ناوه‌ڕۆك ـ مه‌به‌ستی شیعریی و ڕووخسار ـ زمان و وێنه‌ی شیعریی

لێكدانه‌وه‌ی پێنجخشته‌كییه‌كی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌كی ئه‌حمه‌د موختار جاف

رێبەر بەختیار 2021.01.31 12:54 PM
4340 جار خوێندراوەتەوە

رێبەر بەختیار

بەکالۆریس لە زمان و ئەدەبی کورديی

نوسەری كتێبى "نەوشیروان مستەفا، سیاسەت و ئەدەب"

(پێنجخشته‌كیى له‌سه‌ر هه‌ڵبه‌ستێكى ئه‌حمه‌د موختار جاف)
مه‌به‌ستی شیعریی، له‌ هۆنراوه‌ (به‌ تانووت و قه‌سه‌ی بێجێ)دا، كه‌ هۆنراوه‌یه‌كی كلاسیكی پێنج خشته‌كییه‌، مه‌به‌ستێكی پڕ له‌ عیشق و دڵناسكیی و سۆزدارانه‌یه‌. شاعیر، ده‌ڵێت: ئه‌ی یاره‌كه‌م، من خاوه‌نی ئه‌و دڵه‌ ناسك و گوڵئاسایه‌م، نه‌كه‌یت بیر له‌ شكانی ئه‌و دڵه‌ بكه‌یته‌وه‌، چونكه‌ به‌رگه‌ی دڵشكان ناگرم و وێران ده‌بم و تا ئاستی له‌ ناوچوون و ماڵوێرانیی و فه‌وتان ده‌چم.
به‌ تانووت و قسه‌ى بێجێ، ڕوى ئه‌م دڵداره‌ مه‌شكێنه‌
كه‌مێ په‌یمان و شه‌رتت بێ، قسه‌ى ئه‌وجاره‌ مه‌شكێنه‌
مروه‌ت بێ بۆ دڵبه‌ران، ڕێچكه‌ى ئه‌م كاره‌ مه‌شكێنه‌
"به‌ به‌ردى فیرقه‌تت شیشه‌ى دڵى ئاواره‌ مه‌شكێنه‌
له‌ناو زومره‌ى ڕه‌قیبا عاشقى بێچاره‌ مه‌شكێنه‌"
به‌ ناهه‌ق ڕوو وه‌رمه‌گێڕه‌، كه‌ بۆت وه‌ستا له‌ڕێ عاشق
كه‌مێ ویژدانت بێ، به‌شكو ڕه‌قیبى شه‌قبه‌رێ عاشق
هه‌مووى بۆ به‌ختیاریی یاره‌، كه‌ هه‌چێ شكبه‌رێ عاشق
" ئه‌گه‌ر ڕۆح و دڵ و ئیمان ته‌ڵه‌بكا، بیده‌رێ عاشق
كه‌ گیفل و خوردساڵه‌، قه‌ت دڵى ئه‌و یاره‌ مه‌شكێنه‌"

شارى پڕ شۆرى دڵدارى، دواقۆناغ و مه‌نزڵمه‌
په‌پوله‌یێكم شه‌یداى گوڵ، به‌ته‌نیا لێوى ئه‌و گوڵمه‌
نه‌كه‌ى بشنێیته‌وه‌، زینهار، چونكى تاوانه‌، هه‌م زوڵمه‌
"ده‌خیلم، ئه‌ى نه‌سیمى صوبحه‌گاهى مه‌سكه‌نى دڵمه‌
په‌رێشانى مه‌كه‌ تۆ زوڵفى ئه‌و یاره‌ مه‌شكێنه‌"
ئه‌گه‌ر چى یار دڵشكێنه‌، گه‌ره‌كیه‌ سازبدا شینت
ڕووشكێن و بێبه‌ڵێنه‌، لێت بێزاره‌ له‌ بینینت
هه‌میشه‌ شیرى كێشاوه‌ بۆ بڕینى گوڵى ژینت
" به‌ قه‌تل و كوشتنت موختاره‌ عاشق، شۆخى شیرینت
له‌سه‌ر ڕۆح و دڵت فه‌رمانى ئه‌و سالاره‌ مه‌شكێنه‌"
كه‌ تۆى شاى خاكى نازداریت، به‌ دادیت زۆر له‌ فه‌رمانا
په‌سه‌ندیده‌ و هه‌ڵبژارده‌ى، له‌ناو ده‌سته‌ى جه‌وانانا
به‌بێ تاوان هه‌تاكو كه‌ى بناڵێنم، له‌ناو زیندانى هیجرانا
" كه‌ من په‌روانه‌ى شه‌معى سه‌رى دوو كوڵمى تۆم جانا
دڵى ئه‌حمه‌د به‌ فیتنه‌ى ئه‌و سه‌گى په‌تیاره‌ مه‌شكێنه‌"
ن.م

