بۆچى پێش مردنى وازی له‌ یه‌كێتی هێنا ؟

فیله‌ته‌نه‌كه‌ی یه‌كێتی.. ئایا جەبار فەرمان ژەهرخوارد کرا؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2024.08.09 06:50 PM
9978 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

17 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی جەبار فەرمان تێپەڕێ، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كێتی كه‌ مام جه‌لال ناوینابوو "فیله‌ته‌نه‌كه‌ی یه‌كێتی".
جەبار فەرمان خەڵکی خانەقینە و سەرکردەیەکی باڵای سەربازیی و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یەکێتی بوو، عەسری پێنجشەممە ڕۆژی 2007.8.9 لە ماڵەکەی خۆی لە گردی عەلی ناجی شاری سلێمانی له‌ ته‌مه‌نی 60 ساڵی کۆچی دواییکرد.
دوای نه‌وشیروان مسته‌فا، جه‌بار فه‌رمان به‌ توندترین سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی داده‌نرێت به‌رامبه‌ر پارتی و ماڵی بارزانی كه‌ له‌ قسه‌ و لێدوانه‌كانی به‌رده‌وام به‌ "خیانه‌تكرا و ده‌ستی بێگانه‌ و دوژمنی كورد وه‌سفی ده‌كردن" به‌ تایبه‌ت دوای 31ی ئاب، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكاری ئه‌وه‌ بوو پارتی زۆر ڕقی لێی بووه‌، ته‌نانه‌ت قسه‌یه‌كی به‌ناوبانگی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت "پارتی ئەو کەرەیە باری کەیت لە چەک گورگ دەیخوات".
دوای كۆچی دوایی جه‌بار فه‌رمان، له‌ زاری هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی ژه‌هرخواردكردنی جه‌بار فه‌رمان وروژێنرا بێ ئه‌وه‌ی تائێستا هیچ ورده‌كارییه‌كی ئه‌و مه‌سه‌له‌ باسكرابێت و یه‌كێتیش له‌وكاته‌دا هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی نه‌بوو.  

لە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری لڤین ساڵی 2007 سەبیحەخان هاوسەری جەبار فەرمان دەڵێت: هۆکاری نەخۆشکەوتن و دواتر مردنی جه‌بار فه‌رمان ئەوەیە لە کاتی سەردانێکی بۆ تورکیا بە دەستێکی نادیار ژەهرخوارد کراوە، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی دوای ماوه‌یه‌ك دووچاری نه‌خۆشیه‌كی كوشنده‌ هات و تا مردنی چاره‌سه‌ر نه‌كرا.
هه‌رئه‌وكات سەبیحەخان، داوای لە یەکێتی کرد لێکۆڵینەوە بکەن و ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن.

جه‌بار فه‌رمان و سه‌بیحه‌خان و هه‌ردوو كچه‌كه‌یان

بەڵام نازانرێت ئایا یەکێتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهێنا یان نا، چونكه‌ لەوکاتەوە تائێستا یەکێتی و هیچ کەسێکی تر جارێکی تر باسی گومانەکان و هۆکاری نەخۆشکەوتنی جەبار فەرمانی نەکرد و هیچ شتێك له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌.
جه‌بار فه‌رمان ماوه‌یه‌ك پێش نه‌خۆشكه‌وتنی له‌ یه‌كێتی عاجزبووه‌ و له‌ ماڵه‌وه‌ دانیشتووه‌ و نامه‌ی وازهێنانی بۆ مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا نوسیووه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و كێشه‌ی زۆری له‌سه‌ر ئیداره‌دانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌بووه‌، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ به‌ دیاریكراوی دیار نییه‌ كه‌ ناكۆكیه‌كانی نێوان چی بووه‌ كه‌ جه‌بار فه‌رمانی گه‌یانده‌ ئه‌و راده‌یه‌ی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بنوسێ بۆیان.

هه‌روه‌ها ئه‌و كاته‌ی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ ته‌رمی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ ئیرانه‌وه‌ له‌ڕێی مه‌رزی په‌روێزخانه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ (8-4-2000) له‌ ناو ئه‌و سه‌ركردانه‌ی یه‌كێتی كه‌ له‌ پێشوازیدا وه‌ستابوون، ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌بار فه‌رمان نه‌كرد، ده‌وترێت ئه‌و ڕووداوه‌ به‌ یه‌كجاری ئه‌وی له‌ مام جه‌لال و یه‌كێتی عاجز كردووه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ته‌له‌ڤزیۆنی گه‌لی كوردستان بۆ شه‌وه‌كه‌ی چه‌ندین جار ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆی ته‌وقه‌ نه‌كردنه‌كه‌ی پیشان ده‌دایه‌وه‌، كه‌ مانای وابوو به‌ ئه‌نقه‌ست و به‌ فه‌رمانی سه‌روی خۆیان ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن وه‌ك ئیستیفزاز كردن، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ك بووه‌ بۆ بوونی كێشه‌یه‌كی قوڵ له‌ نێوان مام جه‌لال و جه‌بار فه‌رمان بێ ئه‌وه‌ی تائێستاش بزانرێت چی بووه‌. هه‌روه‌ك باس له‌وه‌ش ده‌كرێت به‌ درێژای چه‌ند ساڵی نه‌خۆشكه‌وتن و مانه‌وه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ مام جه‌لال سه‌ردانی نه‌كردووه‌

