
ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بیى
(نه‌وشیروان مسته‌فا)، بابه‌تێكى ڕه‌خنه‌یى له ژماره (2 – 3)ى، گۆڤارى ڕزگاریدا، له ژێر ناونیشانى (هه‌ژار موكریانى شایه‌رى ده‌ربارى بارزانى)، بڵاوكردووه‌ته‌وه. تێیدا چه‌ند ڕهخنهیهكى له (هه‌ژار مهكریانى)، گرتووه. چونكه (هه‌ژار موكریانى)، له جیابوونه‌وه‌كه‌ى باڵى مه‌كته‌بى سیاسیى و مه‌لا مسته‌فادا، بێلایه‌ن نه‌بووه. كۆمه‌ڵێك شیعرى ته‌رخانكردووه بۆ سه‌ر سه‌ركرده‌كانى باڵى مه‌كته‌بى سیاسیى بۆ نمونه: له شیعرێكدا ده‌ڵێت: ((خوێنى حه‌مید و مه‌حمود كاوانى نه‌فره‌ت ده‌نێرن بۆ تاڵبانى))
له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك شیعرى تردا، ئه‌گه‌ر سه‌یرى دیوانه‌كه‌ى (هه‌ژار موكریانى) بكه‌ین، ده‌بینین چه‌ندین پارچه شیعرى دژى باڵى مه‌كته‌بى سیاسیى تێدایه. (نه‌وشیروان مسته‌فا)ش، وه‌ك كه‌سێكى دیارى ناو باڵى مه‌كته‌بى سیاسیی به پێویستى زانى كه له‌و گۆڤاره‌دا مافى خۆى پێبدات و به‌رگریى له‌و هێرشانه بكات كه له لایه‌ن (هه‌ژار موكریان)ى و تاقمه‌كه‌یه‌وه ده‌كرێته سه‌ر باڵى مه‌كته‌بى سیاسیى. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌م باڵباڵێنه له گه‌رمه‌ى ململانێدابوو. گۆڤارى ڕزگاریش وه‌ك زمانحاڵى باڵى مه‌كته‌بى سیاسیى به ئه‌ركى سه‌رشانى خۆى زانى، وه‌ڵامێكى تێر و ته‌سه‌لى ڕه‌خنه‌ییانه له (هه‌ژار موكریانى)، بگرێت و سنوورێكى بۆ دابنێت. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه له هه‌ردوو ژماره‌ى (2 – 3)ى، گۆڤارى ڕزگاریدا (نه‌وشیروان مسته‌فا)، به ناوى خواستراوه‌وه كه ناوى (مامه پیره)یه، بابه‌تێكى ڕه‌خنه‌یی له ژێر ناونیشانى (هه‌ژار موكریانى شایه‌رى ده‌ربارى بارزانى)، بڵاوكرده‌وه. كه تێیدا هێرشێكى دوورودرێژ ده‌كاته سه‌ر (هه‌ژار موكریانى) و به شایه‌رى ده‌ربارى بارزانى ناوى ده‌بات.
* لێره‌دا ده‌قى ڕه‌خنه ئه‌ده‌بییه‌كه، كه (نه‌وشیروان مسته‌فا)، له شاعیرى به‌ناوبانگى كورد (عبدالرحمن شه‌ره‌فكه‌ندى)، ناسراو به (هه‌ژار موكریانى)، گرتووه ده‌یخه‌ینه‌ڕوو:
لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌ده‌بیى
هه‌ژار موكریانی
شایه‌رى ده‌رباره‌ى بارزانى
* هه‌ژار موكریانى نوێنه‌رى قوتابخانه‌ى بیروباوه‌ڕى كۆنه‌په‌رستییه له ئه‌ده‌بى كوردییدا.
* ده‌یه‌وێت دوژمنانى ڕاسته‌قینه‌ى كوردایه‌تیى له گه‌ل ونبكات و ئاگرى بوغز و كینه به‌رانبه‌ر به گه‌لانى دۆست و هاوخه‌بات خۆشبكات.
* بیروباوه‌ڕى تاكڕه‌ویى نه‌ته‌وایه‌تیى و خۆبه‌زلزانین بڵاوده‌كاته‌وه.
* له باتى ده‌رخستنى ده‌ورى قاره‌مانانه‌ى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك، ده‌ورى سه‌ركردایه‌تیى عهشایهریى و پێشه‌واى مه‌زن (!) قه‌به و گه‌وره ده‌كات.
كورته‌یه‌ك له باره‌ى ژیانى هه‌ژاره‌وه:
هه‌ژار موكریانى، له مه‌هاباد له سه‌ره‌تاى گه‌نجێتییه‌وه تێكه‌ڵاوى چالاكى سیاسیی بووه، به تایبه‌تى له سه‌ره‌تاى چله‌كاندا كه كۆمه‌ڵه‌ى (ژ.ك)، دامه‌زرا و كه‌وته بڵاوكردنه‌وه‌ى گۆڤارى نیشتیمان به كوردى.
هه‌ژار، له‌و كاته‌دا هه‌ڵگرى بیروباوه‌ڕێك بوو له چاو سه‌رده‌مى خۆیدا به پێشكه‌وتووانه داده‌نرا، به شیعر به‌شدارییه‌كى باشى كرد له وروژاندنى هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تیى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكدا. له گۆڤارى نیشتیمان‌دا گه‌لێك شیعرى له بابه‌ت كوردایه‌تییه‌وه بڵاوكردوونه‌ته‌وه. وه هه‌ر به‌و جۆره كه حكومه‌تى كوردستانیش دامه‌زرا، به شیعر ده‌ورێكى باشى بینى و یه‌كه‌م دیوانى به‌ناوى (ئاڵه‌كۆك)ه‌وه، له چاپدا. كه گه‌لێك شیعرى نیشتیمانیى و نه‌ته‌وه‌یی باشى تێدایه كه جمهورى مه‌هاباد ڕوخاو زۆربه‌ى سه‌ركرده و كاربهدهستهكانى گیران و له‌سێداره‌دران. هه‌ژار بۆ ده‌ربازكردنى گیانى خۆى له وڵات و گه‌له‌كه‌ى هه‌ڵات و بۆ عێراق ڕایكرد، پاشان بۆ سوریا و جارێكى تر بۆ عێراق گه‌ڕایه‌وه.
به درێژایی ئه‌م ماوه‌یه هه‌ژار له شیعره‌كانیدا تا ڕاده‌یه‌ك پێشكه‌وتووانه بیرى كردووه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده له دووتوێى شیعره‌كانیدا گه‌لێك جار بیروڕاى كۆنه‌په‌رستانه‌ى تێدا به‌دیده‌كرێت.
هه‌ژار وه‌ك كابرایه‌كى ده‌ربه‌ده‌ر كه له مه‌ڵبه‌ندى خۆى هه‌ڵكه‌ندراوه و په‌یوه‌ندییه‌كى ئه‌وتۆى نه‌ماوه به كه‌سوكار و گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌یه‌وه، وه له‌و ماوه‌یه‌دا په‌نایه‌كى هێمن و پڕ ئارامى ئه‌وتۆى نه‌دیوه كه به‌خۆشییه‌وه داڵده‌ى بدات و له باوه‌شى بگرێت، به‌ڵكو به هۆى زروفى سیاسیى له‌و سه‌رده‌مه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌وه نه له عێراقى نورى سه‌عیددا، وه نه له سوریادا حهسانهوهیهكى واى نه‌دیوه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كه گه‌لێك جار به چاوى بێگانهیهكى چاره‌قورس سهیریكراوه و پۆلیس ته‌نگى پێهه‌ڵچنیوه. وه هه‌ر له سێبه‌رى هه‌ندێك ماڵه ئاغا و شێخ و به‌گزاده‌دا شوێنى حه‌سانه‌وه و پشودانى بۆ خۆى دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌مانه هه‌موو گرێیه‌كى كوێر و ئاڵۆزكاویان له مێشك و بیر و ده‌رونى هه‌ژار موكریانی‌دا دروستكردووه. وه هه‌ژارى والێكردوه كه له بری ئه‌وه‌ى بیروڕاى پێشكه‌وتووانه‌ى، یا وردتر بڵێین لایه‌نه پێشكهوتووانهكهى بیرى، هه‌میشه له هه‌ڵچوون و گه‌شانه‌وه و پهرهسهندندابێت، به پێچه‌وانه‌وه ڕووبكاته نیشتنه‌وه و سیسبوون و دامركانه‌وه.
