
نوسینی/
سۆران حهمهڕهش ـ مێژوونووس
هەموو جارێک بابەتی حیجاب دەبێتە مایەی مشتومڕ. بەڵام مشتومڕ لە نێوان علمانی و ئیسلامیدا ژاوەژاوێک دێنێتە کایەوە کە مرۆڤ نەتوانێت ڕاستیەکان ببینێت.
پرسیارەکە ئەوەیە کا ئایا حیجاب و دواتریش نیقاب، عادەتێکی عەرەبی کۆنە یان فەرزی دینە. زۆر کەس ئایەتی قورئان دەهێننەوە لەسەر ئەوەی کە حیجاب فەرزە. ڕاستە ئایەتێک هەیە کە داوا لە پێغەمبەر ئیسلام کراوە کە ژنانی موسوڵمان خۆیان داپۆشن. بەڵام لە هەمان کاتدا لە ئەنەس کوڕی مالکەوە گێڕدراوەتەوە کە دەڵێت: "عومەری کوڕی خەتتاب کەنیزەکێکی بینی کە سەرپۆشی کردبوو، بە قامچی لێی دا و گوتی: سەرت ڕووت بکە، و خۆت بە ژنانی ئازاد مەچوێنە!."
ئەم گێڕانەوەیە زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەوە دەگەیەنێت حیجاب تەنها لەسەر ئافرەتی ئازاد فەرز بووە نەک لەسەر کەنیزەک. بەڵام ناکرێت ئەم بۆچوونە تەنها لەسەر ئەو ڕووداوە گەڵاڵە بکرێت. ئەوەی کە هەموو گومانێک لەسەر ئەو بابەتە لادەبات، هەر چوار مەزهەبەکەی ئیسلامە کە بە ڕوونی ئەو بابەتە یەکلا دەکەنەوە. هەر چوار مەزهەبەکە دەستنیشانی عەورەتی کەنیزەک دەکەن. لای هەر چوار مەزهەبەکە عەورەتی کەنیزەک هاوشێوەی پیاوە و لە ناوکەوە تا ئەژنۆیەتی. واتە کەنیزەک توانیویەتی سنگ و مەک و قژی دەربخات و بەپێی گێڕانەوەکەی عومەری کوڕی خەتاب، بۆیشی نەبووە کە حیجاب دابنێت و خۆی بە ئافرەتی ئازاد بچوێنێت.
کەواتە حیجاب پێویستیەکی کۆمەڵایەتی بووە نەک ئاینی. ئەو دابوونەریتە لە پێش ئیسلامدا وەک خۆی لە ناو عەرەبدا پەیڕەو کراوە سەرەڕای ئەوەی کە بت پەرستیش بوون. لە ڕاستیدا لە ناو زۆر نەتەوەی تر، بەتایبەتی ئەوانەی کە بە زمانی سامی ئاخاوتوون، پەیڕەوی هەمان دابوونەریتیان کردووە. گەر بە ئەنتەرنێتدا بگەڕێیت هەندێک وێنەی ژنی کەنیزەکی عەرەبی سەدەی بیستەم ماون کە سنگ و مەکیان زۆر بە ئاسایی دەرخستووە.
ئەوەی کە ئەم ڕاستیە دووپات دەکاتەوە، لە ناو ئاشوری و ئەکەدیشدا هەزاران ساڵ پێش ئیسلام، پابەندی هەمان ڕێسا بوون. کە ئافرەتی ئازاد دەبێت سەرداپۆشراو بێت و کەنیزەک و لەشفرۆش گەر سەریان داپۆشیایە سزا دەدران.
