توركیا هه‌ردوو به‌ره‌ی هاوپه‌یمانان لە دەست ده‌دات ؟

تورکیا.. لە ئەزموونی دریدنۆتەوە بۆ ئێس 400

هونەر تۆفیق 2021.03.27 11:31 PM
796 جار خوێندراوەتەوە

ساڵی 1911 حکومەتی ئیتحادوتەرەقی دەوڵەتی عوسمانی لەپێناو تازەکردنەوەی هێزی دەریاییدا بڕیاریدا دوو کەشتی جەنگی لە جۆری دریدنۆتی بەریتانی بکڕێت، کە تازەترین جۆری کەشتی ئەو سەردەمە بوون، بەناوەکانی ڕەشاد و عوسمانی یەکەمەوە.
بەریتانییەکان دەستیان بە دروستکردنی کەشتییەکان کرد کە عوسمانییەکان پارەکەیان لە پیتاک و زەکاتی خەڵکی سەڵتەنەت کۆکردبوویەوە و دابوویان بە هەردوو کۆمپانیای فیکەرز و ئارمسترونگی دورستکاری کەشتییەکان. 
کۆتایی مانگی تەموزی 1914 ئەوروپییه‌كان نزیکبوون لە جەنگی گشتگیر و ناکۆکی بەریتانییەکان لەگەڵ ئەڵمانەکاندا پەرەی سەندبوو، چەرچڵ وەزیری جەنگی بەریتانی بوو بۆ خۆئامادەکردنی وڵاتەکەی لە جەنگەکەدا دەیویست هێزی دەریایی هاوتای هێزی دەریایی ئەڵمانیا بکات، بۆیە پلانی دانابوو ئەو کەشتیە عوسمانییانەی نزیکن لە تەواوبوون تەسلیمی سەڵتەنەتی نەکات چونکە هەم بەڵانسی هێزی بەلای ئەڵمانەکاندا دەشکانەوە، لەبەرئەوەی سەڵتەنەت نزیکبوون لە هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ ئەڵمانەکاندا، بوونی ئەو دوو کەشتیە لە دەریای ڕەش و دەریای ناوەڕاستدا عوسمانییەکان باڵادەست دەکات.

كه‌شتی جه‌نگى ڕه‌شاد

لە لایەکی تریشەوە هێزی دەریایی بەریتانی پێویستی پێیان بوو کە لە توانای کۆمپانیاکانیدا نەبوو بە کەمتر لە سێ ساڵ کەشتیەکی وەها دروست بکەن، ئەڵمانەکانیش بە پشتبەستن بەو گرێبەستەی عوسمانییەکان بۆ کڕینی ئەو کەشتیە بەریتانیایانە داوایان لە حکومەتی عوسمانی کردبوو ببنە هاوپەیمانیان.
قەیسەری ئەڵمانی غیلیۆمی دووەم کونسوڵی وڵاتەکەی لە ئەستەنبوڵ ڕاسپاردوو تا دڵنیا نەبێت لەوەی عوسمانییەکان کەشتیەکانیان مسۆگەرە، ڕێکەوتنی هاوپەیمانیان لەگەڵدا مۆر نەکات.
بۆیە چەرچڵ بە نهێنی و لە پشت حکومەت و یاساکانی وڵاتەکەشیەوە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکانی دابوو تا ڕۆژی بەرپابوونی جەنگەکە ( جەنگی جیهانی یەکەم) ئینجا کە بە فەرمی بەپێی یاسای لە ناکاوی جەنگ بە ئاشکرا دەستی بەسەر کەشتیەکاندا گرت و تەسلیمی هێزی دەریایی بەریتانی کردن.

ئێس 400 قه‌یرانێكی سیاسی گه‌وره‌ی له‌ نێوان توركیا و ئه‌مریكا دروست كردووه‌

لە لایەک بەڵانسی هێزی دەریایی بەلای بەریتانیادا شکاندەوە، لە لایەکی تریشەوە وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵ عوسمانییەکان کرد چونکە چوونە هاوپەیمانی دوژمنەکەی بەریتانیا کە ئەڵمانیا بوو.
ئەڵمانەکانیش بۆیە پێویستیان بە عوسمانییەکان بوو کە بەهۆی کەشتیە بەریتانیەکانەوە بتوانێت دژ بە ڕوسیا لە دەریای ڕەشەوە بجەنگێت، ئەستەنبوڵیش ئەو بەڵێنەی بە بەرلین دابوو. بەڵام نەبوونی کەشتییەکان کۆی هاوکێشەکانی بە جۆرێکی تر گۆڕی، ئەنجامەکەی بووە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی  هەڵوەشاندنەوەی سەڵتەنەتەکە.
لە پاش 100 ساڵ حکومەتەکەی ئەردۆغان لە ڕێگای گرێبەستی S400 وە، لە نێوان هاوپەیمانیەکاندا دووچاری ئەزموونەکەی دریدنۆت بۆتەوە، پێناچێت لەو نێوەندەدا نە ڕوسیایی بێت و نە ئەمریکایی، وەک پێشتر لە دریدنۆتدا نە بەریتانی بوون نە ئەڵمانی، لە کۆتایشدا هەردوو بەرەكه‌یان لەدەستدا .


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