بە کورتی، بۆ تێگەیشتن لەوەی بزانین ئەوەی ڕوویدا لە تونس چی بوو؟ پاشان پەیوەندی بە نەهزە و عەلمانییەکانەوە چۆنە و چەندە ؟ پێویستمان بە ڕوونکردنەوەی چوار خاڵ هەیە:
1- پەیوەندیی ئەو کودەتایەی کرا بە پارتی نەهزەوە..
2- سروشتی کەسایەتیی و عەقڵیی سەرۆکی هەنوکەیی تونس..
3- هەڵەکانی پارتی نەهزە..
4- عەلمانییەکان ..
یەکەم:-
هەموو ئەو بڕیارانەی کە سەرۆکی تونس دای لە شەوی ٢٥-٧-٢٠٢١ دا، بە پاساوی تێکچونی بواری ئابوری وڵات و شکستی توێژی سیاسی دەسەڵاتدار لە وەڵامدانەوەی داخوازی و پێداویستییەکانی گەلدا بوو، واتە بەپێی وتەکانی قەیس سعەیید، سیاسی نییە و دژ بە هیچ گروپێک نییە، بە مەرجێک کە ئەو سەرۆکی حکومەتە – هشام مشیشی- بژاردەی سەرۆک خۆیەتی بەڵام کاتێ ویستی وەک بوکەڵە مامەڵەی لەگەڵدا بکات و سەرۆکی وڵات لە ڕێگای سەرۆکی حکومەتەوە حکومەتداری بکات، مشیشی قبوڵی نەکرد و لەوێوە قەیران دەستی پێکرد، گرفتی ئابوری و بێکاری و ئینجا تەشەنەکردنێکی لە ناکاوی – کۆرۆنا- شی هاتە پاڵ، حکومەت تەواو بێ دەسەڵات بوو، ژمارەی وەزیرەکانی پارتی نەهزە لە حکومەتدا – سفرە- واتە تەنانەت یەک وەزیریشی نییە..
کەواتە کودەتا دژ بە حکومەت و دۆخێکی سیاسی کراوە نەک نەهزە، بۆیە هەر هەوڵدانێ بۆ بە شەیتانکرنی نەهزە و فڕێدانی کۆی قەیرانەکان بۆ سەر شانی هەڵەیە، تەنها ڕقی ئایدۆلۆجییە، نەهزەش هەڵە دەکات کاتێ خۆی بە بەرامبەری کودەتا نمایش بکات، سەرۆک کودەتای دژ بە – دیمۆکراسی و ئازادی و دەستور کردووە- کە مۆڵکی هەموو تونسییەکانە نەک پارتێکی سیاسی دیاریکراو….
دووەم:-
ئەم هەنگاوەی قەیس سعەیید، چاوەڕواننەکراو و کتوپڕ نەبوو، خۆی هیچ ئەزمونێکی سیاسی نییە، یەکەم ئەزمونی ئەوەتا سەرۆکی کۆمارە، ڕقییەتی لە حیزبی سیاسی و پەرلەمانی و فرەیی سیاسی، باوەڕی بە سیستەمی پەرلەمان نییە و زیاتر لە بیری دیموکراتی میللی قەزاففیەوە نزیکە….دەیەوێت حکومەت لای ئەو بێت نەک پەرلەمان، ماوەیەکی زۆرە ڕێگر بوو لە دروستکردنی – دادگای دەستوریی- بۆیە تەنها خۆی تەفسیری دەستور دەکات، هەمیشە هەوڵی ناشرینکردنی پەرلەمانی داوە، من من زۆر بەکاردەهێنێت…پەیوەندیی نائاشکرای لەگەڵ ئێران و بەتایبەت شیعەدا هەیە- هەندێ لە تونسیەکان وا دەڵێن -..
سێیەم:-
هەڵەکانی نەهزە… ئەوەی ئەکرێ لێرەدا بوترێت، نەهزە لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای – تەوافوق- سازان لەگەڵ بەرامبەرەکاندا سیستمی تونسی نوێیان داڕشت و بەڕێوەیان دەبرد، بەڵام هەڵەیان کرد کە دەستییان پێوە گرت و بە هیج شێوە لاینەدا لێی، چونکە ئەوە وایکرد کە نەهزە هەمیشە سازان و شەرعاندن و ڕازیکردن بکات، نەک دروستکردنی بە دیل بۆ نەهامەتیی و خراپی دۆخەکە ..