دەبێت ئەوە بزانرێت کە عومەری کوڕی خەتاب و پێغەمبەریش، هەردووکیان مرۆڤ بوون و پابەندی دابوونەریتی کۆمەڵگەی خۆیان بوون. هیچ پێغەمبەرێک نەهاتووە لە دابوونەریتی کۆمەڵگەی خۆی لایدابێت و هەموویان پابەند بوون پێیانەوە. بە هەمان شێوە لە تەوراتدا بە ڕوونی دەڵێت کە سارای ژنی حەزرەتی برایم خوشکیشیەتی. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو سەردەمەی تەوراتی تێدا نووسراوە، زۆر ئاسایی بووە کە پیاو خوشکی باوکیی خۆی بهێنێت و دابوونەریتی کۆمەڵگە ئەوەی قبوڵ کردبوو. ئەمڕۆ ناشرینترین تاوانە و هەر لەبەر ئەوەش دواتر لە قۆناغێکی تری پەرتووکەکانی تەوراتدا ئەوە قەدەغە دەکرێت (پێشتر بابەتم لەسەر نووسیوە). ئەگەر شتێک لەسەر هەندێک ژن فەرز و لەسەر هەندێکی تر فەرز نەبێت لەبەر جیاوازی پێگەی کۆمەڵایەتیان بێ هیچ گومانێک ئەوە دابوونەریتی کۆمەڵایەتیە نەک ئایین
کێشەی مرۆڤ لەوەدایە دابوونەریت و ڕێسای ئاینی لێ تێکەڵ دەبێت. نزیکی هەشتا ساڵ لەمەوبەر، مەلای ئارمەردەی خوداناس، گلەیی لە باپیرم دەکات و پێی وایە کە ئایین کاڵبووەتەوە. بۆ ئەو ئایینداری ڕۆشتن بووە بۆ سەر شەخس و پیر لە چوار شەمماندا و دەڵێت:
داخی بەجەرگم ئاخر زەمانە
نیشانەی چاکی ڕوو لە نەمانە
من لەبیرم دێ وەختی منداڵی
عالەم پەشێو حاڵ لەبەر بەتاڵی
بە تۆپێ چاو و یەک تەغار هەرزن
شەقیان هەڵدابوو لە خەفەت خواردن
ڕۆژی چوار شەمووی هەموو بەهارێ
عالەم ئەچوونە سەر شەخس بەجارێ
ئەمڕۆ شەخس و پیر باویان نەماوە
چاڵغی و عود و تار لە ناوا باوە
مەلا قادری ئارمەردە لە زۆر موسوڵمانی ئەمڕۆ زیاتر خۆی بە موسوڵمان داناوە، بەڵام لای ئەو، چوون بۆ سەر شەخس و پیر لە ڕۆژانی چوار شەممەدا کە ڕۆژێکی پیرۆزی کوردی پێش ئیسلام بووە، بە پابەندی ئیسلامیی داناوە.
بێسارانی شاعری کوردی موسوڵمان، کە لە مزگەوتدا خوێندوویەتی، نزیکەی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر دەفەرموێت:
شیرین شەرم نیەن، شیرین شەرم نیەن
شیرین پەی خاسان، شەرت هەن، شەرم نیەن
پەی چێش مەواچان حیجاب خاس نیەن؟
جە ئافتاو خاستەر کەسێ کێ دیەن؟
ئەگەر پەی خاسان حیجاب خاس مەدی
ئافتاب و مەهتاب هیچ کەس نمەدی
واتە (شیرین شەرم مەکە، شیرین شەرم مەکە ئەوانەی کە کەسی باشن زیاتر شەرت و ئیرادەی ئەوان گرنگترە تا شەرمکردنیان. ئەوە چیە دەڵێن شتێک بە ناوی حیجاب دروست بووە؟ ئەوە کێیە لە خۆرەتاو شتی باشتری بینیوە؟ ئەگەر بۆ شتە باشەکان حیجاب بە باش دانرایە، کەواتە هیچ کەس نەخۆرەتاوی دەبینی نە مانگ).
دڵنیام بێسارانی لە زۆر موسوڵمانی ئەمڕۆ زیاتر ئاشنای ئاینەکەی خۆی بووە، بەڵام بەر هەوای سیاسی ئاینی نەکەوتبوو و ئازادانە بۆچوونی خۆی داوە. لەوانەبوو گەر ئەمڕۆ لەم کۆمەڵگەیەی خۆیدا بژیایە، تووشی هێرشییش ببوایەتەوە. بەڵام ئەو پەروەردەی حوجرەی کوردی بووە کە خەریکی قوڵایی فکری ئایین بوون نەک ڕووکەشە درۆینەکەی ئەمڕۆ.
