عێراق دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئێران

ململانێی دوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ی ئێران له‌ عێراقدا

لاوان عوسمان عه‌لی 2021.06.04 08:50 PM
1215 جار خوێندراوەتەوە

لاوان عوسمان عه‌لی

نوسه‌ر
خوێندکاری بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ـ زانکۆی سلێمانی

سەرەڕای کەمیی زانیارییەکان دەربارەی ئەو ململانێیەی کە لەنێوان دوو جەمسەرەکەی حوکمرانیی ئێراندا هەیە، و سەرباری ناڕوونیی بەشی گەورەی ئەو وێنەیەی کە سرووشتی ئەو ململانێیەمان بۆ رووندەکاتەوە، بەڵام ئەم راستییە هەرچۆنێک بێت گریمانەی بوونی ئەو ململانێیە رەتناکاتەوە. هەرەمی حوکمرانیی رژێمی ئێران کە بەر لە چەند مانگێکی کەم چل و دووەمیین پاییزی تەمەنی تێپەڕاند، چەند جۆر لە بەرهەڵستکار و دژبەر لەخۆ دەگرێت کە هەندێک ریشەی مێژووییان هەیە و ئەوانی دی بەبەراورد بەمان بە گرووپگەلی کاتیی و راگوزەر دادەنرێن.
لەوکاتەوەی کە فرۆکەکەی ڕێبەری پێشووی شۆرشی  ئیسلامیی لە ئێران « ئایەتوڵا خومەینیی» لە گوندی “ نۆفڵ لۆشاتۆ”ی فەرەنسییەوە بەڕێکەوتووە و لە فرۆکەخانەی « میهرئاباد» ی تاران نیشتووەتەوە چیدی پەردە بەسەر سەردەمی کۆندا دادرایەوە و لەوێوە سەردەمێکی نوێ دەستیپێکرد کەوا هاوکات و هاوزەمان بوو لەگەڵ چەندیین رووداوی سەیر و سەرنجڕاکێشدا.
ڕێبەری باڵای شۆڕش هەر لەو ساتەوە هەستی بەوەکرد کەوا ئەم ڕادە و سنوورە لە گۆڕانکاریی بەس نییە و کۆتاییپێهێنانی لەوێدا ئاکامێکی دەبێت کە نە بەدڵی خودی ڕابەر خۆی و نە بەدڵی شوێنکەوتووانیشی دەبێت کەوا ئەوکات لەچیێژی سەرکەوتندا دەژیان. خومەینیی، باش لە مەترسیی دەستگای هەواڵگریی ڕژێمی شای لەعەرشلادراو  لەسەر خۆی و رژێمەکەی تێگەیشتبوو بەڵام سەرباری ئەوەش ڕەتیکردەوە کە بەتەواویی کێوماڵیان بکات، چونکە لەهەمان کاتدا دەیزانی کە پێویستیی بە توانا و ئەزموونەکانیان دەبێت کە ئەوان بەدرێژایی ساڵانی کارکردنیان بەدەستیانهێنابوو. هەروەها لەوەش تێگەشتبوو کە ریشەکێشکردنی رەوتێکی وا کە خاوەن قووڵایی مێژوویی و ڕیشەیەکی دوورودرێژە کارێکی نەکردە و ئاستەمە.
هەربۆیە فەرمانی ناردنی گەورە بەرپرسانی دەستگای بۆ خانەنشینیی دەرکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوودی لە توانا و ئەزموونە زۆروزەبەندەکانیان وەردەگرت. ماوەی شەڕی ئێران- عێراق تێپەڕیی و لەگەڵ خۆیدا گەلێک قووربانیی لەهەردوولا چنیەوە! بەڵام ئەم ساتمەیەی ساڵانی سەرەتای حوکم، خومەینیی لە بییرۆکەی “ هەناردەکرنی شۆڕشی ئیسلامیی” بۆ دەرەوە پەشیمان نەکردەوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە سوورتری کرد لەسەر جێبەجێکردنی بییرۆکەکە.

