
عەلی زەیدی گەنجێکی ملیاردێر و لە خێزانێکی دەوڵەمەندی زیقارە، لە چەندین بواردا وەبەرهینان و کار دەکات، هەر لە زانکۆ و بواری پزیشکی تا دەگاتە بانک و بازرگانی و خواردەمەنی و ڕاگەیاندن.
زەیدی بە حوکمی بوارەکانی کارکردن و داهاتەکەی و دەرەفەتەکانی، روونە کە بەشێکە لەو تۆڕە ئابووری و گەندەڵییەیی لە عێراقدا هەیە، ئەو تۆڕەی کە تیایدا پارە پێوەری سەرەکییە. لەوێدا ململانێی حیزبی و مەزهەبی و ئایدۆلۆژی و نەتەوەیی کاڵ دەبێتەوە، لەو تۆڕەدا کەسایەتی و حیزبەکانی شیعە و سوونە و کورد هەن، بۆیە پەیوەندییەکانی عەلی زەیدی، تائێستا، لەگەڵ هەمووان باش و ئاساییە.
دەوترێت خەمیس خەنجەر و حلبوسی هاوبەشی زەیدین لە بەشێک لە بازرگانییەکانی. یەکێک لەو بانکانەی کە زەیدی پشکی تیا هەیە، لە لایەن ئەمریکاوە سزادراوە بە تۆمەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ سوپای پاسداران. لە ئیمارات وەبەرهێنانی هەیە، لە ڕێگەی خەنجەر و حلبوسی دەکرێت جێی متمانەی تورکیا و سعوودییە و قەتەر بێت. ئەمریکا و ئێران پشتگیری کاندیدبوونی دەکەن.
ئەم پەیوەندییە باشە لەگەڵ هەمووان هۆکارێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکە لە تۆڕە بازرگانی و ئابوورییەکەی عێراق، بەڵام کاتێک دەبێتە بەشێک لە تۆڕە سیاسی و حوکمدارییەکە، لەوانەیە بەو شێوەیە نەمێنێتەوە.

پرسیار ئەوەیە ئایا عەلی زەیدی کە حیزب و ئەندام پەرلەمانی نییە، چۆن کاندید کرا بۆ سەرۆکی حکومەت؟ واتە، چۆن و کێ هێنایە ناو مەیدانی سیاسەت؟
بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان، تا ڕادەیەک هاودەنگییەک هەیە کە عەلی زەیدی بە هۆی فایەق زێدانەوە هێنراوە و کراوە بە کاندید بۆ سەرۆک وەزیران. دەوترێت زەیدی یەکێکە لە باڵە گرنگەکانی فایەق زێدان لە بواری ئابووری و بازرگانی. لەم هاوکێشەیەدا زێدان گرنگترە و بزوێنەری ڕووداوەکەیە، زەیدی تەنیا ئامرازێکە بە دەست فایەق زێدان.
فایەق زێدان کێیە و چ پێگەیەکی لە گۆڕەپانی سیاسی ئەمڕۆی عێراقدا هەیە؟
بۆ ناسینی پێگە و ڕۆڵی فایەق زێدان پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دەوروبەری ٢٥ ساڵ پێش ئێستا. لە ٢٠٠٢ کاتێک لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ ڕووخانی ڕژێمی سەدام، چەندین لیژینە و بەرنامە و پلان دانرابوو بۆ درووستکردنی ڕژێمی نوێ لە عێراقی پاش سەدام.
ئیدارەی جۆرج بۆش ئەوکات، جیاواز لە ئیدارەی تڕەمپ، پێش جەنگەکە بڕیاری یەکلاکەرەوە و ئاشکرا و فەرمی دابوو کە ڕژێمی سەدام دەڕوخێنن.