زۆرینەیەک پیاوی موسوڵمانی یەمەنی گەڵای قات دەجوون، بۆ ئەوەی کە بکەونە حاڵەتێکی دەروونی تایبەتەوە. ئەوەی دەیکەن ڕێک وەرگرتنی مادەی هۆشبەرە و بە هەموو پێوەرێک دژی ئیسلامە. بەڵام لە ناو یەمەنیەکاندا ئەم دابوونەریتە هێندە ڕەگەکەی قووڵە، خەڵک نوێژ و ڕۆژووی خۆیان دەگرن و گەڵای قاتیش دەجون. بۆ ئەوان دژی یەکتری نین.
مرۆڤ لە سەرەتای دروستبوونی شارستانیەتەوە دوو پایەی گرنگی ڕاگرتنی کۆمەڵگەی هەیە، ئەوانیش ئایین و دابوونەریتن. بەڵام ئەم دوانە زۆر جار ناتوانرێت بە ڕوونی لە یەکتری جوودا بکرێنەوە. کوردی موسوڵمان، تا بیست ساڵ لەمەوبەریش ڕۆژی چوارشەممانی لا پیرۆز بووە و زۆر شتی لەو ڕۆژەدا نەکردووە وسەردانی گۆڕی کەسوکار و پیر و شەخسیشی خستۆتە ئەو ڕۆژەوە. لەوانەیە موسوڵمانی ئەمڕۆ ئەوان بە جاهیل دابنێن، بەڵام جاهیل نەبوون و مرۆڤی سەردەم و دابوونەریتی کۆمەڵگەکەی خۆیان بوون.
کەواتە کۆی قسەکان ئەمەیە کە ئەگەر بەپێی هەر چوار مەزهەبەکەی ئیسلام، بۆ ژنێک ئاسایی بێت کە سنگ و مەمکی دەربخات لەبەر ئەوەی کە کۆیلەیە. کەواتە ئەوە دابوونەریتی کۆمەڵگەیە نەک فەرز. دڵنیام هەشتا ساڵ کەمتر دوای ئەم بابەتەی کە ئەمڕۆ بووە بە مشتومڕ، کەسێکی ئاینی دێت و دەڵێت، سەیرە کە ئەو سەردەمە خوداپەرستی و عادەتی عەرەبی چۆن تێکەڵ کرابوون. ئەمڕۆ موسوڵمان دەڵێت دەبێت هەموو ژنێک سەری دابپۆشێت، ئەوەش دیسان گۆڕانکاریە لە دابوونەریت نەک ئایین. دابوونەریت چیتر قبوڵی ناکات کە ئافرەتێک سنگی ڕووت بێت، بەڵام چەندین وێنە هەیە کە لە سەدەی بیستەمدا گیراون و ژنی کۆیلەی عەرەب دەبینرێت کە سنگیان ڕووتە.
بە کورتیەکەی ئەگەر شتێک لەسەر هەندێک ژن فەرز و لەسەر هەندێکی تر فەرز نەبێت، ئەوەش لەبەر جیاوازی پێگەی کۆمەڵایەتیان، بێ هیچ گومانێک ئەوە دابوونەریتی کۆمەڵایەتیە نەک ئایین. بەهەموو پێوەر و لۆجیکێک، حیجاب دابوونەریتی کۆمەڵگەی عەرەبی پێش ئیسلامە. خەڵک ئازادە دایبنێ یان نا، بەڵام ڕاستیەکان و بەڵگەکان ڕوونن.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
خوێنەری بەڕێز، ئەگەر ئیسلامیت یان علمانیت، هەوڵێک بدە لە ژێرەوە بە زمانێکی باش لەسەر ئەم بابەتە بدوێ. لەم وتارەدا بۆچوونی ڕوون بە پشتبەستن بە بەڵگە و لۆجیک دراوە و هەر کەسێک پێی وانیە ئەم بۆچوونانە دروست بن، تکایە بەڵگە دابنێ بۆ ڕاستکردنەوەی بابەتەکان و سوود گەیاندن بە کۆمەڵگە.