سیناریۆکانی داهاتووی جەنگی سـودان

مێژووی سـودان.. له‌ سەربەخۆییه‌وه‌ تا لێواری هەڵوەشانەوە

بـه‌هـرۆز عـیـزه‌ت 2025.11.22 10:43 PM
1951 جار خوێندراوەتەوە

بـه‌هـرۆز عـیـزه‌ت

نـوسـه‌ر

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان

شیکاریی و لێکۆڵینەوەیەک بۆ ڕەهەندی سیاسی، سەربازی، جیۆپۆلەتیک و دەستێوەردانەکانی دەرەکی قەیرانی سودان
-سیستەم و حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی سودان لەماوەی نێوان سەردەمی سەربەخۆیی تا لێواری هەڵوەشانەوە ١٩٥٦ تا ٢٠٢٥:
لە بزووتنەوەی مەهدییەوە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە تا ململانێی و خولێکی نوێی جەنگی ناوخۆ لە نێوان سوپای فەرمی (SAF) و هێزەکانی کاردانەوەی خێرا (RSF):
بۆ ئەوەی باشتر لە قەیرانی ئەمڕۆ تێبگەین، پێویستە پێداچوونەوە بە ڕەگ، ڕیشەی مێژوویی، پێشهاتە سیاسییەکان، هێز و ئاکتەرە کاریگەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سودان بکەین. ململانێی لە سودان ڕەگ و ڕیشەی لە جیاوازی ڕەگەزی، نەتەوەیی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئایینیدا هەیە.
بزووتنەوەی سیاسی، ڕیفۆرمخواز و دژە کۆلۆنیالیزم مەهدی سودانی لە ساڵی ١٨٨١ دروست بوو، سەرکردایەتی ئەم بزووتنەوەیە لە لایەن محمد ئەحمەد بن عەبدوڵڵا بوو دوای ئەوەی سودان لەلایەن ئەوروپییەکان و تورکە میسرییەکانەوە داگیرکرا، مەهدی دژی ئەوە وەستایەوە دوای گرتنی خەرتوم لە ئۆمدورمان لە ساڵی ١٨٨٥ یەکەم دەوڵەتی خۆی پێکهێنا، بەڵام دواتر خۆی کۆچی دوایی کرد. دوای مەهدی سەرکردایەتی بزوتنەوەکە بە عەبدوڵڵا بن محمد سپێردرا. لە سەردەمی عەبدوڵڵادا کە لە ساڵی ١٨٨٥ تا ١٨٩٨ بەردەوام بوو، بزووتنەوەکە ڕووبەڕووی چەندین کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی بووەوە. لە ناوخۆدا ناکۆکییەکی جددی لە نێوان شوێنکەوتوانی مەهدیدا هەبوو لەسەر دەسەڵات. بۆ هۆی ڕووخانی دەوڵەتەکە له ساڵی 1898 بە هاوبەشی فەڕەنسی و ئینگلیزەکان.
سودان بە چەندین سیستەمی جیاواز و ئاڵۆز تێپەربووە. گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە لە ساڵی ١٩٥٦ەوە کە سەربەخۆیی لە بەریتانیا و میسر بەدەست هێنا، تا ئێستا کە عبدالفتاح ئەل بورهان سەرۆکایەتی دەکات، فەرمانڕەوا جیاوازەکان لە ڕێگەی پرۆسەی سیاسیی، کودەتا و شۆڕشی جۆراوجۆرەوە هاتوونتە سەر دەسەڵات بەدرێژایی ئەو ماوەیە چەندین کۆدەتا لە سودان ئەنجام دراون، وەک دەوترێت سودان وڵاتێکی پڕ لە کودەتایە. پێش هەژموونی ئینگلیز و میسر سودان پێکهاتەیەکی سیاسی یەکگرتووی نەبوو و پێکهاتە ناوخۆییەکان لەسەر بنەمای هۆز و فەرمانی ئایینی بەڕێوەدەبران، دواتر لە ساڵانی ١٩٣٠دا، یەکەم بزووتنەوەی نوخبە دروست بوو. لە ساڵی ١٩٣٨ سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوە سیاسییەکان بوو بۆ نموونە بزووتنەوەی سەربەخۆیی بە دروشمی “سودان بۆ سودانییەکان” بە سەرۆکایەتی پارتی “ئومەت” کە بنەمای ئایینی بوو دروست بوو.
- قۆناغی سەربەخۆیی ١٩٥٦-١٩٥٨
سودان لە ١٩٥٦ بە فەرمی سەربەخۆیی خۆی لە شانشینی یەکگرتوو بەدەستهێنا، بەڵام نەبوونی ئەزموون لە حوکمڕانی و گرژییە نەتەوەییەکان هەر لە سەرەتاوە سەقامگیریی تێکدا.سیستەمێکی پەرلەمانی دامەزرا کە کۆمسیۆنی باڵا پێنج کەسی وەک سەرۆکی دەوڵەت دیاری کرد. لەو ماوەیەدا ناکۆکی زۆر لە نێوان لایەنە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت پارتی یەکێتی دیموکرات و پارتی کۆنگرەی نەتەوەیی هەبوو.دواتر ئیسماعیل ئەزهەری، وەک سەرۆکوەزیران حکومەتی پێکهێنا. دوای ئەزهەری عەبدوڵڵا خەلیل وەک سەرۆکوەزیران حکومەتی پێکهێنا تا ساڵی ١٩٥٨.
