قه‌واره‌ی هه‌رێم گه‌مارۆ دراوه‌

کوردستان لە ناو ڕووداوەکاندا.. پیلانه‌كه‌ی عێراق و ئێران و توركیا چییه‌ ؟

د.به‌هرۆز جه‌عفه‌ر 2021.02.25 10:54 PM
1289 جار خوێندراوەتەوە

د.به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

نوسه‌ر و توێژه‌ر

دکتۆرا له‌ په‌یوه‌ندیيه‌ ئابورییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان

ئه‌ندامى فیدراسیۆنى ڕۆژنامه‌نووسانى نێوده‌وڵه‌تى

سه‌رۆکى ئینستیتیوتى مێدیتریانه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى

بۆ تێگەیشتن لەباری ئێستای کوردستان و وێناکردنی لەناو ڕووداوەکاندا چەند کەرەستەیەک لەبەردەستن؛
یەکەم/ پێش ڕووخانی “شا” لە ئێرانی ساڵی 1979 دا بەهێزترین پەیوەندیی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دا هەبو، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوپەیمانێتی سێ شمشێر لە نێوان تورکیا- ئێران- ئیسرائیل دا هەبو، کاتێک “شا” لە ئێران ڕووخا هەموو هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست گۆڕا. ئیسرائیل  لە لیستەکەی ئێراندا پلەی یەکەمی وەرگرت لە دوژمنکارییدا. 
بۆ تێگەیشتن لە نهێنی ململانێکانی ڕۆژهەڵات کتێبەکەی مایڵز گۆبڵاند گرنگە “ لعبه‌ الأمم- The game of nations".  ئەگەر بە ووردی سەرنج بدەین هەر لە سەرەتاوە کێشەی ئیسرائیل لەگەڵ عەرەبە نەک ئێران.  کێشەی ئێرانیش لەگەڵ عەرەبی سووننەیە لە یەمەن ( لە سەنعاوە بۆ عەدەن شەڕ ئەکەن)، لە پاکستان و ئەفگانستان و عێراق و سوریا هەمیشە ئێران خەریکی پەراوێزخستنی سووننەکان و گۆرینی ئیتنۆ- گرافیای ئەو ناوچانەیە.
سوپای قودس لە هەموو تەمەنیدا یەک گولـلەی بۆ بەرگریی لە قودس نەتەقاندوە هەر خەریکی زیادکردنی هەژموونی شیعە بوە لە ناوچەکەدا بەسەر سووننەدا.  کورد لەم کاتانەدا کە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگۆڕا، خەریکی ململانێی نێو-خۆیی و “ قیادە موەقەتە” و بەرەی “ جود” و “ کۆمەڵە” و لێکترازان لە ناو کۆمەڵە و... ئەم شتانە بوو...
دووەم/ لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کۆتایی هاتنی جەنگی سارد خاڵێکی گەورەی وەرچەرخانە بۆ ئەم سەر ڕووی زەوییە، کاتێک جەنگی سارد لە (١٩٩١) کۆتایی هات، یەکێتی سۆڤیەت هەڵوەشایەوەو (١٦) دەوڵەت لەو یەکێتیە جیابونەوەو دەوڵەتبونی خۆیان ڕاگەیاندو بەشێکیان بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپاو، دیواری بەرلین لەو سەروبەندانەدا ڕووخاو، جەنگی کەنداوی دووەم کۆتایی پێهات و، نیۆلیبراڵیزم وەک تیۆرێکی نوێ گەشەی کردو، دونیا کرانەوەی بەخۆیەوە بینی و، سەدان هەزار کۆمپانیاو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بە ڕووی ئەم جیهانەدا بە ناوی جیاجیا تەقینەوەو هاتنە مەیدان و، سەدەها چەمکی نوێ پەیدابو، جیهانگیریی و لیبراڵیزم کەوتنە ئەوپەڕی ترۆپکی خۆیان و، بازاڕی ئابوریی ئازاد پەیدابوو. 

كورد نه‌یتوانی ڕوخاندنی سه‌دام وه‌ك ده‌رفه‌تێك به‌كاربهێنی

 

لە ناو هەموو ئەم گۆڕانکارییانەدا و هاوکات هەرێمێکی بچکۆلانە و قەوارەیەکیش بۆ کورد دەستەبەر بو، بۆ یەکەمجار پەرلەمان و حکومەتی کوردیی دروستبون، ناوچەی دژە فڕین لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ کورد چێ کرا. کەچی کورد لە بری سوود لەو گۆڕانکاریی و دەرفەتانە وەربگرێ و گەرەنتی نێودەوڵەتی دیکە زامن بکات و دەستورێک بۆ خۆی بنوسێتەوەو دەستەڵاتە شەرعیەکان لێک جیابکاتەوە، هاتن شەڕی نێوخۆییان کرد. 
سێهەم/ ساڵی (٢٠٠٣) گەورەترین دیکتاتۆری سەردەمەکە و ڕژێمی بەعس لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانەوە ڕووخا، کورد لەبری سوود لە دەرفەتەکە وەربگرێت و ستراتیژێکی کاریگەریان بۆ کەرکوک هەبێت. لەسەر ئاستی  کۆمەڵێک خەڵکی پۆخڵ و نەخوێنەوار و بێ ئەزموون چوونە ناو کەرکوکەوە، چواردە ساڵ حوکمی کورد لە کەرکوک (٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٧) ناشیرینترین ڕۆڵ بو کە لە مێژووی شارەکەدا وێنەی نییە. 
چوارەم/ کە پرۆسەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەست پێ ئەکات لە (٢٠٠٦) ەوە، دەستەڵاتدارانی کورد هیچ ئەزمونێکیان لە بواری تەکنیکی و گرێبەستدا نەبو.  گرێبەستی درێژخایەن و نا-شەفافیان لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیا ئیمزا کرد، کۆمپانیاکانیش بە ئەنقەست هەڵەیان ئەکرد “ وەکو ئەوەی داناگاز کردی” بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان قەرزار بکەن لە دادگاکانی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی دا. 
پێنجەم/ کە شەڕی داعش دەست پێ ئەکات لە ساڵی (٢٠١٤) کورد نە سوپایەکی یەکگرتوی هەیە نە هەواڵگرییەکی نیشتیمانیی، بەڵام ترافیکی دیبلۆماسیی و پاڵپشتی جیهان بۆ کورد ئەگاتە لوتکە، لەبری ئەوەی بە هەڵەکانی خۆیاندا بچنەوەو ئەمە بکەنە دەرفەت و خۆیان بخەنە ناو پلان و بەرنامەکانی ئەمریکاوە دێن ئیشەکە و یارییەکە لە ئەمریکا تێک ئەدەن و هەرکەسە و هەر حیزبە خەریکی بەرژەوەندی و کاری خۆیەتی. 

موشەکەکان لە کوێوە دێن؟
موشەکەکانی جاروبار لە (٢٠٢٠) و (٢٠٢١) دا ئەگیرێنە هەولێر،  هەولێر ئامانجەکە نییە، هەروەک کوشتنی خەڵکیش ئامانجەکە نییە. وەک وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا “ جون کیربی” دەڵێت ئێران بەرپرسیارە لەو مووشەکانەی گیراونەتە هەولێر. بۆ؟. 
لە ڕاستیدا ئەو مووشەکانە پەیام بون بۆ واشنتۆن و جنێف نەک هەولێر، لەبەرئەوەی لە بارەی پرسی چەکە ئەتۆمییەکەی ئێران و سزاکانی سەر ئێرانەوە ئێران پەلەیەتی وەڵام لە ئیدارەی بایدن ببیستێت و خۆی بکات بە ئەولەیەت لە کارەکانی بایدن دا. ئەم پەیامە گەیشت. 

میلیشیاكانی شوێنكه‌وته‌ی ئێران به‌رده‌وام په‌یامی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ ئه‌مریكا ده‌نێرن


وەکو نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەو مووشەکانەی لە هێرشەکەی سەر هەولێردا بەکارهێنران لە ئێران دروستکرابوون و لە لایەن ئێرانیشیەوە بۆ گرووپە هێرشکارەکە دابینکرابوو.
بە کورتی، ئێران ئەیەوێ لەسەر حیسابی خوێنی خەلکی کوردستان و لە خاکی کوردستانەوە نامە بۆ ئەمریکا بنێرێت. 

میدیای بیانی لە گەمەی ناوچەییدا
کورد میدیا و میدیاکاری وەها ڕاهێنراوی نیشتیمانی نییە کە لە بارودۆخی وەهادا چۆن مامەڵە بکات. بۆیە تێکپژانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست ئەبێت. ئەوەی جێی سەرنجە چەند ساڵێکە کەناڵی “ جەزیرەی قەتەر” ی هاوپەیمانی تورکیایە.  قەتەر و تورکیا هاوپەیمانن لەسەر بابەتەتی کوردستان و پەکەکە پەیام بۆ  نەیارەکانیان ئەنێرن، ئیسرائیل و ئیماراتیش هاوپەیمانێتیەکیان دەست داوەتێ هەر لەسەر بابەتی کوردستان کارتەکانیان ئەجوڵێنن، بۆ نمونە ناوبەناو جەزیرە ئەو بابەتە گەرم ئەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە ئیسرائیل ئەفرۆشێت، ئیسرائیل لە ناوخۆی خۆیدا ڕۆژانە “٥ هەزارو١٤٠ بەرمیل نەوت بەرهەم ئەهێنێت، بەڵام خۆی پێویستی بە نزیکەی ١٣٦ هەزارو ١٣٧ بەرمیلە لە ڕۆژێکدا” واتە (٩٢٪)ی لە دەرەوەی خۆی هاوردە ئەکات. گومان لەوەدا نییە هەرێم نەوت ئەفرۆشێت بە کۆمپانیاکان و کۆمپانیاکانیش ئەیدەن بە ئیسرائیل. بەڵام ئایا ئەمە لەسەر چی بنەمایەکی تیۆریی هەرێم ئەیکاتە بابەتی سیاسیی؟

دەرئەنجام و میکانیزمەکان 
+ ئێران خاکی عێراق و کوردستان بۆ ململانێ هەرێمییەکانی خۆی بەکاردێنێت.
+ هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٧) نزیکەی (٥١٪) خاکەکەی لە دەستداوە، دواتریش ئێران بە هێڵێکی درێژ هەر لە خانەقینەوە تا دەڤەری چیخیدارەی برادۆست هاتۆتە ناوەوە. هەرچی تورکیایە لە ساڵی (٢٠١٩ ەوە تا شوباتی ٢٠٢١) بەدیاریکراوی (٦) ئۆپەراسیۆنی جیاجیای لەناو خاکی هەرێم ئەنجام داوە. هەرجارێک کۆمەڵێ نێوچەی خستۆتە ژێردەستی خۆیەوە. تورکیا (٩) بنکەی سەربازی لە چیا دێڵەوە لە باکوری ڕۆژئاوای سیدەکانەوە تا چیای زیلکۆک لە گوندی خەلیفان داناوە. ئینجا لە کۆتا ئۆپراسیۆندا (١٥) جێگەی تری لە دهۆک و زاخۆ و سنوری ناحیەی باتیڤیا و دەرکار خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆی، وەکو کۆڤی مەلایەحیا، گرێ نزێ، ئابلەهی، منین و ئاواگیزێ، سیارێ گەورکێ، کۆڤی مچۆلیا، دێرەشیش و ئیکا حالی. 

نه‌خشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا ـ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان


ئیتر بەم شێوەیە، عێراق و ئێران و تورکیا گەمارۆی هەرێمی کوردستانیان داوە و تەنگیان بە قەوارەی هەرێم هەڵچنیوە. لە قۆناغێکی تریاندا ئەیانەوێ هەرێم لە پرسی نەوت و گاز دوور بخەنەوە، دەنگی پێیان دێ ئەوەتا وەزارەتی نەوتی عێراق خێراو لە ناکاو ڕەشنوسێکی بۆ یاسای نەوت و گاز لە ٢٥ ی شوباتی ٢٠٢١ ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردوە، وەزیری نەوت لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵی دەستبەکاربونیدا حەوت جار باسی خراپی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کردووە.

هەرێمی کوردستانیش بەسەر دوو زۆنی ئەمنی دا دابەشبوە، یەکێکیان داوای لامەرکەزی بۆ “ هەرێم” ئەکا ئەڵێن ئەوە نییە ئەمریکا و ئەڵمانیاش وایە!.
ڕێککارەکان ئەوەیە، لە هەرێمی کوردستان ژوورێکی هاوبەشی (بێدەنگ) پێکبهێنرێت، کە لەسەر سێ ئاستی  نێودەوڵەتی (ئەمریکا) و بەغدا و نێوخۆی هەرێمدا ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان ببنەوە.
سێ لیژنە پێک بێت هەریەکەیان خەریکی موجامەلەی لایەک بێت. لەمەشیان گرنگتر ڕێگە نەدرێت کەسانی هەلپەرست و هاتوهاوارکەر بۆ موزایەدە و دەنگەدەنگ دۆخەکە بەکاربهێنێت بۆ خۆی.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