ده‌رباره‌ی تاڵیبانى نوێ

تاڵیبان بۆ نەکەوت.. دیوێکی دیکەی دیمەنەکە ؟

مه‌عاز فه‌رحان 2021.08.18 03:08 PM
457 جار خوێندراوەتەوە

مه‌عاز فه‌رحان

رۆژنامه‌نووس
به‌كالۆریۆس له‌ راگه‌یاندن ـ زانكۆی سلێمانى

*ژیانی سەركردەكانی نزیکە لە ژیانی خەڵكەوە، فریوی خۆشگوزەرانیان نەخواردوە، ئەو رەسمەی خواره‌وه‌ ماڵەكەی مەلا عومەر ڕابەری رۆحی و دامه‌زرێنه‌ری تاڵیبانە.
* لە وڵاتانی دواكەوتوو كە سیستەم و دەوڵەت لاوازن، ئەوەی خەڵك ئاراستە دەكات هاوسۆزی و هاوژیانیە، ئەمەی لای تاڵیبانەكان هەبووە.
خاڵی بەهێزی تاڵیبان:
*ئەمریكا لەوە گەیشتبوو كە شكستی هۆزی پەشتون كە زۆرینەی تاڵیبانەكان پێكدەهێنن ئەستەمە، سەدا ٤٠ زیاتری دانیشتوانی ئەفغانستان لەو هۆزەن.
*جیابونەوە و لێكترازان لە ناو ئەم هێزەدا ڕووینەداوە، لە ساڵی 2013 مەلا عومەر مرد، شوێنگرەوەكەی ئەمریكا كوشتی، لە 2016ەوە مەلا هەیبەتوڵا ئاخونزادە سەرۆكی تاڵیبانە و تا ئێستا یەکگرتووی و تەبایی هەیە.
*دەسەڵات لە ناو ئەو هێزە بەشێوەی هێشووی دابەشكراوە، سەرۆك چەند جێگرێكی هەیە، كە خاوەن پێگەن لە ناو كۆمەڵگەی ئەفغان، ئەوانیش: مەلا غەنی برادەر سەرۆكی مەكتەبی سیاسی تاڵیبان لە قەتەر، مەلا یەعقوب كوڕی مەلا عومەری ڕابەری پێشووتر، سیراجەدین حەقانی ڕێبەری تۆڕی حەقانی، مەلا عەبدولحەكیم سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری تاڵیبان و سەرۆكی وەفدی دانوستانی قەتەر. لەگەڵ شورای رەهبەری كە لە 26 كەس پێكدێت.

ماڵه‌كه‌ی مه‌لا عومه‌ری دامه‌زرێنه‌ری تاڵیبان


*وجودی ئەمریكی لە 20 ساڵی رابردوودا دۆخێكی لەناو تاڵیبان هێناوەتە كایەوە، ئەویش دروستبوونی چینێكی لیبراڵە کە كراوەترە بەرامبەر بە ڕۆژئاوا، هاوكاتی بوونی چینێكی موحافیزكاری ئەزموونداری ناو سیاسەت و شەڕەكان.
*تاڵیبان ریشەی لە ناو كۆمەڵگەی ئەفغانی هەیە، ئەو كۆمەڵگەیە ئەگەر تاڵیبانی قبوڵ نەبوایە ڕەویان دەكرد یان بەرگریان دەكرد.
*كۆمەڵگەی ئەفغانی موحافیزكارە، ئەوانەی ئارەزوی ژیانێكی رۆژئاواییانە دەكەن زۆر كەمن، ئەمە یارمەتیدەدەرێكی زۆر باشبووە بۆ تاڵیبان.
*تاڵیبان ئەوەندەی تەیارێكی ئایدۆلۆژیی و فیكرییە ئەوەندە حزبێكی سیاسی نییە، تەیاری فیكری ئوسلوبی دەگۆڕدرێت بەڵام لەسەر مەنهەجی خۆی دەمێنێتەوە، كە دەوڵەت لاواز بوو، ئایدۆلۆژیا هۆكارێكی سەرەكی مانەوەیە، تاڵیبان ئایدۆلۆژیای هەیە.
*توندڕەوی و تەقینەوە و تۆقاندن زیاتر ئەدەبیاتی قاعیدە و داعش بوو، قاعیدە ئەوەی بەسەر تاڵیباندا فەرز كردبوو، تاڵیبان لە ئەفغان و بزوتنەوەی ئیسلامی جارانی كوردستان، هێزی خۆرسكبوون، یانی_ئیسلامی_ نەتەوەیی_ بوون، دواتر ئەدەبیاتی قائیدە هەردووكیانی بەرەو توندڕەویی برد، ئێستا تاڵیبان گەڕاوەتەوە سەر مەنهەجەكەی خۆی.
*تاڵیبان وەک حەماسی فەڵەستین خاوەنداریەتی لە دۆزی نەتەوەییان دەکەن، بە پێچەوانەی ئیخوانەکانەوە.