-سەردەمی دیکتاتۆری سەربازی ئیبراهیم عەبود لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨-١٩٦٤:
دواتر سوپای سودان بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم عەبود کە دواتر بۆ بە سەرۆک کۆمار، کودەتایەکی سەربازی ئەنجامدا و حکومەتی مەدەنی ڕووخاند. هۆکاری سەرەکی ئەم کودەتایە ناڕازیبوون بوو لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری وڵات. بێتوانایی لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. دواجار ئیبراهیم عەبود وەک سەرۆکی نوێی وڵات هەڵبژێردرا. حکومەتێکی سەربازی پێکهێنا کە تا ساڵی ١٩٦٤ بەردەوام بوو، قۆناغی دەسەڵاتی عەبود بە قۆناغی دیکتاتۆری سەربازی ناسراوە. کە تا شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩٦٤ بەردەوام بوو.
-سەردەمی پارتە سیاسییەکان شۆرشی ئۆکتۆبەر ١٩٦٤ - ١٩٦٩:
ساڵی ١٩٦٤ یەکەمین ڕژێمی سەربازیی سودانی ڕووخاند. دوای عەبود حکومەتێکی ڕاگوزەری مەدەنی هاتە سەر دەسەڵات و سودان بەرەو دیموکراسی پەرلەمانی هەنگاوی نا، هەرچەندە کێشە ناوخۆییەکان بەردەوام بوون.کە تێیدا حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکهێنرا. لە گرنگترین ئەو کەسانەی لەوکاتەدا پۆستە گرنگەکانیان وەرگرت ئیسماعیل ئەزهەری وەک سەرۆکی سودان لە ساڵی ١٩٦٥ تا ١٩٦٩ ، هەروەها محەمەد ئەحمەد مەحجوب لەم ماوەیەدا پۆستی بالای هەبووە وەک سەرۆک وەزیران.
-سەردەمی جەعفەر نومەیری لە نێوان ساڵانی ١٩٦٩-١٩٨٥:
دواتر لە ساڵی ١٩٦٩ جەعفەر محەمەد نومەیری یا نیمێری کە عەقیدێکی سوپا بوو لە کودەتاکەی ساڵی ١٩٦٩دا دەستی بەسەر سودان دا گرت، لە ٢٥ی ئایاری ١٩٦٩ چەند ئەفسەرێکی گەنج کە خۆیان بە بزووتنەوەی ئەفسەرانی ئازاد ناودەبرد، دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت. کە نۆ ئەفسەر بوون بە سەرۆکایەتی عەقید نومەیری ڕایان گەیاند کە "دەبێت هەموو شتێک بگۆڕێت". یەکەم کارەیان هەڵپەساردنی دەستووری ئینتقالی، هەڵوەشاندەوەی پەرلەمان و قەدەغەکردنی هەموو پارتە سیاسییەکان بوو.
سەردەمی نومەیری سەردەمێکی نوێی حوکمڕانی سەربازی و ئایدیۆلۆژی دەستی پێکرد. سەرەتا بە پشتیوانی چەپەکان و ناسیۆنالیستە عەرەبەکان هاتە سەر دەسەڵات، بەڵام وردە وردە لە ئیسلامییەکان نزیک بووەوە.
نومەیری بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی ساڵی ١٩٧٢ شەڕی باشووری بۆ ماوەی دە ساڵ ڕاگرت، ئۆتۆنۆمی بە سێ پارێزگای باشووری سودان بەخشی. بەڵام لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە جێبەجێکردنی یاسای شەریعەت و هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە ئاگری شەڕی هەڵگیرساندەوە. نومەیری پەیوەندێکی قووڵی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوادا هەبوو.لەماوەی دەسەڵاتی خۆیدا بەرگەی چەندین یاخیبوون و کۆدەتا یەک لە دوا یەکەکانی گرت. بەڵام بەهۆی قەیرانە سیاسیی و ئابوورییە قوڵەکان و پشتبەستن بە رۆژئاوا کە بۆ هۆی دابڕانی سیاسی سودان لە جیهانی عەرەبیدا و ئەم دابڕانە دژایەتی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ حکومەتی نومەیری چڕتر کردەوە. لە کۆتاییدا نومەیری لە ساڵی ١٩٨٥ لە ژێر فشاری ناڕەزایەتی جەماوەری و کودەتایەکی سەربازی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. لەکاتی سەفەری ئەمریکا و میسر لەلایەن وەزیری بەرگری حکومەتەکەی، سوار الذهب ، لە حکومەتەکەی دوورخرایەوە و لە میسر مایەوە.ئەزموونەکەی دەریخست پشتگوێخستنی فرەچەشنی نەتەوەیی و ئایینی سودان بەرەو ناسەقامگیری دەبات.
