ئێران چی دەکات ؟

ئێران و ئەمریکا.. بەرەو داخستنی پەنجەرەکە

د.سەردار عەزیز 2021.03.26 10:10 PM
795 جار خوێندراوەتەوە

د.سەردار عەزیز

نوسەر و توێژەر
مامۆستای زانکۆی کۆرک ـ ئیرلەندا


بە هاتنی بایدن هیوای ئەوە هاتە ئاراوە کە ئێران و ئەمریکا دەگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆباما.
هۆکاری ئەم پێشبینی و گەشبینییە زۆر بوو، نزیکێتی ئۆباما و بایدن، بانگەشەی بایدن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە لە کاتی کەمپەیندا، هەبوونی لۆبییەکی بەهێزی ئێرانی نزیک لە دیموکراتەکانەوە، بەڵام سەرباری دەنگۆ و باسکردن و هەوڵی بچوک هەتا ئێستا هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە کە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکە فەراهەم دەبێت.
لێرەدا بە کورتی ئارگومێنتی ئەوە دەخەمە ڕوو کە بۆچی بایدن پەلەی نییە یان نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە، پاشان وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە کە ئایا ئێران چی دەکات؟
ڕۆژانی ڕابوردوو بینیمان شەقامەکانی بەغدا پڕبوون لە چەکداری میلیشیاکان، هۆکاری ئەمە و ئامانجی ئەمە تەنها یەکێک نییە بەڵکو زۆرە. بەڵام بە دڵنیاییەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی نمایشی فشارە لەسەر ئەمریکا و دۆستەکانی لە عێراق. ئەمە لە جێگاکانی تریش دەبینین لە هەمانکاتدا.

سیاسەتی ئێرانی ئاشکرایە، کە خۆی لە چەند هەنگاوێکدا دەبینێتەوە. یەکەم، بەم ئەم کارانە ئێران دەیەوێت خۆی بیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بخاتەوە کە دۆخی خراپە و پێویستە ئەمریکا ئابڵۆقەی لەسەر لاببات ئەگینا دەتوانێت کاری تێکدان بکات لە زۆر شوێن.

به‌ ئیعازی تاران شه‌قامه‌كانی به‌غدا پڕبوون له‌ میلیشیا شیعه‌كان

 

دووەم، ئەڵتەرناتیڤی نەگەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی شلۆقانی سەرتاپا ناوچەکەیە.  دۆستەکانی ئێران لە واشنتۆن دەیانەوێت ئەم پەیامە بگەیەنن. هەموو ئێرانییە ئەمریکییەکان وەک یەک قسە دەکەن لەمبارەوە. 
بەڵام بایدن هەست بە فشار ناکات، چونکە لە ڕاستیدا گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە بڕی ئەوەی فشار لەسەر بایدن لاببات فشاری زۆری لەسەر دروست دەکات. بایدن پەروەردەی سێناتە. چاک شارەزای کۆنگریسە. ئەوەی لە ئێستادا فشارە لە سەری دۆخی سەختی ناوخۆی ئەمریکایە، لە ئاستی کۆڤید، ئابوری، ژێرخان، کۆچبەر. 

ئێستا ئەمریکا، ئەمریکای جاران نییە ناوەوە لە هەموو شتێک گرنگترە لە دەرەوەش چین 

ئەوەی بڕیار لەسەر سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی ئیدارەی بایدن و دیموکراتەکان دەدات ئێران نییە، بەڵکو دۆخی ناوخۆیە. بۆیە بایدن نایەت کۆنگرێس لەخۆی بئاڵسکێنێت و هەموو کارەکانی لە ناوەوە توشی شکست بن لەبەر ئێران. 
ئێران باش ئەمە دەزانێت بۆیە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بنێرێت کە ئەگەر ئاوڕی لێنەدەنەوە ئەوا ناوچەکە تێکدەدات. بەڵام ئێران کۆریای باکور نییە، هەرچەندە هەوڵ دەدات بە ڕێچکەی ئەودا بڕوات. 

ئێستا ئه‌وه‌ی بایدنی سه‌رقاڵ كردووه‌ كۆرۆنا و ئابوری ئه‌مریكایه‌ نه‌ك مه‌له‌فی ئێران

لە لایەکی ترەوە ئەگەر سەیری ئەجیندای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بکەیت ئەوا ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی نیوەییە، میدتێرم، لە کاتی وەهادا دانوستان ناکرێت. پاشان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نزیک دەبینەوە، دیسانەوە دانوستان ناکرێت، بە گشتی لە خولی یەکەمی بایدندا مەحاڵە لەو پرسە نزیک ببنەوە، مەگەر ئێران بە تەواوی ڕەفتاری بگۆڕێت بە جۆرێک کە کۆنگریس لێی ڕازی بێت.
لە ئێستادا لە نەبوونی هیچ جۆرێک لە باوەڕ بەیەکترکردن لە نێوان هەردوولادا، ئەوا چاوەڕوان ناکرێت ئێران ڕەفتاری خۆی بگۆڕێت. لە ڕاستیدا ئەگەری زۆرە لایەنگرانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکادا لە پاش هەڵبژاردن کەمتربن.
ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئێران و چین ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵە لە نێوانیاندا واژۆ دەکەن. ئەمەش جۆرێکە لە فشار، بەڵام ئەمریکا، ئەمریکای جاران نییە، ئێستا ناوەوە لە هەموو شتێک گرنگترە، لە دەرەوە چین. 
بۆیە ڕەنگە برادەرانی ڕەبع اللە زیاتر سەرقاڵبن لە ماوەی داهاتوودا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