زروفى دهربهدهریى و تاڵیی و مه‌ینه‌تیى و هه‌ژاریى و ڕووت و برسێتیى له بری ئه‌وه‌ى زیاتر گڕى ئاگرى بیروڕاى شۆڕشگێڕانه و پێشكه‌وتووى هه‌ژار خۆشبكات و زیاتر جۆرى بیركردنه‌وه و هه‌ڵبژاردنى ڕێگه‌ى دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ركردنى گیروگرفته‌كانى گه‌له‌كه‌ى لا ڕۆشن و ئاشكرا بكات، ئه‌مانه هه‌مووى به‌جۆرێكى (سلبى) و خراپ كاریان كرده سه‌ر شه‌خسییه‌تى هه‌ژار و جۆرى بیركردنه‌وه‌ى، سه‌ریان لێتێكدا و توشى به‌رچاو لێڵى و ڕێگهونكردن و گومڕابوونیان كرد. تا وه‌های لێهات به جارێك ههڵخلیسكایه زه‌لكاوى كۆنهپهرستیى و بیروڕاى چه‌وته‌وه.
به‌ڵێ، گه‌لێك جار هه‌ندێك كه‌س كه هێشتا به ته‌واوه‌تى ڕێگایان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه و مه‌سه‌له‌ى خه‌باتى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى تێكه‌ڵ به بیر و هه‌ستیان نه‌بووه و به جۆرێكى عیلمى باوه‌ڕیان پێنه‌هێناوه، له‌به‌رده‌م گه‌رده‌لولى ژیان و تاڵیى و مه‌ینه‌تیى ڕێگه‌ى خه‌باتدا خۆیان پێڕاناگیرێت و له یه‌كه‌م نووچدان و ههڵهنگوتندا ڕێگه هه‌ڵه‌ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه ههڵدێرێكى واوه كه له هه‌موو شتێكه‌وه نزیكن جگه له قازانج و ده‌ستكه‌وتى گه‌ل.
شیعره‌كانى هه‌ژارى موكریانى:
من خۆم له‌به‌رئه‌وه‌ى نه شاعیرم، وه نه شاره‌زاییه‌كى ئه‌وتۆشم هه‌یه له شیعردا، نامه‌وێت له شیعره‌كانى هه‌ژار بدوێم له ڕووى ته‌كنیكى شیعرییه‌وه، وه له ڕووى هه‌ڵسه‌نگاندن و كێشانهكردنیهوه له ته‌رازووى هونه‌رى شیعردا، به‌ڵام وه‌ك یه‌كێك له دڵسۆزانى نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌كه‌م، كه خۆم به یه‌كێك له‌وانه ده‌زانم كه خاوه‌نى ده‌ستكه‌وتى ڕاسته‌قینه‌ن له سه‌ركه‌وتنى مه‌سه‌له‌ى شۆڕشى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكدا، وه یه‌كێكن له سه‌ربازه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى كوردایه‌تیى به پێى بیر و لێكدانه‌وه‌ى خۆم ڕه‌نگه تا ڕاده‌یه‌ك بزانم ته‌قدیرى ئه‌وه بكه‌م كه چى خزمه‌تى گه‌ل و نیشتمانهكهمى تێدایه و چى دوژمنایه‌تیى كردنیه‌تى؟ كه‌چى په‌ره به شۆڕشى كوردایه‌تیى ده‌دات و چى ده‌بێته كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ى ڕێگه‌ى پێشكه‌وتنى؟ كه‌چى بزوتنه‌وه‌ى شۆڕشگێڕانه‌ى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان، ئه‌و جوڵانهوهیهى چاره‌نووسى ملیۆنه‌ها كوردى چه‌وساوه‌ى پێوه‌به‌ستراوه له كرێكار و جوتیار و ڕۆشنبیران، به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنى یه‌كجاره‌كیى، یان به‌ره‌و چاڵى ههلهنگوتن و نووچدانى ده‌بات؟ جا ئه‌مه له قسه‌ى پیاوێكى ساده‌وه بیگره كه له گوزهرێكدا، یان له كارگه‌یه‌كدا، یان له كێڵگه‌یه‌كدا، یان له قوتابخانه‌یه‌كدا ده‌یكات، تا ده‌گاته ئه‌و تصریحاتى سیاسییه‌ك له سه‌ركرده و ڕابهرهكانى كورد، وه تا ده‌گاته ئه‌و شیعر و نووسین و چیرۆكانه‌ى ئه‌دیبانى كورد به‌رهه‌مى ده‌هێنن، وه تا ده‌گاته نه‌خش و نیگارى په‌نجه‌ى هونه‌رمه‌ندێك و مۆسیقا و سرودى گۆرانیبێژێك. به‌ڵێ، ئه‌گه‌رچى شاره‌زاى شیعر و گۆرانى و سرودیش نه‌بم، به‌ڵام ڕه‌نگه شاره‌زاى ئه‌وه‌بم كه چ جۆره شیعرێك و كام سرود و گۆرانى به كه‌ڵكى گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌م دێت، یان زیانى پێده‌گه‌یه‌نێت، چونكه بێگومان له كۆمه‌ڵێكى فرهچینى وه‌كو كۆمه‌ڵى ئێمه‌دا، وه له ناو گه‌لێكى وه‌كو گه‌لى كورددا، كه دووچارى چه‌ندین جۆر كێشه و گیروگرفتى كۆمه‌ڵایه‌تیى و نه‌ته‌وایه‌تیى و سیاسیى بووه. ئه‌ده‌ب وه‌ك هه‌موو به‌رهه‌مێكى سهقافیتر ده‌بێت له خزمه‌تى چینێك، یان تاقمێك، یان كۆمه‌ڵێك، یان ته‌یارێكى دیاریكراودا بێت. له قۆناغى ئێستاى خه‌باتى گه‌له‌كه‌ماندا هیچ شتێكى بێلایه‌ن، یان دوور له سیاسه‌ت له كایه‌دا نییه، هه‌رچییه‌ك هه‌یه یان خزمه‌تى گه‌ل و جوڵانه‌وه‌كه‌ى ده‌كات و پشكۆى ئاگرى خه‌باتى شۆڕشگێڕانه‌ى خۆشده‌كات، یان ده‌بێت خزمه‌تى به‌ره‌ى دوژمنانى گه‌ل و جوڵانه‌وه‌كه‌ى بكات ئیتر سا به ئاشكرا و دیاریى بێت، وه یاخود به په‌نهانیى و ژێرزارهكیى بێت.
دوو جۆره بیركردنه‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنى گیروگرفتى كورد:
گیروگرفته‌كانى كورد، هه‌مووى له‌و سه‌رچاوه لیخنه‌وه هه‌ڵقوڵیوه، كه بریتییه له بێبه‌شكردنى گه‌لى كورد له مافه‌كانى، وه له سه‌روو هه‌موویه‌وه مافى بڕیاردانى سه‌ربه‌ستانه‌ى چاره‌نووسى خۆى، نه‌ته‌وه‌ى كورد وه‌ك یه‌كێك له‌و نه‌ته‌وانه‌ى كه گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ى دیل و دابه‌شكراوه، توشى چه‌وساندنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تیى و چینایه‌تیى بووه، له‌به‌رئه‌وه‌ى كه كۆمه‌ڵى كورد چه‌ند چین و تاقمێكى كۆمه‌ڵایه‌تیى و جیاوازى تێدایه و هه‌ریه‌كه و ده‌ستكه‌وتى ئابوریى و پایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیى جیاوازه و به‌و پێیه‌ش جۆرى بیركردنه‌وه‌ى له شێوه‌ى دیاریكردنى گیروگرفته‌كانى گه‌لى كورد و ئوسلوبى خه‌بات و ڕێگه‌ى به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانیدا جیایه. شتێكى ئاساییه كه جۆرى بیركردنه‌وه‌ى ئه‌م چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى كورد له ڕووى دیاریكردنى گیروگرفته‌كانى كورد و ڕێگه‌ى چاره‌سه‌ركردنى جیاوازبێت له هى چینێكى كۆمه‌ڵایه‌تى تر.