له‌ پاڵ دینی ئیسلام تاڵیبان بڕوای به‌ دۆزی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌فغانه‌كان هه‌یه‌

*تاڵیبان لە 20 ساڵی رابردوودا بۆ یەك رۆژیش چەكی دانەناوە، سازشی لەسەر پرەنسیپەکانی نەکردوە، ئەوەش سووربونی نیشانداوە بۆ گەڕانەوە و تەسلیم نەبوون.
*ئەفغانستان جوگرافیا و خاكێكی عاسی هەیە، لە مێژوودا وەك گۆڕی ئیمپراتۆرەكان ناوی دەركردووە، لە ماوەی 50 ساڵدا جیهان شكستی دوو زلهێزی لەوێ‌ بینیوە، یەكێتی سۆڤیەت و ئەمریكا، سەختی جوگرافیا كۆمەكی گەورەی تاڵیبانی كردووە.
مامەڵەی گۆڕدراوە:
*ئەمجارە تاڵیبان لە گرتنی شوێنەكاندا بژاردەی شەڕی نەبووە، سەرۆك عەشیرەت و كەسایەتیە دیارەكانی بۆ نێوەندگیریی بەكارهێناوە بۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت و ویلایەتەكان بۆ رادەستكردنی شوێنەكان.
*تاڵیبان وەك خاوەن ماڵ مامەڵە دەكات، چەند رۆژێكە خەریكی گەڕانم بەناو میدیای جیهانیدا، شتێك نییە لەسەر فەرهود و تاڵانی چەكدارانی بزوتنەوەكە.
*دەركردنی لێبوردنی گشتی و رێگەدان بە گەڕانەوەی فەرمانبەران بۆ سەر وەزیفەی خۆیان، پەنا نەبردنە بەر تۆڵەكردنەوە، ئەو تێگەیشتنەی لای خەڵك دروستكردووە، كە تالیبان گۆڕدراوە.
*رێگەدان بە چه‌ونەدەرەوەی ئافرەت بەبێ‌ یاوەر، رێگەدانیان بە خوێندن و كاركردن.
ستراتیژی نوێ:
*لەسەر ئاستی سەربازی تاڵیبان بە زوویی مەرزەكانی ئەفغانستانی لەگەڵ ئێران، پاكستان، تاجیكستان، تركمانستان كۆنترۆڵ كرد، زۆربەی سەرچاوەكانی داهاتی لە حكومەتی كابوڵ بڕی.

تاڵیبان ئه‌مجاره‌ به‌ عه‌قڵی ده‌وڵه‌تداریی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌

*توانی دانپێدانانی ئەمریكا بۆ سەركەوتنە سەربازییەكانی بەدەستبهێنێت كاتێك لە قەتەر دەستیان بە دانوستان كرد.
*لەگەڵ رێكەوتنی شوباتی 2020 بۆ كشانەوەی ئەمریكا، تاڵیبان بەڵێنیدا هیچ هێرشێك نەكاتە سەر ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی و رێگەنەدان بە گەڕانەوەی قاعیدە.
*تاڵیبان جۆرێك لە دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە شێوەی نافەرمی وەرگرتووە، ئێران، روسیا و چین و توركیا، مامەڵەیان لەگەڵ ئەم هێزە گۆڕدراوە.
*تاڵیبان بەڵێنی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە كە زیان بە بەرژەوەندیەكانیان ناگەیەنێت و رێگە بە گروپە توندڕەوەكان نادات بگەڕێنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زووە بڕیاری كۆتایی بدرێت لەسەر تاڵیبانی نوێ و ژیان لە سایەیدا، كە ئایا هەمان رۆژگارە تاریكەكانی نێوان 1996 تاوەكو 2001 دووبارە دەكاتەوە، ئەوەی كە خالید حوسێنی رۆمانی نووسی ئەفغانی لە رۆمانەكانیدا وێنای كردووە، کە جەهەنەمێکە بۆ خۆی.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