-لەو ماوەیەدا سودان چووە قۆناغێکی ئینتقالییەوە کە تێیدا حکومەتە کاتییەکان هاتنە سەر دەسەڵات ١٩٨٥- ١٩٨٩
دوای کودەتاکە ژەنەڕاڵ عەبدولڕەحمان سوار الذهب لە ١٩٨٥ حکومەتی ئینتقالی پێکهێنا تا ساڵی ١٩٨٦،بەو شێوەیە وەزیری بەرگری ژەنەڕاڵ الذهب کە لەلایەن سەرۆک نومەیریەوە دو پۆستی گەورەی پێ درابوو وە بە هاوڕێیەکی نزیکی دادەنرا.کودەتاکەی ئەنجام دا دواتر لە بەیاننامەیەکدا کە لە ڕادیۆی فەرمی پەخشکرا، ژەنەڕاڵ الذهب بەڵێنی گۆڕانکاری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دا، هەروەها بەڵێنی دا دیالۆگی ڕاستەوخۆ بکات لەگەڵ یاخیبووانی باشوور کە زۆرینەیان مەسیحی، ئەنیمیستن بوون وە بەڵێنی دا یەکێتی نیشتمانی دروست بکات. بەو جۆرە عەبدولڕەحمان ئەل ذهب پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئینتقالی سەربازیی گرتە ئەستۆ. لە مێژووی سوداندا تاکە کەس بوو کە بەڵێنەکەی جێبەجێ کرد و دوای ساڵێک دەسەڵاتی ڕادەستی حکومەتی هەڵبژێردراوی سادق ئەل مەهدی کرد و لە ساڵی ١٩٨٦ دەستی لەکارێشایەوە.
لەماوەی نێوان ساڵانی ١٩٨٦ تا ١٩٨٩ ئەحمەد المیرغنی وەک سەرۆکی دەوڵەت کە زیاتر دەسەڵاتیکی ڕەمزی بوو و حکومەت بە سەرۆکایەتی صادق ئەل مەهدی حکومەتی هاوپەیمانی پێکهێنا. سیستەمی سیاسی لەم ماوەیەدا پەرلەمانی دیموکراسی بوو. ئەم قۆناغە تەنها نزیکەی سێ ساڵی خایاند، تا لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٨٩ کە عومەر حەسەن بەشیر بە کودەتایەکی سەربازی حکومەتە هەڵبژێردراوەکەی صادق مەهدی ڕووخاند و ڕژێمێکی نوێی سەربازی ئیسلامی دامەزراند.
-سەردەمی عومەر حەسەن بەشیر ١٩٨٩-٢٠١٩:
شۆڕشی ئیسلامی و سەردەمی عومەر بەشیر کە لە ساڵی ١٩٨٩ بە کودەتایەک هاتە سەر دەسەڵات. کە هێزی سەربازی بە پاڵپشتی ئیسلامییەکان دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و عومەر بەشیر بۆ ماوەی سێ دەیە دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو. ڕژیم بە دروشمی جێبەجێکردنی یاسای شەریعەت و چاکسازی دەستی پێکرد، بەڵام وردە وردە سەرکوتی سیاسیی، گەندەڵی و شەڕی بێکۆتایی لێکەوتەوە.
لە سەردەمی بەشیردا سێ قەیرانی گەورە سەریان هەڵدا:
-جەنگی باشووری سودان، کە دواجار لە ساڵی ٢٠٠٥کۆتایی هات و بووە هۆی سەربەخۆیی باشوور لە ساڵی ٢٠١١.
-جەنگی دارفۆر کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بە یاخیبوونی گروپە ناوخۆییەکان لە دژی جیاکاری و سەرکوتی ناوەند دەستی پێکرد و بۆ هۆی سەرهەڵدانی میلیشیای جەنجاوید و پاشان گۆڕان بۆ هێزەکانی کاردانەوەی خێرا.
-داڕمانی ئابووری و ناڕەزایەتییە سیاسییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە توندتر بوون.
بەشیر بە پشتبەستن و کەڵک وەرگرتن لە ئیسلامی سیاسی و هێزە سەربازیی، ئەمنییەکان و هۆزە عەرەبەکان و پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، حوکمڕانی وڵاتی دەکرد. بەڵام لەگەڵ جیابوونەوەی باشوور،قەیرانی سیاسیی و ئابووری توندتربوون. لەم ماوەیەدا سودان ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسیی و ئابووری سەخت، سزای نێودەوڵەتی و شەڕی ناوخۆ بووەوە. دواجار ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەری، هاوپەیمانی هێزە مەدەنییەکان، فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، لە ساڵی ٢٠١٩ وەزیری بەرگری سودان عەواد محمد ئەحمەد بن عەوف لادانی عومەر بەشیری لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکە ڕاگەیاند و خۆی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی ڕاگوزەر ناساند.
