ئەوەی ڕۆژانی پێشوو لە ڕۆژئاوای سوریا ڕوویدا هێندە خێرا بوو پیاو پێڕا نەدەگەشت لێکدانەوەی بۆ بکات، وەها هەست دەکەم، ئێستا بەرەو خاوبوونەوە و وەستان دەڕوات. ئایا ئەسەد و هاوپەیمانەکانی هێرشی پێچەوانە دەکەن، ڕەنگە ئەستەم بێت لەم دۆخە نوێیەدا.
پاشخان:
ئەوەی وەهای کرد ئەمە ڕووبدات، لاوازبونی حیزواللە و ڕوسیا بوو لە سوریا، هەروەها لاوازیی سوپای سوری. بەڵام ئەوەی هانیدا و لە پشتیەوەیەتی تورکیایە. یەکەم ڕۆژی هێرشەکە کاتێک وێنەی لێکۆڵەرێکی تورکم بینی لە نزیک حەلەب، دیاربوو کە دەمێکە زەمینەسازیی بۆ ئەمە کراوە.
تورک ئامانجی زۆرە، کە بەشێکی لە جیوپۆلتیکە نوێکەیە لە ناوچەکەدا کە خۆی لە لاوازیبونی بەرەی ئێران و بەهێزبونی ئیسرائیلدا دەبینێتەوە. تورکیا هەنگاو دەنێت بو سودمەندبون و دوورخستنەوەی زیان. بەڵام هۆکاری ناوەکی وەک پەنابەر و پرسی کوردیش سەرەکین. وەک لە کەسێک گوێم لێبوو کە بە ڕەچەڵەک ئیتالییە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای شەرڤانە و لە کۆبانێ و زۆر شوێنی تر لە سەنگەردابوو، کە هێرشبەرەکان دوو بەرەن، هەیئەی شام، دژی کوردنین، بەڵام بەرەیەکی تر هەیە ڕاستەوخۆ جاشی تورکن. کە ئامانجیان گرتنی تەل ڕەفعەت و جێگاکانی ترە.
بۆ تورک پرسەکە پەیوەندی بە پەیوەندی لەگەڵ ئەسەد و ڕوسیا و ئەمریکا و ئێرانیشەوە هەیە. لە دۆخێکی وەهادا نایانەوێت ئەسەد بکەوێت، چونکە بەرگەی ناسەقامگیریی و لێشاوی پەنابەران ناگرن. هەروەها رەنگە ڕێسەکەیان لێبکات بە خوریی.
هەرچەندە دەنگۆی کودەتا و ناسەقامگیریی هەبوو لە دیمەشق بەڵام هەست دەکەم دۆخەکە سەقامگیر دەبێتەوە. ڕوسەکان خاون لە بەرپەرچدانەوە، بەڵام کە دەستیان پێکرد دڕندەن. ئێستا دەتوانین تێزەکەی پریماکۆڤ کە دەیگوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانین گێچەڵ بۆ ئەمریکا دروست بکەین، دەکرێت پێچەوانە بکرێتەوە، بەوەی لە سوریا گێچەڵ بۆ ڕوسیا دروست بکرێت. بە جۆرێک کە سوریا لە بڕی کارت، ببڕت بە بارگرانی بۆ ڕوسیا.
لە داهاتوودا ململانێی هەرێمی لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل دەبێت بە تایبەت ئەگەر ئێران و هاوپەیمانەکانی لە لاوازبون بەردەوام بن، کورديش لە ناو ساندویچەکەدایە.
بۆ ئێران دۆخەکە زۆر زیاندمەندە، چونکە سوریا لە سیاسەتی کۆریدۆری موقاوەمەدا ڕۆڵی دڵ دەبینێت. سوریا ئەو جێگایەیە کە ئێران ئەو شەڕانە دەکات کە نایەوێت لە ماڵی خۆیدا بیکات. ئەمە بە تایبەتی کاتێک کە حیزبواللە لە گیانەڵادایە.