ده‌ره‌به‌گ و سه‌رمایه‌داره‌كانى كورد، ئاغا و به‌گزاده و شێخ و كوێخا، سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌ند بازرگان و دوكاندارى گه‌وره و قۆنتهراتچى و مووچه‌خۆره گه‌وره‌كان به جۆرێك، وه جوتیار و كرێكار و ڕ‌ۆشنبیرانى شۆڕشگێڕ، ڕه‌نجده‌ران و چینه زهحمهتكێشهكانى كورد به جۆرێكى تر. تاقمى یه‌كه‌م، كه له تاریكترین ڕۆژه‌كانى ژیانى گه‌لى كورددا، خۆشگوزه‌رانى خۆى و ئاسوده‌یی و به‌ختیاریى و ڕاپه‌ڕاندنى ئیشوكاره‌كانى هه‌ر مسۆگه‌ربووه، هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت له ئازادیى كورد و ڕزگاریى كوردستان وابكات كه زیاتر بوارى چه‌وساندنه‌وه‌ى ڕه‌ش و ڕووت و كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستانى هه‌بێت، وه ئه‌گه‌ر باسى كوردایه‌تیى و خه‌باتكردن بكات، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه كه خۆى زیاتر به‌خاوه‌ن هه‌ق ده‌زانێت له چه‌وساندنه‌وه‌ى كورد و كه‌ڵكوه‌رگرتن له سامانى كوردستان و بازاڕهكهیدا وه‌ك له بۆرجوازى و ده‌ره‌به‌گى عه‌ره‌ب و فارس و تورك. له كاتێكدا كه تاقمى دووه‌م، به ته‌نها له ته‌نورى چهوساندنهوهیهكى فراوان و چه‌ند لاییدا ده‌برژێت، له لایه‌كه‌وه ئیمپریالیزم كه لووتى ژهندووهته وڵاته‌كه‌وه و ڕه‌نجى شان و ماندوبوونى ئه‌م تاڵان ده‌كات به هۆى دهستتێكهڵاوكردنى چینى ده‌ره‌به‌گ و بورجوازى خۆماڵى له‌گه‌ڵ بێگانه‌دا، وه له لایه‌كى دیكه‌وه چه‌وساندنه‌وه‌ى چینایه‌تیى له سه‌رده‌ستى ده‌ره‌به‌گ و بورجوازى هاونه‌ته‌وه‌یى، سه‌ربارى ئه‌مانه‌ش هه‌موو چه‌وساندنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تیى له لایه‌ن چینه كاربه‌ده‌سته چهوسێنهرهكانى نه‌ته‌وه‌ى كاربه‌ده‌سته‌وه: به‌م چه‌شنه له ڕیزى بزوتنه‌وه‌ى كوردایه‌تییدا دوو جۆره بیركردنه‌وه هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنى گیروگرفته‌كانى كورد:
بیركردنه‌وه‌ى یه‌كه‌م:
هى چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه چهوسێنهرهكانه، كه خۆیان ئازاردانێكى وایان به‌سه‌ره‌وه نییه و له شۆڕش و جوڵانه‌وه‌ى پێشكه‌وتووانه‌ى جه‌ماهیردا نه‌ك هه‌ر هیچیان ده‌ستگیرنابێت و به‌س، به‌ڵكو ڕه‌نگه بنچینه‌ى هه‌ندێك ده‌ستكه‌وت و قازانجى ئابوریى و كۆمه‌ڵایه‌تییان به جارێك هه‌ره‌س بهێنێت. جا جۆرى بیركردنه‌وه‌ى ئه‌مانه پشتنهبهستنه به كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى، به كرێكار و جوتیار و خوێنده‌وارانى ڕ‌ۆشنبیرى شۆڕشگێڕ كه خاوه‌نى ڕاسته‌قینه‌ى شۆڕشن. وه باوهڕنهكردنه به هێز و تواناى گه‌ل. بڕوانه‌بوونه به ڕێكخستنى پارتى پێشڕه‌و و ته‌نزیمى عه‌سرى، به پێچه‌وانه‌وه پشتبه‌ستن به عه‌شایه‌ر و نفوزى سهرۆكعهشیرهت و ده‌ره‌به‌گ، دۆستایهتییكردنى ئیمپریالیزم و كۆنهپهرستیى، دوژمنایهتییكردنى بیروباوه‌ڕى پێشكه‌وتووانه و پیشاندانى گه‌لانى دۆست و هاوپه‌یمان به دوژمن و داگیركه‌ر، بۆیاخكردنى جوڵانه‌وه‌ى گه‌ل و ناكۆكى نێوان ئه‌م و ئیمپریالیزم و كۆنهپهرستیى و نوێگهرهكانى به بۆیه‌ى زۆرانبازیى و ناكۆكى نێوان نه‌ته‌وه‌یه‌ك و نه‌ته‌وه‌یه‌كى تر. بڵاوكردنه‌وه‌ى بیروڕاى كۆنه‌په‌رستانه‌ى شێتگیریى و خۆ بهزلزانینى نه‌ته‌وایه‌تیى و گۆشه‌گیریى و تاكڕه‌ویى، خه‌باتى گۆشه‌گیریى و تاكڕه‌ویى خه‌باتى نه‌ته‌وایه‌تیى.
بیركردنه‌وه‌ى دووه‌م:
هى چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه چه‌وساوه‌كانه، كه خۆیان خاوه‌نى ده‌ستكه‌وتى ڕاسته‌قینه‌ن له شۆڕشدا و ئه‌مان ئازاردانى نه‌ته‌وایه‌تیى و چه‌وساندنه‌وه‌ى چینایه‌تیى (كۆمه‌ڵایه‌تیى و ئابووریى)یان، به‌سه‌ره‌وه‌یه. وه له شۆڕشدا ئه‌گه‌ر شكان هیچیان نییه بیدۆڕێنن و ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتن نیشتمانێكى فراوانیان له به‌رده‌مدایه بیبه‌نه‌وه. جۆرى بیركردنه‌وه‌ى ئه‌مانه هه‌ڵبه‌ته پشتبه‌ستنى ته‌واوه به كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى، به كرێكار و جوتیار و ڕ‌ۆشنبیرانى شۆڕشگێڕ، ڕێگه‌ى گرێدانى خه‌باتى خۆیانه به خه‌باتى شۆڕشگێڕانه‌ى گه‌لانى جیهانه‌وه بۆ له‌گۆڕنانى ئیمپریالیزم و كۆنهپهرستیى، ڕێگه‌ى خه‌باتى، موشتهرهكه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانى دراوسێیدا به هێنانه سه‌ركارى ده‌سه‌ڵاتى چینه چه‌وساوه‌كان، ڕێگه‌ى پشتبه‌ستن به تۆڕى زانستیى ته‌نزیمى عه‌سرى پارتى پێشڕه‌و. ماڵینهوهى نفوزى ده‌ره‌به‌گ. تاقمه كۆنهپهرستییهكانى خۆماڵى.
ده‌ورى ئه‌ده‌ب له‌م مه‌یدانه‌دا:
جا هونه‌ر به تێكڕایی و ئه‌ده‌ب به تایبه‌تى ده‌بێت له‌م مه‌یدانه‌دا په‌یامى خۆى به‌جێبهێنێت. ئه‌ده‌ب و شیعر وه‌ك به‌شێك له‌و شتانه‌ى كه كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى ئاڕاسته‌ده‌كات و كارده‌كاته سه‌ر هه‌ست و بیروڕایان، له‌م كۆمه‌ڵه‌ى ئێمه‌دا كه بزوتنه‌وه‌كه‌ى دوو جۆر بیركردنه‌وه‌ى تێدایه، وه جوڵانه‌وه‌كه كه دوورییه‌كى جیاوازى له‌یه‌ك دوورى گرتووه‌ته‌به‌ر، یان بڵاوكه‌ره‌وه‌ى بیروڕاى تاقمى یه‌كه‌م ده‌بێت، وه یاخود هى دووه‌م بێلایه‌ن، یان ئه‌ده‌بى ڕووت، یان هونه‌رى ڕووت له گۆڕێ نییه. به تایبه‌ت كه شاعیر و ئه‌دیبه‌كان هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ر به چینێكى كۆمه‌ڵایه‌تین وه بیروڕا و بیركردنه‌وه‌یان مۆرى ئه‌و چینهیان پێوه‌ده‌بێت و ده‌ستكه‌وت و قازانج و هه‌ڵوێستى چینهكهیان.
هه‌ر به‌و جۆره ئهدهبگهردیى دوو ڕێچكه‌ی گرتووه:
ڕێچكه‌ى یه‌كه‌م:
بیروڕاى چینه چه‌وسێنه‌ره‌كان ده‌رده‌بڕێت، هه‌ڵوێست و ده‌ستكه‌وت و قازانجى ئه‌وان، جۆرى بیركردنه‌وه‌یان له چاره‌سه‌ركردنى مه‌سه‌له‌ى كورددا، ئوسلوبى ئیشكردنیان له هێنانه‌دى ئامانجه‌كانیان. كه بریتییه له جنێودان به گه‌لانى تر، پیشاندانى زۆرانبازیى نێوان كورد و ئیمپریالیزم و كۆنهپهرستیى به زۆرانبازیى و دوژمنایه‌تیى كورد و عه‌ره‌ب و فارس و تورك و بڵاوكردنه‌وه‌ى بیروڕاى شێتگیریى نه‌ته‌وایه‌تیى و خۆبه‌زلزانین، هه‌وڵدان بۆ ڕاكێشانى جوڵانه‌وه‌كه به كوێرهڕێى تاكڕه‌ویى نه‌ته‌وایه‌تییدا، ستایشكردنى سهرۆكعهشیرهت و قه‌به‌كردنى، ژیاندنه‌وه‌ى نفوزى ده‌ره‌به‌گ و سه‌رمایه‌دار و وه‌جاخزاده. ئه‌مانه له قاڵبى ئه‌ده‌بدا داده‌ڕێژێت، له شیعر و نووسین و چیرۆكه‌كانیان باسى ده‌كه‌ن.