 (پێنجخشته‌كیى له‌سه‌ر هه‌ڵبه‌ستێكى ئه‌حمه‌د موختار به‌گى جاف)

به‌ تانوت و قسه‌ى بێجێ، ڕوى ئه‌م دڵداره‌ مه‌شكێنه‌
كه‌مێ په‌یمان و شه‌رتت بێ، قسه‌ى ئه‌و جاره‌ مه‌شكێنه‌
مروه‌تبێ بۆ دڵبه‌ران، ڕێچكه‌ى ئه‌م كاره‌ مه‌شكێنه‌
(( به‌ به‌ردى فیرقه‌تت شیشه‌ى دڵى ئاواره‌ مه‌شكێنه‌
له‌ناو زومره‌ى ڕه‌قیبا عاشقى بێچاره‌ مه‌شكێنه‌))
به‌ تانه‌ و ته‌شه‌ر و قسه‌ى ناڕه‌وا و بێجێ، كه‌ شایه‌نى ئه‌و قسه‌ سارد و سڕانه‌ نیم، تكا ده‌كه‌م وه‌ك تیر و گولله‌ مه‌یده‌ له‌ ڕووم. ئاخر من ئێستا هێنده‌ زه‌برى خه‌م و ئازارم به‌ركه‌وتووه‌ ناسك بوومه‌ته‌وه‌ و به‌رگه‌ى ئه‌و قسانه‌ت ناگرم، ده‌شكێم. ئێسته‌ هاتووم و ڕازى دڵمت پێبڵێم، تۆش قه‌ول و قه‌رار و واده‌ و به‌ڵێنێكم پێبده‌ لایه‌نى كه‌م به‌ڵێیه‌ك بكه‌، ئه‌مجاره‌ دڵم مه‌شكێنه‌ با تاوێك بحه‌وێمه‌وه‌، داوات لێده‌كه‌م لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ تۆش وه‌ك مه‌عشوقه‌كانى تر، كه‌ دڵى دڵخوازه‌كانیان ناشكێنن و ده‌بنه‌ یار و هاوده‌میان، تۆش له‌ ئه‌وانه‌وه‌  فێرببه‌ و له‌و ڕێگه‌یه‌ لامه‌ده‌، كه‌ ئه‌وان پێیدا ڕۆشتوون و ده‌ڕۆن، هه‌ندێك وه‌فاداربه‌ و ئاوڕێك له‌م دڵه‌ى من بده‌ره‌وه‌.
به‌ ناهه‌ق ڕوت وه‌رمه‌گێڕه‌، كه‌ بۆت وه‌ستا له‌ڕێ عاشق
كه‌مێ ویژدانت بێ، به‌شكو ڕه‌قیبى شه‌قبه‌رێ عاشق
هه‌مویی بۆ به‌ختیاریی یاره‌، كه‌ هه‌رچێ شكبه‌رێ عاشق
((ئه‌گه‌ر ڕۆح و دڵ و ئیمانت ته‌ڵه‌بكا، بیده‌رێ عاشق
كه‌ گیفل و خورد ساڵه‌، قه‌د دڵى ئه‌و یاره‌ مه‌شكێنه‌))
كه‌ ده‌بینى عاشق و كوشته‌ت له‌سه‌ر ڕێگه‌تا وه‌ستاوه‌ و ماتڵى بینین و دیدارى تۆیه‌، ده‌ تۆش به‌ ناڕه‌وا ڕووى خۆتى لێوه‌رمه‌گێڕه‌، كاتێك ده‌یبینى هه‌ر نا كه‌مێك به‌زه‌یی و سۆزت هه‌بێت، ڕوحمێكت له‌ دڵبێت. له‌به‌ر قسه‌ى نابه‌جێ، ئه‌و كه‌سانه‌ى تانه‌ و توانجم تێده‌گرن، كه‌ من وه‌ها عاشقى تۆم و تۆش گوێم پێناده‌یت، تۆ ڕوویه‌كى گه‌ش و شیرینت بده‌ به‌ من با ئه‌وان ئیدى كۆڵبده‌ن و ببینن كه‌ تۆ ڕووت خۆشه‌ له‌گه‌ڵم و شه‌قبه‌رن له‌ داخدا، چونكه‌ ئه‌وه‌ى هه‌مه‌ و نیمه‌ ده‌یكه‌م و هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌م، منى عاشق و شه‌یدات هه‌رچیم كردبێت ته‌نها بۆ شادومانیی و دڵخۆشیى تۆ بووه‌ كه‌ كردوومه‌.