جورعەی دیموکراتی – غەنوشی – زۆر زیاتر بوو لە ئاست واقیعی تونسدا، لە سەرەتاوە لەگەڵ – باجی قاید سپسی- دا بەیەکەوە ئیدارەی دۆخەکەیان دەکرد، بەڵام کە ئەو مرد غەنوشی بەرامبەری نەما لە عەلمانییەکان لەو ئاستەی ئەودا بێت، هەڵەی غەنوشی ئەوە بوو کە شێوازی سیاسەتی خۆیی نەگۆڕی، دانەبەزییە ئاستی واقیعی تونس، دانەبەزییە ئاستی بەرامبەرەکانی، دەبوایە واقییعییەکی – شۆڕشییانە بوایە، نەک، چاکخوازێکی- ئیدیالی-، بوونی غەنوشی لە سەرۆکایەتی پەرلەماندا زیاتر کارەکەی لەسەر قورسکرد، زۆری ڕێژەی سازشی نەهزە وایکرد کە بە سووک مامەڵەی لەگەڵدا بکەن ..
غەنوشی نەیهێشت تا بە یاسا سەرکردە و ئەندامانی حیزبەکەی بین عەلی لە کاری سیاسی قەدەغە بکرێن، ئەوەش هەڵەیەکی تری بوو..
لەکاتی توندبوونی گرژییەکانی نێوان سەرۆک و سەرۆک وەزیراندا، نەهزە پشتی سەرۆک وەزیرانی گرت، لەوانەیە بۆ ڕێگاگرتن لە هەژمونی سەرۆک بووبێت بەڵام ئەوەش هەڵەیەکی ترە..
هەڵەیەکی تری نەهزە بریتییە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، هات – عبدالفتاح مورو- ی کاندید کرد کە هەموو کەس دەیزانی دەرناچێت، پاشان دەنگی دا لە خولی دووەمدا بە قەیس سعەیید-..
چوارەم :-
ئەوەی سەیر و سەمەرەیە، هەڵوێستی عەلمانییەکانە…..
کودەتایەک خاوەنەکەی دەڵێ دژ بە گەندەڵی حکومەت و دەزگاکانی کراوە، بێیت بۆ مەرامی سیاسی و مەزهەبی بیشکێنی بەسەر نەهزەدا کە تەنانەت یەک وەزیریشی نییە، پاشان بیشکێنی بەسەر پرۆژەی ئیسلامیدا و پاشان بێی بڵێی هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە سروشتی ئیسلام لەگەڵ دیموکراسیدا ناگونجێ و ئیتر چاو دا بخەی لە کودەتا، لە دەستور شکاندن، لە خراپی سەرۆک، لە کۆی هاوبەشە عەلمانییەکان و پێکهێنەرانی ڕژێمی سیاسی ؟!، مادام کودەتا لە دووریشەوە بێت شکاندنی پارتێکی ئیسلامی تیادا هەیە، شتێکی باشە، بە ناوی ئەوەی کە دژ بە پارتێکی خاوەن مەشرەب ئیسلامیت ئیتر بێی بڵێی - من لیبراڵم ئیسلام لەگەڵ دیموکراسیدا ناگونجێت، کەواتە کودەتا مەقبوڵە - !!!، ئەمە عەقڵێکی ئایدۆلۆجیستی دۆگمایە کە بەو میتۆدە ڕووداوەکان دەکێشێت …
غەنوشی کەسایەتییەکی جیهانیی و موعتەبەرە لە ناوەندەکانی ڕۆژئاوادا، وەک بیرمەندیێکی ئازادی دیموکراتخواز پێشوازی لێ دەکرێت، کتێبی – ئازادییە گشتییەکان لە ئیسلامدا- ئینجیلی پارتە ئیسلامییەکانە، ڕووتەقییە کەسانێک بێن و گومانی نادیموکراسی بوونی بخەنە پاڵ، بە پڕوپاگەندەی لیبراڵاویی کودەتای نا دەستوری قبوڵ بکەیت وەک بنەمایەکی بە عەلمانییەت ؟؟
لەبەرمبەردا هەڵەی کۆی ئیسلامییەکان ئەوەیە کە خۆیان بە فریادڕەس و چارەسەری گشت قەیرانەکان نیشان بدەن، هەمیشە بەبێ ئاگایی خۆیان بە خاوەنی هەموو شت دەربخەن کە خاوەنی هیچ نین، پاکێتی ئایین بێنن و بیکەن بە بەری کردارەکانی خۆیاندا ….
شیروان شەمێرانی