مامۆستای زانكۆ
دكتۆرا له مێژووی هاوچه‌رخ
پسپۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد ـ توركیا
بڕیارى راوه‌ستاندنى شۆڕش‌و خه‌باتى چه‌كداریی له‌لایه‌ن مه‌لا مسته‌فا بارزانییه‌وه بوو به‌هۆى ده‌مه‌ته‌قێ. مقۆ مقۆ‌و ناڕه‌زایی له‌نێوان كادیران‌و كه‌سانى هۆشیارى ئه‌وساى پارتى له‌هه‌موو ئاستێكدا دروستبوو، هه‌ندێ له‌كادیرانى پێشكه‌وتوو هه‌وڵى رزگاركردنى جوڵانه‌وه‌ى كوردیان له‌م نسكۆیه دا.
هه‌ر بۆئه‌م مه‌به‌سته بیر له‌گه‌لێك رێگاچاره كرایه‌وه. له‌لایه‌ن هه‌ندێ كه‌سه‌وه هه‌نگاوى بچو‌وكیش به‌مه‌به‌ستى به‌رده‌وامى شۆڕش نرا. له‌نێو ئه‌و كادیره پێشكه‌وتووانه‌ى بڕوایان به‌درێژه‌دان به‌شۆڕش هه‌بوو(ساڵه‌ح یوسفى، عه‌لى عه‌سكه‌رى، د.خالید سه‌عید، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، عه‌لى هه‌ژار)هه‌بوون.(63) هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه هه‌ریه‌كه له‌ساڵه‌ح یوسفى‌و عه‌لى عه‌سكه‌رى له‌گه‌ڵ بڕیارى راوه‌ستاندنى شۆڕشدا نه‌بوون.
بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش عه‌لى عه‌سكه‌رى له‌وكاته‌دا له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانى قسه‌ى كردبوو، كه‌درێژه به‌خه‌باتى چه‌كدارى بده‌ن، به‌ڵام بارزانى له‌وباره‌وه ره‌زامه‌ندى نیشان نه‌دابوو(64).
هه‌روه‌ها سیاسه‌تى شۆڤێنیزمى به‌عس هۆكار‌و پاڵنه‌رى گه‌وره‌بوو، تاوه‌كو هه‌ندێ له‌سه‌ركرده‌و پێشمه‌رگه‌كانى شۆڕشى ئه‌یلوول بیر له‌درێژه‌پێدانى خه‌بات‌و به‌ره‌نگارى بكه‌نه‌وه‌و بكه‌ونه بیرى دامه‌زراندنى رێكخراو‌و پارتی سیاسى نوێ.(65) بۆئه‌و مه‌به‌سته له‌ناوه‌ڕاستى مانگى(نیسانى1975)دا یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى گرنگى چاره‌نوسساز له‌شارى ورمێى ئێران له‌ماڵى عومه‌ر مسته‌فا (ده‌بابه) به‌سترا، به‌شدارانى ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه بریتى بوون له:(عه‌لى عه‌سكه‌رى، ره‌سول مامه‌ند، مه‌لا ناسیح، عه‌بدوره‌حمان گۆمه‌شینى، تاهیر عه‌لى والى به‌گ، سه‌لیم ئاغۆك، كه‌مال محێدین‌و چه‌ند كه‌سێكى تر).(66).
هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ى دیكه ده‌بێژێ كۆبوونه‌وه‌كه له‌ماڵى(سه‌ید عه‌زیزى شه‌مزینى)تێكۆشه‌رى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ئه‌نجامدراوه،(67) به‌ڵام راستییه‌كه‌ى له‌ماڵى عومه‌ر مسته‌فا (ده‌بابه)بووه.
هه‌روه‌ها هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ى دیكه‌ش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كۆبوونه‌وه‌كه له‌شارى نه‌غه‌ده كراوه(68)، به‌ڵام راستى ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كۆبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام له‌ورمێ‌و نه‌غه‌ده‌و هه‌ندێ جێگه‌ى تر به‌مه‌به‌ستى درێژه‌دان به‌شۆڕش‌و به‌ره‌نگارى هه‌بووه، بۆیه وا باسكراوه. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پاش هه‌ڵسه‌نگاندنى دۆخى ئه‌وكاتى كوردستان بیروبۆچوونى جیاجیا له‌نێو ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌بووه، زۆربه‌یان بڕیاریان دابوو، كه‌ده‌بێ به‌زوویی حزبێك له‌كوردستان دروستبكرێت،چونكه به‌بڕواى ئه‌وان پارتى رێكخستنه‌كانى هه‌ڵته‌كاوه.(69) هاوكات دوو به‌ش بڕیار ده‌رده‌كرێت، كه‌به‌شى یه‌كه‌م:
ئه‌لف- به‌هیچ جۆرێك ناچینه ده‌ره‌وه‌و هه‌نده‌ران.
بێ- به‌هیچ جۆرێك له‌ئێران نامێنینه‌وه.
جیم- ده‌گه‌ڕێینه‌وه خوارووى كوردستان.
دال- هه‌وڵبدرێت زۆرترین كادیر‌و خه‌ڵكیتر بنێردرێنه‌وه خوارووى كوردستان، چونكه كوردستانى بنده‌ستى عێراق شوێنى خه‌باتى ئێمه‌یه.