ئه‌حمه‌د موختار جاف


شارى پڕ شۆرى دڵدارى، دوا قۆناغ و مه‌نزڵمه‌
په‌پوله‌یێكم شه‌یداى گوڵ، به‌ ته‌نیا لێوى ئه‌و گوڵمه‌
نه‌كه‌ى بشنێیته‌وه‌، زینهار، چونكه‌ تاوانه‌، هه‌م زوڵمه‌
(( ده‌خیلم، ئه‌ى نه‌سیمى صوبحه‌گاهى مه‌سكه‌نى دڵمه‌
په‌رێشانى مه‌كه‌، تۆ زوڵفى ئه‌و یاره‌ مه‌شكێنه‌))
ئێستا كه‌ من وه‌ك په‌پوله‌یه‌كم بۆى، په‌پوله‌یه‌ك كه‌ شه‌یداى گوڵه‌ و له‌سه‌ر هه‌ڵاڵه‌ و گوڵه‌كان ده‌نیشێته‌وه‌، ئێستا گوڵى من ته‌نها لێوه‌كانى ئه‌وه‌ كه‌ نیازێكم هه‌بێت و له‌سه‌رى بنیشمه‌وه‌، دواین و تاكه‌ ڕێگا و نیشتیمان و زێدى منیش ئه‌م ئه‌وینه‌ جوان و له‌به‌ردڵانه‌مه‌، كه‌ هه‌مه‌ بۆی و ملى ئه‌و ڕێگایه‌م گرتووه‌ بۆى، كه‌واته‌ ئاممان سه‌د ئاممان، نه‌كه‌ى وه‌ك گوڵ بشنێته‌وه‌ و ئه‌ملاوئه‌ولام پێبكه‌یت، ڕووى خۆت وه‌رگێڕى لێم. ئاگادارى خۆتبه‌ تكایه‌ بوه‌سته‌ و ڕووم لێ وه‌رمه‌گێڕه‌، كاتێك كه‌ من به‌ ته‌مام له‌سه‌ر لێوى گوڵئاساى تۆ ئۆقره‌ بگرم، له‌ خۆتم دورمه‌خه‌ره‌وه‌، چونكه‌ گوناهت ده‌گات و تاوانێكى گه‌وره‌یه‌ ده‌رهه‌ق به‌ من.

