێویستە سەربەخۆیی و سەروەریی وڵاتانی کەنداو پارێزراو بێت.

چین له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری چاره‌نووسى ئێران ده‌كات

بەشێوەیەکی گشتی چین هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وەک هەنگاوێک بەشێوەی دەستوەرنەدان و بە پێگەیەکی خاوەن ئاکاری باڵا ناودەبات. وێڕای ئەوەی(لین جیان)ی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە ١٩ی مارسدا ڕایگەیاند: چین زلهێزێکی بەرپرسیار و دۆستێکی ڕاستگۆیە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها ڕایگەیاند کارکردن بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی چین لە بەرانبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمە لە کاتێکدایە ئێران لەوپەڕی دۆخی سەختی سیاسیی، سەربازیی و ئابووریدایە و چین (هاوبەشە خامۆشەکە)ی پشتی تێکردووە و زیاتر بە ئاڕاستەی وڵاتانی کەنداو پەلیکێشاوە، ئەمەش واتە (پەکین دەستبەرداری تاران بووە).
سەرەڕای ئەوەی چین لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ بریتانیا و فەڕەنسادا خۆیان پاراستووە لەوەی بە ڕاشکاوی ئیدانە و سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بکەن بۆ سەر ئێران.

چین له‌م جه‌نگه‌دا ئێرانی به‌ ته‌نها جێهێشتووه‌

پێویستە ئاماژە بەوەبکرێت کە لە سەرەتای جەنگی ڕەمەزانەوە مامەڵەی چین لەگەڵ وڵاتی ئیمارات بە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە جیاواز بووە. ئەمە لە کاتێکدایە ئیمارات (خەلدون خەلیفە موبارەک)ی نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی لە کاروباری چین، ڕەوانەی پەکین کرد و ئەمەش تاکە بەرپرسی ناوچەکەیە لە ٢٨ی شوباتەوە تا ئەم بەروارە، سەردانی چینی کردبێت. لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دەرەوەی چین بە خەلدون خەلیفەی ڕاگەیاند، کە بایەخی ستراتیجی پەیوەندی هەردوو وڵات لەم دۆخەی ئێستادا زیاتر لە جاران بەرجەستە بووە. ئەمە لە کاتێکدایە ئێران وڵاتی ئیماڕات تاوانبار دەکات بەوەی لە ڕێگەی وڵاتەکەیەوە هێرشی موشەکی لە دژی ئێران ئەنجام دەدرێت و ئێرانیش سەرباری هەڕەشەکانی، بە موشەک هێرش دەکاتە سەر ئیمارات. هەربۆیە ئەم نزیکبوونەوەیەی چین لە وڵاتانی کەنداو و پەراوێزخستنی ئێران، لە چاوی ئێرانەوە شاراوە و پەنهان نییە و حیسابی بۆ دەکرێت.

دواجار نابێت ئەوەش فەرامۆش بکرێت بەشێکی هەڵگیرساندنی ئەم جەنگە لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمریکا بۆ دەستگرتن بە سەر سەرچاوەکانی وزەی ئێران و ڕێگرتن لە فراوانخوازیە بازرگانیەکانی چین و لێدان لە بەرژەوەندیەکانی رووسیا، شانبەشانی ئیسرائیل چووە جەنگەکەوە. هەروەها ئەوەی ئێستا ئەمریکا و ئەوروپا (بریتانیا بە تایبەت) کۆ دەکاتەوە، لاوازکردنی ئیمپراتۆریەتە ئابوورییەکەی ئیماراتە!
چونکە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، نزیکەی ٣٥ هەزار لە ملیۆننێرەکانی جیهان کۆچیان بۆ ئیمارات کردووە بۆ ژیانکردن و سەرمایەگوزاری.

تره‌مپ هه‌وڵی سنورداركردنی فراوانخوازییه‌ ئابورییه‌كه‌ی چین ده‌دات

ژمارەکان بەشێوەیەک بەرزبوونەوە لە ساڵی رابردوودا کە کاریگەری گەورەی ئابووری لەسەر بریتانیا و ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپی دروستکردووە. تەنها ساڵی رابردوو نزیکەی ١٠ هەزار ملیۆننێر کۆچیان کردووە بۆ ئیمارات. لەو ژمارەیە ڕێژەی ٧٠٪ لە بریتانیا و ئەمریکاوە ڕۆشتوون. هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە چانسی وەبەرهێنان لە ئیمارات زۆربوو و باج و سەرانەی زۆر کەمە.
هەربۆیە ئەمریکا بەهۆی ئەم جەنگەوە ئەوەی نیشانی سەرمایەداراندا، کە سەرمایەکانیان تەنها لە ئەمریکا و بریتانیا پارێزراو دەبێت. کەمتریان دەست دەکەوێت، بەڵام پارێزراو دەبن. هەربۆیە ئیمارات و وڵاتانی کەنداو چیدی ئەو پەناگە ئارامە نین بۆ سەرمایەداران و بەیاساییکردنی پارە.
لە کۆتاییشدا پێویستە ئەوە بوترێت پاش کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە (ئەگەر ئەنجامەکەی بە هەر شێوەیەک بێت بۆ ئێران) وڵاتانی ئەوروپا و کەنداو زیاتر لە ئێران دووچاری زیان دەبنەوە لەلایەن ئەمریکاوە، ڕوسیا و چینیش لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. لە کاتێکدا ئێران تاکە وڵاتێکە سامناکی هێز و توانای سەربازیی و جەنگیی ئەمریکای خستەژێر پرسیارەوە و ئیدی ئێران لە زلهێزێکی ناوچەییەوە دەبێتە زلهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