یەکێک لەو پلان و بەرنامانە تایبەت بوو بە لایەنی یاسایی و دەسەڵاتی دادوەری عێراق، یەکێک لە ئەندامەکانی ئەو لیژنەیە، پارێزەرێک بوو بە ناوی سەرمەد سەراف، لەدایکبووی ئەمریکایە و لە باوکێکی فەڵەستینی و دایکێکی عێراقی. خاڵێکی(برای دایکە عێراقییەکەی) مەدحەت مەحمود بوو. مەدحەت لە ساڵانی شەشتەکانەوە لە بواری یاسا و دەسەڵاتی دادوەری عێراق کاری دەکرد، لەسەردەمی پێش ڕووخانی سەدام سەرۆکی ئەنجومەنی شورای دەوڵەت بوو. سەرمەد سەراف توانی مەدحەت مەحمودی خاڵی لای ئەمریکییەکان خۆشەویست بکات و قبوڵی بکەن بە مانەوە لە دەسەڵاتی دادوەری عێراقی پاش سەدام.
هەر بۆیە مەدحەت لە عێراقی نوێ بووە کەسی سەرەکی لە دەسەڵاتی دادوەری و ڕۆڵی سەرەکی بینی لە پێکهێنانی ئەو دامەزراوەیە. لە دوای ٢٠٠٥ەوە تا ٢٠١٧ دەبێتە سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق لە یەک کات.
لە ٢٠١٧ پاش دەرچوونی یاسایەک تایبەت بە جیاکردنەوەی ئەو دوو پۆستە لەیەکتر، بووە سەرۆکی دادگای باڵا هەتا ساڵی ٢٠٢١ و خانەنشین کرا. مەدحەت لە کاتی سەدامیش پلەی باڵای هەبوو لە دەسەڵاتی دادوەری، زۆر کات تۆمەتبار دەکرێت بەوەی درووستکراوی سەدامە و بەعسییەکی ڕاستەقینە بووە، گوایە جارێکی وتویەتی "بەیعەتی ئەبەدی دەدەمە سەدام"، هاوکات وتویەتی "پێویستە جۆرج بۆش لە سەدامەوە فێری دیموکراسی بێت".
لە دوای ٢٠١٠ لیژنەی لێپرسینەوەی عێراق ویستیان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن بە تۆمەتی بەعسیبوون، بەڵام لەبەر هەژموونی بەسەر سیستەمی دادوەری و پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ نووری مالکی، نەتوانرا هیچی بەرانبەر بکەن.
یەکێک لەو کەسانەی کە مەدحەت متمانەی پێ هەبوو و هەمیشە هاوکاری دەکرد بۆ بەرزبوونەوە لە دەسەڵاتی دادوەری عیراق لە دوای ٢٠٠٣، بە خوێندکار و پیاوی مەدحەت دادەنرێت، فایەق زێدانە. زێدان خۆشی دادوەرێکی گەنج بوو لە سەردەمی سەدام. ئەویش گومان و تۆمەتی بەعسیبوونی لەسەرە. پەیوەندی و نزیکایەتی زۆری نێوان مەدحەت و مالکی، بووە هۆکاری سەرەکی کە فایەق زێدان بە خێرایی بەرز ببێتەوە.
بۆ نمونە پاش چوار ساڵ لە ئەندامبوونی لە دادگای تەمییز، دەبێتە سەرۆکی دادگاکە لە ٢٠١٦ لە تەمەنی ٤٩ ساڵی، دەڵین ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی دادوەری عیراقدا شتی وا ڕووبدات، بەو خێرایی و بەو تەمەنەوە. لە ٢٠١٧ بەپێی یاسایەک سەرۆکی دادگای تەمیز دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریش، واتە لەو کاتەوە تائێستا زێدان سەرۆکی هەردوو دادگاکەیە.

چەندین تۆمەتی لەسەرە لە بەکارهێنانی یاسا و دادوەری دژ بە نەیارەکانی و لەبەرژەوەندی ئێران، بۆ نموونە تۆمەتبار دەکرێت بە داهێنانی "الثلث المعطل" لە بەرژەوەندی بەرەی ئێران.
ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە بڕیارەکانی دژ بە هەرێم. هەتا پێش چەند ساڵێک سەر بە بەرەی مالکی بوو، بەڵام وردە وردە کەوتە کێبرکێ لەگەڵیدا، لە ناوەندە عێراقییەکان پێی دەڵێن کێبرکێ لەسەر سەرکردایەتی دەوڵەتی قووڵ لە عێراق. زێدان هەوڵی دەدا شوێنی مالکی و تەنانەت چوارچێوەی هەماهەنگی بگرێتەوە لای ئێران، هەندیک پێی دەڵین پیاوەکەی ئێران لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق.