ئه‌گه‌رچى یار دڵشكێنه‌، گه‌ره‌كیه‌ سازبدا شینت
ڕوشكێن و بێبه‌ڵێنه‌، لێت بێزاره‌ له‌ بینینت
هه‌میشه‌ شیرى كێشاوه‌ بۆ بڕینى گوڵى ژینت
(( به‌ قه‌تڵ و كوشتنت موختاره‌ عاشق، شۆخى شیرینت
له‌سه‌ر ڕۆح و دڵت فه‌رمانى ئه‌و سالاره‌ مه‌شكێنه‌))

ئه‌گه‌رچى ئه‌و شۆخه‌ى كه‌ تۆ هه‌ڵوه‌دا و شه‌یداییت كار و پیشه‌ى ئه‌و شكاندنى دڵى تۆیه‌ و گه‌ره‌كیه‌ شین و واوه‌یلا و ڕۆڕۆت بۆ سازبكات، ئه‌و زۆر به‌ ئاسانى ده‌زانێت، كه‌ لاسكى گوڵى گه‌شى ڕووت بشكێنێته‌وه‌ و سیس و ژاكاوى بكات و بێواده‌ و به‌ڵێنییه‌ و له‌سه‌ر قه‌ول و قه‌رارى خۆى نییه‌. به‌ ته‌بیعه‌تى حاڵ بێزاره‌، چاوى دڵى به‌ بینینى تۆ به‌رایی نایه‌ت و ئیشتیهاى بینینى تۆى نییه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌میشه‌ شمشێرى له‌ كێلان ده‌ركردوه‌ بۆ بڕین و كه‌رت و په‌رتكردنى گوڵى ژیانت. ئه‌ى عاشق به‌ گیانكێشان و كوشتنت سه‌رپشكه‌ ئه‌و شۆخه‌ جوان و له‌به‌ردڵ و شیرینه‌ت، ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت دڵ و ڕۆحت ده‌ربهێنێت با ده‌ریبهێنێت و فه‌رمانبه‌رداریى بكه‌ و تۆش به‌نده‌نه‌وازیى بكه‌، فه‌رمانى ئه‌و سه‌ردار و مه‌زنه‌ مه‌شكێنه‌، با كارى خۆى بكات.

كه‌ تۆى شاى خاكى نازداریت، دادیت زۆر له‌ فه‌رمانا
په‌سه‌ندیده‌ و هه‌ڵبژارده‌ى، له‌ناو ده‌سته‌ى جه‌وانانا
به‌ بێتاوان هه‌تاكو كه‌ى بناڵێنم، له‌ناو زیندانى هیجرانا
(( كه‌ من په‌روانه‌ى شه‌معى سه‌رى دوو كوڵمى تۆم جانا
دڵى ئه‌حمه‌د به‌ فیتنه‌ى ئه‌و سه‌گى په‌یتاره‌ مه‌شكێنه‌)) ن.م
ئه‌ى ئه‌و شۆخه‌ى كه‌ زۆر دادپه‌روه‌ریت له‌ كار و كردارى ڕۆژانه‌ و بێ زه‌ره‌ر و زیانیت، كه‌ وه‌ك پاشاى خۆم به‌رز و پیرۆزى لام، په‌سه‌ندى به‌ر دیده‌ى هه‌موان و هه‌ڵبژارده‌ى له‌ناو هه‌موو جوانه‌كانى دنیادا، بۆ جوانیی و به‌رز و بڵندى. ده‌ى بۆچى، كه‌ من هیچ تاوانێكم نییه‌ و به‌ مافى خۆمى ده‌زانم له‌لاى تۆ بم، كه‌چى له‌ناو خه‌م و په‌ژاره‌ى دوریتدا ده‌ست و پێم به‌نده‌ و به‌ستراوه‌، وه‌ك زیندانییه‌ك وام كه‌ چۆن شه‌یدابێت بۆ ئازادیى، منیش ئاوا بۆ تۆ په‌رێشانم.