ڕێچكه‌ى دووه‌م:
بیروڕاى چینه چه‌وساوه‌كان ده‌رده‌بڕێت، هه‌ڵوێست و ده‌ستكه‌وت و قازانجى كرێكاران و جوتیاران و ڕ‌ۆشنبیرانى شۆڕشگێڕ، جۆرى بیركردنه‌وه‌ى ڕه‌نجده‌رانى كوردستان له چاره‌سه‌ركردنى مه‌سه‌له‌ى كورددا، ئوسلوبى خه‌باتكردنیان ده‌نوێنێت، كه بریتییه له بڵاوكردنه‌وه‌ى گیانى دۆستایه‌تیى گه‌لان و دانانى خه‌باتى خۆى به ئه‌لقه‌یه‌ك له زنجیره‌ى خه‌باتى گه‌لانى سه‌ر زه‌وى دژى ئیمپریالیزم و كۆنهپهرستیى له پێناوى به‌دیهێنانى جیهانێكى دوور له ئازاردانى نه‌ته‌وایه‌تیى و چه‌وساندنه‌وه‌ى چینایه‌تیى. گرێدانى خه‌باتى شۆڕشگێڕانه‌ى خۆى به خه‌باتى نه‌ته‌وه‌كانى دراوسێى، به خه‌باتى نه‌ته‌وه‌كانى عه‌ره‌ب و فارس و توركه‌وه، بڵاوكردنه‌وه‌ى بیروڕاى یه‌كسانیى و چونیهكیى، تمجیدكردنى گه‌ل وه‌ك پاڵه‌وانى ڕاسته‌قینه و هێزى دروستكهرى مێژوو، ماڵینهوهى نفوزى ده‌ره‌به‌گ و سه‌رمایه‌دارانى نۆكه‌ر. ئه‌م بیروڕایانه له قاڵبى ئه‌ده‌بدا داده‌ڕێژێت، وه به شیعر و نووسین و چیرۆك ده‌ریده‌بڕێت و ده‌ینوێنێت.
هه‌ژار موكریانى كام ڕێچكهیانى گرتووه؟ هه‌ژارى موكریانى له كاتێكدا كه له سه‌ره‌تاى چله‌كان و تا سه‌ره‌تاى په‌نجایش ڕێگه‌ى دووه‌مى گرتبوو، كه ڕێگه‌ى چینه چه‌وساوه‌كانه، له كۆتایی په‌نجاكان و به درێژایی شه‌سته‌كان له ڕێگه‌ى دووه‌م هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه، وه وه‌چه‌رخانێكى گه‌وره له فیكرى هه‌ژاردا ڕوویدا به جارێك خۆى هاویشته باوه‌شى چینه چهوسێنهرهكانهوه و له‌گه‌ڵ كاروانى ئه‌واندا به كوڵ و دڵ كه‌وته ڕێگاى و بیروڕاى ئه‌وانى له قاڵبى شیعره‌كانیدا ده‌رده‌بڕین.
* كه‌وته بڵاوكردنه‌وه‌ى بوغز و كینه به‌رانبه‌ر به گه‌لانى دۆست و هاوخه‌باتى كورد، جنێوپێدان و پێدا ههڵخوێندنى ناشرین و ناو و ناتۆره‌ى ناقۆڵا نوساندن به‌و گه‌لانه‌وه. بۆئه‌وه‌ى كه‌وا له كورد بگه‌یه‌نێت نیشتمانه‌كه‌ى عه‌ره‌ب و فارس و تورك داگیریكردووه، له كاتێكدا كه ده‌بوو وه‌كو ڕۆڵه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كى زۆرلێكراو هه‌میشه له شیعره‌كانیدا هه‌وڵى بدایه كه ئه‌و كاردانه‌وه (رد الفعل)ه، خراپه‌ى چه‌وساندنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تیى هه‌یه‌تى وهرنهگهرێت به بوغزاندنى نهتهواكانى تر، چونكه چینه چه‌وساوه‌كانى ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ش دۆست و هاوپه‌یمانى جوڵانه‌وه‌ى كوردایهتیین، كه به‌شێكه له بزوتنه‌وه‌ى گه‌لانى جیهان.
ئاخ چبكه‌م گه‌ردون نهرهسه
كوردستان ئه‌مڕۆ بێ كه‌سه
یه‌خسیرى ده‌ستى توركانه
داگیركراوى ئێرانه
یان بابه‌تى مارمێلكه خۆر
تێر‌و هاتوون ده‌یبه‌ن به‌زۆر
گول و دهل و ڕێوى و چه‌قه‌ڵ
ده‌گه‌وزن له‌جێى فیل و كه‌ل
فسوس و كه‌روێشك و دهلهك
لانیان كرد له بورجى به‌له‌ك
شه‌م شه‌مه و مشكه تۆپیون
له‌قه‌ڵاى سه‌ردار خزیون
له‌جێى خانزادى شه‌قڵاوه
وشترى گه‌ر ئیخ دراوه!!
ده‌ك فه‌له‌ك ته‌ختت وه‌رگه‌ڕێ
ئاگر له به‌ختت هه‌ڵگه‌ڕێ
توركى حیز، تریاكى ئێران
خولكارن له‌سه‌ر دلێران!!
له هه‌ڵبه‌ستى (من و بولبول، سوریا، 1957) ل 30، دیوانى بۆ كوردستان، چاپخانه‌ى میتانى، بیروت، 1966
خوێنى پێى له‌شى سیسى عه‌ره‌بان
گوڕ و فیچقه‌ى بوو له‌بان تیخى ده‌بان
له هه‌ڵبه‌ستى (به‌ره‌و موكریان، د.128، هه‌مان سه‌رچاوه.
* جگه له‌مه‌ش هه‌ژارى موكریانى گۆرانى به ڕه‌نج و فیداكاریى و خۆبهختكردنى گه‌لا نالى،
كاوه‌ى مه‌زنمان بارزانى
كاوه‌ى پێشوو به قوربانى
تا سه‌ردارمان بارزانییه
ترسێك له ئارادا نییه..
وا بۆت نزیك كردین به‌هار
ده‌ستم دامێنت هه‌زارجار
ههورازێكمان لهبهرماوه
له‌ودیو خوشى و تاوساوه
پێشمان كه‌وه له‌و ڕێبازه‌ش
وهسهرمانخه له‌و ههورازهش
هه‌مو كورد چاوى له تۆیه
هه‌ر تۆى ههبى سه‌ربه‌خۆیه
ده‌رمان بێنه له هه‌ژارى
بمانخه سه‌ر ڕێى ڕزگارى
له هه‌ڵبه‌ستى (كاوه‌ى مه‌زن، كویسنجاق، 1963) ، ل86،87، هه‌مان سه‌رچاوه.
له كوردستان تۆمان هه‌بێ بهسمانى
بۆ پێشه‌وه پێشمان كه‌وه بارزانى
له دواته‌وه‌ین باب و برا و كهسمانى
بۆ پێشه‌وه پێشمان كه‌وه بارزانى
لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌ده‌بى
هه‌ژارى موكریانى
شایه‌رى ده‌رباره‌ى بارزانى
* هه‌ژارى موكریانى نوێنه‌رى قوتابخانه‌ى بیروباوه‌ڕى كۆنه‌په‌رستییه له ئه‌ده‌بى كوردییدا.
* ده‌یه‌وێت دوژمنانى ڕاسته‌قینه‌ى كوردایه‌تیى له‌گه‌ڵ ونبكات و ئاگرى بوغز و كینه به‌رانبه‌ر به گه‌لانى دۆست و هاوخه‌بات خۆشبكات.
* بیروباوه‌ڕى تاكڕه‌وى نه‌ته‌وایه‌تیى و خۆبه‌زلزانین بڵاوده‌كاته‌وه.
* له باتى ده‌رخستنى ده‌ورى قاره‌مانانه‌ى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك، ده‌ورى سه‌ركردایه‌تیى عهشایهریى و پێشه‌واى مه‌زن (!) قه‌به و گه‌وره ده‌كات.