شایەنی باسە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ترەمپ لە لایەن دادگای عێراقیەوە لەسەر کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، لە لایەن فایەق زێدانەوە دەرچووە. ئەو قاسم سلێمانی و موهەندیس بە برای خۆی وەسف دەکات.
لە ٢٠٢٤ لە کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیەک هەبوو بۆ سزادانی فایەق زێدان بە هۆی پەیوەندی و نزیکایەتی لە ئێرانەوە، لە لایەن مایک واڵتز-ەوە پێشنیارکرابوو.
زێدان لە ڕێگەی یاسا و دامەزراوەی دادوەرییەوە، بە ئەندازەیەک دەسەڵات و هەژموونی هەیە کە چەند جارێک داوای لێکراوە خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆک وەزیران، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە.
لە ناو شیعەکان، خەزعەلی و حەکیم نزیکن لێیەوە، لەناو سوونەکان خەنجەر و حلبوسی، لەناو کورد یەکێتی. هەر ئەو بەرە تێکەڵە دژی کاندیدکردنی مالکی بوون کە لە لایەن زێدانەوە بە نا فەرمی و شاراوەیی ئاڕاستە دەکرێت.

هەر بۆیە سەرەتا پارتی لەگەڵ مالکی ڕێککەوت و سەرکەوتوو نەبوون، هەر زێدان ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی سەدر و بارزانی و حلبوسی لە ساڵانی ڕابوردوو. سەدر چووە دەرەوەی پڕۆسەکە، حلبوسی نزیک بووەوە لە زێدان، بارزانی لە نێوان تەسلیمبوون و نیگەرانی بەرانبەر زێدان ماوەتەوە.
چۆن و بۆچی عەلی زەیدی هێنرایە ناوەوە لە لایەن زێدان-ەوە؟
زێدان لەگەڵ زەیدی و بنەماڵەی زەیدی دەمێکە یەکتر دەناسن و پەیوەندییان هەیە، بنەماڵەی هەردووکیان خەڵکی زیقارن. زێدان لەبەر پلە و پۆستەکەی، خۆی بەدوور دەگرێت لە تێوەگلانی ئاشکرا لە بواری بازرگانی و تاڵانی، بۆیە لە ڕێگەی کەسانی ترەوە ئەو کارە دەکات. یەکێک لەو کەسانە عەلی زەیدییە.
گومان زۆرە کە زێدان لە ڕێگەی حلبوسی و سعووییە و تورکیا و تۆم باراک-ەوە تڕەمپ-ی ڕازی کردووە بەوەی دژی کاندیدبوونی مالکی بوەستێتەوە. پاشان بە شاراوەیی و نا فەرمی عەلی زەیدی، وەک پیاوێکی خۆی، کاندید دەکات. چونکە زەیدی لە ناوەندی سیاسی نەبووە، هەمووان پەیوەندییان باش و ئاساییە لەگەڵی، ڕاستە زەیدی لە میدیا و بۆ خەڵک ناسراو نەبووە و زۆربەی سیاسیەکانیش چاوەڕوان نەبوونە ئەو ببێتە کاندید بۆ سەرۆک وەزیران بەڵام لە ناوەندی سیاسی دەیانناسی بەهۆی کارە بازرگانییەکانی و کارکردنی لەگەڵ حیزب و بەرپرسەکان. لە لایەن شیعە و سوونە و کوردەوە قبوڵکراوە. هاوکات، جێگای ڕەزامەندی ئێرانیشە، چونکە پەیوەندی بازرگانی و بانکی هەبووە لەگەڵ پاسداران و حەشدی شەعبی.
دەوترێت شبل زەیدی، سەرۆکی کەتائیبی ئیمام عەلی، کە لەژێر فەرمانی سوپای قودسە، ناسیاو و خزمی عەلی زەیدییە.