زمانی شیعریی، له‌ هۆنراوه‌ پێنجخشته‌كییه‌كه‌دا 
پێنجخشته‌كیی له‌سه‌ر شیعرێكی (ئه‌حمه‌د موختار جاف)
به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی مێژووی ئه‌ده‌ب، پێنج خشته‌كیی، یان (ته‌خمیس)، هونه‌رێكیشیعری فارسییه‌، كه‌ شاعیرانی كورد كه‌ڵكیان له‌و هونه‌ره‌ وه‌رگرتووه‌ و شیعریان به‌و فۆڕمه‌ نووسیوه‌.
شێوازی نووسینی ئه‌م شیعره‌ به‌جۆرێكه‌، كه‌ شاعیر هه‌ڵده‌سێت به‌ هێنانی شیعری شاعیرێك كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ستی خۆیدا سازگار، له‌گه‌ڵ ڕۆحیدا ته‌با بێت، ئینجا ده‌یكات به‌ بناغه‌ بۆ شیعرێكی خۆی. بۆ هه‌ر به‌یتێك سێ نیوه‌دێڕی پێوه‌ زیاد ده‌كات. ئه‌گه‌ر شیعره‌كه‌ غه‌زه‌ل بێت ئه‌وا بۆ به‌یتی یه‌كه‌م به‌ هه‌مان سه‌روا ئه‌ینووسێت و بۆ به‌یته‌كانی تر له‌گه‌ڵ سه‌روا تاكه‌كانی نێو غه‌زه‌له‌كه‌ ده‌ڕوات. تا كۆتایی به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌گه‌ر مه‌سنه‌ویی، یان جووتسه‌روا بوو ئه‌وا بۆ هه‌ر به‌یتێك سێ نیوه‌دێڕ به‌ سه‌روای به‌یته‌كه‌ دا ده‌نێت.
بۆ پێنج خشته‌كیی مه‌رجه‌ له‌سه‌ر شاعیر هه‌مان كێش و قاڵبی شیعری خوازراو ڕه‌چاوبكات، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و قاڵبه‌دا مامه‌ڵه‌ بكات و شیعره‌كه‌ی پێكبهێنێت. هه‌روه‌ها پێویسته‌ ڕه‌چاوی په‌یامی نێو شیعره‌كه‌ بكات و زۆر ئاگایانه‌ په‌یامی شاعیره‌كه‌ی دی تۆكمه‌ و به‌هێزتر بكات، نه‌ك به‌ شێوه‌یه‌ك بینووسێت كه‌ له‌ بابه‌ت و باسێكی تر بدوێت و له‌ ئاوازێكی تر بخوێنێت. پاشان پێویسته‌ خه‌یاڵی متوربه‌ی ئه‌و بكات تا شیعره‌كه‌ جوانتر خۆی بنوێنێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌ زمانێك شیعره‌كه‌ی تێكه‌ڵبكات كه‌ خوێنه‌ر وا هه‌ست بكات ته‌واوی شیعره‌كه‌ للایه‌ن یه‌ك شاعیره‌وه‌ نووسراوه‌.
ئه‌م شیعره‌ی كه‌ شاعیر هه‌ڵساوه‌ به‌ ته‌خمیسكرنی یه‌كێكه‌ له‌ شاكاره‌كانی (ئه‌حمه‌دموختار جاف)، كه‌ بریتییه‌ له‌ غه‌زه‌لێكی پێنج به‌یتیی و به‌ كێشی شانزه‌بڕگه‌یی عه‌رووز نووسراوه‌ له‌سه‌ر به‌حری هه‌زه‌جی هه‌شتیی سالم.
كێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن
هێما: ∪–––/∪–––/∪–––/∪–––

