چۆن سیستمه‌كه‌ له‌ فكری ئیسلامیه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ ؟

سه‌رۆكی ئه‌مریكا.. ورده‌كاریی چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2024.11.03 09:10 PM
3811 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

جه‌مال حه‌مه‌ ڕه‌شید

سیستەمی هەڵبژاردن لە ئەمریکا جیاوازە لە سەرجەم سیستەمەکانی تری هەڵبژاردن لە دەوڵەتانی تری جیهاندا، وە بە سیستەمێکی زۆر ئاڵۆز ناسراوە.
هەڵبژاردنی ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 5/11/2024 جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرەکەی، سەرجەم ئەندامانی کۆنگرێس کە ژمارەیان 435 ئەندامە هەڵدەبژێردرێنەوە لەگەڵ یەک لە سێ بەشی 100 ئەندامەکەی ئەنجومەنی سێنات کە ماوەی شەش ساڵیان تەواو کردوە، ئەمە جگە لە هەڵبژاردنی چەندین پۆستی تری وەک دادوەران و ئەندامانی ئەنجومەنی شار و قەزاکان و چەندین پۆستی تر هەڵبژاردنی بۆ دەکرێت هەر بۆیە پێی دەوترێت هەڵبژاردنی گشتی. 
بەڵام پێویستە ئەو ڕاستیە بزانرێت کە هەڵبژاردنی سەرۆک لە ئەمریکا هەڵبژاردنێکی نا ڕاستەوخۆیە، واتە سەرۆک ڕاستەوخۆ لە لایەن دەنگدەرانەوە هەڵنابژێردرێت، بەڵکو دەنگدەران لە ڕێگەی دەنگدان بە سەرۆکەوە دەنگ دەدەن بە دەستەی هەڵبژێردراو (Electoral College) کە دواتر ئەوانن دەنگ دەدەن بە سەرۆک، واتە هاوڵاتیان بە دەنگەکانیان لە ڕۆژی دەنگداندا ئەندامانی ئەو دەستەیە هەڵدەبژێرن کە ئەوان لە دواتردا سەرۆک و جێگرەکەی هەڵدەبژێرن، ئەمەش نزیکە لەو ئەنجومەنەی کە لە فیکری ئیسلامیدا ناسراوە بە ئەنجومەنی حیلل و عەقد (مجلس الحل والعقد)، کە هەڵبژاردنی سەرۆک لە دەسەڵاتی ئەو مەجلیسەیە و ئەمەش کارێکی زۆر باشە چونکە ئەو ئەنجومەنە خەڵکانی هۆشیار و خاوەن زانست و مەعریفەی بەرزن و هەڵبژاردنی سەرۆک نەدراوەتە دەست زۆرینەی ڕەشۆکی خەڵک، کە زۆرێکی بێ ئاگایە لە سیاسەت و نازانێت کێ باشە بۆ پێگەی سەرۆکایەتی، ئەم دەستەی هەڵبژێردراوەی ئەمریکاش زۆر هاوشێوەو نزیکە لە مەجلیسی حەل و عەقدی ئیسلامی لە ڕووی وەزیفە و کردارەوە.

کەواتە ئێستا با بزانین دەستەی هەڵبژێردراو کێن؟
دەستەی هەڵبژێردراو (Electoral College)، ئەم دەستەیە کە ئەرکیان هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرەکەیەتی لە دوای هەڵبژاردنی گشتی واتە ئەوەی ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، ئەم دەستەیە لە تەعدیلی دوانزەهەمی دەستوری ئەمریکیدا ناویان هاتوە، کە ژمارەیان بە هێندی ژمارەی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانە کە کۆی گشتیان 535 کەسە کە 435 ئەندامی کۆنگرێسە و 100 ئەندامی سێناتە، بەڵام لە تەعدیلی ژمارە 23ی دەستوری ئەمریکادا لە ساڵی 1961، سێ کەس زیاد کرا، وەک نوێنەری واشنتەن دی سی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک ئەمەش لەبەرئەوەی واشنتەن دی سی چونکە یەکێک نیە لە 50 ستەیتەکەی ئەمریکا، لە بەرئەوە هیچ نوێنەرێکی نیە نە لە کۆنگرێس وە نە لە سێنات، هەر بۆیە ئەم سێ کەسە زیاد کرا، واتە هەر سەرۆکێک بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک دەبێت بتوانێت لە کۆی ئەو 538 دەنگە بڕی 270 دەنگ بە دەست بهێنێت.


