عێراق وه‌ك پرۆژەیەکی بەریتانی

100 ساڵ خولانه‌وه‌ی كورد له‌ ناو ده‌وڵه‌تێكی ساخته‌دا

ره‌نج نه‌وزاد 2021.12.15 05:51 PM
3469 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

پێش هەموو شتێک، تا هاتنی بەڕیتانیا بۆ ئەم ناوچەیەیی کە ئەمرۆ پێی دەڵێن عیراق و داگیرکردنی لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانی، دوور و نزیک شتێک نەبوو بە ناوی نیشتیمانی عیراق، گەلی عیراق، کولتوری عیراقی، کۆمەڵگەی عیراقی یا وڵات و دەوڵەتی عیراق یا داواکارییەک بۆ دروستکردنی عیراق لە لایەن ئەو خەڵکەوەی کە دواتر دەبنە عیراقی.
لەو بارەیەوە (حنا بطاطو) کە توێژەر و شارەزایەکی گەورەی مێژوو و کۆمەڵگەکانی عیراقە، پێیوایە ''لە سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ عیراقیەکان یەک گەل و یەک کۆمەڵگەی سیاسی نەبوون، ئەمەش تەنیا هۆکارەکەی ئەوە نییە کە لە چەندین کەمینە و گروپی نەتەوەیی و ئاینی جیاوازی وەک کورد و تورکمان و کلدوئاشور و ئەرمەن و جولەکە وئێزیدی و سائیبی... پێکدێن، بەڵکو خودی عەرەبەکان کە زۆرینەی عیراق پێکدێنن، تا ڕادەیەکی زۆر لە چەندین کۆمەڵگەی لە یەکتر جیاواز پێکدەهاتن''. 
جگە لەوە، وشەی (العراق) نە لە رێكەوتنامەی سایكس پیكۆ 1916، نە لە سیڤەر 1920 تەنانەت لە كۆنگرەی قاهیرە 1921 كە بڕیاری دروستكردنی عێڕاقی تیادادرا، وشەی عێڕاق بەكار نەهاتووە، بەڵكو لە هەموو ئەو بەڵگەنامانەی ئەو سەردەمە، عیڕاق بە میسوپوتامیایی عەرەبی ناوی هاتووە (بەڵام عەرەب بۆ چەواشەكاری وشەی عیراق دەخەنە شوێن میسوپۆتامیایی عەرەبی كاتێك بەڵگەنامەكان وەردەگێرنە سەر عەرەبی، لەدەقە ئەسڵەكان بە ئینگلیزی و فەرەنسی وشەی عیراق بوونی نییە.
(عیراق ووشەیەكی عەرەبیش نییە) لە ریكەوتنامەی لۆزان 1923 بۆ یەکەمجار وشەی (العراق) بەکاردەهێنرێت وەک دەوڵەت. ووشەی عیراق ووشەیەکی کۆنە، بەڵام هەرگیز کۆی ئەم جوگرافیایەیی لە خۆنەگرتووە  کە ئەمرۆ پێی دەوترێت عیراق.
بۆ نمونە لە سەردەمی ئەمەوییەکان عیراق لە بەسرە و کوفە پێکهاتووە، یاخود لە سەردەمی تر عیراق لە باشورەوە تا تکریتی گرتەوەتەوە. لە کاتێکدا وشەی كوردستان لە كۆنگرەی ئاشتی پاریس 1919 و لە ڕێكەوتنامەی سیڤەر زۆر بە ڕوونی ئاماژەی پێدەكرێت، جگە لەوەی كوردستان لە سەدەی 12وە لە سەرچاوە مێژوویی وبەڵگەنامەكاندا زۆر بە ڕوونی دەبینرێت.