پێویسته‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ درووسته‌ شاعیر به‌ كێشی خۆماڵیی كوردیی شیعری نووسیوه‌ و په‌یڕه‌ویی له‌ یاسای عه‌رووزی عه‌ره‌بیی نه‌كردووه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین گوێی مۆسیقیی هێنده‌ باش بووه‌ كه‌ له‌م ته‌خمیسه‌دا چه‌ند لادانێكی بچووك نه‌بێت له‌ به‌حری شیعره‌كه‌ی (ئه‌حمه‌دموختار جاف)، ده‌رنه‌چووه‌.
خاڵێكی تری گرنگ ئه‌وه‌یه‌، ڕاسته‌ شاعیر به‌ پێوه‌ری (چه‌ندێتیی)، شیعری كه‌مه‌، به‌ڵام به‌ پێوه‌ری (چۆنێتیی)، شیعره‌كانی ئاستێكی باشیان هه‌یه‌، چونكه‌ زۆر شاره‌زایانه‌ و ئازایانه‌ توانیویه‌تی خۆی له‌ قه‌ره‌ی چه‌ند فۆڕمێكی شیعریی بدات. (غه‌زه‌ل ـ مه‌سنه‌ویی ـ چواریین ـ ئازادیی سه‌روادار ـ ته‌خمیس)، ئه‌مانه‌ ئه‌و قاڵبه‌شیعرییانه‌ن كه‌ شاعیر شیعری پێنووسیون.

به‌ تانووت و قسه‌ی بێجێ، ڕوی ئه‌م دڵداره‌ مه‌شكێنه‌
كه‌مێ په‌یمان و شه‌رتت بێ، قسه‌ی ئه‌وجاره‌ مه‌شكێنه‌
مروه‌ت بێ بۆ دڵبه‌ران، ڕێچكه‌ی ئه‌مكاره‌ مه‌شكێنه‌
(به‌ به‌ردی فیرقه‌تت شیشه‌ی دڵی بێچاره‌ مه‌شكێنه‌
له‌ناو زومره‌ی ڕه‌قیبان، عاشقی ئاواره‌ مه‌شكێنه‌)

نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین 1944 ـ 2017

هاوكات له‌گه‌ڵ (ئه‌حمه‌دموختار)، ڕوو له‌ مه‌عشووق ده‌كات و ده‌ڵێت: نه‌كه‌ی به‌ تانه‌ و قسه‌ی بێجێ ڕووی دڵداره‌كه‌ی خۆت بشكێنیت. تكایه‌ كه‌مێك پابه‌ندی په‌یمان و به‌ڵێنه‌كانت به‌، قسه‌یه‌ك كه‌ كردوومه‌ له‌گه‌ڵت مه‌یشكێنه‌، ئامان مروه‌تت له‌ ده‌رحه‌ق دولبه‌ران هه‌بێت. ڕێچكه‌ی كاری به‌د و كه‌مشه‌رتیی و بێوه‌فایی نه‌شكێنی بۆیان.

به‌ ناهه‌ق ڕوو وه‌رمه‌گێڕه‌، كه‌ بۆت وه‌ستا له‌ ڕێ عاشق
كه‌مێ ویژانت بێ به‌شكو ڕه‌قیبی شه‌ق به‌رێ عاشق
هه‌موو بۆ به‌ختیاری یاره‌، كه‌ هه‌چچێ شك به‌رێ عاشق
(ئه‌گه‌ر ڕۆح و دڵ و ئیمان ته‌ڵه‌بكا بیدرێ عاشق
كه‌ تیفل و خوردساڵه‌، قه‌ت دڵی ئه‌و یاره‌ مه‌شكێنه‌)

منی عاشق به‌ تۆ، كه‌ له‌ ڕێدا ئه‌وه‌ستم بۆ نیگایه‌كت به‌ ناهه‌ق ڕووی خۆتم لێ وه‌رمه‌گێڕه‌. كه‌مێ ویژدان به‌خه‌رج بده‌ و به‌شكم به‌و بینینه‌ی تۆ ڕه‌قیب و ناحه‌زم له‌ داخا شه‌ق به‌رێت چونكی هه‌رچی شك ده‌به‌م له‌ دنیادا سه‌رپاكی بۆ به‌ختیاریی تۆیه‌.