-سەردەمی عەواد بن عەوف تا ٢٤ کاژمێر دوای بەشیر:
لە ساڵی ٢٠١٩ وەزیری بەرگری سودان بن عەوف لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی عومەر بەشیر، هەڵپەساردنی دەستوور، دەستپێکردنی ماوەی گواستنەوەی دوو ساڵ و دامەزراندنی باری نائاسایی ڕاگەیاند، وەک سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی ڕاگوزەر و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایش دەستی بە چالاکییەکانی کرد. ڕایگەیاند کە سوپای سودان دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، خۆی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی ڕاگوزەر حکومەتی کاتی ڕاگەیاند.بن عەوف، لە بەشیرەوە نزیک بوو، جێگری یەکەمی عومەر بەشیر بوو، بۆیە دەرفەتی وەرگرتن و پێشکەوتنی لە پۆستە سەربازییەکان بۆ ڕەخساند، چەندین پۆستی سەربازی گرنگی وەرگرت وەک بەڕێوەبەری دەزگای ئەمنی و بەرپرسی هەواڵگری سەربازی. بەو شێوەیە عومەر بەشیر لە دەسەڵات دوورخرایەوە. سەردەمێکی نوێی گۆڕانکاری سیاسی لە سودان دەستی پێکرد. بەڵام لە ئەنجامدا تەنها دوای ٢٤ کاتژمێر دوای دەستبەکاربوون و گرتنە دەستی دەسەڵات عەواد بن عەوف دەستی لەکارکێشایەوە.
دوای بەشیر سودان چووە قۆناغێکی ئینتقالییەوە کە لەو ماوەیەدا دەسەڵات لە نێوان گروپە جیاوازەکاندا دابەشکرا. بەڵام ئەم دابەشکردنەی دەسەڵات به تایبەت له نێوان هێزه سەڕبازییە فەڕمی و نافەڕمییەکان نەیتوانی سەقامگیری یەکجاری بهێنیت:
-قۆناغی دەسەڵاتی سەربازی و مەدەنی بەسەرکردایەتی عەبدولفەتاح ئەل بورهان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٢١:
دواتر عەبدولفەتاح ئەل بورهان سەرکردایەتی ئەنجومەنی سەربازی قۆناغی ئینتقالی گرتە ئەستۆ. لەگەڵ گروپەکانی ئازادی و گۆڕان( لایەنگرانی شۆڕش) کە سەرکردایەتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانیان دەکرد لە دژی ئەل بەشیر، کەوتە دانوستانەوە. ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەوان و ئەنجومەنی سەربازی واژۆ کرا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ئینتقالی لە سودان. ئەم ڕێککەوتنە بۆ هۆی پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش لە مانگی ئابی ٢٠١٩، کە بە شێوەیەکی فەرمی ئەنجوومەنی ڕاگوزەری مەدەنی- سەربازی لەخۆگرتبوو. ڕێککەوتنەکە بریتی بوو لە پێکهێنانی حکومەتی کاتی بۆ ماوەی سێ ساڵ و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیموکراسی لە ساڵی ٢٠٢٢. وە عەبدوڵڵا حەمدۆک لە ساڵی ٢٠١٩ وەک پازدەهەمین سەرۆک وەزیرانی کۆماری سودان دەست بەکاربوو.
-کودەتای عبدالفتاح ئەل بورهان ساڵی ٢٠٢١:
بەڵام دواتر گرژییەکانی نێوان دەسەڵاتی سەربازی و مەدەنی پەرەی سەند. لە ساڵی ٢٠٢١، عبدالفتاح ئەل بورهان و محەممەد حەمدان دەقڵوو ناسراو بە (حەمیدەتی)، فەرماندەی هێزەکانی کاردانەوەی خێرا، کودەتایەکیان لە دژی حکومەتی حەمدۆک ئەنجامدا. لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ میدیاکان هەواڵی کودەتاکەی سودانیان بڵاوکردەوە. کە سوپای سودان بە سەرۆکایەتی ئەل بورهان، عەبدوڵڵا حەمدۆک ی سەرۆک وەزیرانی سودانیان لەگەڵ چوار وەزیر و بەشێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی "ئازادی و گۆڕان" دەستگیرکردوە.
-قۆناغی دوای کودەتای ٢٠٢١ تاوەکو ئێستا:
عبدالفتاح ئەل بورهان سەرۆکایەتی سودانی گرتە دەست و عثمان حسين سەرۆکوەزیرانی سودانی بە وەکالەت گرتە دەست تا ٢٠٢٥، ئەل بورهان دوای کودەتاکە ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی دیموکراسی و ڕادەستکردنی بە حکومەتێکی هەڵبژێردراو. بڕیاربوو لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا ئەنجام بدرێت. بەڵام نەکرا دواتر کامێل الطیب ئیدریس عبدالحافیز لەساڵی ٢٠٢٥ لەلایەن ژنەڕال ئەل بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری سودان، وەک سەرۆک وەزیرانی سودان دیارکرا.