به‌شى دووه‌مى بڕیاره‌كان:
ئه‌لف- به‌رده‌وامى په‌یوه‌ندى به‌یه‌كتره‌وه هه‌بوون، دواى گه‌ڕانه‌وه بۆناو حكومه‌ت.
بێ- دواى گه‌ڕانه‌وه رێكخراوێكى سیاسى دروستبكرێت، رێكخراوێكى فراوان بێت، كه‌هه‌ردوو باڵى كۆنى پارتى بگرێته‌خۆى، واته(مه‌لایی‌و جه‌لالى). ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كانى نێوان ئه‌و دوو باڵه دواى جیابوونه‌وه‌كه‌ى(1964). هه‌روه‌ها دووركه‌وتنه‌وه له‌شه‌ڕى براكوژى. دواى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆناو حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ش رێكده‌كه‌ون:
1.په‌له‌نه‌كردن له‌دروستكردنى رێكخراوێكى سیاسى.
2.خۆده‌رنه‌خستن‌و وریایی‌و خۆدوورخستنه‌وه له‌هه‌نگاوى په‌له‌و تاوتوێ نه‌كراو(70).
ره‌سول مامه‌ند وه‌كو یه‌كێك له‌به‌شداربووانى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه له‌وتارێكدا باس له‌وه ده‌كات، باس‌و خواسه‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه بریتیبوون له‌بڕیاردان له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه سیاسییه‌ى، كه‌دواى هه‌ره‌س دروستبووبوو، نه‌هێشتنى نائومێدى خه‌ڵكى كوردستان، هه‌وڵدان بۆدۆزینه‌وه‌ى رێگاچاره‌یه‌ك تائه‌و بارودۆخه سه‌خته‌ى هاتبووه‌كایه‌وه، چاره‌سه‌ر بكرێت.
بۆیه ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه به‌سه‌ره‌تایه‌ك داده‌نرێ بۆ خۆرێكخستنه‌وه‌و درێژه‌دان به‌تێكۆشان. هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا خه‌ڵكى له‌ئێران نه‌مێننه‌وه‌و بگه‌ڕێنه‌وه كوردستانى عێراق‌و ژیان‌و تێكۆشانیان له‌نێو خه‌ڵكى خۆیان‌و جه‌ماوه‌رى خۆیان سازبده‌ن. (71) بۆیه ئه‌وانه‌ى دواتر بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى دیمو‌كراتى كوردستانیان دامه‌زراند، بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆكوردستانى عێراق دا(72).
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌مباره‌یه‌وه ده‌نوسێت:"ئه‌مانه لایان وابوو سه‌ركردایه‌تى بارزانى به‌و رێبازه سیاسییه چه‌وته‌ى له‌چه‌ند ساڵى رابردوودا گرتبوویه‌به‌ر، جوڵانه‌وه‌ى كوردى توشى هه‌ڵدێركردووه، هه‌روه‌ها رێكخستنه‌وه‌ى پارتى له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كى پێشكه‌وتوو، به‌دۆستایه‌تى له‌گه‌ڵ به‌عس‌و به‌شدارى له‌دامو ده‌زگاى ئۆتۆنۆمى ده‌كرێت هه‌ندێ له‌ده‌ستكه‌وته‌كانى كورد بپارێزرێ".(73) ئه‌مانه به‌نیازبوون پاش گه‌ڕانه‌وه به‌ناوى ئه‌و رێكخراوه تازه‌یه‌ى دایده‌مه‌زرێنن، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا بكه‌ن‌و كارى سیاسى‌و رێكخراوه‌ییان به‌شێوه‌یه‌كیتر دابڕێژن. هه‌رچه‌نده كاربه‌ده‌ستانى به‌عس له‌سه‌ره‌تادا به‌ڵێنیان پێدان‌و ئه‌وانیش به‌و هیوایه‌وه به‌كۆمه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه بۆعێراق، ئه‌وه‌بوو عێراق به‌گه‌رمى پێشوازی لێ‌كردن، به‌ڵام به‌عس هیچ كام له‌به‌ڵێنه‌كانى به‌جێ نه‌هێنا. پاش ماوه‌یه‌كى كورت چالاكى سیاسى لێ قه‌ده‌غه‌كردن‌و له‌كوردستان دوورى خستنه‌وه. هه‌ریه‌كێكیانیشى به‌وه‌زیفه‌یه‌كى حكومى نارد بۆجێگایه‌كی خوارووى عێراق.(74) د.خالید سه‌عید‌و سه‌عدى عه‌زیز(گچكه) له‌به‌غدا‌و عومه‌ر مسته‌فا‌و سه‌ید كاكه له‌رومادى‌و عه‌لى عه‌سكه‌رى له‌رفاعى‌و تاهیرى عه‌لى والى له‌عه‌مماره بوون،(75) به‌ڵام ئه‌مانه له‌ئێران قسه‌یان كردبوو به‌یه‌ك، له‌عێراقیش له‌نێوخۆیاندا په‌یوه‌ندیان پاراست‌و رێكخستنێكیان پێكهێنا.
