دوای سیستانی ئێران ئایەتوڵاکانی قوم دەهێنێ بۆ نەجەف؟

دوای سیستانی.. پرسیارە گەورەکەی بەردەم ئایندەی عێراق

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.10.03 01:36 PM
1628 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

بێوار ڕەحمان (حاجی بێوار)
بەشێوەیەکی گشتی، ئاسانە تەماشاو شرۆڤەی کارەساتە مرۆیی و ئابورییەکان لە عێراق بکەین، بۆشایی سیاسیی و ئەمنی و سەربازیی بەهۆی ململانێ تایەفی و جیاکارییە کۆمەڵایەتییەکان ئەبینین. دیوێکی گرنگ و قسە لەسەر نە کراوی ڕووداوەکان ئەو ناهاوسەنگی و ڕا-ڕاییەیە لە نێوان حەوزەکانی قوم-نەجەف- مەشهەد دا هەیە. پرسیارو بایەخی گەورەی ئێران بریتی یە لە ئایندەی ململانێکانی قوم و نەجەف، ئەمەش ڕاستەوخۆ بەستراوە بە کاریزمایی و قووڵایی مێژوویی "ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی" یەوە، سیستانی بو نەیهێشت عێراقی دوای سەددام ببێتە ویلایەتی فەقیهو عێراق ببێتە دەوڵەتێکی دینی و ئاین بسەپێت بەسەر هەموو دامەزراوەکاندا، حەوزەی نەجەف بەردەوام لە ململانێدایە لەگەڵ حەوزەی قوم و مەشهەد. سەیدسیستانی فاکتەرێکی گەورەی تێک نەچونی ماڵی شیعی بوە لە عێراق دا، ئایا بە نەمانی ئایەتوڵڵا سیستانی عێراق ئەبێتە چۆن گۆڕەپانێک؟.
یەکەم: ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی
ئەو ناوی “عەلی کوڕی محەمەد باقر کوڕی عەلی حوسەینی سیستانی” یە.  لە (٤ ی ئابی ١٩٣٠ ) لەشاری مەشهەد لە ئێران چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە. لە ڕۆژگاری  ئەوکاتی ئێرانی پەهلەویی دا هاتە ئەم دونیایەوەو ساڵی ( ١٩٥١) یش ڕووی کردۆتە پیرۆزیی شاری نەجەف. ئەو جگە لەوەی باوک و باپیری پێگەی ئاینییان هەبوەو لە تەمەنی (٥) ساڵیەوە دەستی کردوە بە خوێندنی قورئانی پیرۆز، لەسەردەستی زانایان؛ سەید مەهدی ئەسفەهانی، حوسێن بڕۆجەردیی، محەمەد حوججەی کۆهکەمەری، ئایەتوڵڵا ئەبو لقاسمی خوئیی، سەید حسێن حیللی وچەندان زانای گەورە بە بواری جیاجیای حەوزەیی ئاشنا بوە.
سەید سیستانی، لەساڵی (١٩٦٤ ) ەوە، دەستی بە  نووسین و لێکۆڵینەوە و وتاردان لەبواری فیقهی جەعفەریی و بڵاوکردنەوەی هزری ئاینیی و دادوەریی لەنێو کۆمەڵگەدا کردوە.. لەسەر ڕاسپاردەی باوکی دەستی بە شارەزابون لە کاروباری حەوزەیی کردوە، هەر لەسەرەتاوە چەندین پەرتووکی کاریگەری خوێندۆتەوە، لەوانە بە “شرۆڤەی ئەلفییە”، “سەییوتی”، “المغنی- ابن هشام، " المگول- ی تفتازانی"، "مقاماتی حریری". پاشان “شرۆڤەی نیزام” زانایگەورە  نەیساپوری خوێندووە. ئینجا  “شرۆڤەی لەمعە و قوانین” ی لای سەید ئەحمەدی یەزدی خوێندووە . هەروەها “مەکاتب و رەسائیل” و“کفایە” ی لای «ئایەتوڵڵا میرزا هاشمی قەزوینی» خوێندووە. جگە لەمانەش، کۆمەڵێک پەرتووکی پڕ بەهای فەلسەفیی وەکو “شرۆڤەی مەنزومەی سەردەواری” و “شرۆڤەی ئیشراق و ئیسفار” ی لای زانای ناودار «ئایسی» و “فوارقی ئیلهام” یشی لای خوالێخۆشبوو«موجتەبای قەزوینی» خوێندووە.