-قۆناغی جەنگی ناوخۆ لە نێوان(SAF) و (RSF) لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٣ تا ئێستا:
سودان لە دوای عومەر بەشیر لە هیوای ئازادییەوە بۆ ململانێیکی خوێناوی ڕۆیشت. ناکۆکی لەسەر یەکخستنی هێزەکانی کاردانەوەی خێرا لە چوارچیوەی سوپادا بۆ هۆی ناکۆکی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوولا. لەساڵی ٢٠٢٣ وە ململانێی و خولێکی نوێی جەنگی ناوخۆ لە نێوان سوپای فەرمی (SAF) و هێزەکانی کاردانەوەی خێرا (RSF) ڕویدا.کە دواجار جەنگە خوێناوییەکەی ئێستای لێکەوتەوە، ململانێکان بە خێرایی پەرەیان سەند و بوو بە جەنگێکی سەخت و هەزاران کوژراو، بریندار و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی لێکەوتەوە. ملیۆنان کەسی دیکەش لە لێواری برسێتیدان. کە سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان بە یەکێک لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان ناوی دەبەن. شەڕێک کە بە ڕواڵەت ململانێی نێوان سوپا و هێزەکانی کاردانەوەی خێرایە لەسەر یەکگرتنی سەربازی، بەڵام لە ڕاستیدا شەڕێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات و سەرچاوە گرنگەکانی وڵات. کێبڕکێ لەسەر زێڕ، بەندەرەکانی دەریای سوور و تەنگە ئابوورییەکانی وڵات. لە ئەنجامدا شەڕی سودان بووەتە ململانێیەکی سیاسیی، ئابووری و جیۆپۆلەتیکی کە ڕۆژانە فراوانتر دەبێت.
-گرنگی جیۆپۆلەتیک و ستراتیژی سودان
گرنگی سودان لە سامانە سروشتییەکانی تێدەپەڕێت. جیا لەوەی سودان گەنجینەیەکە، هەروەها وڵاتەکە دەکەوێتە سەر دەریای سوور و لەسەر ڕێگای بەستنەوەی زەریای هیندی بە کەناڵی سوێزەوە. کۆنتڕۆڵکردنی بەندەری سودان بە واتای کاریگەریکردنە سەر یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی بازرگانی جیهانی. هەروەها سودان بە دەروازەیەک بۆ ناوەراست و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دادەنرێت، کە ڕۆژانە کێبڕکێی نێوان زلهێزەکانی جیهان بۆ کاریگەری لەسەر سەرچاوەکان و ڕێگاکانی ترانزێت توندتر دەبێت.
کەواتە شارەزایانی ستراتیژی پێیان وایە سودان دەروازەی ئەفریقایە، وە بە شا ڕێگای سەرەکی کیشوەری ئەفریقا دادەنرێت، پێشهاتەکانی ئەم وڵاتە دەتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کیشوەری ڕەش و رۆژهەلاتی ناوەراست هەبێت. بێگومان ناتوانرێت شوێنی سودان لە دەریای سووردا پشتگوێ بخرێت، چونکە گەورەترین بەندەر و تێرمیناڵە نەوتییەکانی سعودیە دروست لە بەرامبەر کەناراوەکانی سودان هەڵکەوتوون. سودان بە ئەلقەی پەیوەندی نێوان چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی دەریای ناوەڕاست بە وڵاتانی ئەفریقا و عەرەبی دادەنرێت. ئەم سەرزەمینە کە دەکەوێتە بەشی ناوەڕاست و ڕێڕەوی سەرەکی ڕووباری نیل، لە پێگەیەکی تری ستراتیژی دیکە بەهرەمەندە. سودان، وەک وڵاتێکی ئیسلامی، عەرەبی و ئەفریقی، دەتوانێت ئاکتەرەیکی گرنگ و کاریگەر بێت لە گۆڕەپانی سیاسیدا؛ کەواتە پێگەی ستراتیژی و فاکتەرە جیۆپۆلەتیکیەکان دەکرا سودان بکەن بە ئاکتەرەیکی کاریگەرە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا. بەڵام نەبوونی یەکگرتوویی ناوخۆیی و کێشە سیاسیی، سەربازیی و ئابوورییەکان وایکردووە وڵاتەکە لەبەردەم دابەش بوون، داڕمان و جەنگ دابێت.
-ڕۆڵ و شوێن پێی ئاکتەرە ناوچەیی و نێودەولەتییەکان لە پشت پەردەی جەنگی سودان:
لەکاتێکدا کە زیاتر لە جاران سەرنجی جیهان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سوورە، سودان جارێکی دیکە لە ناوەندی قەیرانێکدایە کە زۆر لە جەنگ و ململانێیەکی ناوخۆیی زیاترە. ئەوەی لە خەرتوم، دارفۆر و بەندەری سودان دەگوزەرێت، بەشێکە لە پلانێکی زۆر فراوانتر، ئاڵۆز و جۆراوجۆر کە بەشێکی پەیوەندی بە حسابات و گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانەوە هەیە.کەواتە جەنگی ناوخۆیی سودان تەنیا پەیوەندیی نییە بە فاکتەرە ناوخۆییەکان بەڵکو خواستی زلهێزە ناوچەیی و نێودەولەتیەکانیشە. کە چەند ئاکتەرەیک ڕۆڵێکی سەرەکی، ئاڵۆز و جۆراجۆر لەو قەیران دا دەگێڕن لەگرنگترینینان.
