تراژیدیترین چیرۆکەکانی ژێردەستەیی

فه‌یلییه‌كان.. مێژوویه‌ك له‌ جینۆساید

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.04.05 03:23 PM
1108 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئارام ڕه‌فعه‌ت

٤ی نیسان، ڕۆژی جینۆسایدی کوردی فەیلی، بە بێدەنگی و بێ هیچ یاد و وروژانێک بەسەر کوردا تێپەڕی. لەم رۆژەدا، کە هاوکاتیشە لەگەڵ ئەنفالی دوو- ئەنفالی ناوچەی قەرداغ، کۆمەڵگای کوردی،  لانی کەم دەبوایە ئیستێکی بکردایە و ببینێت کە لەگەڵ چ ئەژدیهایەکدا سەما دەکات. ئەژدیهایەک کە سەدەیەکە و لەهەر هەلێکدا، لایەکی جەستەی نەتەوەیی قووت دەدات.

تراژیدیترین چیرۆکەکانی ژێردەستەیی
چیرۆکی فەیلییەکان، یەکێکە لە تراژیدیترین چیرۆکەکانی ئەم سەردەمەی ژێردەستەیی کورد، فەیلییەکان ڕۆژگارێک ١٠٪ی کۆی دانیشتوانی کوردییان لەباشور و زیاتر لە ٢٠٪ی دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکانی دەرەوەی هەرێمییان پێک دێنا و ئابووری و بازرگانی بەغدایان لەژێردەستدا بوو. ئێستا فەیلییەکان ئاسارێکی وایان لەسەر خاکی باشور و بەغدا نەماوە. لە ماوەی دوو دەیە و لە دوو قۆناغی جینۆساید و پاکتاوی رەگەزیدا، ئەم پێکهاتە نەتەوەییەی کورد، لەسەر دەستی دەوڵەتی فاشیستی عێڕاقی، بە نیمچە تەواوی سڕایەوە. 

قۆناغی یەکەمی پاکتاوی رەگەزی 
ئەم قۆناغە لە ١٩٧٠دا روویدا و تەنها پاکتاوی رەگەزی بوو و زیاتر لە 40 هه‌زار  کوردی فەیلی دەسگیرکران و لە مڵک و ماڵ و داهات و زێڕ و پول و پارە و ناسنامە و رەگەزنامە داماڵدراون و ئاوارەی ئێران کران.  

ئاواره‌كردنی كورده‌ فه‌یلییه‌كان ـ 1980


قۆناغی دووەمى پاکتاوی ڕەگەزی و جینۆساید
ئەم قۆناغە لە ١٩٨٠دا دەستیپێکرد و ساڵێکی خایاند، کیانی فاشی عێڕاقی لەم قۆناغەدا مەبەستی سڕینەوەی تەواوی کوردی فەیلی بوو.
لەم قۆناغەدا:
ـ زیاتر لە ٢٠،٠٠٠ هەزار گەنجی کوردی فەیلی، تەمەن ١٨-٢٨ ساڵ گۆڕەوشار کران.
ـ ٤٠٠ هەزار کەس بە گوێرەی ئەمنستی ئەنتەرناشنال، لە هەموو موڵک و ماڵ و ناسنامەیک داماڵدران و دەربەدەری ئێران کران.