هێشتا مه‌رجه‌عی بێ ركابه‌ری عێراقییه‌كانه‌

دووەم/ سیستانی و ئەزمونی قووم
سەید عەلی سیستانی، لە کۆتاییەکانی ساڵی (١٩٤٩)  چۆتە حەوزەی پیرۆزی قوم و لەوێش ئامادەی وانەکانی زانای گەورە سەید “حسێنتەباتەبائی برۆجەردی “ لەبواری «فیقهو ئوسوڵ»بووە، لەو ماوەیەدایە هەگبەیەک پر لە زانیاری لە زانستی فەرموودە بە دەست ئەخات. ئیتربەرەبەرە زرنگی و هۆشیاریی سەید عەلی سیستانی بەسەر هاوپۆلەکانیدا بەدیار کەوت و بە بەهێزیی بیر و دید و بۆچوون و ووردبوونەوەو گەڕان و پشکنین و قووڵ بوونەوە لەبابەتەکان ناسرا. ئەوەی لێرەدا ڕاستییەکان دووپات ئەکاتەوە، ئەوەیە سیستانی لەتەمەنی (٣١) ساڵیدا لەسەردەستی هەردوو زانای کۆچکردوو سەید «خووئی» و «شێخ الحلی» بڕوانامەی (ئیجتیهادی ڕەها)ی بەدەستهێناوە.
سێهەم/ سیستانی و ڕۆژگاری فەرمانڕەوایی بەعس لە عێراق دا 
لەسەرەتای پەنجاکان و لەگەرمەی ململانێی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی نێوان شیوعیەت و تەوژمی خۆرئاوای دوای دوو جەنگە جیهانییەکە،  هاوکات ململانێی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی جیهانی عەرەبی و هاتوهەرای چەپی نەتەوەیی و قیادەی قوتری و بەعسیەکاندا، بەتایبەتیش ململانێی دوو کاراکتەری بەهێزی وەک “ جەمال عەبدولناسرو عەبدولکەریم قاسم” دا، ئەو کاتانەی بەعس سەرەتاتکێی ئەکرد بۆ بڵاوبونەوە لەناو کۆمەڵگەی عێراقی دا. لەو ماوەیەدا، سەیدعەلی سستانی، سەرقاڵی لێکدانەوەو تەتەڵەکردنی پەرتوکەکانی  وەک «مارکسیزم و بیرینەتەوەیی فەلسەفی» بوە.