پاشماوه‌ى ژماره‌ى پێشوو
شه‌ڕى كوردایه‌تیى له‌گه‌ڵ كێدایه؟ ئاخۆ عه‌ره‌ب و تورك و فارس دوژمنى نه‌ته‌وه‌ى كورد و داگیركه‌رى كوردستانن یان نا؟ وه ئه‌گه‌ر وانییه كێ كورد و كوردستانى دیل و دابه‌شكردووه و مافه‌كانى زه‌وتكردووه؟ وه ئاخۆ گه‌لى كورد له كام ڕێگه‌وه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستده‌هێنێت؟ له ڕێگه‌ى دوژمنایهتییكردنى عه‌ره‌ب و فارس و توركه‌وه، یاخود له ڕێگه‌ى خه‌باتى پێكه‌وه‌یى كورد؟ گه‌لانى دراوسێى ئاخۆ هێزى بزوێنه‌رى مێژووى كورد و دروستكهرى بزوتنه‌وه‌ى كورد فڵان سه‌ركرده، یا فیساره سهرۆكعهشیرهته، وه یاخود كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى زۆرلێكراو و چینه چه‌وساوه‌كانى كورده؟! وه ئه‌ده‌ب له‌م گێژاوه‌دا ده‌بێت بڵاوكه‌ره‌وه‌ى كام جۆره بیروباوهڕهبێت؟
بزوتنه‌وه‌ى كوردایه‌تیى، هه‌روه‌كو هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌كى تر ناوه‌ڕۆكێكى چینایه‌تیى هه‌یه، بزوتنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵانى ڕه‌نجده‌رى كورده، هی چینه چهوساوهكانیهتى، هى كرێكار و جوتیار و ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕه. هه‌ر به‌م پێیه بزوتنه‌وه‌ى كوردایه‌تیى، هێزى به‌ره‌ى دوژمنان دیاریده‌كات و لهشكرهكهى هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت كه كێیه و كێ نییه، وه له‌شكرى بنچینه‌یی خۆیشى، دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانى ده‌دۆزێته‌وه و دیاریده‌كات. جوڵانه‌وه و ڕاپه‌ڕیینه شۆڕشگێڕهكانى گه‌لى كورد به درێژایی قۆناغه‌كانى ڕابردوو له‌به‌رئه‌وه سه‌ركه‌وتنێكى كاریگه‌ریان به‌ده‌ستنه‌هێناوه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو ڕه‌نج و قوربانیى و تهقهللایهى بێباكانه داویه‌تى، چونكه نه‌یتوانیوه دۆستانى ڕاسته‌قینه له دۆژمنانى ڕاسته‌قینه به ته‌واوه‌تى جیابكاته‌وه، تا له‌گه‌ڵ دۆستانى ڕاسته‌قینه یه‌كبگرێت و خه‌باتى گرێبدات و په‌لامارى دوژمنانى ڕاسته‌قینه بدات و له ناویبهرێت. جا هه‌ژارى موكریانى ئه‌مڕۆش ده‌یه‌وێت كورد به‌هه‌مان كوێرهڕێگادا ببات، وه هه‌مان بیروباوه‌ڕى چه‌وت بڵاوبكاته‌وه له ڕیزى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستاندا، تا دۆستان و دوژمنانى ڕاسته‌قینه‌یان لێ تێكبچێت و جارێكى دیكه بزوتنه‌وه‌ى كوردایه‌تیى له گۆمى خوێن و فرمێسكدا نوقم ببێته‌وه به بێئه‌وه‌ى هیچ ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆى دهستگیربووبێت.
* كوردێكم ده‌وێ چاپك و بته‌و سه‌فه‌رێك هه‌یه بۆم بكا به‌شه‌و
نه‌هێڵێ تورك و عه‌جه‌م بزانن داگیركه‌ران له كوردستانن له هه‌ڵبه‌ستى (نامه بۆ وارشه‌و، به‌غداد، 1955، ل18 هه‌مان سه‌رچاوه.
* عه‌ره‌ب، تورك و فارس له‌سه‌ر خاكى تۆ
سێ دڕكن له‌سه‌ر سینه‌ى چاكى تۆ له هه‌ڵبه‌ستى (سرود، سوریا، 1956) ل22، هه‌مان سه‌رچاوه
* لاى توركه نیوه‌ى گه‌لانم عه‌جه‌م به‌ربونه لولاكم
عاره‌بیش به‌شى خۆى ده‌وێ قاپێك لیره قاپێك له‌وى له هه‌ڵبه‌ستى من و بولبول، سوریا، 1957) ل31-32، هه‌مان سه‌رچاوه
* بلى: كورد له‌سه‌ر دنیا مردوه ده‌مێكه قیامه‌ت له‌وان ڕابووه بێ به‌رگ و پێڵاو، بێ نان و بێ دون
تورك و عه‌جه‌م و عاره‌ب دهیانجون لهههڵبهستى (ته‌لقین به كوردى، سوریا، 1957) ل41، هه‌مان سه‌رچاوه
* كوردیش زۆر جوانن به‌ڵام ئه‌سیرین!
له‌ده‌ست داگیركه‌ر به‌جوانى پیرن!
گیرۆده‌ى ده‌ستى تورك و ئێرانن
له‌نگم داخوازى یاریده دانن لهههڵبهستى (وه‌رام بۆ كچێكى سۆڤیه‌تى، مۆسكۆ، 1959، ل53، هه‌مان سه‌رچاوه.
كێن دۆسته ڕاستهقینهكانى كورد؟ وه كێن دوژمنه ڕاستهقینهكانى؟ هه‌ژار له ژێر په‌رده‌ى هه‌ندێك ڕواڵه‌تى پێشكه‌وتووانه‌دا ده‌یه‌ویت به هه‌ڵه‌مان ببات و گومڕامان بكات، له ژێر په‌رده‌ى ستایشكردنى شوڕهوى و لینین و سه‌ركه‌وتنه‌كانى یه‌كێتیى سۆڤیه‌تدا ده‌یه‌وێت دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى كوردایهتییمان لێ بگۆڕێت، دۆسته‌كانمان لێبكات به دوژمن و دوژمنه‌كانمان لێبكات به دۆست، وه جوڵانه‌وه‌كه‌مان به كوێرهڕێگهى تاكڕه‌وى نه‌ته‌وایه‌تییدا به‌ره‌و هه‌ڵدێرى شكان و له‌ناوچوون ببات.
دوژمنه‌كانى كورد، بریتییه له ئیمپریالیزمى جیهانى، له چینه چهوسێنهرهوهكانى كورد (ده‌ره‌به‌گ و سه‌رمایه‌دارى خۆفرۆشتوو و موچه‌خۆره گه‌وره‌كان)، كۆنهپهرستانى نه‌ته‌وه‌كانى دراوسێ و دوور، چینه كاربهدهستهكانى نه‌ته‌وه‌ى زاڵ، ئه‌مانه‌ن كه كورد و كوردستانیان به‌م ده‌رده بردووه، ئازاردانى نه‌ته‌وایه‌تیى و چه‌وساندنه‌وه‌ى چینایه‌تیى، هه‌ژارى و ڕهشوڕوتیان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه. له سه‌روه‌ت و سامانى نیشتمانی خۆى و له ڕه‌نج و ماندوێتیى و بازووى خۆیان بێبه‌شكردووه. وه ڕێگه‌ى به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانیان گرتووه و مافه‌كانیان زه‌وتكردووه.
به‌ڵام دۆسته‌كانى كورد، بریتییه له چینه ڕهنجدهرهكانى كورد. له چینه زهحمهتكێشهكانى كه به چینه زه‌حمه‌تكێش و چه‌وساوه‌كانى نه‌ته‌وه‌ى كاربهدهستیشهوه، گه‌لانى ئازادییخواز، هێزه پێشكه‌وتوو و شۆڕشگێڕهكانى جیهان.
جا هه‌ژارى موكریانى به هه‌موو هێزى خۆیه‌وه ده‌یه‌وێت وا له كورد بگه‌یه‌نێت كه عه‌ره‌ب و تورك و فارس، نیشتمانه‌كه‌یان دابه‌ش و داگیركردووه و سه‌روه‌ت و سامانى به تاڵان ده‌به‌ن و نایه‌ڵن بگات به ئامانجه پیرۆزه‌كانى، هه‌ر وه‌كو عه‌ره‌ب و فارس و تورك خۆیان له به‌هه‌شتى ئازادیى و سه‌رفرازیى و خۆشیى و ئاسوده‌ییدا بژین.
هه‌ژارى موكریانى، له دیوانه‌كه‌یدا كه گوایه به‌ناوى (بۆ كوردستان)ه‌وه، له چاپخانه‌ى میتانى له به‌یروت ساڵى (1966) چاپیكردووه، له‌زۆربه‌ى ههڵبهستهكانیدا ئه‌م بیره چه‌وته دووباره‌ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر كار له خوێنه‌رانى شیعره‌كانى بكات. له هه‌موو بۆنه‌یه‌ك و له هه‌موو بابه‌تێكدا ده‌یڵێت و ده‌یڵێته‌وه... جا با چه‌ند نمونه‌یه‌كى تر وه‌ربگرین له دیوانه‌كه‌ى، چونكه كورد گوته‌نى: مشتێ نمونه‌ى خهروانێكه.
* به‌ڵام! ئه‌وا یه‌كدو ساڵه بێ جه‌ژن و ژیانمان تاڵه
.......... ...........