سه‌ره‌تا به‌چاولێكه‌رى بزوتنه‌وه‌ى راستكردنه‌وه(الحركه التصحیحیه)كه‌ى به‌عسى له‌سوریا، ئه‌مانیش هه‌مان ناویان له‌خۆیان نا. گوایه چه‌وتى‌و لادانه سیاسییه‌كانى پارتى راستده‌كه‌نه‌وه. چه‌ندین كه‌سى تریش له‌وانه:ساڵه‌ح یوسفى بوو به‌هاوبیر‌و هاوده‌نگییان.(76) باسیش له‌وه ده‌كرێت ساڵه‌ح یوسفى ناوى بزوتنه‌وه‌ى راستكردنه‌وه‌ى له‌و رێكخراوه تازه‌یه ناوه.(77)
دواجار ئه‌مانه توانیان له‌هاوینى(1976)، یان وه‌ك هه‌ندێكیتر ده‌ڵێن له(10/5/1976)دا، پاش كۆبوونه‌وه‌ى عه‌لى هه‌ژار، كاردۆ گه‌ڵاڵى، سه‌ید كاكه، عه‌لى عه‌سكه‌رى، سه‌عدى عه‌زیز(گچكه) دامه‌زراندنى رێكخراوێكى سیاسى وه‌كو بیرۆكه‌یه‌ك پیشنیاز كراوه.(78) پاشئه‌وه‌ى هه‌ندێ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا به‌ست‌و دانیشتن‌و لێكدانه‌وه‌ى هه‌لومه‌رجى ئه‌وكاته‌ى كوردستانیان خسته به‌ر باس‌و لێكۆڵینه‌وه، به‌ده‌ستپێشخه‌رى ساڵه‌ح یوسفى‌و به‌شدارى ژماره‌یه‌ك له‌كادیر‌و سه‌ركرده‌ى هه‌ردوو باڵه‌كه‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان(بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى دیمو‌كراتى كوردستان)یان دامه‌زراند(79)و به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنیش له‌رێگاى(كه‌ریمى حیسامى)یه‌وه له‌به‌یروت چاپكرا‌و(80) له‌ئابى(8/8/1976)دا راگه‌یه‌نرا(81).
ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى پێكهاتبوون له(ساڵه‌ح یوسفى، عه‌لى عه‌سكه‌رى‌و د.خالید سه‌عید‌و سه‌عدى عه‌زیز‌و عه‌لى هه‌ژار‌و كاردۆ گه‌ڵاڵی‌و ره‌سوڵ مامه‌ند‌و تاهیرى عه‌لى والى‌و سه‌ید كاكه‌و مه‌لا ناسیح)(82).
ئه‌گه‌ر سه‌یرى ئه‌و قۆناغ‌و بارودۆخ‌و پاڵنه‌رانه بكه‌ین بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى تێدا دروستبوو، ده‌بینین له‌سه‌ختترین‌و دژوارترین هه‌لومه‌رجدا، له‌ته‌مى نائومێدى‌و بێهیواییدا، كه‌سه‌رتاپاى كوردستانى داپۆشیبوو دامه‌زرا. له‌لایه‌ك رێكه‌وتننامه‌ى جه‌زائیرى نێوان عێراق‌و ئێران‌و له‌لایه‌كیتریشه‌وه بڕیارى كۆتایی هێنان به‌شۆڕش‌و خه‌باتى چه‌كداریى‌و دواتریش سیاسه‌ته‌كانى راگواستن‌و به‌عه‌ره‌بكردن‌و به‌به‌عسیكرن‌و....تاد پاڵنه‌رى سه‌ره‌كى دامه‌زراندنى ئه‌و رێكخراوه سیاسییه بوون.(83) بزوتنه‌وه وه‌كو رێكخراوێكى پێشكه‌وتووخوازى شۆڕشگێڕ هاته‌گۆڕه‌پان، بۆئه‌وه‌ى ئه‌ركێكى قورس‌و گران جێبه‌جێ بكات، كه‌بریتى بوو له‌یه‌كخستنى ریزه په‌رش‌و بڵاوه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازیی كورد.(84) ئه‌وه‌ش هاتووه، بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى هه‌ڵگرى تیۆرێكى زانستییانه‌یه‌و بیر له‌به‌رژه‌وه‌ندى به‌شى هه‌ره زۆرى چینه زه‌حمه‌تكێشه‌كانى كوردستان ده‌كاته‌وه‌و بزوتنه‌وه‌ى كرێكار‌و جوتیار‌و شێره شۆڕشگێڕه‌كانى كوردستانه‌و له‌سه‌ر رێبازى پێشكه‌وتووانه‌و زانستییانه بۆگه‌یاندنى گه‌لى كورد به‌مافى چاره‌نوس خه‌بات ده‌كات(85).
بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندى هه‌بوو له‌وانه‌ش: پشتبه‌ستن به‌سه‌ركردایه‌تى به‌كۆمه‌ڵ‌و رێگانه‌دان به‌كارى تاكڕه‌وانه، حه‌رامكردنى شه‌ڕى براكوژى، جه‌ختكردنه سه‌ر لایه‌نى چۆنایه‌تى رێكخستن، واته كه‌مى‌و پوختى رێكخستن، خۆدوورخستنه‌وه له‌كارى هه‌رزه‌كارانه‌و خۆده‌رپه‌ڕاندن(86).
له‌رووى ئامانجى سیاسیشه‌وه كۆمه‌ڵێك ئامانجى هه‌بوو، كه له‌پێناویدا تێده‌كۆشا له‌وانه:
1.یه‌كگرتنى هه‌موو رێكخراو‌و هێزه نیشتمانییه پێشكه‌وتووخوازه‌كانى كوردستان له‌به‌ره‌یه‌كى كوردستانیدا.