لەوکارەشدا ، زۆر سەرکەوتووبوو بە گونجاندنی پرەنسیپی هەرسێ خوندنگەی پیرۆزی (مەشهەد ، قوم ، نەجەف ) و بایەخی مێژوویی وئایینیان. .لەکاتی بەرپابوونی شۆڕشی ئێراندا و سەرکەوتنی شۆڕش ، ڕژێمی بەعس کەوتە وێزەی حەوزەی پیرۆزی نەجەف، بەعس ئەیویست حەوزەی نەجەف بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکاربهێنێت.. لێرەدا حەوزەی پیرۆز کەوتە نێوان بەرداشی ملکەچ کردن بۆ بەعس و بڕیاردان لە دژی ئەو ڕژێمە دڕندەیە و پاراستنی کەسایەتیی و بێلایەنیی و هەڵوێستی ئایینی دروستی خۆی.
مکوڕبونەکانی حەوزەی نەجەف لەسەر داکۆکیکردن لە خۆی و پرەنسیپەکانی، وایکرد ڕژێمی بەعس بە دەیان شێوەی جۆراوجۆر بکەوێتە وێزەی سەید سیستانی و حەوزەی نەجەف: 
بۆ نمونە، هەر لەسەرەتاوە کە ڕژێمی بەعس، نەیتوانیی ئایەتوڵڵا “خوئی” مەرجەعی باڵا لەعێراق دەربکا. ڕاستەوخۆ پەلاماری نووسینگەکەیاندا. کاتێکیش کە کەسە نزیکەکانی هەوڵیان دا ئەو بڕوایەی بۆ دروست بکەن تاوەکو عێراق بە جێ بهێڵێت، بەهیچ شێوەیەک ڕازیی نەبوو، لەوەڵامدا گوتی “ ناهێڵم ڕۆژێک لەڕۆژان بوترێت حەوزەی پیرۆزی نەجەف ئایەتوڵا توسیی بونیادی ناو خووئی وێرانی کرد. دوای ماوەیەک ئایەتوڵڵا (خووئی) نەخۆش کەوت و نەیتوانی ئیمامەتی نوێژکەران بکا، هەربۆیە داوای لە سەیدسیستانی کرد، بەو ڕۆڵە هەڵبسێت.. بەڵام لەپێناو خۆ-بە دوورگرتن لە پلەو پایە و ڕێزی زۆر بۆ مامۆستاکەی سەیدسستانی ڕازی نەبو، ئیتر دوای تێکچوونی تەواوی ڕەوشی تەندروستی ئیمام (خوئی)  بەناچاریی ئەو پلەیەی لە ساڵی (١٩٩٢) قبوڵ کرد. 
بەعس کەمی بەرانبەر حەوزەی نەجەف نەکرد، لە تۆمەت و ناوزڕاندن و تیرۆری کەسێتیەوە تا ئەگاتە تیرۆرکردنی فیزیکی و لەسێدارەدانی کەسایەتیە ناودارەکانی شیعەو ڕاوەدونانی خوێندکارەکانی حەوزەی نەجەف و تێکدان و وێرانکردنی چەندین خوێندنگە و مزگەوتی مێژوویی و ناوەندە پیرۆزییەکان. لەم قۆناغەشدا سەدان کەسایەتی و خانەوادەکانیان لە بەندیخانەکان شوێن بزرکران و چەندانی تریش لە سێدارەدران، کە چەندین زاناو ئایەتوڵڵای پایەبەرزی تێدابووە.