عه‌ره‌ب حهزیاى خواردنمان بوو داواكارى مردنمان بوو
له‌سه‌ر خاكى كورده‌وارى ڕه‌ش و بابه‌تى دابارى له هه‌ڵبه‌ستى (كاوه‌ى مه‌زن، كۆیسنجاق، 1963)، ل85-86، هه‌مان سه‌رچاوه
* هێزى ده‌ست و تفه‌نگى تۆ هه‌یبه‌ت و زه‌بر و زه‌نگى تۆ
پاپهتى له‌ترسان مردن جهههندهمى لێ پڕكردن له‌هه‌مان شوێنه‌وه
* له‌سه‌ر زاگرۆس بگرمێنێ تورك و عه‌جه‌مان بدوێنێ
خۆبگرن توڕه‌مه توڕه لهكوێتانه كارم زۆره له هه‌ڵبه‌ستى (په‌له هه‌ورێك، به‌غداد، 1958) ل49، هه‌مان سه‌رچاوه
* تۆزێ ڕاوه‌سته.. ئیتر گوێ هه‌ڵخه ڕاخه كهولى عه‌جه‌م و خوى هه‌ڵخه
نیشتمانم كه ڕوانیم وا دیله باغى وا خۆش به‌ره‌ڵاو بێ چیله
توركى توڕ توڕ ئه‌دا بۆ به‌ر پێ لێى ده‌گه‌وزن عه‌ره‌بى بێ ده‌رپێ
مشكه كوێره‌ن عه‌جه‌م و ڕیشه بڕن خێوى باغ برسیه ئه‌و تیرومرن لهههڵبهستى (به‌ره‌و موكریان، ل105-114، هه‌مان سه‌رچاوه
هه‌ژارى موكریانى، به‌م جۆره ده‌یه‌وێت بیروڕاى كۆنه‌په‌رستانه بئاخنێته ڕیزى بزوتنه‌وه‌ى كوردایه‌تییه‌وه، وه گه‌راى بوغز و كینه به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانى دۆست و هاوخه‌باتى كورد بچێنێت و ناكۆكى و دوژمنایه‌تیى بنه‌ڕه‌تى نێوان گه‌لى كورد و ئیمپریالیزم و كۆنهپهرستیى له‌بیر كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى بباته‌وه و جه‌نگى نێوان كوردایه‌تیى و دوژمنه‌كانى به جه‌نگى نێوان كورد و عه‌ره‌ب و تورك و فارس پیشان بدات، ژه‌هرى خۆبهزلزانینى نه‌ته‌وایه‌تیى و تاكڕه‌ویى و گۆشه‌گیریى بڕێژێت.
جا لێره‌دا با وچانێك بده‌ین و ئه‌و بیروڕایانه‌ى هه‌ژار له‌قاڵبى شیعردا ده‌یدا به گوێى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستاندا، بخه‌ینه سه‌ر ده‌زگاى شیكردنه‌وه و لێدوان، كه بۆچى ده‌بێت به توندى بچین به‌گژ ئه‌م جۆره بیروڕایانه‌دا، وه مه‌ترسى بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م بیروڕایانه چییه بۆ سه‌ر كورد و جوڵانه‌وه‌ى شۆڕشگێڕانهكهى؟
گه‌لى كورد، ماوه‌یه‌كى درێژه دووچارى چه‌وسانه‌وه و ئازاردانى نه‌ته‌وایه‌تیى بووه، گه‌لێك جار لێى قه‌ده‌غه‌كراوه زمانى زگماگى خۆى به‌كاربهێنێت، نووسین و ڕۆژنامه و كتێبى هه‌بێت، شانازى به ڕابردووى پڕ شانازییه‌وه بكات و گه‌شه بدات به زمان و سه‌قافه‌ت. ئازادیى و دیمو‌كراتى هه‌بێت. وه بگره هه‌ندێك جار وا بووه كه‌وتووه‌ته ژێر گیروگرفتى چه‌وساندنه‌وه و زۆرلێكراوییهوه. ئه‌وه بووه كه هیچى كه‌متر نه‌بووه له جیاوازى ڕهگهزایهتیى. جا له باره، هه‌ڵبه‌ته له ناو كورددا كاردانه‌وه‌یه‌كى خراپى ده‌بێت به تایبه‌تى له ناو ئه‌وانه‌دا كه ئاستى هۆشیاریى سیاسی‌یان نزمه، كورد ڕاسته‌وخۆ كێ ده‌بینێت ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى مافه‌كانى لێگرتووه، كێ نایه‌ڵێت به زمانى خۆى بخوێنێت و بنووسێت و بدوێت؟ كێ نایه‌ڵێت گه‌شه بدات به سه‌قافه‌ت و ئه‌ده‌به‌كه‌ى؟ كێ ئاگر به‌رده‌داته خه‌رمان و كێڵگه و شار و گونده‌كانى؟ كێ ڕۆڵه ئازادییخوازهكانى ده‌گرێت و ده‌یكوژێت؟ بێگومان له هه‌موو ئه‌مانه‌دا به ڕاده‌ى یه‌كه‌م ڕۆڵه‌كانى نه‌ته‌وه‌ى زاڵ و كاربه‌ده‌ست ده‌بینیت، له‌به‌رئه‌وه بوغز و كینه به‌رانبه‌ر به‌و نه‌ته‌وه‌یه په‌یداده‌كات، وه ئه‌و نه‌ته‌وانه به تێكڕایی به مه‌سئول ده‌زانن كه حوكمیان به ناوه‌وه ده‌كردن و له‌و تاوان و خراپییانهدا كه به‌رانبه‌ر گه‌له بچوك و دیله‌كان ده‌كرێت. له‌مه‌دا، چینه چهوسێنهرهوهكان به ڕواڵه‌ت چه‌ند چین و تاقمێكى تریش ده‌كه‌ن به هاوبه‌شى خۆیان، كه نه ئه‌و چین و تاقمانه، گه‌له بچوك و دیله‌كان ده‌چه‌وسێننه‌وه، نه كه‌ڵك و ده‌ستكه‌وتێكى ئابوریى و كۆمهڵایهتییشیان له چه‌وساندنه‌وه‌ى ئه‌و گه‌لانه‌دا هه‌یه. به‌ڵكو خۆیشیان له لایه‌ن ئه‌و چینه چه‌وسێنه‌ره كاربه‌ده‌ستانه‌وه دهڕوتێنرێنهوه، ئازار ده‌درێن كه گه‌لانى دیكه ده‌چه‌وسێننه‌وه.
گه‌لانى عه‌ره‌ب و فارس و تورك، كه حوكمیان به ناوه‌وه ده‌كرێت، خۆیشیان وه‌ك كورد هه‌میشه له ژێر بارى ئازاردان و چهوساندنهوهدابوون، چونكه خۆیان هه‌رگیز به ڕاستى له‌سه‌ر حوكم نه‌بوون و ده‌سه‌ڵاتى سیاسی‌یان به‌ده‌سته‌وه نه‌بووه. هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه چه‌ند چین و تاقمێك كهمهلایهنى جیاوازى تێدابێت، بێگومان چینێك، یان هه‌ندێك له‌و چینه كۆمه‌ڵایه‌تییانه حوكمیان به‌ده‌سته‌وه ده‌بێت و زه‌بر و زه‌نگى دیكتاتۆریى و چینایه‌تیى خۆیان به‌كارده‌هێنن به‌رانبه‌ر به چینه‌كانى تر‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆیان. وه به‌رانبه‌ر ئه‌و گه‌لانه‌ى تر كه ده‌ستیان به‌سه‌ریاندا ده‌ڕوات. ده‌وڵه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌ى چینداردا ده‌زگایه‌كى چینایه‌تییه. ده‌زگاى به‌كارهێنانى دیكتاتۆریى چینه كاربهدهستهكانه بۆ دامركاندنه‌وه‌ى چینه‌كانى تر‌ى كۆمه‌ڵگه، جا له كۆمه‌ڵێكدا كه ده‌ره‌به‌گ و سه‌رمایه‌دارى كاربه‌ده‌ست بن، تێیدا ئه‌و ده‌زگایانه‌ى پێكه‌وه‌ى ده‌نێت بۆ به‌ڕێوه‌بردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى كۆمه‌ڵ به‌شى زۆرى له هه‌ژارانى گه‌ل پێكده‌هێنێت. له‌شكر و پۆلیس و ده‌زگاى جاسوسى كه گۆچانى ده‌ستى ده‌وڵه‌تن، به زۆرى له جوتیاران و كرێكاران پێكدێت، به‌ڵام ئه‌مانه له‌به‌رئه‌وه‌ى له خزمه‌تى ئه‌و ڕژێمه‌دان له چینه‌كانى خۆیان بڕاون و كار و فه‌رمانى چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌جێده‌هێنن، وه به به‌شێك له ده‌زگاى دامركێنهرهوهى دیكتاتۆریى چینه چهوسێنهرهوهكان داده‌نرێت ته‌نانه‌ت دژى ئه‌و چینه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ش ڕه‌فتار ده‌كه‌ن كه خۆیانى لێوه هاتوون، له مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕاپهڕیینهكانى گه‌لدا، له كاتى شۆڕش و خه‌باتى سیاسیى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكدا، ئه‌مانه جێبه‌جێكه‌رى فه‌رمانه‌كانى ده‌وڵه‌ت ده‌بن. له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت به‌م پێیه له سروشتى ده‌وڵه‌ت بكۆڵیته‌وه، مه‌سئولیه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌ك دیاریبكات له چه‌وساندنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كى تردا.