لاوازبونی هەردوو حیزبواللە و ئەسەد ڕەنگە ئێران ناچار بکات کە چنگی لە عێراقدا زیاتر قایم بکات. بەڵام بۆ عێراق ئەستەمە دراوسێی هێزە سونییە توندڕەوەکان بێت. ڕەنگە ئەمە ببێت بە هۆی دوو ئەگەر یەکەم، ترسی زیاتر لە سوننەی عێراق و بۆ نمونەی پاشگەزبونەوە لە یاسای لێبوردنی گشتی، یان هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی سوننە، بە تایبەتی کاتێک کە جڤاتی سوننی وزەی ئەوەی نیە جارێکی تر یاخی بێت و نوخبەکەی دەستەمۆیە.
بەڵام شیعە بە گشتی هێشتا بڕوایان بە خۆیان لاوازە. ئەمەش لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی سودانی و ئەسەددا دیارە، کاتێک عێراق سنوری دادەخات. بە جۆرێک کە عێراق لە نێوان خۆ بە دوور گرتن و داکۆکیکردن لە ئەسەددا گیری خواردوە. ڕەنگە ئەم گۆڕانکارییە ببێتە مایەی ئەوەی فشار بۆ دەرچونی ئەمریکا لە عێراق کەمبێتەوە.
ئیسرائیل سودمەندە، بەڵام لە هەمانکاتدا پێی باش نیە ئەسەد بڕوخێت یان بە هێزی توندڕەو جێگای بیگیرێتەوە. بەڵکو کودەتایەکی سەربازی ناوخۆیی پێباشە. بەڵام لە کاتی کەوتنی ئەسەددا، رەنگە ناوچەی بەفەری [دابڕ] لە جۆلان بۆ هەموو ناوچە دروزەکان فراوان بکات.
بۆ کورد وەک هەمیشە دەرفەت و مەترسییە. کردنەوەی کۆریدۆرێک بۆ حەلەب و دەستگەیشتن بە ناوچە کوردیی و مەسیحی و فرۆکەخانە بەشێکە لە ستراتیژی پەیەدە بۆ بە دەستهێنانی هێز و کارت. بەڵام لە ئێستادا رەنگە هێزەکان خۆیان لە کورد بپارێزن، بەشێکی ستراتیژە بەڵام بە زۆری تاکتیکە. بۆ هەیئەی شام، ئێران و ئەسەد گرنگن، نایەوێت شەڕی کورد بکات بۆ ئەوەی شەڕی ئەمریکا نەکات و پاشان هیچ بە دەست نەهێنێت. هێزەکانی تر، کە جیاوازن لە کەمپەینی فەتحی موبین، ئامانجیان کوردە، ئەگەر بۆمبارانی ڕوسیا نەبوایە ئێستا هێرشیان دەکرد بۆ سەر تەل ڕەفعەت.
لە کاتێکدا بەرەکان هێور دەبنەوە دەبینین جوڵە دیپلۆماسییەکان چڕ دەبنەوە.
دەرئەنجامی گشتی
یەکەم، لە داهاتودا ململانێی هەرێمی لە نێوان تورکیا و ئیسرائیلدا دەبێت، بە تایبەتی ئەگەر ئێران و هاوپەیمانەکانی لە لاوازبون دەردەوام بن. کورد لە ناو ساندویچەکەدایە.
دوو، تایفیەت کرۆکی ململانێکان دەبێت، لە ئاستی خوارەوە. ئەگەر ئێران لاواز بکرێت پرۆژەی شیعە کۆتایی دێت، ڕەنگە دەرفەتێک بێت بۆ عێراقێکی مەدەنی.
سێ، ئەمریکا جوڵەکانی سنوردار دەکات، بە گشتی تیرۆر و ئیسرائیل پاڵنەری جوڵەکانی دەبن.
چوار، شلیی دۆخەکە ئەوە دەسەلمێنێت دروستکردنی هاوپەیمانی لە نێوان هێزە هەرێمییەکان سەختە.