- ئیمارات :
بەتایبەت لەو جەنگەی کۆتایی بەڕوونی ڕۆڵی ئیمارات دەرکەوت، ئیمارات ئەو وڵاتەیە کە تۆمەتبارە بەو کارەساتانەی لە ئەل فاشیر ڕوویانداوە. هەتا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا سودان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیمارات پچڕاند. هەروەها ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە ڕۆڵی بەرچاوی ئیمارات دەکەن لە ناردنی چەک و پاڵپشتی دارایی بۆ هێزەکانی کاردانەوەی خێرا. دەوتریت لە ڕێگەی سنوورەکانی چاد، لیبیا چەک و کەرەستە بۆ ئەو گرووپە دەنێرێت. هەروەها دەوتریت ئیمارات بڕێکی زۆر چەکی پێشکەوتووی بەرگری، سیستەمی ڕادار، مووشەک و ژمارەیەکی زۆر لە بەکرێگیراوی بۆ ئەم ناوچەیە ناردووە بۆ هاوکاری هێزەکانی کاردانەوەی خێرا. ئامانجی ئەبوزەبی پاراستنی کاریگەرییە لەسەر کەنارەکانی دەریای سوور و دەستڕاگەیشتن بە کانەکانی زێڕ و ڕێڕەوی بازرگانی سودانە.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا گۆڤاری مۆدێل ئیست ئایی بڵاویکردەوە کە ئیمارات بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل بنکەی هەواڵگری لە دەریای سووردا دروستکردووە. هەروەها ئەم دەستیوەردانە بە ئامانجی کێبڕکێ لەگەڵ تورکیا، قەتەر و میسر لە ئەفریقایە، بەم شێوەیە سودان بووەتە گۆڕەپانی شەڕ بۆ زلهێزە ناوچەیی و نێودەولەتیەکان. هەتا سوپا ئیمارات تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سودان ئەنجام دەدات.
- ئەمریکا و ئیسرائیل
ئەمریکا و ئیسرائیل، سودان و دەوروبەری تەنیا وەک ناوچەیەکی قەیراناوی نابینن، بەڵکو میحوەرێکی ستراتیژییە بۆ جێبەجێکردنی پلانی گەورەتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ.لە ساڵی ٢٠٢١ بەدواوە واشنتۆن پێداچوونەوەی بە سیاسەتی خۆیدا کرد بەرامبەر بە ئەفریقا سەرنجی خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە گۆڕی بۆ بەڕێوەبردنی کێبڕکێ لەگەڵ چین و ڕووسیا. هەروەها ڕۆانگەیک هەیە دەوترێت سودان لەناو هێڵەکانی پلانی ئەمریکادایە کە لەلایەن ئیدارەی بوشەوە لە ساڵانی ٢٠٠٠دا خراوەتەڕوو. بەگوێرەی ئەم پلانە وڵاتانی گەورە و پڕ حەشیمەتی ناوچەکە دابەش بکرێن بەسەر گرۆپی بچووکتر، قەومیتر و لاوازتر بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکردنیان ئاسانتر بێت.
هەورەها ئیسرائیل بە تێگەیشتن لە هەمان لۆژیک، هەوڵ دەدات ئەفریقا بگۆڕێت بۆ پشتێنەیەکی ئەمنی نوێ کە لە ئەسیوپیا و ئێریتریا دەست پێدەکات، تا کینیا و ئۆگاندا درێژ دەبێتەوە. هەروەها تەلئەبیب لە شیکارییەکانیدا، سودان بە ئەڵقەی ونبووی پڕۆژەی “ئاشتی ئیبراهیم”ی دەزانێت؛لە لایەکی تریش دوای کودەتای ساڵی ٢٠٢١ سودان لەسەر ڕێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەبیب بووە،لەوکاتەدا ئیسرائیل مامەڵەی لەگەڵ هەردوو لایەن بورهان و حەمیدەتی هەیە، چونکە بۆنی وڵاتێکی ئیسلامی لە نزیک دەریای سوور، دەتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تەلئەبیب و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی. هەروەها سودان لەلایەن واشنتۆن و تەلئەبیبەوە وەک ئەڵقەیەکی سەرەکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پێشگرتن لە هەژموون و کاریگەریی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ئەفریقا سەیر دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی کە هەنە لەدوای ڕۆخانی عومەر بەشیر ئیسرائیل پەیوەندیی لەگەل هەردو ئاکتەرە سەرەکیەکەی ئێستای سودان باشە، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢١ ژەنەڕاڵ عەبدولفەتاح ئەل بورهان کە کودەتای ئەنجامدا. لەگەل حەمیدەتی بۆ ماوەیەک پێکەوە کاریان کرد و هەردووکیان لەسەر دانپێدانانی ئیسرائیل هاوڕا بوون. هەروەها لەوکاتەوە باس لە چەندین کۆبوونەوەی نهێنی لەنێوان نوێنەرانی حەمیدەتی و بەرپرسانی مۆساد لە ئەبوزەبی و نایرۆبی دەکرێت بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی پاڵپشتیکردنی هێزەکەی، لە بوارەکانی مەشقی سەربازی، جەنگی شارەکان و هەواڵگری مەیدانی، بۆ نموونە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەی هارێتز لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەریخستووە کە ئیسرائیل "ئامێری چاودێری پێشکەوتووی بە فڕۆکەی تایبەت گەیاندووەتە هێزەکانی کاردانەوەی خێرا.