لێدوانی خومه‌ینی له‌سه‌ر هه‌واڵی ڕاكردنی شا بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێران ـ نۆڤل لۆشاتو ـ 1979

بەپێی ئەوە، کاری کرد بۆ چاندنی کەسانی دڵسۆز و نزیک لە خۆی لە زۆر وڵاتی جیاجیادا، بەدڵنیاییەوە یەکێکیش لەو وڵاتانە عێراق بوو، کە لێرەدا مەبەستەکەی ئێمەیە. کاتێک کە خومەینیی لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی پێشوودا لەڕێگەی پشتیوانییەکانی بۆ چەند کەسایەتییەکی عێراقیی- ئایینیی - شیعیی کە بەرهەڵستکاری سەددام حسێن بوون و لە دەستی ستەم و زۆردارییەکانی وی و رژێمەکەی لە وڵات بەرەو ئێران و هەندێک لە وڵاتانی دی هەڵاتبوون کاری دەکرد بۆ دامەزراندنی حیزبێکی سیاسیی - ئیسلامیی- شیعیی و مەبەستیشی لە داڵدەدانیشیان لای خۆی بۆ ئەوە کە لەدواتردا وەکوو « بەیدەق» لە شەترەنجی گەمەکانیدا بەکاریانبهێنێتەوە.
بەڵام ئەوەبوو کە لەوەدا دژبەرەکانی خومەینیی بە هەنگاوێک پێشی وی کەوتبوون، بەو پێیەی کە ئەوانیش لەماوەی حوکمی خۆیاندا و لە کۆتایی ساڵانی پەنجاکاندا و بەنزیکیی بۆ هەمان مەبەستگەل حیزبێکی دیکەی شیعییان درووستکردبوو.
ئەم ساتە مێژووییە بناغەی گۆڕانی ململانێ کەسییەکان بوو لە نێوان ژمارەیەک لە سەرکردەی ئایینیی- سیاسیی شیعەی ناودار لە عێراقدا بۆ ململانێی سیاسیی.
لەوێوە ئیدیی هەندێک لەگرووپ و سەرکردە سیاسییە شیعییەکان چیدی خۆیان لە سەربازگە ( ئیتیڵاعاتیی) ەکە ( یان ئەوەی کە ئەمرۆ بە ریفۆرمخوازان ناسراون) دیتەوە کە لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی رژێمی ئیسلامیی لە ئێران بە رووکەش هاوئاواز و لەناخەوە کینەهەڵگر بوون بەرامبەری، و هەندێکی دیکەشیان خۆیان لە سەربازگە نوێیەکەدا دیتەوە کەوا بە پێی ناونیشانەکەی ئەمرۆیان دەکاتە ( سەربازگەی هاوئاوازەکانی سوپای پاسداران).
بەمجۆرە چیدی ئێران بووە خاوەنی دوو گرووپ لە کرێگرتە و پیاوی دڵسۆز لە عێراقدا، چونکە ئەو دوو حیزبە ئیسلامییە ناوک و بناغەی هەموو حیزبە ئیسلامییە شیعییەکانی ترن کە دواتر لە عێراقدا دامەزران. ئەو بەشەی کە بە پیاوانی رەوتە ئیتڵاعاتییەکە ناودەبرێن زۆرجار نیشانە و ئامرازی مەدەنییبوون و سەردەمییبوونیان پێوە دیارە و، دەبینرێن کەوا باس لە رێزگرتن لە دەوڵەت و یاسا و سەروەرییەکەی دەکەن و لەوەش زیاتر تێیاندایە کە داوای دەوڵەتێکی سیکۆلار دەکات کە ئایین و کاروباری دەوڵەت لێکجیابکاتەوە، و بەکورتیی بەزمانی پیاوانی دەوڵەت و دەوڵەتداریی قسە دەکەن دژ بە بەرەی ( نادەوڵەت)ی لەخۆبایی. 
هەروەها ئەم گرووپە دەبینرێن کە شەڕی دەوڵەت و سەروەرییەکەی دەکەن بە مەرجێک کەوا ئەمە شەڕە هەر لە سنووری بانگەشەدا بێت و بابەتەکە سنووری گفتوگۆ و درووشمبازیی تێنەپەڕێنێت، چونکە ئەوانیش کە کاتێک وەکوو لە لەهجەی عێراقییدا هەیە( ئاسنەکە گەرم دەبێت-تحمی الحدیده‌) ئیدی قڕوقەپی لێدەکەن. 

هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی خۆیان له‌سه‌ر سیستانی دژی خامنه‌یی یه‌كلا كردوه‌ته‌وه‌

هەرچی گرووپ و تیمەکەی تری هاوئاوازانی ئێرانن ئەمانە نمایندەی رەوتە سیاسییە توندئاژۆکەی نێو ئێران( ئاراستە پاسدارییەکە)ن، کەوا ئەمرۆ خاوەنی قسەی کۆتایین لە ئێراندا. ئەمانە ئەمرۆ لە عێراقدا، بە بەرەی “ نادەوڵەت” ناسراون.  ئەو هێزانەن کەوا پشتیوانی هەیکەلیەتی 
“ نادەوڵەت” ن یاخود راستەوخۆ بەشێکن لێی و ماوە ماوە تەحەددای گەل و دەوڵەت و هەموو ئەو هێز و کەسایەتییە سیاسییانە دەکەن کە لەگەڵ مەفهومی دەوڵەت- دان و بە رۆژی رووناک و بەبێ ئەوەی تا ئێستا کەس پێشیان پێبگرێت سەروەریی و ڕێزەکەی دەشکێن.
ئەم پوختەکاریی و جیاکردنەوەیانە هەروا ئاسان نین وەک دەبینرێن، بەڵکوو گەلێک ئاڵۆز و سەیرن! بۆ نموونە، دەکرێت هێزێک هەبێت کەوا لە بنەڕەتدا لەسەر لایەنە ریفۆرمخوازەکە حساب بکرێت وەلێ لە هەمان کاتدا خاوەنی هێزێکی چەکداری توندوتیژ بێت و ماوە ماوە لە رێیەوە تەحەددای دەوڵەت و دژبەرە سیاسییەکانی پێبکات. ئەم خاڵە لە دواتردا و لە بەشەکانی دیکەی وتارەکەدا زیاتر باسی لێوەدەکەم.
ململانێی کرێگرتەکان بۆ سەلماندنی دڵسۆزیی بۆ گەورەکانیان چیدی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. بەجۆرێک کە دڵسۆزیی هاوبەش و مەرجەعیەتی سیاسیی هاوبەش و بەرژەوەندیی سیاسیی هاوبەش ئەمرۆ سەرکردەی یەکەم میلیشیای چەکداری عێراقی دوای ٢٠٠٣ی لەگەڵ ئەو کەسەدا کۆکردووەتەوە کە نمایندەی دەوڵەت دەکات، ئیدی لەوێوەیە کە سەرکردەکە نمایندەکاری دەوڵەت وەکوو ئامرزاێک بەپشتبەستن بە هێز و ناونیشان و شەرعیەتی دەوڵەت بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی کەوا دژبەرە سیاسییەکانی خۆی پێ بکوتێت، هەرچی ئەو کەسەشە کە ئەمرۆ نمایندەی دەوڵەت دەکات بەجۆرێک موغازەلەی ئەو سەرکردە سیاسییە دەکات و بە ( گەورەی بەرەنگارییکاران- سید المقاومه‌) ناوی دەات کە چیدی بووە بە موجامەلە و لە موغازەلە دەرچووە. نمایندەکاری دەوڵەت پێی وایە بەم ڕێگەیە بۆ ماوەیەکی زیاتر پۆستەکەی خۆی دەپارێزێت.
هەموو بەباشیی و لێزانانە رۆڵەکانی خۆیان دەبینن، ڕۆڵبیینان رۆڵ دەبینن و گەورەکانیان چەپڵە لێدەدەن، چونکە پلانەکە بە ویستی وان دەچێتە پێشەوە. ئەمرۆ، سەربازانی بەرەی ریفۆرمخوازیی( یاخود بەرەی ئیتیڵاعاتیی وەکوو هەندێک کەس حەز دەکەن وەها ناویان بهێنن) لەژێر پشتێنەوە کوتەک دەسرەوێننە سەربازانی بەرە توندڕەوەکە، ئەوانیش لەبەرامبەردا هەرەشەی سوتاندنی تەڕ و وشک دەکەن پێکەوە.
دوای تیرۆرکردنی چالاکوانی دیار و سەرۆکی ڕێکخستنەکانی خۆپیشاندان لە کەربەلا "ئیهاب ئەلوەزنیی" لە ٩ی ئایار لەسەر دەستی چەند کەسێکی نەناسراو، چیدی خۆپیشاندانەکان چونە قۆناغێکی نوێوە، و گەلێک داواکاریی بۆ ئاشکراکردن و سزادانی تاوانباران بەرزکرانەوە، تا ئەوەی کە بانگەوازێکی فراوان سەرپێخرا بە مەبەستی ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی گەورەی سەرتاسەریی لە بەغدای پایتەخت لە رۆژی ٢٥ی هەمان مانگ، بەڵام ئەوەبوو هەروەک چاوەروان دەکرا بە توندوتیژییەکی زۆرەوە وەڵام درایەوە.