2.پته‌وكردن‌و به‌هێزكردنى برایه‌تى عه‌ره‌ب‌و كورد‌و توركمان‌و كه‌مه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان.
3.به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندى دۆستانه له‌گه‌ڵ هێزه نیشتمانییه پێشكه‌وتووخوازه‌كانى عه‌ره‌ب له‌ژێر بناغه‌ى مافى چاره‌نوسى گه‌لانى ژێر ده‌سته.
4.به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندیى هاوكارى له‌گه‌ڵ به‌ره‌ى سۆسیالیست بۆپشتگیریی خه‌باتى گه‌لانى ژێرده‌سته‌ى دونیا‌و له‌باربردنى ئیمپریالیزمى حكومه‌تى سه‌رمایه‌داریی(87).
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ده‌بێ تێبینى هه‌ندێ شت بكه‌ین له‌نێو بزوتنه‌وه‌دا، كه‌كه‌مو كورتى‌و خاڵى لاوازیی بوون‌و له‌قۆناغه‌كانى دواترى كارى سیاسی‌و چه‌كداریدا، به‌شێوه‌یه‌كى خراپ ره‌نگیدایه‌وه‌و كاریگه‌رى له‌سه‌ر دروستكردن. ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو بزوتنه‌وه له‌بنه‌ڕه‌تدا رێكخراو بوو نه‌ك حزب (88) پاشان له‌ئه‌نجامى كۆنگره‌و كۆنفرانس‌و بیركردنه‌وه‌ى قوڵ‌و درێژخایه‌ن دانه‌مه‌زرابوو، به‌ڵكو دواى رێكه‌وتننامه‌ى جه‌زائیر‌و بڕیارى كۆتایی هێنان به‌شۆڕشى چه‌كداریی‌و به‌رده‌وامى سیاسه‌ته‌كانى حكومه‌تى به‌عس هاتبووه سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسى، جگه‌له‌وه له‌نێو بزوتنه‌وه‌دا راو بۆچوونى جیاواز بوونى هه‌بوو، ته‌نانه‌ت یه‌ك بیر‌و بۆچوونى سیاسى‌و فیكرى دیاریكراو نه‌بوو، به‌ڵكو بزوتنه‌وه له‌كه‌سانى (نه‌ته‌وه‌یی، چه‌پى‌و سۆسیالیستى، ماركسى- لینینى، دیمو‌كراتى)پێكهاتبوو (89) له‌سه‌رووى ئه‌مانه‌وه بزوتنه‌وه به‌گشتى له‌هه‌ردوو باڵه كۆنه‌كه‌ى مه‌لایی‌و جه‌لالى پێكهاتبوو(90).
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا دواى ماوه‌یه‌ك ناوى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى دیمو‌كراتى كوردستان گۆڕا بۆ بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى كوردستان. ره‌سوڵ مامه‌ند له‌راپۆرتى سیاسى یه‌كه‌م كۆنگره‌ى حزبى سۆسیالیستى یه‌كگرتووى كوردستاندا، هۆكارى ئه‌م ناو گۆڕینه بۆئه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، كه‌زاراوه‌ى سۆسیال دیمو‌كراتى جیهانى جێگه‌ى گومان بووه، چونكه پشتى له‌هزرى شۆڕشگێڕى كردووه‌ناچار، بزوتنه‌وه به‌رێگاى هه‌مه‌پرسى گشتى‌و پاش پرس‌ورا وه‌رگرتنى هه‌ندێ هێزى نیشتمانى تر وشه‌ى دیموكرسى لابرا‌و بوو به‌بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى كوردستان(91).
به‌ڵام بیروڕاى راست ئه‌وه‌یه وه‌ك هه‌ندێ له‌سه‌رچاوه‌كانیش ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن، ئه‌م ناو گۆڕینه له‌سه‌ر پێشنیازى جه‌لال تاڵه‌بانى بووه، وه‌كو داواكارى‌و مه‌رجێكیش له‌كاتى چوونه ناوه‌وه‌ى بزوتنه‌وه بۆ‌نێو نیمچه‌به‌ره‌ى یه‌كێتى ى نیشتمانى كوردستان،(92) به‌ڵام ناكرێ باس له‌و جیاوازییه هزرییانه نه‌كه‌ین، كه‌دواى دامه‌زراندنى بزوتنه‌وه ورده ورده ده‌ركه‌وتن، به‌تایبه‌ت له‌كاتى پێشنیازى گۆڕینى ناوى بزوتنه‌وه‌و لابردنى وشه‌ى(دیمو‌كراتى)دا، چونكه هێڵى چه‌پى ناو بزوتنه‌وه، ئه‌وانه‌ى زیاتر كاریگه‌رى ماركسییه‌تیان له‌سه‌ر هه‌بوو، خۆیان به‌ماركسى ده‌زانى، له‌گه‌ڵ لابردنى وشه‌ى(دیمو‌كراتى)بوون‌و نه‌یانده‌ویست بزوتنه‌وه هیچ رواڵه‌تێكى سۆسیال دیموكراتانه به‌خۆوه بگرێ، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌وان سۆسیال دیموكراتیان به‌لاده‌ر‌و دارده‌ستى سه‌رمایه‌دار داده‌نا، بیروڕاكانیش دژى وشه‌ى دیمو‌كراتى یه‌كنه‌بوون. هاوكات به‌ربڵاوى بیروڕاى ماركسییه‌ت له‌كوردستان‌و ناوچه‌كه‌ش به‌گشتى بۆئه‌م ناو گۆڕینه پاڵنه‌ربوون(93).