- میسر
میسر وەک وڵاتێک کە هەمیشە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بە ئاسایشی درێژایی ڕووباری نیل ەوە دەبەستێتەوە، کاریگەری و ڕۆڵی گرنگی هەیە لە سودان هەتا دەوتریت ئەگەر سودان ئاسایشی میسر بەخاتە مەترسیەوە ئەوە دەستێوەردانی راستەوخۆی سەربازی میسر لە سودان ئەگەری هەیە.
- سعوودیە
سعوودیە بە شێوەیەکی کردەیی لە هەوڵی فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە بەندەری سواکین و دروستکردنی کاریگەری سیاسیی، ئابووری و ئەمنی لە کەناری ڕۆژئاوای دەریای سووردایە.
- ئێران و تورکیا
ئێران هەوڵی داوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ خەرتوم فراوانتر بکات و لە هەمان کاتدا بنەمای هاوکاری ئابووری و تەکنیکیش دابین بکات بۆ پشتێوانی سوپا. دژی هێزەکانی کاردانەوەی خێرا. لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٤، سودان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران دامەزراندەوە، کە بۆ ماوەیەکی زۆر پچڕابوو، ئێران هاوکاری سەربازیی سوپا دەکات، زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ژێرخانی سەربازیی لە سودان ئێران دایمەزراندوە، هەروەها پشتیوانییەکانی تورکیا بەدرێژایی چەند مانگێک لە پشتیوانی دیپلۆماسییەوە بۆ هاوکارییە سەربازییەکان پەرەی سەندوە دژ بە هێزەکانی کاردانەوەی خێرا.
کەواتە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا تۆڕێکی بەرژەوەندی و دەستێوەردانی دەرەکی هەیە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕێڕەوی ململانێکان هەیە کە قەیران و جەنگی سودانی زۆر قوڵتر و ئاڵۆزتر کردوە.
کەواتە لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە قەیران و جەنگی سودان زۆر زیاترە لە پێکدادانێکی سادەی نێوان دوو ژەنەراڵ. بەڵکو سودان وەک مەیدانی یەکتربڕینی بەرژەوەندییە جیهانییەکانە: هەروەها دیمەنێکی سەربازی ئاڵۆز و پارچەپارچەکراومان خستەڕوو کە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژووی دوور و درێژی جەنگی ناوخۆ و سیاسەتی وڵاتەکەدا هەیە.
-دارفۆر(الفاشر) و کۆردۆفان (ئەلعوبێد)خاڵی سەرەکیین لە جەنگەکەدا کۆنتڕۆڵکردنیان دەتوانێت داهاتووی وڵاتەکە دیاری بکات:
شاری الفاشر یا فاشیر پایتەختی باکوری دارفورە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هێمای جەنگ و ململانێکان. کۆنترۆڵکردنی لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ئۆکتۆبەر دوای گەمارۆی ١٨ مانگ لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا (RSF) هاوسەنگی جەنگی سودانی گۆڕی و نیگەرانییەکانی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی وڵاتەکەی وروژاند. کەوتنەکە لەگەڵ تاوانەکانی جەنگدا بوو و یەکێک بوو لە تاڵترین لاپەڕەکانی مێژووی سودان. کەوتنی الفاشر لە کۆتاییدا کۆنترۆڵی تەواوی دارفۆری بە RSF بەخشی، هەروەها ڕێگەی فراوانبوونی کاریگەرییەکانیان بۆ ناو کۆردۆفان کردەوە.
دارفۆر دەکەوێتە ڕۆژئاوای سودان(دارفۆری باکوور، دارفۆری ڕۆژئاوا، دارفۆری باشوور، دارفۆری ناوەڕاست، دارفۆری ڕۆژهەڵات) لەخۆدەگرێت. دارفۆر و الفاشر ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بواری سیاسیی، ئابووریی و سەربازییدا هەروەها گرنگی جیۆپۆلەتیک و ستراتیژی الفاشر لە یەکتربڕینی ئەو ڕێگایانەدایە کە بەرەو چاد، لیبیا و کۆردۆفان و ڕۆژهەڵاتی سودان دەچن. کۆنترۆڵکردنی الفاشر واتە کۆنترۆڵکردنی ڕێگاکانی دابینکردن و هێڵەکانی گواستنەوە بۆ ڕۆژئاوای وڵات.