ئیهاب ئه‌لوه‌زنی له‌ ناو خۆپیشانده‌راندا وتار ده‌دات ـ كه‌ربه‌لا

 دوای چەند رۆژێک لە ئەو کوشتن و سەرکوتکارییەی کە لە ٢٥ی مانگدا لە بەغداد کەوتەوە، لایەنە پەیوەندییدارەکان رایانگەیاند کەوا لە ئۆپەراسیۆنێکی نەوعیی- دا، فەرماندەی لیوای « الگفوف» ی هێزەکانی حەشدی شەعبییان بەتۆمەتی تێوەگلان لە کوشتنی هەریەک لە خۆپیشاندەران” فاهم الگائی و ایهاب الوزنی" دەستگیرکردووە.
دەستگیرکردنەکە و چۆنییەتیەکەی بوونە هۆی درووستبوونی قەیران لە نێوان پاڵپشتییکەر و نەیاری هەنگاوەکەدا. یەکێک لە پشتیوانانی ئەم هەنگاوە بریتی بوو لە  موقتەدا سەدری سەرکردەی رەوتی سەدر، کەوا لەڕێی پەیامێکەوە پشتیوانیی خۆی بۆ هەنگاوەکە و بۆ دەوڵەت لەبەرامبەر ئەوانەی کە هێزی خۆیان بەسەر دەوڵەتدا دەسەپێنن، لە گرووپ و هێزگەلی چەکدار دەربڕیی. هەرچی مەرجەعییەتیشە لای خۆیەوە بێبەرییبوونی خۆی لە کەسی دەستگیرکراو راگەیاند( بەو پێیەی کە ئەو کەسە پێشتر بەشێک بووە لەو هێزانەی ناو حەشد کە لە مەرجەعییەتەوە نزیک بوون)و ئەمەش وەکوو دەربڕیینی رەزامەندیی لەلایەن مەرجەعییەتەوە بۆ ئەو هەنگاوە خوێندرایەوە.
ئەگەر بە چاوێکی شیکارییانە بڕوانین دەتوانین ئەوە لەم رووداوە بخوێنینەوە کەوا: ئەو هێزە سیاسییەی کە پشتیوانیی ئەم لێدانە ئاراستەکراوەی کازمیی دەکات لە گرووپە وەلائییەکان( وەلائیی: بەوانە دەگوترێت کەوا لەسەر رەوتی توندئاژۆ حسابن) بریتییە لە رەوتی سەدر، ئەو لایەنەی کە لەسەرەتاوە گوتمان  سەرکردەکەی، سەرۆکی وەزیران و هێز و شەرعییەت و ناونیشانی دەوڵەت وەکوو ئامرازێک بۆ لێدان لە دژبەرە سیاسییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.
ڕەنگە پرسایەک لەنیو خوێنەران بپرسێت. ئایا بێجگە لە هۆکاری بەرژەوەندییخوازیی کە هۆکارێکی کاتیی قۆناغەکەیە چ هۆکارێکی دیکە دەشێت سەدر و کازمیی بەیەکەوە کۆبکاتەوە؟ بەجۆرێک کەوا سەدر بەو شێوەیە پشتیوانیی کازمیی بکات، و ئەویش لەبەرامبەر میدیادا بە ئاشکرا و پڕ بە گەرووی بڵێت: لەڕقی هەمووان، ئەوا دەڵێم و دانیپێدا دەنێم کە سەید موقتەدا گەورەی بەرەی بەرهەڵستکاران( سید المقاومه‌)یە؟ دەبێت چی تر هەبێت کە وەها ئەم دووانەی دژ بە دژبەرێکی هاوبەش لەم دۆخە هەستیارەدا کۆکردبێتەوە؟

