چۆن ئینگلیز و عه‌ره‌به‌كانی فریودا ؟

محەمەد شەریف فاروقی.. ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ فێڵبازه‌ی سایكس ـ پیكۆی دروستكرد

هونەر تۆفیق 2021.04.02 01:48 PM
230 جار خوێندراوەتەوە

ملازمێکی موسڵاوی ناو سوپای عوسمانی، لە سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمدا دەگوێزرێتەوە بۆ دیمەشق، جەمال پاشا ( وەزیری ئیتحادو تەرەقی- باڵی تورکە قەومیەکان) ناسراو به‌ (جه‌مال خوێنڕێژ) سەرپەرشتی سوپای عوسمانی لە شام دا دەکات، بەهۆی توندڕەویە تورکییەکەیەوە پاکتاوی ئەفسەرە عەرەبەکانی ناو سوپا دەکات.
لە ناو ئەو ئەفسەرە غەیرە تورکانەدا کۆمەڵەیەکی نهێنی دروست دەکەن ١٣ی ئۆکتۆبەری ١٩١٣ بە ناوی کۆمەڵەی عەهد. لە فرسەتێک دەگەڕێن لە جەمال پاشا هەڵگەڕێنەوە، سەرەتای بزوتنەوەی قەومی عەرەبیش لەو کۆمەڵەیەوە دەستپێدەکات کە بە نهێنی لە ئیتحادوتەرەقی خۆیان جیاکردبوویەوە. 
ملازم محەمەد شەریف فاروقی کە خەڵکی موسڵ بوو، لە ناو سوپادا ئاگاداری ئەو کۆمەڵە نهێنییە بوو. 
لە سەرەتای جەنگەکەدا بەریتانییەکان نیازیان نەبوو هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی لە ناوچەکەدا دروست بکەن، تەنیا بیریان لەوە دەکردەوە لە ناو عەرەبەکاندا خەلیفەیەکی موالی بە خۆیان بەبێ دەستەڵاتی سیاسی، تەنیا وەک مەرجەعێکی ئایینی بۆ موسڵمانەکان دروست بکەن، لەبری سوڵتان کە بەریتانیا بڕیاری دابوو بیڕوخێنێت، ڕۆڵی مەرجەعی ئایینی  موسڵمانەکان بگێڕێت. ئەو کەسەش شەریف حسەینی ئەمیری مەککە بوو کە پەسەندیان کردبوو بکرێت بە خەلیفە، شەریف حسەینیش ئەو مەرجەی بەریتانییەکانی قبوڵکردبوو. 
سوڵتان و سەرۆک وەزیرانەکەی ( سەدری ئەعزەم) ئەو ڕێککەوتنەیان بیستبوو بۆیە ناردبوویان بە شوێن شەریفی مەککەدا ڕوونکردنەوەیان پێبدا. ئەمیر حوسەینیش، فەیسەڵی کوڕی لە ڕێگای شامەوە نارد بۆ ئەستەنبوڵ تا سوڵتان دڵنیا بکاتەوە. لە ڕێگای گەڕانەوەی فەیسەڵ لە دیمەشق چاوی بە هەندێک لە ئەندامەکانی کۆمەڵەی عەهد کەوتبوو.
لەو ماوەیەدا جەمال پاشا کوشتاری عەرەبەکانی کردبوو، زۆرێک لە سەرکردە سەربازیەکانیانی لە سێدارەدا بوو، باقیەکەشیانی ناردبوو بۆ سەنگەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە گالیپۆلی و دەردەنیل. 

ئەوانەی مابوون، بە نهێنی لە ڕێگای فەیسەڵەوە نامەیەک بۆ شەریف حسەینی باوکی دەنێرن کە ئەگەر ئەو پێشەڕەویان بکات ئەوان ئامادەن ببنە سەربازی بەردەستی بۆ ئەوەی شۆرش لە دژی عوسمانییەکان بەرپا بکەن و دەوڵەتی عەرەبی دروستبکەن. 
ئەو نامەیە شەریف حسەینی هاندا بە جۆرێکی تر لەگەڵ بەریتانیەکاندا ڕێکەوتن بکات، لەبری تەنیا خەلیفەبوونی بێ دەستەڵاتی سیاسی، داوای دەوڵەتی عەرەبی لێکردن، بەریتانییەکان داواکەی حسەینیان بە گاڵتەپێکردنەوە وەرگرت و هیچ بەڵێنێکیان پێنەدا. 
لەو کاتانەدا ملازم محەمەد شەریف فاروقی گوسترابوویەوە بۆ بەرەی شەڕ لە دەردەنیل ( ئەستەنبوڵ)، لە ٢٠ ی ئابی ١٩١٥، لە سەنگەرەکەیەوە ئاڵای سپی بەرزکردەوە و خۆی تەسلیمی سوپای بەریتانیەکان کرد.
سەرەتا بەریتانیەکان وەک دیلێکی ئاسایی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا کرد و گواستیانەوە بۆ قوبرس. بەڵام لە کاتی لێپرسینەوەدا فاروقی خۆی وەکو نوێنەری ئەفسەرە عەرەبەکانی کۆمەڵەی نهێنی عەهد ناساند، پێی گوتن ئەو وەک نوێنەری ئەوان خۆی تەسلیمکردووە بۆ ئەوەی پەیامی ئەو کۆمەڵەیە بگەیەنێت کە نیازی ئینقلابیان هەیە لە ناو سوپای عوسمانیدا.
ناوی زۆرینەی ئەفسەرە عەرەبە پلەدارەکانی سوپای عوسمانی پێدان، بەریتانیەکان بایەخی تایبەتیان بە فاروقی دا، گواستیانەوە بۆ ئۆفیسی عەرەبی بەریتانی لە قاهیرە. کاتێک موخابەراتی بەریتانی لە قاهیرە زانیارییەکانی فاروقی لێکدایەوە، هاوکات بوو لەگەڵ نامەکەی شەریف حسەینی کە داوای دەوڵەتی عەرەبی لێکردن و پێی ڕاگەیاندبوون لە ناو سوپای عوسمانیدا ئەفسەرە عەرەبەکان لە پشتی ئەون ( بەپێی ئەو نامەیەی بە فەیسەڵدا لە دیمەشقەوە بۆیان ناردبوو). 

