كێشەی سیستمی سیاسيی تونس چییە ؟

قەیس سەعید.. دەبێتە سیسیەكەی تونس؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.07.27 02:14 PM
981 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

دڵشاد نامیق 

لە دوای خولی دوەمی هەڵبژاردنەکانی تونسەوە، کە بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامی سەرۆکایەتی پەرلەمانی وەرگرت و دواتریش سەرۆکێك بۆ تونس هەڵبژێردرا کە جیاواز بوو لە ئیخوان ئیتر ناسەقامگیريی ڕووی لەو وڵاتە کردووە.
لە دوای ٢٠١٩ وە لە تونس ململانێیەکی توند لە نێوان دامەزراوەکانی دەسەڵاتدا هەیە، لەبەرئەوەی سیستەمە سیاسیەکەی نیمچە سەرۆکایەتیە و سەرۆكی وڵات (قەیس سعید) کە ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، بیر و هزری سیاسی جیاوازە لە زۆرینەی پەرلەمانی کە بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی کۆنترۆڵیان کردوە، بۆیە ئەو ململانێیە پەرەی سەندووە بە تایبەت لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتەوە لە ٢٠١٩، کە تا ئێستا نەتوانراوە دادگای دەستوری پێکبهێنرێت.
تونس خۆی کێشەی ناسەقامگیری سیاسی و گرفتی کۆرۆنا و خۆپیشاندان و بێزاری خەڵکی تیا هەیە کە لە ئەنجامی ئەو ململانێیەوە خزمەتگوزاريی کەمی کردووە یان پەکی کەوتووە و نەخۆشی بەفراوانی بڵاوبووەتەوە.... .

قەیس سەعید سورە لەسەر دورخستنەوەی ئیخوان لە دەسەلآت


لەم ماوەیە ململانێکان تەواو توند بوونەوە لە نێوان سەرکۆمار (قەیس سعید) لە لایەک و سەرۆکی پەرلەمان (ڕاشيد غەنوشی) و سەرۆکی حکومەت (هیشام مەشیشی) لەلایەکی ترەوە، بەتایبەت لە بابەتی سەرۆکایەتی هێزە چەکدارەکان و پێکهێنانی مەحکەمەی دەستوری، ئەڵبەتە هێزە عەلمانیەکان و پاشماوەکانی سیستەمی پێشوو پشتیوانی سەرۆك کۆمار دەکەن و تا ڕادەیەکیش بزوێنەری پەرەسەندنی ململانێکانن، دوو ڕۆژی رابردوو خۆپیشاندانەکان پەرەیسەند و کار بەوە گەیشتووە کە سەرۆك کۆماری ئەو وڵاتە لە ( ٢٥ / ٧ / ٢٠٢١)دا ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
١- پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و حەسانەی لە ئەندامەکانی سەندەوە!
٢- حکومەتی هەڵوەشاندەوە و خۆی کرد بە سەرۆکی دەزگای تەنفیزی هەتا ئەوکاتەی خۆی سەرۆک حکومەتێك تەعین دەکات!
٣- خۆی وەک نائیبی عام ناساند و دەسەڵاتەکانی دابەخۆی بۆ تەحقیق و لێپێچینەوە لە گشت کەسێک، بە ئەندامانی پەرلەمانیشەوە!

 نەهزە دەیەوێ بە جولآندنی شەقام كودەتاكەی قەیس سەعید هەڵوەشێنێتەوە


هەموو ئەمانەی لە ژێر ناوی (مادەی ٨٠ی دەستور) دا کردوە، کە لە ڕاستیا ئەو مادەیە دەسەڵاتی داوە بە سەرۆك بۆ ئیجرائاتی ئیستیثنائی بەڵام بەم شێوەیە نا، بەڵکو دەڵێ: لەکاتی پێویستدا سەرۆك ئەو ئیجرائاتانە بکات بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت، وە پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە و تەجمید ناکرێ، بەڵکو دەچێتە کۆبوونەوەی بەردەوامەوە (انعقاد دائم) هەتا ئیجرائاتەکان تەواوەبن.
ئێستا بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامی بە تەواوی گشت ئیجرائاتەکانی سەرۆکی ڕەتکردەوە و بە ئینقیلاب ناوی دەبات، وە دەڵێ گشت دامەزراوەکان ماون و بە تەجمیدکراو دانانرێن.
کاردانەوەی شەقامیش ئێستا جۆرێك لە ئیختیناق هەیە لە نێوان لایەنگرانی هەردوولادا، کە بەشێك لە خەڵك بۆ پشتگیری سەرۆك و بڕیارەکانی هاتونەتە سەر شەقام و بەشێکیش لە لایەنگرانی نەهزە و هاوپەیمانەکانی بۆ دژایەتیکردنی هاتونەتە شەقام، وە سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاندوە کە شەقام دەجوڵێنن دژی بڕیارەکانی سەرۆك.

نەهزە نیگەرانە لە پەیوەندی بەهێزی قەیس سەعید لەگەڵ سیسی

 

ئەم سەرۆک کۆمارەی تونس (قەیس سعید) ئەگەرچی خۆی کەسێکی مەدەنیە و پسپۆڕی یاسای دەستورییە و مامۆستای زانکۆ بووە، بەڵام پەیوەندیەکانی لەگەڵ (عبدالفتاح سیسی) سەرۆکی میسر، بزوتنەوەی نەهزەی تونسی نیگەران کردووە، تەنانەت کاتێک سەردانی میسری کرد ڕووبەڕوی ڕەخنەی زۆر بوەوە لە لایەن نەهزە و هاوپەیمانەکانیەوە، قسەیەك هەیە دەڵێن کە جۆرێك دەست لە پشتدانی (عبدالفتاح سیسی) هەیە و دەیەوێ ئەزموونی ئەو دووبارە بکاتەوە، لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی میسر ڕایگەیاند ئامادەن هاوکاری بنێرن بۆ تونس!
بەپێی دەستوری ساڵی ٢٠١٤ی تونس، سەرۆك کۆمار فەرماندەی سوپایە، سەرۆك وەزیران فەرماندەی هیزە چەکدارەکانی ناوخۆیە (ئەمن و شورتە و تەشکیلاتەکانی)، بەڵام سەرۆك کۆماری تونس هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە خۆی فەرماندەی گشت (هێزە چەکدارەکان)ە.
مانگی چواری ئەمساڵ، ئەم سەرۆك کۆمارە لە ئاهەنگی هێزە ئەمنیەکاندا، ڕوی کردە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت و پێیوتن: من فەرماندەی گشت هێزە چەکدارەکانم، کێ تائێستا نەیزانیوە با بیزانێت، دواییش پەیامێکی دا و وتی: (الیوم صبر، وغدا أمر/ ئەمڕۆ ئارامگرتنە و سبەی فەرمانە!).... ئێستا وادیارە ئەو (سبەینێ)یە هاتووە!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