سه‌در و كازمی یه‌كتر به‌كارده‌هێنن

بەشێک لە وەڵامەکە خۆی لە پرسیارە سەرەکییەکەدا دەبینێتەوە ( ململانێی دژبەرەکان لەپێناو کرێگرتەیی.. ململانێی دوو جەمسەرەکەی حوکمی ئێران لە گۆڕەپانی عێراقدا) ئەمەی کە روودەدات هەر بەڕاست شەڕی نێوان سەربازەکانی دوو جەمسەرەکەی حوکمە لە ئێران. هەریەک لە کازمیی و سەدر بەوە ناسراون کە پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ باڵە ریفۆرمخوازەکە ( یان ئەوەی کە هەندێک پێیان دەڵێن باڵە ئیتیڵاعاتییەکە ) دا هەیە و بەجۆرێک لە جۆرەکان لەسەر ئەو بەرەیە حسابن.
لەکاتێکدا دژبەرەکانیان ( گرووپە وەلائییەکان) و هەموو ئەو لایەن و کەسایەتییانەی کە بەرگێکی یاساییان کردووە بە بەر جووڵەکانیاندا و بەیاسا کردوونیان بەخاوەنی ناونیشان، ئەوانە لەسەر بەرە توندئاژۆکە حساب دەکرێن. نابێت ئێمە ناوەڕۆکی ئەو هەڕەشەیەمان لەبییربچێت کە ماوەیەک لەمەوبەر سەرکردەیەکی حیزبوڵڵای عێراقیی( کە ئەمانیش بەشێکن لە بەرە وەلائییەکە) بە ناوی “ ابو علی العسكری" ئاراستەی کازمیی سەرۆکوەزیرانی کرد و گوتی: هەردوو گوێچکەت دەبڕین و ئەوکات نە سی ئای ئەی و نە ئیتیڵاعاتی ئێرانییش فریات ناکەون! بەو مانایەی کە کازمیی پەیوەندیی لەگەڵ ئەو دوو دەستگایەدا هەیە!
 لە کاتێکدا کە ئێمە ئەم یەکگرتن و سەنگەرگرتنە دەبینین، جیهان و ناوچەکە چاویان لەسەر گفتوگۆکانی جنێفی نێوان ئێران و دەوڵەتە ئەورووپییەکانە، کە ئەمەش بۆخۆی بەجۆرێک لە جۆرەکان دەشێت لەبەرژەوەندیی ئەم هەوڵانەی کازمیی بشکێتەوە، بەوپێی بە بۆچوونی زۆرێک لە چاودێران ئێستا، ئێران لە هەر کاتێکی دیکە نزیکترە کە دەست لە بەشێک لە کرێگرتەکانی لە جیهانی عەرەبیی بەگشتیی و لە عێراقدا بەتایبەتیی هەڵبگرێت، ئەمەش لەبەرامبەر هەڵگرتنی بەشێک لەو سزایانەی کە بەسەریدا سەپێنراون.

چاوه‌ڕوانكراوه‌ ڕه‌ئیسی زۆر هاوكێشه‌ی سیاسیی عێراق بگۆڕێت

وا بڕیارە کە لە رۆژی ١٨ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی لە ئێران بەڕێوەبچێت، ئەوەی لێرەدا جێی باسە ئەوەیە کەوا؛ تیشکێک بخەینە سەر هەندێک لەو رووداوە نوێ و کاریگەرانەی کەوا بەر لە هەڵبژاردن روویانداوە. دەشێت دیارتریینی ئەو رووداوانە دوورخستنەوەی ژمارەیەکی دیاری ئەو کاندیدانەی کە ئێستا لەسەر بەرەی ریفۆرمخوازیی حسابن، وەکوو( عەلی موتەهیریی و عەلی لاریجانیی و مەحموود ئەحمەدی نەژاد) کە ئەمەش راستەوخۆ وادەکات کە تا رادەیەکی باش مەیدانەکە بۆ دیارتریین کاندیدی بەرە توندئاژۆکە چۆڵ ببێت کە ئەویش دەکاتە 
“ ئیبراهیم رەئیسی” کە ئێستا سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەرییە لە ئێران. بەمشێوەیە و تەنانەت بەر لە دەستپێکردنی ماوە بانگەشەش بردنەوەیەکی پێشوەختە بۆ بەرە توندئاژۆکە تۆمارکرا.
وایدەبینم کەوا تا ڕادەیەکی زۆر چارەنووسی سەرۆکی داهاتووی حکومەت لە عێراقدا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێران وەستابێت. ئەگەر بێت و توندئاژۆ و موحافەزەکارەکان( باڵە پاسدارییەکە) بتوانن بگەن بە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئێراندا ئەوا ئەم ئەنجامە لە عێراقیشدا رەنگدەداتەوە و لە بەرژەوەندی بەرە وەلائییەکە دەشکێتەوە و لە دواتردا دەبنە خاوەنی قسەی کۆتایی لە بابەتی دیارییکردنی سەرۆکی داهاتووی حکومەتدا لە عێراق. بەڵام ئەگەر هات و سەرۆکایەتیی ببێتە نسیبی بەرەی ڕیفۆرمخواز و ئەمجارە بەخت یاوەریان بێت ئەوا لە عێراقیشدا بەهارەکەیان بەردەوام دەبێت و دواتر ئەوان دەبنە خاوەن قسەی کۆتایی لە ململانێی دیارییکردنی سەرۆکی حکومەتی داهاتوودا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