جگە لەو 3 کەسەی کە نوێنەری واشنتەن دی سی ین ئەو 535 کەسەی تر 100 کەسیان هەر ستەیتە (ویلایه‌ت) و 2 نوێنەریان هەیە وەک ئەنجومەنی پیران کە ژمارەیان 100 ئەندامە و هەر ستەیتێک 2 ئەندامی هەیە، پاشان 435 ئەندامەکەی تر بریتیە لە کۆی گشتی ئەندامانی کۆنگرێس کە ئەمانە دیاریکردنیان بەپێی ژمارەی دانیشتوانی ستەیتەکانە، کە بەپێی گەورەیی و بچوکی ستەیتەکان ژمارەی نوێنەرانیان لە کۆنگرێس دەگۆڕێت، بۆ نمونە ئەم ستەیتەی ئێمە ئیڵینۆی ژمارەی ئەندامانی کۆنگرێسی بریتیە لە 19 ئەندام وە 2 ئەندامی سێناتی هەیە واتە کۆی گشتی ئەندامانی ستەیتی ئیڵینۆی لە دەستەی هەڵبژێردراو بریتی یە لە 21 ئەندام.
بەڵام  سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا بە شێوازێکە کە سەرجەم دەنگەکانی ستەیتەکە دەچێت بۆ کاندیدی براوە، بە تایبەت لە 48 ستەیت لە کۆی 50 ستەیتەکە، واتە ئەو ستەیتە چ کاندیدێک زۆرینەی دەنگەکان بە دەست بهێنێت ئەوا سەرجەم دەنگەکانی کاندیدی دۆڕاو لەو ستەیتە دێت بۆ کاندیدی براوە، ئێستا بۆ نموونە ئەم ستەیتەی کە من لێی نیشتەجێم هەر لە کۆنەوە بە ستەیتی دیموکراتەکان ناسراوە واتە کۆی دەنگەکانی کە 21 دەنگە یەکلا بوەتەوە بۆ کاندیدی دیموکراتەکان کە لە ئێستادا کامێلایە.
لە کۆی سەرجەم 50 ستەیتەکە بە نزیکی 43 دانەیان پێشتر یەکلا بوەتەوە کە هەندێکیان بۆ دیموکراتەکانە و هەندێکیان بۆ کۆماریەکانە. تەنها حەوت ستەیت ماوەتەوە کە پێیان دەوترێت ستەیتە خاوەن دەنگە خۆڵەمێشیەکان، کە بە تەواوی دیار نیە بە چ لایەکدا دەشکێنەوە ئەوانیش بریتین لە ستەیتەکانی (جۆرجیا، مێشیگەن، ویسکەنسن، ناڤادا، ئەریزۆنا، پەنسلڤانیا و نۆرپ کارۆلاینا) کە لە ڕاستیدا پێشبڕکێکە لەسەر بە دەستهێنانی دەنگی زۆرینەی ئەم چەند ستەیتەیە، وە ئەوە دەنگی خۆڵەمێشی ئەم ستەیتانەیە کە یەکلای دەکەنەوە کام کاندید دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.
بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە ئەویش ئەوەیە ئایا ئەندامانی دەستەی هەڵبژێردراوی ستەیتەکان کە لە هەڵبژاردنی گشتیدا دەنگیان پێ دراوە و هەڵبژێردراون تا ئەوانیش سەرۆک و جێگرەکەی هەڵبژێرن، ئایا پابەند دەبن بە زۆرینەی دەنگی ستەیتەکە؟ وە دەنگ دەدەن بە کاندیدی دڵخوازی ئەو ستەیتە؟
 لە ڕاستیدا بە شێوەیەکی گشتی بەڵێ پابەند دەبن، بەڵام دەشتوانن پابەند نەبن، بۆ نموونە کە دەڵێین ستەیتی ئیڵینۆی یەکلابوەتەوە بۆ دیموکراتەکان، واتە دەبێت هەر 21 ئەندامەکەی دەستەی هەڵبژێردراو لە ڕۆژی دەنگدانی دەستەی هەڵبژێردراو بۆ سەرۆک دەنگ بدەنە کاندیدی دیموکراتەکان، بەڵام دەشێت ڕووبدات کە هەندێکیان هەڵبگەڕێنەوە و دەنگ بدەنە کاندیدی کۆماریەکان، کە لەم کاتەدا ناو دەبرێن بە ئەندامە بێ باوەڕەکان (Faithless Electorals).