مه‌رجه‌عی گه‌وره‌ ئه‌بوقاسمی خوئی له‌گه‌ڵ سیستانى

لەگەڵ داکیرکردنی کوێت و پاشان هێرشی هاوپەیمانان و هەڵایسانی ڕاپەڕینی شەعبانی گەلی عێراق ، دواتریش شکستی ڕاپەڕینەکە وپەلاماری دڕندانەی ڕژێم بۆ سەر نەجەف و کەربەلا کە دوو شاری هەرە پیرۆزی ڕەگەزیی شیعەیە لە ناوچەکەدا، جگە لەوەش ئایەتوڵڵا خوئیو سەیدسیستانی دەستبەسەرکران و ئەشکەنجە دران. لەوسەروبەندەدا سەید (خووئی) وەفاتی کردو ، ڕژێم ڕێگەی نەدا بەشێویەکی شیاو ئەسپەردە بکرێت و مەراسیمی بەخاک سپارنی قەدەغەکرد. هەر لەم ماوەیەدا دەیان پیاوی گەورەی ئاینی -شیعی لە لایەن بەعسەوە لە ناودران. 
بۆیە دەزگاکانی ڕژێمی بەعس، زیاتر کەوتنە پیلان دانان بۆ لەناوبردنی سەیدسیستانی، بەمجۆرە کەسایەتی سەید سیستانی بەتەنها لە ماڵەسادەکەی خۆی مایەوە و عێراقی بە جێ نەهێشت، چونکە لایوابو “خوای گەورە چی بۆ نووسی بێت بەوە ڕازییە”، ئیتر ئاوها ڕەوشەکە درێژەی کێشا تا بەهاری ٢٠٠٣و ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ .
چوارەم / فتواو  هەڵوێستەکانی سیستانی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣
- بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە یاسای بەڕێوەبردنی کاتیی عێراق ٢٠٠٣.
- بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە پەلاماردانی کڵێساکانی موسڵ و بەغدا - ٢٠٠٤.
- بەیاننامەی نوسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ٢٠٠٤.
- ڕاگەیاندنی ووتەبێژی فەرمی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بە وتەکانی تایبەت بە دەستووری عێراق ساڵی ٢٠٠٥. 
- لێدوانی ووتەبێژی فەرمی نووسینگەی سەیدسیستانی سەبارەت بە کارەساتی “پردی الائمە” کازمییە لە ساڵی ٢٠٠٥.
- بەیاننامەی نوسینگەی سەیدسیستانی لە بارەی پەلامارە تیرۆریستییەکانی سەر هەردوو مەزاری ئیمامانی عەسکەری لە ساڵی٢٠٠٦.
- نامەی سەید سیستانی بۆ گەلی عێراق، لە بارەی خۆپاراستن لە ئاشووب و فیتنەی تائیفی لە  ساڵی ٢٠٠٦. 
- چاودێریی بەرفراوانی منداڵانی بێ باوک و بێ سەرپەرشت لەڕێگەی دامەزراوەی “العین” کە لە ساڵی (٢٠٠٦) ەوە بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە.
- بەیاننامەی سەیدسیستانی سەبارەت بە یەکبوونی ئیسلامی و لە گۆڕنانی فیتنەی تائیفی ساڵی٢٠٠٧.
- بەیاننامەی نووسینگەی سەیدسیستانی سەبارەت بەڕێککەوتنامەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق ساڵی ٢٠٠٨.
- بەیاننامەی نووسینگەی سەیدسیستانی سەبارەت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان  ساڵی ٢٠٠٩.
- بەیاننامەی نووسینگەی سەیدسیستانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠.
- بەیاننامەی نووسینگەی سەیدسیستانی دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی هەینی ساڵی ٢٠١١.
- بەیاننامەی نووسینگەی سەیدسیستانی سەبارەت بە پێشهاتە ترسناکەکانی پارێزگای نەینەوا  لە ساڵی ٢٠١٤ و دەرکردنی فەتوای جیهادی کەفائی. 
- وەڵامدانەوەی بڕیارو هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا لە بارەی داننان بەشاری قودس  وەک پایتەختی ئیسڕائیل ساڵی ٢٠١٧.
- وتاری سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا لە کەربەلا ساڵی ٢٠١٧. 
- بەیاننامەی نووسینگەی سەیدسیستانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ساڵی ٢٠١٨.
- پشتگیریی کردنی کارمەندانی تەندرووستی و ناونانی هەریەکێک لەوانە بە “شەهید” لەکاتی گیان لە دەستدانی هەر یەکێکیان بەهۆی  جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
- فەتوای هاوکاریی کۆمەڵایەتیی بۆ زیان لێکەوتوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