شاری پڕ شۆری دڵداری، دوواقۆناغ و مه‌نزڵمه‌
په‌پووله‌یه‌كم شه‌یدای گوڵ، به‌ته‌نیا لێوی ئه‌و گوڵمه‌
نه‌كه‌ی بشنێیته‌وه‌، زینهار، چونكی تاوانه‌، هه‌م زوڵمه‌
(ده‌خیلم ئه‌ی نه‌سیمی سوبحگاهی مه‌سكه‌نی دڵمه‌
په‌رێشانی مه‌كه‌ تۆ، زوڵفی ئه‌و نازداره‌ مه‌شكێنه‌)
زۆر شاره‌وشارم كردووه‌، دوا قۆناغی سه‌فه‌ر و مه‌نزڵی یه‌كجارییم شاری دڵدارییه‌. من ئێستا په‌پووله‌یه‌كی ئه‌وینداریی ئه‌و شاره‌م و شه‌یدای جوانیی گوڵم. جوانترین گوڵیش لێوی یاره‌كه‌مه‌! زینهار ئه‌ی یار تۆ كه‌ گوڵی منیت و منیش په‌پووله‌یه‌كی شه‌یدای تۆم و له‌سه‌ر گوڵی لێوه‌كانت ئارامم گرتووه‌، نه‌كه‌ی بشێنیته‌وه‌ و من هه‌ڵفڕێنیت و ئه‌و تاوان و زوڵمه‌ له‌ به‌رانبه‌رمدا بكه‌یت.

ئه‌گه‌رچی یار دڵشكێنه‌، گه‌ره‌كییه‌ ساز بدا شینت
ڕووشكێن و بێبه‌ڵێنه‌، لێت بێزاره‌ له‌ بینینت،
هه‌میشه‌ شیری كێشاوه‌ بۆ بڕینی گوڵی ژینت
(به‌ قه‌تڵ و كوشتنت موختاره‌ عاشق، شۆخی شیرینت
له‌سه‌ر ڕۆح و دڵت فه‌رمانی ئه‌و سالاره‌ مه‌شكێنه‌)
خۆ ئه‌زانم یاری من دڵشكێنه‌ و ده‌یه‌وێت به‌ شكانی دڵم یه‌كجاره‌كیی بمكوژێت و شیوه‌نم بۆ ساز بدات، چونكه‌ ئه‌و لێم بێزاره‌ و هه‌میشه‌ شیری بۆ بڕینی گوڵی ژینم له‌ كارایه‌ و هه‌ر كات ویستی كۆتاییم پێ دێنێت.

كه‌ تۆی شای خاكی نازداریت، به‌دادیت زۆر له‌ فه‌رمانا
په‌سه‌ندیده‌ و هه‌ڵبژارده‌ی، له‌ناو ده‌سته‌ی جه‌وانانا
هه‌تاكو كه‌ی بناڵێنم، له‌ناو زیندانی هیجرانا
(كه‌ من په‌روانه‌یی شه‌معی، سه‌ری دووكوڵمی تۆم جانا
دڵی (ئه‌حمه‌د) به‌ فیتنه‌ی ئه‌و سه‌گی په‌تیاره‌ مه‌شكێنه‌)
دڵنیام له‌ نێو خاكی نازداراندا تۆ وه‌ك شا وایت و فه‌رمانبه‌ده‌ستێكی دادپه‌روه‌ریت و یاسا به‌رقه‌رار ده‌كه‌یت. ده‌ی كه‌ تۆ هه‌ڵبژارده‌ی نێو ده‌سته‌ی جه‌وانانیت پێم بڵێ بۆچی به‌رانبه‌ر من هێنده‌ نادادپه‌روه‌ریت؟! بفه‌رموو بزانم هه‌تا كه‌ی له‌ نێو گۆشه‌ی زیندانی هیجرانتدا من هه‌ر ئاهوناڵه‌م بێت و به‌رده‌وام بناڵێنم؟ 
ئه‌وه‌ی ڕوونه‌ له‌ باره‌ی زمانی شیعریی ئه‌م پێنج خشته‌كییه‌وه‌، زمانێكه‌ تێكه‌ڵه‌ له‌ وشه‌ی عه‌ره‌بیی و كوردی. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ شاعیر به‌ هه‌مان نه‌فه‌س و قاڵبی شیعریی، هه‌روه‌ها وشه‌ئارایی شیعره‌كه‌ی (ئه‌حمد موختار به‌گی جاف)، شیعره‌كه‌ی هۆنیوه‌ته‌وه‌.