بەپێی هەندێک سەرچاوەی عێراقی، تاکە ڕێگری لە بەردەم زێدان بۆ کاندیدکردنی زەیدی لە سەرەتادا، سەفارەی ئەمریکا بووە لە عێراق، ئەوان پێیانَوتوە یەکێک لە بانکەکانی زەیدی لە ژێر سزای ئەمریکایە بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ ئێران، چۆن دەبێت بکرێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم کاتەدا.
هەر بۆیە زێدان، ڕوون نییە جارێ چۆن و لە ڕێگەی کێیەوە، تۆم باراکی ڕازی کردووە بە عەلی زەیدی و پاشان باراک لۆبیەکی باشی بۆ کردووە لای تڕەمپ. دواتر تڕەمپ پشتگیرییەکی ئاشکرا و زۆری زەیدی کرد و وتی خۆم هاوکاریم کردووە. لە دۆخیکی وادا سەفارە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جگە لە پیرۆزبایی هیچی تریان پێ ناکرێت و ناوترێت.
زێدان زیرەکانە، کاندیدێکی هێنا کە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا نەبووە، سەر بە هیچ حیزب و لایەنێک نەبووە، ئەمەش وا دەکات ئەمریکا و ئێران و بەرەکانی ناوخۆش قبوڵی بکەن.
مەرجی ئەمریکا و تۆم باراک بۆ زێدان و زەیدی ئەوەیە کە دەبێت میلیشیاکانی ئێران لە عێراق دووربخاتەوە لە حکومەت و چەکیان بکەن. وا دەردەکەوێت زێدان بەوە ڕازی بووە، یاخود بەڵێنی داوە کە هەوڵدەدات.
ئەم داواکارییەیی ئەمریکا و ئەو بەڵێنەی زێدان، لە ڕووییەکەوە نا لۆژیکییە و بەڵام لە ڕوویەکی ترەوە دەکرێت لۆژیکی بێت. نا لۆژیکییە بە پیاوەکەی ئێران لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق و هاوپەیمانی خەزعەلی و، بە زەیدی کە بانکەکەی لەژێر سزای ئەمریکایە بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران... بوترێت دەبێت دەستی ئێران لە عێراق ببڕن یان لاوازی بکەن.

لە ڕوویەکی ترەوە لۆژیکییە، چونکە زێدان، هاوشێوەی مەدحەتی مامۆستای و مالکی کۆنە دۆستی، کەسێکی وەلائی و ئایدۆلۆژیست و خاوەن پرنسیپی نەگۆڕ نییە، هەر وەک چۆن مەدحەت لە پلە باڵایەکی بەعسییەوە بووە پلە باڵایەکی عێراقی ژێر هەژموونی ئێران، چۆن مالکی سەردەمێک شان بە شانی ئەمریکا شەڕی لایەنگرانی ئێرانی دەکرد لە عێراق و پاشان خۆی کردە سەرکردەیەکی باڵای بەرەی مقاوەمە، زێدانیش بە هەمان شێوە، لە بەعسیەکەوە بووە پیاوی ئێران، دەکرێت ببێتە پیاوی ئەمریکا دژ بە ئێران. بەڵام ئەمە بە مەرجێک دەببێت ئەگەر ڕژێمی ئێران بڕوخێت یاخود گورزی تری لێ بدرێت بە ئەندازەیەک کە توانای دەستێوەردانی لە عیراق نەمێنێت. ئێران لە سوریا بە تەواوی وای لێ هاتووە، لە لوبنان تا ئەندازەیەکی زۆر، ڕوون نییە لە عێراق چۆن دەبێت.
وا دیارە زێدان وەک ئەگەرێک دایناوە ڕژێمی ئێران لەوانەیە بڕوخێت، چ ئەمساڵ یان لە ساڵانی داهاتوو. لە گریمانەیەکی وا، ئەوا ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە عێراق، ئەو کات زێدان خۆی بە ڕابەری پڕۆسەکە، وەک جۆلانی، دادەنرێت. بۆیە ڕازی بوون بە داواکارییەکەی ئەمریکا، یان ڕەتنەکردنەوەی، دەکرێت ئەوە هۆکارەکەی بێت.