په‌یڕه‌وكردنى بیرى سۆسیالیستى له‌نێو بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى كوردستاندا به‌ره‌زامه‌ندى هه‌موو ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى نه‌بووه، به‌تایبه‌ت ساڵه‌ح یوسفى، كه‌كرا به‌سكرتێرى بزوتنه‌وه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ بیرى سۆسیال دیموكراتیدا بوو، پێشى وابووه سۆسیالیستى له‌گه‌ڵ بیروڕاى رووناكبیراندا یه‌كناگرێته‌وه‌و دواجار په‌رتبوونى نێوخۆیی حزبى لێده‌كه‌وێته‌وه (94) له‌مباره‌یه‌وه ساڵه‌ح یوسفى له‌یه‌كێك له‌نامه‌كانیدا، كه له‌پاییزى(1979)دا بۆسه‌ركردایه‌تى(حسیك)ى ناردووه، ده‌نوسێت:"من به‌ر له‌دروستبوونى بزوتنه‌وه‌و له‌ئایینده‌شدا هه‌رواى بۆده‌چم، كه‌په‌سه‌ندكردنى ئه‌م دروشمه له‌گه‌ڵ راى زۆربه‌ى رۆشنبیراندا یه‌كناگرێته‌وه‌و ڕاڕایی‌و ناكۆكى یه‌كێتى بیروباوه‌ڕى لێده‌كه‌وێته‌وه‌و ده‌بێته‌هۆى بڕبوونى حزب"(95).
هاوكات په‌یڕه‌وكردنى بیرى سۆسیالیستى په‌یوه‌ندیشى به‌هه‌ندێ هۆكارى تر‌و به‌و بارودۆخانه‌وه هه‌یه، كه له‌وكاته‌دا بوونى هه‌بووه، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتنى سۆڤیه‌ت له‌جه‌نگى دووه‌مى جیهانی بووه هۆى خێرا ته‌شه‌نه‌كردنى بیرى سۆسیالیستى له‌وڵاتانى رۆژهه‌ڵاتى نزیكدا. هه‌ر له‌ژێر كاریگه‌رى ئه‌م بیره‌دا له‌ناوه‌ڕاستى چله‌كاندا پارت‌و رێكخراوى سیاسى دروستبوون، كه له‌رووى ئایدۆلۆجییه‌وه كه‌وتبوونه ژێر كاریگه‌رێتى رێبازى چه‌پ (96) له‌لایه‌كیتره‌وه سه‌رهه‌ڵدانى بیرى چه‌پ له‌نێو جوڵانه‌وه‌ى رزگاریخوازیی كوردیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆسه‌رده‌مى داگیركردنى رۆژئاواى كوردستانى ئێران له‌ساڵى(1941) له‌لایه‌ن سۆڤییه‌ته‌وه(97).
بیرى چه‌پ له‌باشورى كوردستانیش له‌دواى جه‌نگى جیهانى دووه‌مه‌وه په‌ره‌ى سه‌ندووه، به‌تایبه‌ت هه‌ندێ پێیانوایه له‌نێو پارتى(هیوا)وه چه‌كه‌ره‌ى كردووه (98) هۆكارێكیتر ئه‌وه‌بوو، سه‌ركردایه‌تى شۆڕشى ئه‌یلوول پشتى به‌یارمه‌تییه‌كانى ئه‌مریكا- ئێران- ئیسرائیل به‌ستبوو، دیاره ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه سیاسه‌تێَكى راستڕه‌وى گرتبووه‌به‌ر. هه‌ره‌سى شۆڕشى ئه‌یلوول كاردانه‌وه‌یه‌كى واى له‌نێو سه‌ركردایه‌تى كورددا دروستكردبوو، كه‌زۆر له‌و سه‌ركردانه گه‌یشتنه ئه‌و باوه‌ڕه‌ى بیروباوه‌ڕى ره‌وتى راستڕه‌و سودى نییه‌و پێچه‌وانه‌ى ئامانجه‌كانى جوڵانه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یی كورده. دواى ساڵى(1975) ئایدۆلۆجیاى ماركسیزم‌و بیروباوه‌ڕى چه‌پ، بۆئه‌و رێكخراوه سیاسییه كوردییانه‌ى، كه‌تازه فۆرمه‌له بوو بوون، تاكه چه‌ك‌و ئامرازى خه‌بات بوو، له‌دژى ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق، بۆگه‌یشتن به‌ئامانج‌و ئاواته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى گه‌لى كورد(99) پێویسته ئه‌وه‌ش بوترێ سه‌رنه‌كه‌وتنى جوڵانه‌وه‌ى رزگاریخوازیی كورد‌و هه‌ره‌سهێنانى شۆڕشى ئه‌یلوول له‌به‌هارى(1975)دا خرایه ئه‌ستۆى باڵى راستڕه‌وى نێو جوڵانه‌وه‌كه به‌هۆى پابه‌ند نه‌بوون‌و په‌یڕه‌ونه‌كردنى جوڵانه‌وه‌كه له‌بیروباوه‌ڕى چه‌پ‌و پێشكه‌وتنخوازیی (100) ده‌بێ لێره‌دا رۆڵى گۆڤارى(رزگارى)یش ون نه‌كه‌ین، كه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه گه‌نجێكه‌وه له‌كۆتایی ساڵانى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوودا ده‌رده‌كرا‌و هه‌ڵگرى بیرى ماركسى- لینینى‌و سۆسیالیستى بوون، وه‌ك(نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، شازاد صائب)و زۆر كه‌سى دیكه، كه له‌بنه‌ڕه‌تدا وه‌ك ئۆرگانى په‌خشكردن‌و تیۆریزه‌كردنى هزرى سیاسى كۆمه‌ڵه وابوو. بیرى سۆسیالیزم له‌م گۆڤاره‌دا له‌رێگاى چه‌ندین وتاره‌وه شرۆڤه ده‌كرا‌و شیده‌كرایه‌وه‌و تیۆریزه ده‌كرا، بۆنمونه باس له‌زنجیره وتارێكى عه‌بدوره‌حمان زه‌بیحى(عوله‌ما)، به‌ناونیشانى(سۆسیالیزم) ده‌كرێت، كه له‌گۆڤارى رزگاریدا بڵاوكراوه‌ته‌وه(101).
بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى كوردستان له‌رووى رێكخستنه‌وه به‌جۆرێ خۆى رێكخستبوو، كه‌پێكهاتبوو له‌كۆمیته‌ى سه‌ركردایه‌تى، به‌شى رێكخستنى سه‌روو، به‌شى رێكخستنى خواروو، واته كۆمیته‌ى سه‌ركردایه‌تى سه‌رپه‌رشتى هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ى كردووه.به‌شى رێكخستنى خواروو به‌غداد‌و شاره‌كانیترى عێراقى گرتبووه‌وه‌و شێخ محه‌مه‌دى شاكه‌لى له‌قۆناغێكدا به‌رپرسى بووه. هه‌رچى به‌شى رێكخستنى سه‌روو بووه هه‌موو شار‌و شارۆچكه‌كانى خوارووى كوردستانى گرتۆته‌وه. هه‌موو شارێكیش كۆمیته‌ى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌بووه (102) شێوه‌ى رێكخستن له‌ساڵه‌كانى سه‌ره‌تاى بزوتنه‌وه‌دا، شێوه‌یه‌كى زنجیره‌یی هه‌بووه له‌سه‌ر بنچینه‌ى هێڵ شۆڕبۆته‌وه خواره‌وه، واته تاكه‌كه‌س په‌یوه‌ندى به‌تاكه‌كه‌سه‌وه كردووه‌و به‌شێوه‌ی زنجیره له‌یه‌كتر گرێدراون. ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستى زیاتر نهێنى پارێَزى‌و دڵنیایی، واته زۆر گرنگى به‌نهێنى پاراستن دراوه (103) له‌ساڵه‌كانى دواتردا شێوه‌ى پێكهاتن یان ستراكتۆرى رێكخستن گۆڕدراوه‌و شێوه‌یه‌كى هه‌ره‌مى وه‌رگرتووه. واته له‌سه‌ره‌وه بۆخواره‌وه‌و لق‌و پۆپى زیاتر، به‌مجۆره: كۆمیته‌ى رێكخستن، كۆمیته‌ى ناوچه‌ى شار، رێكخراو، شانه‌ى سه‌ره‌كى‌و شانه سه‌ره‌تاییه‌كان (104) كاتێكیش به‌شى زۆرى سه‌ركرده‌كانى بزوتنه‌وه په‌یوه‌ندى به‌شۆڕشى نوێوه ده‌كه‌ن، ئه‌ركى سه‌ركردایه‌تى رێكخستنى نهێنیی شاره‌كان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى (شێخ محه‌مه‌د شاكه‌لى، محه‌مه‌د فاتیح، نیزامه‌دین گلى، عه‌لى ره‌سوڵ، نوره‌دین عه‌بدوره‌حمان).
ئه‌مانه ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى بزوتنه‌وه بوون، به‌بێ به‌شدارى كۆنگره‌و به‌دامه‌زراندنى سه‌ركردایه‌تى ناوخۆ دانرابوون(105) رێكخستنه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى له‌ساڵانى دواتردا گه‌شه‌یان كرد، به‌جۆرێ سه‌ركردایه‌تى بزوتنه‌وه‌و لقه‌كانی چه‌ندین تۆڕى رێكخستنیان پێكهێنابوو(106).
له‌رووى راگه‌یاندنه‌وه بزوتنه‌وه تا ماوه‌یه‌كى زۆر ته‌نها له‌رێگاى بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌یاننامه‌و راگه‌یاندنى زاره‌كى‌و نامه‌و شتى له‌مجۆره‌وه كارى راگه‌یاندنى ئه‌نجامداوه‌و هیچ ئۆرگانێكى راگه‌یاندنى تایبه‌تى نه‌بووه، تاوه‌كو دواجار‌و دواى هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ى بزوتنه‌وه له‌ریزه‌كانى(ى.ن.ك)و ئه‌و باڵه‌ى كه‌مایه‌وه له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌كانوونى دووه‌مى(1979) بڕیارى ده‌ركردنى گۆڤارێك به‌ناوى(بزوتنه‌وه)وه ده‌ده‌ن، كه‌وه‌ك ئۆرگانێكى ئه‌و باڵه واده‌بێت‌و له‌دوو خولیشدا ده‌رچووه:
- خولى یه‌كه‌م: له(1979-1981) چوار ژماره‌ى لێده‌رچووه.