وە ئەم حاڵەتی هەڵگەڕانەوەیە چەند جارێک لە مێژووی ئەمریکادا ڕوویداوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵەکانی 1824 و 1876 و 1888 و 2000 و دواترینیشیان لە ساڵی 2016 کاتێک ترامپ و هیلاری کلینتۆن لە کێبڕکێدا بوون، هیلاری کلینتۆن لە دەنگدانی گشتیدا بڕی 2.9 ملیۆن دەنگی لە ترامپ زیاتر بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی 7 ئەندامی دەستەی هەڵبژێردراو ڕای خۆیان گۆڕی و دەنگیان نەدا بە هیلاری ئەوە بوو ترامپ بوو بە سەرۆک.
لەبەرئەوە هەندێک لە ستەیتەکان یاسایەکیان داهێناوە، کە ئەگەر نوێنەرانیان لە دەستەی هەڵبژێردراو پابەند نەبن بە دەنگدان بەو کاندیدەی کە زۆرینەی ستەیتەکە لە هەڵبژاردنە گشتیەکەدا دەنگیان بۆ داوە ئەوا ستەیتەکە سزای ئەو نوێنەرانە دەدات بە سزای دارایی.

ئەندامانی دەستەی هەڵبژێردراو کێن؟ (538 کەسەکە) 
ئەندامانی دەستەی هەڵبژێردراو کە لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی هەڵدەبژێردرێن کەسانی حیزبی پلە باڵا و خاوەن هۆشیاری گەورەن، کە مەرجە کارمەندی دەوڵەتی فیدراڵ نەبن، لە دوای ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتی (5/11/2024) کە هەڵبژێردران، پاشان  دەستەی هەڵبژێردراوی هەر ستەیتێک لە کۆنگرێسی ستەیتەکەی خۆیدا لە ڕۆژی دوو شەممەی دوای دووهەم چوار شەممەی مانگی دیسەمبەر(ئەمە لە دەستوردا دیاری کراوە) کە ئەمساڵ دەکاتە ڕێکەوتی ڕۆژی 16/ 12/ 2024 کۆبونەوە دەکەن و دەنگ دەدەن بە کاندیدی دڵخوازی خۆیان و دەنگەکانیان لە سندوقێکی داخراوی تایبەتدا دەنێرن بۆ کۆنگرێسی فیدراڵ لە واشنتەن دی سی.
لە ڕۆژی 6/1/2025 لە کۆبونەوەی گشتی هاوبەشی سێنات و کۆنگرێسی فیدراڵ  سندوقی دەستەی هەڵبژێردراوی سەرجەم ستەیتەکان دەکرێتەوە و دەنگەکان هەژمار دەکرێت، هەر کاندیدێک توانی 270 دەنگ بە دەست بهێنێت لە کۆی 538 دەنگ، ئەوا ئەو کاندیدە بە فەرمی دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا و ڕادەگەیەنرێت لە لایەن جێگری سەرۆکی ئەم دەورەیەی ئێستا کە خۆی سەرۆکی  ئەنجومەنی سێناتی ئێستایە و لە ئێستاشدا کامێلایە کە خۆی کاندیدی دیموکراتەکانە، وە سەرۆکی هەڵبژێردراو لە ڕۆژی 20/1/2025 دەچێتە کۆشکی سپی و یەکەم ڕۆژی دەوام دەست پێ دەکات وەک سەرۆکی نوێ و ئەو ڕۆژە یەکەم ڕۆژی خولی چوار ساڵی نوێی ئیدارەی نوێ دەبێت.
 خۆ ئەگەر هیچ یەک لە کاندیدەکان 270 دەنگیان بە دەست نەهێنا بێت یان دەنگی یەکسانیان بە دەست هێنا بێت و کەمتر بێت لە 270 دەنگەکە، ئەمەش تەنها لە حاڵەتی بوونی کاندیدی سێهەمدا ڕوو دەدات کە چەند ئەندامێکی دەستەی هەڵبژێردراو دەنگیان پێ دابێت، ئا لەو کاتەدا ئیتر کۆنگرێس هەڵدەستێت بە یەکلا کردنەوەی کاندیدی براوە بە ڕێ و شوێنی قانونی دیاریکراو کە لێرەدا نامەوێت باسی بکەم بۆ زیاتر درێژ نەبونەوەی باسەکە و لە ڕاستیشدا ئەگەری ڕوودانی زۆر کەمە، بە تایبەت ئەگەر کاندیدی سێهەم بوونی نەبێت و یان هەشبێت بەڵام هیچ دەنگی ئەندامانی دەستەی هەڵبژێردراو بە دەست نەهێنێت.