له ئێران و عێراق و توركیا، هه‌رگیز ڕۆژێك له ڕۆژان وه له هیچ قۆناغ و سه‌رده‌مێكدا، گه‌لانى فارس و تورك و عه‌ره‌ب، به راستى له‌سه‌ر حوكم نه‌بوون و ده‌سته‌ڵاتى سیاسی‌یان به ده‌سته‌وه نه‌بووه. تا مه‌سئول بن له‌و تاوان و خراپه و زۆرلێكراوى و سته‌مه‌ى دژی كورد كراوه. به‌ڵكو ئه‌وه‌ى كه له‌سه‌ر حوكم بووه هه‌میشه نوێنه‌رى چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه چهوسێنهرهوهكان، هى ده‌ره‌به‌گ و سه‌رمایه‌دارى كومپرادۆر و موچه‌خۆرى بیروكراتى هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بوون به هى كوردیشه‌وه، كه به پێى پیلان و ئامۆژگاریى و ڕێوشوێن و یارمه‌تیى ئیمپریالیزم جوڵاونه‌ته‌وه.
چینه چهوسێنهرهوهكانى فارس و تورك و عه‌ره‌ب، كه حوكمیان به ده‌ست بوو، چینه چهوسێنهرهوهكانى كوردیش به‌شدارییان كردون، وه‌ك ده‌ستكه‌لاى ئیمپریالیزم هه‌ڵسوڕاون، هه‌ر به‌ته‌نها گه‌لى كوردیان نهچهوساندهوه و ئازاریان نه‌داوه، به‌ڵكو زۆربه‌ى ڕۆڵه‌كانى نه‌ته‌وه‌كانى خۆیشیان له ڕووى ئابوریى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چه‌وساندووه‌ته‌وه. وه‌زعى گوزه‌رانى جوتیاران و كرێكاران و چه‌وساوه‌كانى عه‌ره‌ب و فارس و تورك، شتێكى واى جیا نییه له هى چه‌وساوه‌كانى كورد، هه‌ر وه‌ك وه‌زعى ده‌ره‌به‌گ و سیاسه‌تمه‌دار و گه‌وره‌كانى كوردیش شتێكى واى كه‌م نییه له هى عه‌ره‌ب و فارس و تورك له ڕووى ئابوریى و كۆمه‌ڵایه‌تیى و نفوزى سیاسییه‌وه.
چینه چهوسێنهرهوهكانى نه‌ته‌وه‌ى كاربه‌ده‌ست، هه‌ر وه‌ك گه‌لانى ژێرده‌سته و بچوكى بێگانه دهچهوسێێنێتهوه، بهزهییشى نایه‌ته‌وه به هه‌ژارانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆیدا! به‌ڵام هه‌ژارى موكریانى هه‌ر وه‌ك خۆى ئه‌م ڕاستییانه ده‌شارێته‌وه و ده‌یه‌وێت له بیرى خه‌ڵكى تریشى بباته‌وه، وه ده‌یه‌وێت ئه‌و مهسئولیهته گه‌وره‌یه له ئه‌ستۆى ئیمپریالیزم و چینه چهوسێنهرهوهكانى ناو كاربه‌ده‌ست و چینه كۆنهپهرستهكانى كۆمه‌ڵى كورد، بهاوێته نه‌ته‌وه‌كانى فارس و تورك و عه‌ره‌به‌وه، به‌مه‌ش ئاگرى بوغز و كینه و دوژمنایه‌تیى نێوان كورد و ئه‌و نه‌ته‌وانه خۆشبكات.
چینه چه‌وساوه‌كانى فارس و عه‌ره‌ب و تورك، كرێكاران و جوتیاران و ڕ‌ۆشنبیرانى شۆڕشگێڕى ئه‌و نه‌ته‌وانه به ده‌ستكه‌وتى ئابورییانه‌وه، وه به هۆى چه‌وساندنه‌وه‌ى چینایه‌تییه‌وه، كه له لایه‌ن چینه زۆرداره كاربهدهستهكانى هاونهتهوهى خۆیانه‌وه، وه به هۆى ئه‌وه‌وه كه ئیمپریالیزم ویستویه‌تى و ده‌یه‌وێت بیانچه‌وسێنێته‌وه، هاوپه‌یمان و هاوخه‌بات و دۆستى ته‌بیعى و ئاسایی بزوتنه‌وه‌ى كورددا قازانج و ده‌ستكه‌وتى موشتهرهكى چینایه‌تیى، هاودوژمنى كوردایه‌تیى، خه‌باتى كرێكاران و جوتیاران و ڕ‌ۆشنبیرانى كورد بۆ له‌ناوبردنى ئازاردانى نه‌ته‌وایه‌تیى و چه‌وساندنه‌وه‌ى چینایه‌تیى به شێوه‌یه‌كى پته‌وى لهپاننههاتوو، گرێده‌دا به چینه چه‌وساوه‌كانى نه‌ته‌وه‌ى كاربه‌ده‌سته‌وه بۆ ڕوخاندنى دیكتاتۆرى چینه چه‌وسێنه‌ره‌كان و ڕاماڵین و پاكردنه‌وه‌ى نفوزى ئیمپریالیزم و هێنانه سه‌ركارى حوكمى گه‌ل.
له‌به‌رئه‌وه تاكڕه‌ویى نه‌ته‌وایه‌تیى له خه‌باتدا، كه هه‌ژارى بووه به یه‌كێك له شایهرهكانى كوردایه‌تیى له به‌شێكى گه‌لانى دۆست و هاوپه‌یمانه شۆڕشگێڕ و پێشكهوتووهكانیدا، ئه‌مه‌ش جگه له ئیمپریالیزم و كۆنهپهرستیى خۆماڵى و چینه چهوسێنهرهوهكانى نه‌ته‌وه‌ى كاربه‌ده‌ست كه‌سى دیكه نابێت. به پێچه‌وانه‌وه كه خه‌باتى موشتهرهك و پێكه‌وه‌یى چینه چهساوهكانى ئه‌و گه‌لانه به تێكڕایی ڕێگه‌ى مسۆگه‌ریى و یه‌كجاره‌كیى و له‌ناوبردنى ئازاردانى نه‌ته‌وایه‌تیى و چه‌وساندنه‌وه‌ى چینایه‌تییه.
هه‌ژارى شایه‌ر:
یه‌كێكى دیكه له سیما تایبه‌ته‌كانى شیعره‌كانى هه‌ژار، كه مۆركى ئه‌ده‌بى كۆنه‌په‌رستییه، شاردنه‌وه‌ى ده‌ورى قاره‌مانانه‌ى كۆمه‌ڵان و بهژێرلێوهوهكردنى خه‌بات و خۆبهختكردنى گه‌له، كرێكاران و جوتیاران و ڕه‌نجده‌ران كه هێزى بزوتنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵى ئاده‌میزاد و پاڵه‌وانى ڕاسته‌قینه و دروستكهرى گه‌لن، به پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌وه هه‌ژارى موكریانى له باره‌ى ئه‌وه‌ى پاڵه‌وانانه‌ى قاره‌مانانى ڕاسته‌قینه‌ى بزوتنه‌وه‌ى كوردایه‌تیى و شاره خوێناوییهكانى له قاڵبى هونه‌ر داده‌نا و بیكات به هه‌وێنى.
گه‌ر بارزانى دێته بیرتان زۆر ئاو هه‌ڵده‌گرێ هه‌ویرتان
بارزانى تورك و عه‌جه‌م كوژ بارزانى مه‌رگه بۆ خوێن مژ
بارزانى شێرى كوردستان گیان به‌رى گیان له‌سه‌ر ده‌ستان
بارزانى داڵده‌ى ئازادى داسى ههژگهلى بێدارى
كوتكه له‌سه‌ر خوین مژى كورد بژى بارزانى، بژى كورد لهههڵبهستى (په‌ڵه هه‌ورێك، 1958، به‌غداد)، ل50، هه‌مان سه‌رچاوه.
* گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانى یه خیره و خوشى و هه‌رزانى یه له هه‌ڵبه‌ستى (پاڵه‌وانێك، 1959، مۆسكۆ، ل56، هه‌مان سه‌رچاوه
* كاوه‌ى مه‌زنمان بارزانى كاوه‌ى پێش‌و به قوربانى
........... ...........
تا سه‌ردارمان بارزانى یه ترسێك له ئارادا نییه
........... ...........
هه‌موو كورد چاوى له تویه هه‌ر توى ههبى سه‌ربه‌خویه لهههڵبهستى (كاوه‌ى مه‌زن، كویسنجاق، 1963)، ل86-87، هه‌مان سه‌رچاوه
* ئه‌گه‌ر دنیا مژ و ته‌م و تاریكه.. ئه‌گه‌ر ڕێگه كه‌ند و گڵوو باریكه
ئه‌گه‌ر شه‌وه و گرمه‌ى ههوروبارانه ئه‌گه‌ر به‌فره و شلیوهیه و تۆفانه
ئه‌گه‌ر گێژه و كڕێوهیه و بۆرانه .. ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر چیدا چه‌نه و گرانه
تۆ شاره‌زا و ڕێ نیشانده‌رى لاوانى بۆ پێشه‌وه پێشمان كه‌وه بارزانى
........... ............