 كۆنگرەی قاهیرە 1921


ئەو ناوچەیەی كە ئیستا پێی دەوترێت عیراق، ئەو كات كە بە میسوپۆتامیایی عەرەبی ناوی هاتووە، كە بریتی بوو لە ولایەتی بەغداد و بەسرە بەتەنها، لە هیچ كام لەو بەڵگەنامانە ولایەتی موسل كە كوردستانە، بەشێك نەبووە لە میسوپۆتامیایی عەرەبی. تەنانەت لە كاتی بڕیاردانی دروستكردنی عیراق لە كۆنگرەی قاهیرە، ونستون چێرچل لكاندنی كوردستان بە عیراقەوە بە هەڵواسراوی دەهێڵێتەوە و بڕیار نادات كوردستان بەشێك بێت لەو دەوڵەتە دروستكراوە نوێ و بێ شوناسە، هەر خودی ونستۆن چێرچل لەو سەردەمەدا نامەیەك ئاڕاستەی مەلیك فەیسەڵ و بەرپرسەكانی بەریتانیا دەكات لە عیراق و دەڵێت سنوری ئەو دەوڵەتە نوێیە (عیراق) تا جەبەل حەمرینە، بەولاوە كوردستانە.
واتە كوردستان بەشێك نییە لە عیڕاق، لە هەموو بەڵگەنامە مێژووییەكانی عوسمانی و عەرەبی و بەریتانی و فەرەنسی... كەركوك بەشێك بووە لە ولایەتی موسڵ واتە كوردستان.
جگە لەوانەش، لە پەیماننامەی سیڤەر جیاكردنەوەی كوردستان وعیراق لە دەوڵەتی عوسمانی بە دوو بەش و بە دوو مادەی جیاواز هاتووە، كوردستان بەپێی ماددەكانی 62، 63، 64 لە بەشی سێ جیادەكرێتەوە لە دەوڵەتی عوسمانی، عیراق (میسوپۆتامیایی عەرەبی) بەپێی ماددەی ٩٤ لە بەشی چوار، ئەمەش بەڵگەیەكی بەهێزە، كەو ئەو دوو ناوچەیەیە، یەك نین و دەبێت بكرێن بە دوو دەوڵەتی جیاواز.
تەنانەت پێرسی كۆكس كە زۆر دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بوو، لە یەكێ لە بروسكەكانی لە ساڵی 1921 كوردستان و عیراق وەك دوو ناوچەی جیاواز لە یەکتر وەسف دەکات.
ئەوانەی دەیانەوێت شوناسێکی هاوبەش بۆ عیراق و عیراقییەکان دابتاشن، زۆر کات تەنیا دەتوانن شۆرشی ساڵی بیستی عیراق (ثوره‌ العشرین) بەکاربهێنن و بیکەنە بەڵگە. گوایە هەموو عیراقیەکان لە باشورەوە بۆ باکور بە هەموو گروپە نەتەوەیی ئاینی و مەزهەبیەکانەوە بەشداربوونە لەو شۆرشە دژ بە بەڕیتانیا و هەمووان چەن ئامانجێکی هاوبەش و لێکچوویان هەبووە ئەویش دەرکردنی بەڕیتانیا و سەربەخۆیی عیراق.
لە ڕاستیدا ئەمە جگە لەوەی وەهمە، درۆیەکی گەورەشە. سەرەتا، هەموو عیراقیەکان لە باشورەوە بۆ باکور وەکیەک و بەیەک ئەندازە بەشدار نەبوون لەو بە ناو شۆرشە. زیاتر ناوچەی فوراتی ناوەڕاستی گرتەوە (النجف، كربلا‌ء، الدیوانیه‌، بابل، المثنى)، هاوکات یەک ئامانجیان نەبوو، لە کوردستان ئامانجەکە سەربەخۆیی عیراق نەبوو.
هەروەها بەپێی عەلی وەردی، بەشێک لە عەشیرەتەکان بەشداربوون لەو شۆرشە تەنیا بۆ مەبەستی فەرهود و دەستکەوتنی سەروەت و سامان. بە گشتی ئەو ڕووداوە ئەوەندەی بزوتنەوەیەکی عەشایەری و پیاوانی ئاینی و تایفی بوو، ئەوەندە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری نەبوو، سەرۆک عەشرەتەکان و پیاوانی ئاینی دەستیانپێکرد کە زیاتر بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز و بەرژەوەندی خۆیان بوو، پاشان خەڵکی هەژار و نەخوێندەواریان هاندا بۆ ئەوەی بەشداربن و شەڕی سوپای بەریتانی بکەن.