بەگشتی کۆنترۆڵکردنی الفاشر تەنیا شکستێکی سیاسیی و سەربازی نەبوو بەڵکو گورزێکی ڕەمزی بوو لە حکومەتی ناوەندی. ئەم ڕووداوە مەترسی هەڵوەشاندنەوەی سوودانی زیاتر کردووە و ڕێگەی خۆشکردووە بۆ پێکهێنانی جۆرێک لە "دەوڵەتی دیفاکتۆ" لە ڕۆژئاوا. هەروەها کەوتنی الفاشر دەریخست کە قەیرانی سودان چیتر تەنها ناوخۆیی نییە، بەڵکو کاریگەریی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشی هەیە. کەواتە دەکرێت کۆنترۆڵکردنی الفاشیر سەرەتای داڕمانی دووەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقا بێت، کارەساتێک کە کاردانەوەکانی دەگاتە ئەودیو دۆڵی نیل و دڵی ڕۆژئاوای ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەراست.
هەردولا لە ئیستادا لە کۆردۆفان یا کردفان لە جەنگدان وە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن، بەڵام لە ناوچەی کۆردۆفان کۆنترۆڵ لە نێوان لایەنەکاندا جیاوازە، ویلایەتی کۆردۆفانی دەوڵەمەندە بە نەوت و هاوسنوورە لەگەڵ دارفور، ناوچەیەکی ستراتیژییە لە نێوان دارفور و خەرتوم.
کەواتە دەرئەنجامی جەنگی الفاشر و کۆردۆفان پێدەچێت ڕێڕەوی داهاتووی ململانێکانی سودان و داهاتووی سیاسی و سەربازیی وڵاتەکە دیاری بکەن.بەواتایەکی تر الفاشر و کۆردۆفان خاڵی سەرەکیین لە جەنگەکەدا کۆنتڕۆڵکردنیان دەتوانێت داهاتووی وڵاتەکە دیاری بکات.
سیناریۆەکانی داهاتووی جەنگی سودان:
پێشبینیکردنی داهاتووی سودان ئەستەمە، بەڵام تا ئەو کاتەی گروپە جیاجیاکان بەتایبەت دوو گرۆپە سەرەکیەکە نەتوانن بگەنە ڕێککەوتنێکی بەردەوام، پێدەچێت جەنگ و ململانێکان بەردەوام بن.بەڵام بە گشتی دەتوانێن چەند سیناریۆیک بخەینەڕوو بۆ داهاتووی جەنگی سودان،بەواتایەکی تر بە گشتی داهاتووی سیاسی و سەربازیی سودان بەندە بە چەند سیناریۆیەکەوە، بەڵام لەسەر بنەما و ئەساسی ئەوەی کە باسمان کرد هەتا ئەگەر هەر یەکێک لەو سیناریۆیانە سەربگرێت سودان ڕێگایەکی دوور و درێژی پێویستە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە. لێرەدا چەند سیناریۆیک دەخەینەڕوو لەوانە:
-سوپا هێرشێکی سەرتاسەری بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دارفۆر و کۆنترۆڵکردنەوەی الفاشر دەست پێبکاتەوە،
-یاخۆد هێزەکانی کاردانەوەی خێرا هێرشێکی چارەنووسساز بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپا دەست پێ بکەن بە پشتبەستن بە سەرکەوتنەکانی ئەم دوایە، بەرزبوونەوەی مۆڕاڵ و پشتبەستن بە ئاکتەرە دەرەکییەکان، هەوڵ بدات ناوچەکانی دەوروبەر یا ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپا کۆنترۆڵ بکەن. کە لەئێستادا لەلایەن هەردولا هندێک جوولە هەیە بەڵام سنوردارە. ئەنجام دانی ئەم دوو سیناریۆییە جارێکی دیکە دەتوانێت ببێتە هۆی پێکدادانی کارەساتبار، بەرفراوانتر، قوڵترکردن و ئالۆزکردنی ململانی و جەنگەکە.
-یاخۆد وەستاندن و کەمکردنەوەی گرژییەکان، واتە دوای بەدەستهێنانی هەندێک دەستکەوتی سیاسیی، سەربازی و ئابووری، هەردوولا هەوڵ بدەن ململانێکان لەسەر هێڵەکانی ئێستا یان بە گۆڕانکارییەکی کەم ڕابگرن یان دوای بخەن.
-سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە بۆ سوپا و گەڕانەوەی کورتخایەن و ڕێژەیی ئارامی و سەقامگیری لە خەرتوم.
-دابەشکردنی وڵات بەسەر ناوچەکانی هەژموون دار، هاوشێوەی مۆدێلی لیبیا.
-یاخۆد ململانێکان بەرەو دابەشکردنی دیفاکتۆی وڵاتەکە بڕوات، کە مەترسیدارترین سیناریۆ و بژاردەیە دابەشبوونی وڵات بۆ دوو بەش.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