وینه‌ی شیعریی له‌ هۆنراوه‌ پێنجخشته‌كییه‌كه‌دا
وێنه‌ی شیعریی، له‌ شیعری (به‌تانوت و قسه‌ی بێجێ)دا
ئه‌گه‌ر به‌ وردی له‌م هۆنراوه‌یه‌ بڕوانین ده‌بینین كه‌ ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ له‌ ڕووی وشه‌ و پێكهاتی شیعرییه‌وه‌ هه‌ر له‌ زمان و كێش و سه‌روا و وێنه‌ی شیعرییه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ سه‌رجه‌م هۆنراوه‌كانی دیكه‌ی هه‌مان شاعیر.
شاعیر ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ بۆ خوێنه‌ر بسه‌لمێنێت، كه‌ به‌ كۆی رێبازه‌ جیاوازه‌كانی شیعر و ئه‌ده‌بیات ده‌توانێت ئه‌سپی خۆی تاوبدات و به‌ سه‌رجه‌م ڕێبازه‌ جیاوازه‌كان، شیعر له‌ ئاستێكی باڵادا بهۆنێته‌وه‌.
هه‌ر له‌ ڕێبازی كلاسیكه‌وه‌ تا ڕیالیزمی ڕخنه‌گرانه‌ و ڕیالیزمی شۆڕشگێڕیی و ڕۆمانتیكی گه‌شبینیی و ڕشبینیی، هه‌روه‌ها له‌و نێوه‌نده‌شدا هۆنراوه‌ی پێن جخشته‌كی كه‌ تێكهه‌ڵكێشكردن و له‌ته‌ك یه‌كدانانی شاعیرانی دیكه‌ی نسراو و ناوداردا، شاعیر له‌م پێنج خشته‌كییه‌دا وه‌ك هه‌ر شاعیرێكی دیكه‌ی كلاسیك، به‌ سودوه‌رگرتن له‌ هونه‌ره‌كانی ڕه‌وانبێژیی پڕ له‌ جوانكاریی و ئیستاتیكا و یه‌كێتی بابه‌ت و كات و شوێن نه‌خشی هۆنراوه‌كه‌ی هه‌ڵچنیوه‌.
شاعیر ڕوو له‌ یاره‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت: به‌ قسه‌ی دوژمن و ڕه‌قیبی بێمروه‌ت كارێكی وه‌ها مه‌كه‌ دڵم له‌ت له‌ت بكه‌یت و شوشه‌ی دڵم بشكێنیت.
سه‌رله‌به‌ر و ته‌واوی هۆنراوه‌كه‌ تێكهه‌ڵكێشی هۆنراوه‌یه‌كی شاعیری ناوداری كورد، (ئه‌حمد موختار به‌گی جاف)ه‌، داوا و تكا و پاڕانه‌وه‌ی شاعیره‌ به‌رانبه‌ر به‌ یاره‌كه‌ی تا به‌ڵكو ڕووی لێوه‌رنه‌گێڕێ و دڵی نه‌شكێنێت.
وێنه‌ی هونه‌ری له‌م هۆنراوه‌یه‌دا پێكهاتووه‌ له‌ وشكانی: ((ڕووی دڵدار، به‌ردی فیرقه‌ت، شیشه‌ی دڵ، شاری پڕ شۆری دڵداری، گوڵی ژین، شاهی خاكی نازداری))، كه‌ هۆنراوه‌كه‌ی پێ رازاندووه‌ته‌وه‌ و وێنه‌گه‌لێكی به‌ خوێنه‌ر نیشانداوه‌، هه‌ر كه‌ خوێنه‌ر به‌ر وێنه‌ی ناو هۆنراوه‌كه‌ ده‌كه‌وێت به‌ ڕوونیی و به‌ ئاشكرا هه‌ست به‌ زه‌لیلیی و پاڕانه‌وه‌ی شاعیر به‌رانبه‌ر به‌ یاره‌كه‌ی ده‌كات. 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