شۆڕشی بیست.. شۆڕشی عه‌شیره‌ته‌كان بوو نه‌ك نیشتیمانی عێراقی

هاوکات لەو ناوچانەی کە گوزەران باشتر بوو لە ڕووی ئابوریەوە، نەچوونە پاڵ شۆرشەکە یاخود کەمتر بەشداربوون. بۆ نموونە بەسرە کە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە باری گوزەرانی لە شارەکانی تری ئەو کاتی عیراق باشتربووە. هەر بۆیە کۆمەڵێک لە سەرۆک عەشرەت و کەسایەتی دیاری ئەو کاتی بەسرە، نامەیەک ئاڕاستەی پێرسی کۆکسی نوێنەری بەڕیتانیا دەکەن دوای ماوەیەک لە تەواوبوونی شۆرشەکە، لەو نامەیەدا ترسی خۆیان پیشاندەدەن کە شارەکەیان بلکێنرێت بە شارە هەژارەکانی تری عیراق، تەنانەت لەو نامەیە بە نوێنەری بەڕیتانیا دەڵێن کە ئەوان بەشدارنەبوونە لەو ڕووداوە (ثوره‌ العشرین) کە بە گێرەشێوێنێ و یاخیبوونیش وەسفی دەکەن، هەر بۆیە داوا دەکەن کە بەڕیتانیا بە چاوێکی جیاوازەوە تەماشای بەسرە بکات نەک وەک شارەکانی تر.
واتە بەشێک لە کەسە دیارەکانی بەسرە، تا ئەوکاتیش باوەڕیان بە عیراق نەبووە و خوازیار نەبوونە بکرێن بە بەشێک لە عیراق.
خاڵێکی گرنگ کە زۆر کات باس ناکرێت، ئەو شۆرشە سەرچاوەکەی تەنیا لە چوارچێوەی عیراقدا نەبوو، بەڵکو ڕەگێکی لە سوریا لە (دیر الزور) بوو و پەیوەندییەکی پتەوی بە سوریاوە هەبوو، شەش مانگ پێش دەستپێکردنی لە عیراق، لە (دیر الزور)وە دەستی پێکرد. ئەگەر بە شوناسێکی هاوبەشی عیراق دابنرێت، کەواتە دەبێت بەشێک لە سوریاش سەر بەو شوناسە بن. بە گشتی لەو سەردەمە لە زۆربەی ولایەتە کۆنەکانی دەوڵەتی عوسمانی ناڕەزایەتی بەرەنگاری دەستیپێکرد بوو دژ بە مەرامەکانی بەڕیتانیا و فەرەنسا.
بە کورتی، عیراق وەک تیۆری و پراکتیک، پرۆژەیەکی تەواو بەڕیتانی بوو، ئەگەر بەڕیتانیا نەبووایە، ئەو خەڵکەی ئەوکات لەم جوگرافیایە بوون، شتێک لە مێشکیان نەبوو بە ناوی دەوڵەتی عیراقی بەم سنور و شێوەیەیی ئێستا. 

هه‌ركاتێك كورد بۆی هه‌ڵكه‌وێت بای بای له‌ عێراق ده‌كات

عیراق پرۆژەیەک بوو تەنیا لە مێشکی بڕیاربەدەستانی بەڕیتانیا هەبوو، هەموویشیان نا، بەڵکو بەشێک لە بڕیاربەدەستانی بەڕیتانیا، ئەگەرنا سەرەتا لە لایەن هەندێ بڕیاربەدەستی بەڕیتانیا پڕۆژەی ئەوەش هەبووە کە عیراق بکرێت بە بەشێک لە هیند.
كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی و یەكلاكەرەوە لە ساڵی ١٩٢٦ دەبێتە بەشێك لە عیراق، سێ لایەن كێشەیان هەبوو لەسەر باشوری كوردستان، توركیا كە دەیویست بیكات بە بەشیك لە خۆی، بەریتانیا وعیراق كە دەیانویست ببێت بە بەشێك لە عیراق، هەروەها خودی كورد، كە سەربەخۆییان دەویست.. بەڵام بەریتانیا بڕیار دەدات كوردستان بكرێت بە بەشێك لە عیراق لەبەر چەندین هۆکار؛ پێیانوابووە لە چەندین ڕووەوە ولایەتی بەسرە و بەغداد بە تەنیا  شیاونین بەوەی ببن بە دەوڵەتێک دەبێت ولایەتی موسڵ لەگەڵیان بێت.
سامانە سروشتیەکانی کوردستان و بەتایبەت كەركوك، چونكە عیراق بە تەواوی لەژێر كۆنترۆڵی بەریتانیا بوو، كوردستان ئەوكات لە عیراق بەهێزتر و زیاتر سەروەری هەبوو، چونكە نیمچە حكومەتێكی هەبوو، بەریتانیا ویستی بیكات بە بەشێك لە عیراق تا بە تەواوی كوردستانیش بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. 
ناڕەزایەتی تورکیا و ئێرانی ئەوکات بۆ درووستبوونی دەوڵەتێکی کوردی، بە تایبەت کە تورکیا بەهێز ببوو و بەریتانیا بەرژەوەندی و مامەڵەی تری هەبوو لەگەڵ تورکیا کە بێ گومان بەلای بەڕیتانیاوە تورکیا و ئێران گرنگتربوون لە کورد.
لەگەڵ چەندین هۆکاری تر، یەکێ لە هۆکارە سەرەکیەکان هۆکاری ناوخۆیی کورد بوو، کە لاواز و دواکەوتوو و پەرتەوازە بوون، ئەگەرنا دەبوو لەو سەردەمە جەنگ و شەڕێکی بەردەوام وکاریگەریان بەرپا بکردایە تا گەیشتن بە ئامانج. 
ئەگەر کەمترین نرخ بۆ بەها ئەخلاقی و مرۆیی و ماف هەبێت لە سیاسەت، دەبوو ئەوکات  بەریتانیا كاتێك توركیا و عێراق داوای كوردستانیان دەكرد، بەریتانیا بە گوێی دانیشتوانی كوردستان بكات و دەوڵەتی كوردستان لە باشور دابمەزرێنێت، نەك بیدات بە عێراق، كە لە بەڵگەنامەكانی خۆیاندا هاتووە كوردستان هەرگیز بەشێك نەبووە لە عێراق.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