- خولى دووه‌م: له(1982-؟)دوو ژماره‌ى لێَده‌رچووه(107).
ئیتر لێره‌وه ورده ورده بزوتنه‌وه خۆى بۆخه‌باتى چه‌كدارى‌و ده‌ستپێكردنه‌وه‌و هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ى شۆڕشى نوێ ئاماده‌كرد‌و پێی نایه قۆناغێكى نوێی خه‌باتى سیاسییه‌وه، ئه‌م قۆناغه جگه له‌وه‌ى خه‌باتى سیاسى‌و سه‌ربازى بوو، هاوكات له‌دواى هه‌ره‌سهێنانى شۆڕشى ئه‌یلوول، قۆناغى ده‌ستپێكردنه‌وه‌و هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ى شۆڕشى نوێش بوو.
په‌راوێزه‌كان:
(63) شاخه‌وان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل90.
(64) خه‌لیل عه‌بدوڵڵا‌و شیلان ئه‌حمه‌د: بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى كوردستان، له‌كتیبى(یه‌كێتى ى نیشتمانى كوردستان..سه‌رهه‌ڵدان‌و نوێبوونه‌وه)، ل98، مقابله مع (عبدالخالق زنگنه)، گۆڤارى(پێشكه‌وتن)، ژماره(3)، ص7،8.
(65) نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌كه‌نارى، ل35.
(66) سه‌روه‌ر عه‌بدوره‌حمان عومه‌ر: یه‌كێتى، ل96، خه‌لیل عه‌بدوڵڵا‌و شیلان ئه‌حمه‌د: بزوتنه‌وه‌ى، ل98.
(67) به‌هرۆز گه‌ڵاڵى: ره‌سوڵ مامه‌ند 50 ساڵ ته‌مه‌ن‌و 33ساڵ خه‌بات، چ2، سلێمانى، 1998، ل156،155، ئیسماعیل ته‌نیا: كاردۆ گه‌ڵاڵى نوسه‌ر‌و پارێزه‌ر‌و سیاسه‌تمه‌دار، چ1، 1997، ل9.
(68) نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌كه‌نارى ل44، شاخه‌وان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل91،90.
(69) رێباز : قه‌ندیل به‌غداى هه‌ژاند، به‌رگى یه‌كه‌م‌و دووه‌م، ل70.
(70) شاخه‌وان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل92،91.
(71) به‌هرۆز گه‌ڵاڵى: ره‌سول مامه‌ند، ل157،156.
(72) شاخه‌وان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل90،70.
(73) له‌كه‌نارى، ل44.
(74) عومه‌رى سه‌ید عه‌لى: هه‌ندێ لایه‌ن‌و ره‌وتى مێژوویی‌و سه‌ره‌تایی دامه‌زراندنى یه‌كێتى ى نیشتمانى كوردستان، له‌كتێبى(چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌مێژووى یه‌كێتى ى نیشتمانى كوردستان)، ل74،75، نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌كه‌نارى، ل317،44.
(75) سه‌روه‌ر عه‌بدوره‌حمان عومه‌ر: یه‌كێتى، ل98.
(76) نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌كه‌نارى، ل45.
(77) بێ نوسه‌ر: تێڕوانینى سه‌یداى نه‌مر بۆئاشتى‌و ئازادى‌و مافى مرۆڤ، گۆڤارى(ده‌نگى پێشمه‌رگه)، ژماره(3)، حوزه‌یرانى 1996،
ل27.
(78) برزۆ عه‌لى هه‌ژار: عه‌لى هه‌ژار، ل10.
(79) بڕوانه یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ى لیژنه‌ى ئاماده‌كارى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى دیمو‌كراتى كوردستان له‌ئابى(1976)، له‌پاشكۆى ژ(5).
(80) كه‌ریمى حیسامى: بیره‌وه‌رییه‌كانم، به‌رگى پێنجه‌م، سوید، ل57.
(81) هه‌ندێ سه‌رچاوه رۆژى(15/8/1976) دیاریده‌كه‌ن، محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: رۆژژمێرى پێشمه‌رگه‌یه‌ك، به‌رگى دووه‌م، چ1، بێ شوێنى چاپ، 1999، ل313، صلاح الخرسان: التیارات، ص485، به‌گوێره‌ى چه‌ند چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كیتر له(7/4/1976)دا یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ى راگه‌یاندنى بزوتنه‌وه ده‌رچووه‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و هه‌ندێكیتریش پێیانوایه له‌مانگى(5/1976)دا، دامه‌زراوه، عبدالسلام على: صفحات، ص27. به‌ڵام راستییه‌كه‌ى له(8/8/1976)دا بووه.
(82) چاوپێكه‌وتنى توێژه‌ر له‌گه‌ڵ جه‌مال حه‌كیم ئاغا له‌رۆژى(7/2/2009)، سلێمانى، ئیسماعیل ته‌نیا: كاردۆ، ل10،9، صلاح الخرسان: التیارات، ص486،485.
(83) گۆڤارى(خوێندكارى كورد)، ژماره(5)، ئه‌یلوولى(1989)، ده‌زگاى چاپه‌مه‌نى شه‌هید فه‌رهاد، سوید، ل3. گۆڤارى(سۆسیالیست)، ژماره(11)، ساڵى شه‌شه‌م، حوزه‌یرانى 1987، ل20.
(84) پرۆژه‌ى به‌رنامه‌ى حزبى سۆسیالیستى كوردستان- عێراق بۆكۆنگره‌ى دووه‌م، ل5، گۆڤارى(سۆسیالیست)، ژماره(11)، ل19.
(85) بڕوانه یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ى لیژنه‌ى ئاماده‌كارى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى دیمو‌كراتى كوردستان له‌ئابى(1976)، له‌پاشكۆى ژ(5).
(86) بۆ تایبه‌تمه‌ندێتى زیاتر بڕوانه شاخه‌وان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل95.
(87) یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ى لیژنه‌ى ئاماده‌كارى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى دیمو‌كراتى كوردستان له‌ئابى(1976)، بڕوانه به‌ڵگه‌نامه‌ى ژماره(5).
(88) شاخه‌وان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل94.
(89) نامه‌ى گۆران جه‌لال بۆتوێژه‌ر، له‌رۆژى(15/10/2009)، له‌رێگاى پۆستى ئه‌له‌كترۆنییه‌وه، هه‌ولێر.
(90) چاوپێكه‌وتنى توێژه‌ر له‌گه‌ڵ عه‌دنان موفتى له‌رۆژى(15/10/2009)، هه‌ولێر.
(91) به‌هرۆز گه‌ڵاڵى: ره‌سوڵ مامه‌ند، ل103.
(92) مه‌لا به‌ختیار: یاخى بوون، ل73، جه‌لال تاڵه‌بانى له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:" ئه‌و براده‌رانه هاتن ببنه ئه‌ندام له(ى.ن.ك)دا، ئێمه مه‌رجێكمان له‌سه‌ریان دانا كه‌ناوى خۆیان بگۆڕن، ئه‌و ده‌مه دژى ناوى سۆسیالیستى دیمو‌كراتى بووین، سۆسیالیستى دیموكرات دژى خه‌باتى چه‌كداره‌و گوتمان ئێوه سۆسیال دیموكرات بن، كه‌واته خه‌باتى چه‌كداریتان به‌لاوه په‌سه‌ند نیه، ئه‌گه‌ر ئێوه ئه‌وه‌بن ماناى خه‌باتى چه‌كداری ناكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت بڵێن ئێمه بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى كوردستانین. چاوپێكه‌وتنى رۆژنامه‌ى(كوردستانى نوێ)، ژماره(1258) له‌گه‌ڵ مام جه‌لال(2/6/1996).
(93) شاخه‌وان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل114.
(94) ب.گۆران: واقیعبینى، ل9، شاخه‌وان شۆڕِش: قادر شۆڕِش، ل97.
(95) بڕوانه ده‌قى نامه‌ى ساڵه‌ح یوسفى بۆ سه‌ركردایه‌تى حسیك، له: عبدالسلام على: صفحات، ل78.
(96) د.دلێر ئه‌حمه‌د: ئه‌و، ل8.
(97) فاتیح ره‌سوڵ: بنچینه‌ى، ل314،313.
(98) فرید اسسرد: الاتجاهات السیاسیه الكردیه بعد الحرب العالمیه الپانیه، گ1، منشورات مۆسسه كردستان للدراسات الاستراتیجیه، السلیمانیه، 2008، ص21-32.
(99) د.دلێر ئه‌حمه‌د، ئه‌و، ل20،19.
(100) سه‌روتارى گۆڤارى سۆسیالیست، ژماره(16) ساڵى نۆیه‌م، ئادارى 1999، ل3، عادل مراد: الاتحاد، ص48، به‌هرۆز گه‌ڵاڵى: ره‌سوڵ مامه‌ند، ل31.
(101) بۆزانیارى زیاتر بڕوانه نه‌وشیروان مسته‌فا: په‌نجه‌كان یه‌كترى ئه‌شكێنن، دیوى ناوه‌وه‌ى رووداوه‌كانى كوردستانى عێراق(1979-1983)، ب.ش، 1997، ل98،97.
(102)شاخه‌وان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل112.
(103) زۆر رێ‌و شوێن‌و تاكتیكى تر به‌كارهێنراوه بۆنموونه له‌گه‌ڵ هه‌ر گومان په‌یداكردنێكدا چاوپێكه‌وتن بۆماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌كراوه هه‌روه‌ها ناوى نهێنى له‌كاتى پێویستیدا گۆڕدراوه، ئه‌و شوێنانه‌ش بۆ كۆبوونه‌وه دیاریكراون، كه‌كه‌متر جێگاى گومان بوون، له‌كارى هه‌رزه‌كارانه‌ش دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه. چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ شێخ محه‌مه‌د شاكه‌لى، هه‌ولێر،24/2/2009، شاخه‌وان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل112.
(104) شاخه‌وان شۆڕش: قادر شۆڕش، ل113.
(105) چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ شێخ محه‌مه‌د شاكه‌لى، هه‌ولێر،24/2/2009، خه‌لیل عه‌بدوڵڵا‌و شیلان ئه‌حمه‌د: بزوتنه‌وه‌ى، ل100.
(106) نه‌وشیروان مسته‌فا: په‌نجه‌كان، ل13.
(107) ئازاد خانه‌قینى: مادێنا، مێَژوو ببلۆگرافیاى راگه‌یاندنى یه‌كێتى ى نیشتمانى كوردستان(1975-1991)، چ1، چاپه‌مه‌نى راگه‌یاندنى خاك، سلێمانى، 2000، ل105