جه‌بار فه‌رمان ـ مام جه‌لال ـ قادری حاجی عه‌لی

ڕۆژنامه‌نووس له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج كه‌ ساڵی 2020 له‌ یادی كۆچی دوایی جه‌بار فه‌رمان وتارێكی  (https://www.xendan.org/detailwtar.aspx?jimare=4381&nuser=1396)  به‌ ناوی "ئه‌و ڕۆژه‌ى جه‌بار فه‌رمان ناردى به‌ دواما" نوسیووه‌ ده‌ڵێت: جۆرێك له‌ په‌یوه‌ندى تێكچون و لێك توڕه‌ بوون له‌ نێوان  هه‌ردوو كۆچكردوو نه‌وشیروان مسته‌فاو جه‌بار فه‌رماندا دروست بوو بوو، دیار بوو توڕه‌ بوونه‌كه‌ى جه‌بار فه‌رمان په‌یوه‌ندى به‌ شتى تریشه‌وه‌ هه‌بوو هه‌ر له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌بوو ، له‌ دانیشتنێكا له‌ ته‌ك دۆستگه‌لێكدا كه‌ زۆربه‌یان ماون ، كاك نه‌وشیروان سه‌باره‌ت كاك جه‌بار وتبووى خۆ ئێسترمان له‌ كاروان به‌ جێنامێنێ جه‌بار فه‌رمان ئاشت نه‌بێته‌وه‌".

دواتر له‌ تیف فاتیح فه‌ره‌ج ده‌ڵێت:" كاك جه‌بار ناردی به‌دوامدا بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی به‌ دورو درێژى چیرۆكى توڕه‌بوونى خۆى كێشه‌كان و زۆر شتى بۆ گێڕامه‌وه‌ و وتیشی هه‌رچى نوسراو هه‌یه‌، چۆنێتى دوركه‌وتنه‌وه‌و وازهێنانم، نامه‌كانى داواى گه‌ڕانه‌وه‌م ده‌كه‌ن،  چیم لایه‌ ده‌یده‌مه‌ لات بۆ مێژوو لاى تۆ بێت، من ئه‌و كاته‌ هه‌ر شه‌رمم كرد له‌وێ داواى بكه‌م ، دواتریش تا كۆچى دواى كرد نه‌مبینیه‌وه‌".

نه‌وشیروان مسته‌فل ـ  كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ـ قادری حاجی عه‌لی ـ جه‌بار فه‌رمان ـ فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر

هه‌ر له‌و وتاره‌یدا ده‌ڵێت:"كاك جه‌بار له‌و دانیشتنه‌دا له‌ گوڵ كاڵترى به‌ كاك نه‌وشیروان نه‌ووت، دواى ئه‌و دیداره‌و ئه‌وه‌ى روویدا بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌و براده‌رانه‌ى چل ساڵ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ر بوونه‌، زۆربه‌یان باشى یه‌ك ناڵێن ، زۆر دره‌نگتر ده‌ركه‌وت ئه‌و باش نه‌وتنى یه‌كه‌ ئه‌و حزبه‌ى به‌ چ ده‌ردێ برد، گه‌رچى تا ئێستاش نه‌خۆشیه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌".

جه‌بار فه‌رمان:
ـ 1947 له‌گوندی بان میل / خانه‌قین له‌دایكبووه‌.
ـ  1967 خوێندنی ناوه‌ندیی له‌ خانه‌قین ته‌واو كردووه‌.
ـ دواتر چووه‌ته‌ په‌یمانگه‌ی مامۆستایانی شاری به‌عقوبه‌ و بووه‌ به‌ مامۆستا. 
ـ 1970 له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی- لینینی (كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران) چووته‌ ڕیزی رێكخراوه‌كه‌.
ـ 1974 بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول تا نسكۆی 1975.
ـ 1975 له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین ده‌سته‌ له‌ زیندانیانی كۆمه‌ڵه‌، شه‌هیدان: خاڵه‌ شیهاب شێخ نوری و جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحیدو ئه‌نوه‌ر زۆراب له‌ لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیركرا.
ـ 7/14/ 1980 له‌ زیندان ئازاد كراوه‌.
ـ 1982 كرایه‌ لێپرسراوی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران له‌ دۆڵی باڵه‌كایه‌تی.
ـ دوای كۆنفرانسی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ كرایه‌ لێپرسراوی رێكخراوی دووی كۆمه‌ڵه‌.
ـ 1984 له‌ سێیه‌م كۆنفرانسی كۆمه‌ڵه‌ بووه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتی.
ـ 1988 كرا به‌ نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌ مه‌كته‌بی ته‌نفیزی به‌ره‌ی كوردستانی.
ـ 1991 له‌ راپه‌ڕین له‌گه‌ڵ مام جه‌لال گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان.
ـ 1991 رۆڵێكی گرنگی هه‌بوو له‌ دامه‌زراندنی كۆلێژی سه‌ربازیی قه‌ڵاچوالان.
ـ 1992 له‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی به‌ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردرا.
ـ 1993  له‌ دووه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كرایه‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌.
ـ 1995 بووه‌ وه‌زیری ناوخۆ و دواتر وه‌زیری په‌روه‌رده‌.
ـ 1999 یانه‌ی وه‌رزشی پێشمه‌رگه‌ی دامه‌زراند.

 ـ دوا پله‌ی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بووه‌.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