٤ی نیسان ڕۆژە رەشەکە
لەم رۆژە ڕەشەدا قۆناغی دووەم دەستیپێکرد و  لەم رۆژدا زیاتر لە ٥٠٠٠ بازرگان و کاسبکاری کوردی فەیلی زیندەبەچاڵ کران. هەربۆیەش ئەم رۆژە، وەک رۆژی جینۆسایدی فەیلییەکان دەستنیشان کراوە.
ـ کوردی فەیلی خاک و خوێن و هەوای عێڕاق پیس دەکەن
رۆژنامەی ئەلسەورەی زمانحاڵی عێڕاق لە رۆژی ٢٨ی شوباتی ١٩٨١دا لەسەر زاری سەدام حوسێن، سەرۆکی کییانە فاشیستەکەی عێڕاق، دەربارەی جینۆسایدی فەیلییەکان نوسیوییەتی"دەبێت ئەو توێژە ڕیشەکێش بکەین چونکە خاک و خوێن و هەوای عێڕاق پیس دەکەن".
ـ ئەڵمانیا یەک دەیە فاشی بوو، عێڕاق یەک سەدەیە فاشییە
پاساوی پیسی خوێنی کوردی فەیلی، هەمان ئەو شیعار و پاساوە فاشییە بوو کە هیتلەر بۆ هۆلۆکۆستی جووەکانی ئەڵمانیا بەکاریهێنا. ئەوەی عێڕاق جیادەکاتەوە لە ئەڵمانییا و هەر وڵاتێکی تر کە جینۆسایدی تێدا روویداوە، ئەوەیە کە فاشیزم و جینۆساید و پاکتاوی رەگەزی وڵاتان پەیوەستە بە رژێمەکانەوە.

فه‌یلییه‌كان به‌شێكی جیانه‌كراوه‌ن له‌ ره‌گه‌ز و خوێنی كورد


لە ئەڵمانیا نازییەکان لادەچن و فاشیزم و جینۆساید و پاکتاوی رەگەزی کۆتایی دێت، بەڵام لە عێڕاق جینۆساید لەگەڵ دروستبوونی ئەو کیانە دەسکردە لەدایکبووە و هەتا ئەم کیانەش مابێت بەردەوام دەبێت. ئەم کیانە فاشیستە لە بیستەکاندا ئینگلیز دروستی کرد. 
هەر بۆ نموونە:
ـ لە سییەکاندا قەتڵ و عامی کریستیانەکان و کردنەوەی مستەوتەنەی حەویجە وەک یەکەم و گەورەترین مستەوتەنەی رەگەزپەرەستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ـ لە سەرەتای چلەکاندا فەرهود و قەتڵ و عامی جوەکان.
ـ لە ناوەڕاستی چلەکاندا برسیکردن و گرانی بچوکی کوردستان.
ـ لە پەنجاکاندا دەربەدەرکردنی جووەکان.
ـ لە شەستەکاندا قەتڵ و عامی شوعییەکان، کوشتاری حەرەس قەومی لە کوردستان وە تەعریب و پاکتاوی رەگەزی لە کەرکوک.
ـ لە حەفتاکاندا پاکتاوی رەگەزی فەیلییەکان، تەعریبی کوردستان، چۆڵکردن و وێرانکردنی کوردستان بە قوڵایی ٢٠ کیلۆمەتر.

کوردێکی فەیلی بەدیار وێنەی ئازیزانی سه‌رنوگم كراویدا


ـ لە هەشتاکاندا جینۆسایدی فەیلییەکان، کیمیابارانی کوردستان و ئەنفال و وێرانکردنی نزیکەی دوو لەسەر سێی خاکی کوردستان.
ـ لەنەوەدەکان قەتڵ و عامی شیعەکان، کۆڕەوی کوردان، گەمارۆی ئابووری و تەعریبی کەرکوک
ـ لە دەیەی یەکەمی سەدەی٢١، قەتڵ و عام و ئاوارەکردنی کریستیانەکانی موسڵ و بەغدا، پاکتاوی رەگەزی نێوان شیعە و سوننە لە بەغدا.
ـ دەیەی دووەمی سەدەی ٢١، جینۆسایدی ئێزیدییەکان.

جینۆسایدی فەیلییەکان و لۆژیکی کوردەبۆرە
کوردەبۆرە، ئەوانەی داگیرکەر ئەقڵی هاک کردوون و ئاو دەکەنە ئاشی فاشیزمی عێڕاقییەوە پاساوی ئەنفال و کیمیاباران بەوە دێننەوە کە پێشمەرگە دەوڵەتی عێڕاقی ئیستیفزاز کردووە و عێڕاق ناچار بووە ئەنفال و کیمیاباران بکات. بەگوێرەی لۆژیکی کوردە بۆرە بێت بەغدا، زرباتییە، بەدرە، جاسان، کوت، شارەبان و مەندەلی لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدا بووە و بۆیە "عێڕاقی عەزیم" جینۆسایدی کردوون.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