پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئینگلیز

ئینگلیز و دروسكردنی كه‌ره‌نتینه‌ له‌ ئێران

ڕەزوان یاڵانپێی 2021.04.10 01:39 PM
1381 جار خوێندراوەتەوە

ڕەزوان یاڵانپێی

نوسه‌ر و توێژه‌ر
مامۆستای زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌
ماسته‌ر له‌ مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ

خوێندكاری دكتۆرا ـ مێژوو

وڵاتی بەریتانیا یەک لەو زلهێزانە بوو، کە هەمیشە کێبڕکێی دەکرد بۆ داگیرکردنی زەوییەکی فراوان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەو وڵاتەش دەناسێنرا کە ئیمپراتۆرێکە خۆری لێ ئاوا نابێت، بە واتای ئەوە دێت لە زۆربەی وڵاتانی جیهان جێپێی خۆی توند کردوە و بوونی هەیە.
یەک لەو دەوڵەتانەی بووە جێی سەرنجی وڵاتی ئینگلیز ئێران بوو، بەتایبەت لە ناوچەکانی باشورەوە، ئینگلیز لە ململانێیەکی تونددا بوو لەگەڵ ڕوسیای زلهێز، چونکە ڕوسیا لە باکوری ئێرانەوە خەریکی داگیرکردنی شارەکان و قایمکردنی نفوزی خۆی و  خەریکی دەرکردنی نەوت و منابعە گرنگەکان بوو.
بەریتانیا لە سەردەمی دەوڵەتی سەفەویدا جێی خۆی توند کرد لە باشوری ئێران، تەواوی ناوچە گرنگەگانی پیشەسازی و بازرگانی بۆ خۆی قۆرغکرد ئەمەش لە ڕاپۆرتێکی (جۆرج کرزن) دا هاتووە كه‌ بازرگانی کردن لە شارەکانی باشوری ئێران و خەلیجی فارس مایەی فراوان بوونی بازرگانی و پیشەسازیە، بۆیە دروست کردنی كه‌ره‌نتینه‌ لزومە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییه‌کان".

هێزه‌كانی ئینگلیز له‌ تاران ـ 1320 خورشیدى

د.کۆلویل پسپۆڕی پزیشکی نوێنەری هه‌یئەی بەریتانی لە به‌غداد، یەکەم کەس بوو کە پێشنیاری دروستکردنی كه‌ره‌نتینه‌ی کرد لە ناوجەرگەی شارەکانی باشوری ئێران، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە هیندستان، چونکە بە شاڕەگی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا دەناسێنرا.
وردە وردە هەوڵەکانی بەریتانیا بۆ سازکردنی كه‌ره‌نتینه‌   دەستی پێکرد لە ساڵی 1908ز لە کاتێکدا تاعونێکی توند لە ناوجەرگەی ناوچەکانی خەلیجی فارس سەریهەڵدا، ئینگلیزەکان بڕیاریاندا لە شارەکانی محمرە، بندرعباس، بندرلنگە كه‌ره‌نتینه‌ دروست بکەن و پزیشکە هیندیەکان سەرپەرشتی بکەن و هەمو كه‌ره‌نتینه‌كانیش لەژێر یەک پزیشكی هیندی بەڕێوەببرێن. 
ئەم کارە بووە هۆی ناڕەزایی خەڵکی ئێران و ڕێبەرانی ئاینی، بەڵام بەبۆنەی ئەوەی کە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ناصرالدین شای قاجار پەرلەمانی ئێران بە بڕیاری (حفظ الصحه) پاراستنی تەندروستی دەرکردبوو، ئینگلیزەکان لە کارەکانی خۆیان بەردەوام بون.

شاری تاران له‌ سه‌ده‌ی رابردوودا

الگود دەنوسێ، نەخۆشی کولێرا زۆربەی شارەکانی باشوری ئێرانی گرتەوە، وڵاتی هیندستان ئەم نەخۆشیەی بەهەند وەرگرت و پێیانوابوو ڤایرۆسەکە کاریگەری سلبی دەبێت بۆ سەر وڵاتەکەیان، بەندەری بوشەهر کە چاوەڕوانی دەکرا شارێکی ناسالم بێت، چونکە لە بڕیارەکانی پاراستنی تەندروستی مەحروم کرابوو و كه‌ره‌نتینه‌ی نەبوو، بۆیە ڕێژەی مردووان تا دەهات زیاتر دەبوو، ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندندابوو، وەحشەت و مەرگباری هەموو شوێنیکی گرتبویەوە، خەڵکیش لە دفن کردنی جەنازەکان دوریان دەگرت و خۆیان ئەپاراست.
لە ژێر فشاری باڵێۆزی ئینگلیز لە تاران حکومەتی مەرکەزی قاجاری ناچار کرد کە هاوکاری خەڵکی ئەو شارە بکات، بڕیاردرا بە حاکمی بوشەهر کە سەرجەمی ئەو جل و بەرگانەی بەو نەخۆشیە ئالودە بون بسوتێرنێن، دفن کردنی مردوەکانیش لە دەرەوەی شار و بە شێوەی ئیجباری ئەنجام بدەن و بە ڕێنماییەکانی دکتۆری دەرەکی و ناوخۆیی پێش بە بڵاوبونەوەی نەخۆشیە گوازراوەکان بگرن.
ئەم کارەی وڵاتی ئینگلیز لە پێناو پاراستنی مەرگی خەڵکی شارەکانی باشوری ئێران نەبوو، تەنها مەبەست لێی پاراستنی پێگە ئابوری و بەرژەوەندیەکانی خۆی بو لە خەلیجی فارس لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە ڕێگری لە بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشیانە بگرێت و تەشەنە نەشێنن بۆ وڵاتەکانی دراوسێ بە تایبەت هندستان، کە بە شاڕەگی بەرژەوەندیەکانی بەریتانیا دەناسرا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