بۆ هەڵبژاردنی گشتی ئەم ساڵی 2024، تائێستا جیاوازیەکانی نێوان دەنگەکانی هەردوو کاندید هێجگار کەمە و زیاتر ململانێ و پێشبڕکێکە لەسەر 7 ستەیتە، کە بە ستەیتە خاوەن دەنگە خۆڵەمێشیەکە ناسراون کە ئەوانیش ستەیتەکانی هەریەک لە (مێشیگەن و ناڤادا و ئەریزۆنا و جۆرجیا و ویسکەنسن و پەنسلڤانیا و نۆرپ کارۆلاینایە) ، چونکە هەر 43 ستەیتەکەی تر یەکلا بونەتەوە و هەندێکیان بۆ دیموکراتەکان و هەندێکی تریان بۆ کۆماریەکان.
ئەم 7 ستەیتە خۆڵەمێشیەش ژمارەی ئەندامانیان لە دەستەی هەڵبژێردراو بەم شێوەیە یە:
مێشیگەن 15 ئەندام
ناڤادا 9 ئەندام
ئەریزۆنا 11 ئەندام
چۆرجیا 16 ئەندام
ویسکەنسن 10 ئەندام
پەنسلڤانیا 19 ئەندام
نۆرپ کارۆلاینا 16 ئەندام
واتە ئێستا ململانێکە لەسەر کۆی ئەو 96 ئەندامەیە و کام کاندید بتوانێت زۆرترین دەنگ لەو 96 دەنگە بە دەست بهێنێت ئەو کاندیدە دەبێتە سەرۆکی داهاتوی ئەمریکا.
لە کۆتاییدا هەر چەندە تۆمەتباریش بکرێم بە لایەنگری بیردۆزەی گەلەکۆمەکێ ( نڤریه‌ المۆامره‌) ئەوە ماوە بڵێم کە لە ڕاستیدا کاندیدی دەرچوو لە هەر یەکێک لەو دوانە بێت، تەنها جیاوازیەکەیان کاریگەری بچوکی هەیە بۆ هەندێک بابەتی ناوخۆیی ئەمریکا وەک ڕێژەی بەتاڵە و باشکردنی ئیکۆنۆمی، سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و بابەتە جەوهەریەکان هیچ کام لەو دوانە جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە، نەک جیاوازیان نیە تەنانەت خاوەن هەمان ستراتیجن، وەک بابەتەکانی پشتگیری ئیسرائیل و بابەتە گرنگەکانی تری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە لە ڕاستیدا هەردوو حیزب کۆنترۆڵکراون لە لایەن ئەوانەی کە لە پشتی پەردەوە سەرجەم هێڵەکانیان بە دەستەوەیە و یاریکەری ڕاستەقینە و بڕیار بەدەستی سەرەکی ئەوانن و حکومات و سیاسیەکان تەنها بوکەڵەیەکن بە دەستی ئەوانەوە و هەر ئەوانیشن کە ڕێسای گەمەکە لە ئەمریکاو تەواوی جیهان بەڕێوە دەبەن.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