ئەگەر ئێران نەڕوخێت، ئەوا زێدان داواکارییەکەی ئەمریکا پشتگوێ دەخات و کات دەکوژێت یان هەندێک هەنگاوی ڕەمزی دەنێت بۆ خۆ دوورخستنەوە لە سزا.
بێگومان هەر وەک چۆن زێدان کۆمەڵێک قسە و بەڵێنی داوە بە ئەمریکا کە بە دڵی ئەمریکا بووە، لەگەڵ ئێرانیش هەمان شتی کردووە کە بە دڵنیایەوە ئێران متمانەی زیاتری پێ هەیە و چەندین ساڵە پیاوی خۆیەتی.
ئەوەی ئەمریکا داوای دەکات، بەبێ ڕووخانی ئێران، یان وێرانکردنی بە شێوەیەکی گەورە، ئەستەمە بێتە دی لە عێراق. ئێران سنووری بە سوریا و لوبنانەوە نییە، لە عێراقدا سنوورێکی درێژی هەیە، بۆیە بەبێ ڕووخانی ڕژێم زۆر قوورسە لە عێراق دەستی ببڕێت و لاواز بکرێت.
هاوکات، لە سوریا ڕژێمی ئەسەد ڕووخا بۆیە ئێران دەرکرا، لە لوبنان حیزبوڵا پێکهاتەیەکی سەرەکییە نەک دەوڵەت، بەڵام عێراق وەک دەوڵەت سەر بە ئێرانە، واتە دەوڵەتی عێراق وەک حیزبوڵایە بۆ ئێران، نەک وەک لوبنان.
لەم قۆناغەدا هەتا یەکلابوونەوەی پرسی ئێران، زێدان و عەلی زەیدی کارێکی قوورس و ئاڵۆزیان لە پێشە، نە دەبێت بەڵێنەکەی خۆیان بە ئەمریکا بشکێنن، نە بەڵێنەکەیان بە ئێران. چونکە هەردوو دەوڵەت دەتوانن کێشە و قەیرانی گەورە درووست بکەن.
زێدان و زەیدی هەردووکیان مەلەفیان لای ئەمریکا هەیە کە پیاوی ئێرانن، دەبێت پێچەوانەکەی بسەلمێنن. ئێرانیش وەک پیاوی خۆی سەیریان دەکات و دەبێت بەردەوامی بەوە بدەن.
لەم قۆناغەدا کە ڕوون نییە چی دەبێت، وا باشترە هەرێم (پارتی) پەیوەندییەکی ئاسایی و باش لەگەڵ زەیدی درووست بکات و هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی موچە بدات. چونکە لەم کاتەدا، زەیدی پشتگیرییەکی هەمەلایەنی هەیە، پیاوێکی ئێرانە و تڕەمپ بە کاندیدی خۆی دەزانێت. زۆربەی شیعە و سوونەکان پشتگیری دەکەن، یەکێتی و حیزبە کوردییەکانی تر بە هەمان شێوە.
پارتی پێویستە لە گۆڕانکارییەکانی عێراق تێبگات، ئامراز و لایەن و کەسەکان گۆڕاون، لە کازمییەوە کۆمەڵێک ڕوخساری نوێ و گەنج هاتوونەتە گۆڕەپانەکە، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم نەوە تازەیە، جیاوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەوە کۆنەکە، سروشتی پەیوەندییەکان و ئامرازەکان گۆڕاون.
ئەم چەقبەستوو بێ ئاگایەیی پارتی لە هاوکێشەکانی بەغدا، هەرێمی تەواو لاواز و پەراوێز کردووە. بەڵگەیەکی ئەو بێ ئاگاییە ئەوە بوو پارتی لەم کاتەدا چوو لەگەڵ مالکی کە پێشتر دووژمنی یەکتر بوون، رێککەوت، هۆکارەکە ئەوەیە پارتی تەنیا دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ نەوە کۆنەکە، مالکی و عەلاوی و سەدر... بکات، نەک کازمی و سودانی و زەیدی و حلبوسی... قۆناغی داهاتوو ڕوون نییە چی ڕوودەدات، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە پێویستە لەگەڵ ئەو نەوە تازەیە مامەڵە بکرێت.