ئه‌گه‌ر دوژمن پڕاوپڕى دنیا بێ شه‌پۆل بداته‌وه وه‌كو ده‌ریابێ
............ ...........
له كوردستان تۆمان هه‌بێ بهسمانى بۆ پێشه‌وه پێشمان كه‌وه بارزانى
با كوخ و لادێ و شاره‌كان خاپور كه‌ن با گولله‌تۆپ شان له خوێنا سوركه‌ن
........... ...........
لهدواتهوهین باب و براو كهسمانى بۆ پێشه‌وه پێشمان كه‌وه بارزانى لهههڵبهستى (بۆ پێشه‌وه بارزانى، كویسنجاق، 1963، هه‌مان سه‌رچاوه.
* بارزانى هاوار جی هومیدانى له‌و ده‌ردى گران هه‌ر تو ده‌رمانى
فیلبازى خومان لیمان بوونه كه‌و ده‌مان هاوینه داوى ئه‌م و ئه‌و
بازى سه‌ر چیا فره‌ى شابالیك گوریك، ههلمهتیك، خاین رامالیك
بابى هه‌تیوان مه‌وه‌سته هه‌سته بۆ رزگاركردن و دمت به‌ده‌سته
وه پیشمان كه‌وه با سهربهخوبین ویرانه مالین ئه‌گه‌ر بى توبین لهههڵبهستى (وهفدى كوردستان، چیا برادۆست، 1963، هه‌مان سه‌رچاوه.
ڕاستییه‌كه‌ى هه‌ژارى موكریانى، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ر له كۆنه‌وه له ماڵه ئاغا و به‌گزاده و شێخدا شوێنى خۆى كردووه‌ته‌وه و خووڕه‌وشتى دیوهخانهكانى ئه‌وانى گرتووه، له شیعردا له‌م ڕووه‌وه وه‌ك شایهریان كه چۆن بۆ پاروى چه‌ورى سه‌ر سفره‌ى ناو دیوه‌خان و بۆ پاره و پولى شاباش به خه‌ڵكدا هه‌ڵده‌ڵێت، به‌و جۆره له قۆناغێكى دیاریكراودا له مه‌هاباد به یه‌كێكى تردا هه‌ڵده‌دا. له قۆناغێكى تردا له عێراق ستایشى عه‌بدولكه‌ریم قاسمى ده‌كرد، ئێستاش به پله‌وپایه و به‌ژن و باڵاى مه‌لا مسته‌فاى بارزانیدا هه‌ڵده‌دات.
ئه‌و شاعیرانه‌ى كه بێ بیروباوه‌ڕن و متمانه‌یان به كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك نییه، بێگومان تێكه‌ڵ به گه‌ل نابن و خۆیان ناخه‌ن ناو شه‌پۆلى خه‌باتى چینه ڕهنجدهرهكانهوه، قسه و ڕه‌فتاریان ئاسمان و ڕێسمانیان بهینه. كردار و هه‌ڵوێستى ڕۆژانه‌یان له ڕوداوه‌كانى ده‌وروپشتیاندا پێچه‌وانه‌ی قسهكانیانه. به‌ڵكو هه‌میشه بۆ په‌نا و پهسیرێك ده‌گه‌ڕێن تێیدا بحه‌سێنه‌وه، جا ئه‌و كاته كورد گوته‌نى: ڕۆڵه‌ى گوێ ئاگردان كون لهجهرگیا نییه، ده‌كه‌ونه ڕستنى خه‌یاڵى زل و قسه‌ى قه‌ڵه‌و و ڕیزكردنى وشه‌ى گه‌وره و بۆش و ستایشى ئه‌م و ئه‌و. وه هه‌رده‌م ئاماده‌ن به زویی سه‌باره‌ت به چه‌ند هۆیه‌ك ئاغا و نانبدهى پێشوویان بگۆڕن.
هه‌ژار موكریانى، نمونه‌یه‌كه له‌م بابه‌ته، كه هه‌ر له‌پاڵ ئاگردانى ژوورى گه‌رمى كونبڕا، قسه‌ى قه‌ڵه‌و و خه‌یاڵى زلى كردووه، به بێئه‌وه‌ى ڕۆژێك له ڕۆژان تێكه‌ڵ به جوڵانه‌وه‌ى كومهڵانى خه‌ڵك، به ژیانى جوتیاران و كرێكاران و هه‌ژارانى ڕه‌نجده‌ر بوبێت و به‌شدارى خه‌بات و خۆبه‌ختكردن و خه‌م و شادیى و ئازار و ئاواته‌كانیان بكات. هه‌ژار بۆ مشتێك پاره و دینار، بۆ نه‌ختێك حه‌سانه‌وه و پشودان، هه‌میشه ئاماده‌بووه ده‌ستبه‌ردارى هه‌موو شتێك ببێت و شتێك بڵێت به ئاوهژووى قسه‌كانى پێشوویه‌وه.
ڕه‌نگه هه‌ندێك كه‌س وابزانن ئه‌م قسانه بێ هیچ به‌ڵگه و ڕوداوێك فڕێ ده‌ده‌ین، ئێمه به نموونه ته‌نیا دوو ڕووداوى نزیكى ژیانى هه‌ژار ده‌هێنینه‌وه:
* هه‌ژار له‌ساڵى (1962)، كه له به‌غداد موچه‌خۆرى میریى بوو، وه له‌وكاته‌دا هه‌ر وه‌ك خۆى له (ل83)ى، دیوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ساڵى (1961)، شۆڕشى پیرۆزى كوردستان ده‌ستیپێكرد. به توانا منیش به په‌خشان و شیعر به‌شێكم تێخستووه. بروسكنامهیهكى دوور و دێژى دژى شۆڕشى كورد، وه به تایبه‌تى دژى مه‌لا مسته‌فا بۆ عه‌بدولكه‌ریم قاسم لێدا، وه هه‌موو ڕۆژنامه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه بڵاویانكرده‌وه، چونكه زیاتر له‌وه‌ى له بروسكه بچێت له وتار ده‌چوو له درێژیدا! هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌كه‌ى نه‌بڕن و ئه‌و خانوه‌ى كه پێى درابوو لێى نه‌ستێننه‌وه، به چاوى بێگانهیهكى ڕه‌زاقورس و چاره‌گران، وه‌ك جاران سه‌یرى ده‌كه‌ن و ته‌نگى پێهه‌ڵده‌چنن. جا هه‌ژار دیاره ئه‌و بروسكهیهش هه‌ر به‌شێك بوو له‌و سامانه فیكریهى داده‌نێت كه به په‌خشان و شیعر خستوویه‌تى به شۆڕشى پیرۆزى كوردستانه‌وه:
* له به‌غداد كابرایه‌كى كورد هه‌بوو، ڕۆژنامهیهكى ده‌رده‌كرد، خۆى زۆر به كوردپه‌روه‌ر و نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانى، دواى ئه‌وه‌ى كه شۆڕشى كورد ده‌ستیپێكرد، گه‌لێك له نووسه‌ر و خوێنده‌وارانى عه‌ره‌ب بیرخه‌ره‌وه و نووسراویان به ئیمزاكراوی به ناوى خۆیانه‌وه ده‌دا به قاسم، كه داواى چاره‌كردنى ئاشتییخوازانهى مه‌سه‌له‌ى كورد و وه‌ستاندنى په‌لاماردانى سه‌ربازییان تێدا ده‌كرد. جا وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت به‌م كابرا كوردهشیان ئیمزاكردبوو، له‌سه‌ر ئه‌وه قاسم ڕقى هه‌ستا و هه‌موویانى دا به دادگا، كورده ڕۆژنامه‌نووسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له دادگادا په‌شیمان بووه‌وه له‌وه‌ى كه ئه‌و شتێكى وا خراپى ئیمزاكردبێت و لایه‌نگیرى خۆى پیشاندا له هه‌موو هه‌نگاوه‌كانى قاسم له كوردستان، كه‌چى عه‌ره‌به‌كان له‌به‌رده‌مى دادگادا مه‌ردانه دیفاعیان له باره‌ى سه‌رنجى خۆیان كرد و له قسه‌ى خۆیان په‌شیمان نه‌بوونه‌وه. به‌و بۆنه‌یه‌وه عه‌ره‌به‌كانیان به به‌ندكردن سزادا، وه كورده‌كه‌ى خۆشمان بهرهڵڵاكرا! هه‌ژارى موكریانى ساڵى (1967)، گه‌ڕایه‌وه به‌غداد بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌م برادهرهیدا ڕۆژنامه ده‌ربكه‌ن! پاش ئه‌وه‌ى نائومێدبوو ئینجا چوویه‌وه ئه‌و جێیه‌ى كه لێیه‌تى.
مامه پیره (ناوی خوازراوی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین)