له‌ كۆمه‌ڵه‌ و ئاڵای شۆڕشه‌وه‌ تا 8ی ته‌موز

مه‌لا به‌ختیار له‌ ناو یه‌كێتی.. چۆن هات و چۆن ڕۆیشت ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2023.07.21 01:34 AM
863 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف
قسەکانی مەلا بەختیار هەقیقەتن بەڵام وەڵامەکان و بەڵامەکان موسیبەتن !
- ئەو هێزانەی سەرەتای شۆڕش ( کاک و مام ) بەتوانا و لێهاتوییان پشت ئەستور بون، هەمان ئەو هێز و مەفرەزانە بون کەخۆیان ساڵی حەفتا و شەش لەشام دروستیانکردبون و بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا گەڕابونەوە . هەموشیان کەسانی ئەفسەر و خاوەن ئەزمون و خوێندەوار بون نمونەی دەستەکانی ( حسێن بابەشێخ و برایم عەزۆ و زۆریتر ... تەنانەت سامان و عادلی یەکەم مەفرەزەی گەرمەسێریش هەرلەشامەوە گەڕابونەوە ) .
بەڵام ... مەلابەختیار، هەمیشە خۆی بەدروستکەری مەفرەزە چەکدارەکانی ناوخۆی وڵات ئەناسێنێ لەکاتێکدا لەسنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و کۆیەش  مەلابەختیار پێشتر، لەروی رێکخراوەییەوە نەیەکەم مەفرەزەی بینیوە و ناسیوە کە (ئەبوشەهاب) بوە، کەدوای ئەبوشەهاب مەفرەزەی شارەزور هاتون ! نەعەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدی بینیوە و ناسیوە .
 بۆ ئەوانەی بادینانیش هەرخۆی دبێژێ بۆ سۆراخی چارەنوسی ئەوان بەئازادی و بەئۆتۆمێل لەسلێمانیەوە بەسەیتەرەکانی حکومەتی عێراقیدا، چۆتە  موسڵ و دهۆک و زاخۆ ! کەواتە زۆر لەپێش ئەوبون .
- نەوشیروان مستەفا لەرۆژی یەکەمی دامەزراندنی (ی ن ک) ەوە، سەرپەرشتی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و رۆژنامە و ئەدەبیاتی یەکێتی لەشام کردوە، هەرخۆیشی تەواوی بابەتەکانی نوسیوە جارناجار مامجەلال، شازاد سائیب و هەندێ کەسیتر هاوکاری بون . سەرەڕای ئەو ئەرکە گرنگە، هەر لەساڵی حەفتاوشەشدا، لەگوندەکانی سێ سنور بنکەی شۆڕشی نوێی داناوە، بەدەست و پێی خۆی چەندینجار لەگەڵ مەفرەزە و دەستە چەکدارەکان  بۆ گواستنەوە و کۆکردنەوەی چەک هاموشۆی کردوە تەنانەت هەر لەحەفتاو شەشدا، لەرۆژاوا و باکور و رۆژهەڵات و باشور توشی چەندین شەڕ و پێکدادانی چەکداری هاتون.

لەهاوینی حەفتاوحەوتا، لەناو خاکی کوردستانا و لەباکور نەوشیروان مستەفا، مامجەلال دەهێنێتەوە ناوخۆی وڵات. ( گەر بەراوردی ئەدەبیات و نوسینی ساڵی یەکەمی دامەزراندنی یەکێتی و هەڵگیرسانی شۆڕشی نۆێ، ئاستی فیکر و مەعریفەی سیاسی نوسینەکانی شام و ناوخۆی وڵات بکەین دیارە ئاستی نوسین و قەڵەمیان، جیاوازی ئاسمان و رێسمانە) .
بەڵام ... مەلا بەختیار، ساڵی حەفتا و حەوت و دوو مانگ پێش بڕیاری هاتنەوەی یەکجاری ( کاک و مام ) بۆ چونە لای ئەوان و بەخێرهاتنەوەیان، پەیوەندی بەشۆڕشەوە دەکات و خۆیشی نایشارێتەوە کە لەکۆتایی مانگی یانزەی ساڵی حەفتاوشەشدا، ئەو لەناو شاری سلێمانی و بەئازادی و بەبەرچاوی ئاپۆرەی خەڵکی سلێمانی و کەسوکاری خاڵە شیهابەوە، بەسەر پشتی ئەو پیکابەوە بوە کە روو لەسەیوان تەرمەکەی شیهاب بۆ ناشتن بەڕێدەکەن.

مەلا بەختیار هەرگیز باسی ئەو گورزە کوشندەیە ناکات لە دەیەی یەکەمدا وەک کارەکتەرێکی سەرەکی ئاڵای شۆڕش چی بەسەر شۆڕشی نوێ و رۆحی شۆڕشگێڕانەی ئەو کادیر و فەرماندانەی کۆمەڵەدا هێنا. 

 - دوو کەس لەئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر ئامادەنەبون چەند سەعاتێک بەشداری لەخەباتی چەکداری شۆڕشی نوێ بکەن ! عەبدولرەزاق فەیلی و عادل موراد .
 بەڵام ...  مەلابەختیار، هەمیشە بەکۆنەقینەوە، دوەمیانی لەسەرزمان و ئەندێشەدایە، یەکەمیان چونکە دۆستی نزیکی بوە، هەرگیز باسی ناکات !
- یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کەوەک نیمچە بەرەیەک خۆی ناساند، لەیەکەم کۆبونەوەی حەفتاوشەشی گوندی گەڕەدێی شارباژێرەوە کە ئارام و دکتۆر خالید پێک هەڵەپژێن ! کێشە و بێشەی ناوخۆی یەکێتی، ناوخۆی کۆمەڵە، ناوخۆێ بزوتنەوە و ناوخۆی هەرسێکیشیان پێکەوە بەردەوام بوە، وەک ژیلەی ژێر خۆڵەکەوە بەفیتی فویەک تاوی سەندوە، بەهۆیەوە تەمەن و چارەنوسی چەندین تێکۆشەری دیاری سوتاندوە . گەر ناوخۆی کۆمەڵە بەنمونە وەربگرین مامجەلال خۆی دوو ساڵی سەرەتای دروستبونی سکرتێری یەکەم بوە، هەر لەو سەرەتایە کێشەی جیابونەوەی (فواد قەرەداخی و هاوڕێکانی) رویداوە، حەفتاوپێنج جارێکیتر کێشەی جیابونەوە رویداوە .


گەورەترین فیت و فیتنەش سەرەتای شۆڕش لە (بەیانی شوبات) کەوتۆتەوە، کارلێک و کاردانەوەکانی دوای یەک دەیە (ئاڵای شۆڕش)ی بەرهەمهێنا و دوای سێ دەیەش (بزوتنەوەی گۆڕان) . ئەو بەیانەی هەتا ئەمڕۆش هەر باسی دەکرێت و زاتێکیان زاتی جارێکیتر بڵاوکردنەوەی نیە .
بەڵام ... مەلابەختیار، هەرگیز باسی ئەو گورزە کوشندەیە ناکات کە لەدەیەی یەکەمدا وەک کارەکتەرێکی سەرەکی ئاڵای شۆڕش چی بەسەر شۆڕشی نوێ و رۆحی شۆڕشگێڕانەی ئەو کادیر و فەرماندانەی کۆمەڵەدا هێنا ؟ چەند کەسیان بەسەرگەردانی رێگەی هەندەران و چەند کەسیان رێگەی مەرگ و زیندان و چەند خانەوادەیان ماڵوێرانکرد ؟ چەند تێکۆشەری پاک بەناچاری رێگەی تەسلیمبون و تەنانەت جاشێتی و خیانەتیان هەڵبژارد ؟ هەرگیز باسی ئەوەش ناکات لەدەیەی سێیەمدا وەک کارەکتەرێکی سەرەکی و بەرپرسی دەستەی کارگێڕ چۆن دنەی یەکێتیەکانی (لەمامجەلالەوە بۆ ئەندام کەرتێک) لەدژی نەوشیروان مستەفا ئەدا ؟ کاتێکیش مامجەلال لەسەر ئەرزی واقیع ویستی ئەو هەڵە گەورەیە راستبکاتەوە و رێکەوتنی دەباشان کرا، یەکەم کەس ئەو وتی (ئەمە رێکەوتن نیە) ! دوای نەخۆشکەوتنی مامجەلالیش هەرخۆی ئاڵا هەڵگری تێکدانی رێکەوتنی ناوەراستی ساڵی دو هەزار و شانزە بوو ! تەنانەت ئەوساڵە بایکۆتی گەورەترین ئاهەنگی ساڵیادی یەکێتی و مەراسیمی گەورەترین روداوی یەکخستنەوە و پێکهاتنەوەی کرد و بەتوندی دژی وەستایەوە، کاری بۆ تێکدان و سەرنەخستنی کرد و بەپشتیوانی پارتی توانیان ئەو رێکەوتنە سیاسی و رێکخراوەییە گرنگە لەبار ببەن .
- برین و کێشەکانی (ی ن ک) هێندە قوڵن گەیشتونەتە مەرگی کۆتایی، کۆنگرەی چوار دوا نەشتەرگەری و دوا چارەسەر بوو، چەند گەنجێک بەپشتیوانی خانەوادەی تاڵەبانی پاسەوان و قەڵەمەوان و فیکرەوانەکانیان دورخستەوە  بەو مەبەستەی بە هێزی ئەمنی توندوتۆڵ، کاروکاسپی رەشی زیاتر، موڵکوماڵ و دەسەڵاتی یەکێتی بتوانن چارەسەری ریشەیی بکەن .