مارك سایكسى فه‌ره‌نسی و جۆرج پیكۆی به‌ریتانی


سێر سایکس تازە لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دامەزرابوو، کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پێدابوو، ئەویش ئۆفیسی عەرەبی لە قاهیرە کردبوویەوە، بەریتانیەکانی هیندستان دژ بە کردنەوەی ئۆفیسەکە بوون چونکە دەیانویست عەرەبەکانیش ببەستنەوە بە دەستەڵاتی بەریتانی لە هیند.
سایکس بۆئەوەی ڕازیان بکات سەردانی ئیدارەی بەریتانی لە هیند کردبوو، لە گەڕانەوەیدا لە قاهیرە لایدا و پرسی فاروقیان خستەبەردەستی، ئەویش بۆئەوەی وەزارەتی دەرەوە لە لەندەن ڕازی بکات کە ئۆفیسی عەرەبی پێویستە و نابێت دژایەتی ئیدارەی بەریتانی لە هیند سەربگرێت، فاروقی وەک دەستکەوت هاتبووە بەردەستی، لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ لەندەن تا شەرحی بارودۆخی عەرەبیان لە ناو سوپای عوسمانیدا بۆ بکات.
ئیتر ئەستێرەی فاروقی گەشایەوە، لە لایەک لای کۆمەڵەی عەهد وەک نوێنەری ئەمیر حسەین خۆی نیشاندەدا، لای ئەمیر حسەینیش خۆی کردبوو بە نوێنەری نهێنی کۆمەڵەی عەهد، بەبێ ئەوەی هیچ لایەکیان ئاگایان لەوەبێت فاروقی نوێنەری هیچ لایەکیان نییە، لە هەمان کاتدا بەریتانیەکانیش بڕوایان پێکردبوو نەیاندەزانی کە فاروقی جگە لەوەی ئەفسەرێکی دیلە و کەمێک شارەزایی لە جموجوڵەکانی کۆمەڵەی عەهد هەیە هیچی تر نیە، بۆیە بایەخیان پێدا و بووە نوێنەری کۆمەڵەی عەهد و شەریف حوسەین لای بەریتانیەکانیش لە ئۆفیسی عەرەبی.

شه‌ریفی مه‌ككه‌ حسێن بن عه‌لى هاشمى 1853 ـ 1931

لە دیدی شەریف حوسەینیش کە فاروقی نەناسراو بوو پێی وابوو نوێنەری بەریتانیەکانە و ئەویش حسابی بۆ ڕاوێژ و پێشنیارەکانی دەکرد، لە کۆتاییدا ئەو نامانەی نێوان ماهکماهۆن و شەریف حسەین بە ئارەزووی فاروقی دەنووسران کە بووە سەرچاوەی دروستکردنی دەوڵەتە عەرەبییەکان و سێر سایکس بەپێی ئەو سەرچاوانە ڕێککەوتنی لەگەڵ لایەنە فەرەنسیەکە - پیکۆت دا دەکرد و ئیتفاقیەی سایکس - پیکۆ لێوە دروست بوو. 
لە کۆتاییدا (پاش جەنگ) کە دەرکەوت فاروقی درۆی کردووە نوێنەری هیچ لایەکیان نەبووە، بە ڕێکەوت ئەو ڕۆڵە گەورەیەی لە مێژووی ناوچەکەدا پێدراوە، لە ڕووداوێکی نهێنی دا لە بەغدا ١٢ ئەیلول ١٩٢٠ دەکوژرێت و ناوی لە مێژوودا وەک یەکێک لەو فێڵبازە کاریگەرانە تۆمارکرا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دروستکرد. 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