بەڵام مەلا بەختیار، کەوتن و دورخستنەوەی رکابەرە کلاسیکیەکانی مێژوی کاری سیاسی خۆی، هێندە شاگەشکەی کردبو، بیری چوبۆوە کەخۆیشی لەناو دەرکراوەکاندایە ! بەشێوەیەک پشتی باڤڵی زاوای گرت وەک ئەوەی ئومێدێکی هەبێت لەرێگەی هاوسەرۆکێتی ئەوەوە بتوانێ بەشێوازێکیتر بێتەوە مەیدان و هەندێکجار وەک راوێژکاری ماڵی مامجلال خۆی نمایش دەکرد و دەشیوت (کۆبانی کوڕە تاقانەکەی باڤڵ من ناوم ناوە).
- لەدوای فەزیحەتی هەشتی تەموزی دووساڵ لەمەوبەر شتێک نەما بەناوی (ی ن ک) ! چیان لێهات ؟ حیکایەتەکە کۆن نیە و کەسێک نیە نەزانێت حوکمی تاکە کەس و حوکمی تفەنگبەدەست چیە و بەرەوکوێ دەڕوات.

مه‌لا به‌ختیار لە دەیەی سێیەمدا وەک بەرپرسی دەستەی کارگێڕ دنەی یەکێتیەکانی (لە مامجەلالەوە بۆ ئەندام کەرتێک) لە دژی نەوشیروان مستەفا ئەدا

بەڵام ... مەلا بەختیار، لەمەراسیمی ئەو فەوتوفەنایەدا، نەخوێنی ئەو شەهیدانەی کەناویان بەریز ئەڵێت لەیاد بوو، نەماندوبونی هاوڕێکانی و نەماڵباتی شەهیدەکان . نەفکری سۆشیال دیموکرات و نەوتار وقسەکانی خۆی و ئارامی شەهید، نەیەک ئامانجی شۆڕشی نوێ و تەنانەت یەک دێڕی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و هێزی پێشمەرگەی وەبیرنەهاتەوە ! 
ئەو بەخۆشحاڵیەوە جاڕی لێکترازانی خانەوادەی تاڵەبانی لەفرۆکەخانەی شارەوە بەگوێی هەموانادا، خۆیشی کرد بە بەڵگە و شایەت و قوربانی و ژەهرخواردوی ئەو جەرەیانەی کەجگە لە دوابزماری تابوتەکەی (ی ن ک) هیچیتر نەبوو .


- بارودۆخی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی نامێنێتەوە، گۆڕانکاری بەڕێوەیە، خەڵک چیتر متمانەی بەخێزان و بنەماڵە حوکمدارەکان نەماوە، تەقینەوەی ئەو هێزە بەهەر رێگەیەک بێت حەتمیەتی مێژوە، درەنگ و زویی کەوتوە .
زۆرێک لەتێکۆشەرە دێرینەکان و خانەوادەی شەهیدانی رێگای رزگاری و ئازادی کوردستان لەدەسەڵاتی گەندەڵی وەرەسەی سەرکردەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و حیزبە کوردستانیەکانیتر ناڕازین . متمانەی هێزە عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانیش بەوان لاواز بوە، جگە لەدەسەنەخۆر و خوازەڵۆکە سیاسیەکان بەدەگمەن خوێنەوار و پیاوی دڵسۆزی کورد ئەبینی پشت و پشتیوانیان بێت . 
بەڵام ... مەلابەختیار، کەدەڵێت ئەو بارودۆخەی یەکێتی و حوکمڕانی هەرێم مایەی قبوڵکردن نیە، لەبەرئەو هۆکارانە نیە کە خۆی بانگەشەی بۆ دەکات و بەخەمی خەڵکەوە گرێی ئەدات . نا هەرگیز چونکە ئەو ئەزانێت کەچۆن و بەپیلانی کێ حیزبەکەی و حوکمڕانیەکەی وانابوت کرا . ئەشزانێ ئەڵتەرناتیفی دوای ئەم هەمو کارەسات و روخانە چیە ! لەباشترین حاڵەت ئەیەوێ بەدوو دڵۆپ فرمێسک خۆی لێبێبەری بکات .
کورد ئەڵێت : لەپاش تڕێ خەمشەی بڕێ


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