دوو كوڕه‌كه‌ی سیستانی: محه‌مه‌د ره‌زا سیستانی و محه‌مه‌د باقر سیستانی

ئاستی کاریگەریی و کاریزمایی سەید سیستانی لە عێراق دا زۆر گەورەیە، لە ئان و ساتی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٣) دا شیعەکان بڕیاریاندا بە چەک ڕووبەڕووی ئەمریکیەکان ببنەوە، بەڵام دوای سەردانی “ پۆل بریمەر” و چەندین کاراکتەری بەریتانی بۆ لای ئایەتوڵڵاسیستانی، شیعەکان دەستیان لەم کارە هەڵگرت. ئەگەر تەماشا بکەین لە ساڵی (٢٠١١) ەوە  سەیدسیستانی جگە لە کۆچکردوو “ مام جەلال” دەرگای لە هەموو بەرپرسە باڵاکانی عێراق داخستوەو چاوی پێیان نەکەوتوە. لە تازەترین ڕووداوی بێوێنەدا سەردانی پاپای ڤاتیکان کە نوێنەرایەتی تەواوی مەسیحییەکانی جیهان ئەکات سەردانی عێراقی کرد لەم ساڵی (٢٠٢١) ەدا چوە ماڵەکەی سەیدسیستانی!. ئەوە یەکەمین جارە گەورەترین ڕابەری ڕۆحی مەسیحییەکان لە جیهاندا لەگەڵ گەورەترین مەرجەعی شیعە چاویان بەیەک بکەوێت.!. ئەمە جگە لەوەی سەید سیستانی پێگەیەکی گرنگی لە لای خۆرئاوا هەیەو نوسینگەی خۆی لە زۆربەی وڵاتانی وەکو فەرەنساو بەریتانیاو ئەمریکا هەیە.
 لەهەرلایەکییەوە لێی بڕوانیت سیستانی وەک هێزێکی پەنهانی یان ئاشکراو بەرجەستە دێتە پێش چاو، تاکە یەک بەرپرسی عێراق نایبینێت، تەنها نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق ئەبینێت (ساڵانە جارێک بۆ دوو جار). تا ئێستا ئەم زاتە کاریگەرە ناسنامەی نییەو تەنها ئیقامەیەکی هەیە، تا ئێستاش کرێچییە لە خانویەکدا کە ڕووبەرەکەی تەنها (١٢٠) مەترە! دوو کوڕی خۆی " سەید محەمەد ڕەزا" و" سەید محەمەد باقر" بەردەوام لەگەڵیدان.
دەرئەنجام: ئایا دوای سەید عەلی سیستانی ئێران ئایەتوڵڵاکانی قوم ئەهێنێت بۆ نەجەف؟
تەمەنی سەید عەلی سیستانی (٩٠) ساڵی تێپەڕاندوە، تەندروستی ڕێگەی نادات وەکو پێشوتر بەرەنگاریی زۆرداریی و پیلانگێڕییەکان ببێتەوە. عێراق بۆ خۆی لە ڕووی سیاسیی و تایەفی و ئابوریی و تەندروستییەوە ڕۆژگارێکی تا ئەوپەڕی دژوار بە ڕێ ئەکات. عێراق لەناوخۆدا دەیان و بگرە سەدان گروپی چەکداری جیاجیای تێدایە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی شەرعیەتی حکومەتیدان، سەروەری بۆ عێراق تەنها وەک ووشەیەکی بێ مانا ماوەتەوە. ئایا ئاوابونی کاریزمایەکی ئاینی و کاراکتەرێکی ئاوها بەهێزی وەک سەید سیستانی چی لە دۆخی عێراق ئەکات؟. 
ڕەنگە، بەهێزترین و بەردەستترین بژاردە هەر ئەوە بێت ئێران لەمەشیاندا دوا گۆڵی خۆی لە عێراقدا تۆماربکات، ئەوەش بە گواستنەوەی مەرجەعیەتی نەجەف بۆ قووم، یان هێنانی کەسانی وەک سەید سادقی شیرازی، ئایەتوڵڵا وەحید خۆراسانی، ئایەتوڵڵا مکارم شیرازی، مەحمودی شەهرودی، ئایەتوڵڵا نوری هەمەدانی و ئایەتوڵڵا سافی گلپایکانی بۆ جێگرتنەوەی ئایەتوڵڵا سیستانی. بژاردەو پرسیارێکی تر ئەوەیە، لەناو عێراقدا جێگرەوەی سەیدسیستانی دیاری بکرێت، بۆ نمونە، شێخ ئیسحاق فەیاز کە ئێستا لە شاری نەجەفەو لە بنەڕەتدا خەڵكی ئەفگانستانە، شێخ بەشیر نەجەفی کە خەڵکی پاکستانە ئەمانە ئەو پێگەیە بگرنە ئەستۆ؟. یاخود موقتەدا سەدر و ئەهالی سەدر ئەو هێزە بە خۆیان بدەن و جڵەوی مەرجەعیەتی نەجەف وەربگرن. نەمانی ئایەتوڵڵا سیستانی لە گۆڕەپانەکەدا بێ ئەندازە کاریگەریی لەسەر دۆخی عێراق ئەبێت، کاریگەریی خراپی لەسەر ماڵی شیعە لەلایەک، ناکۆکی سووننەو شیعە لەلایەکی تر ئەبێت، سەیدسیستانی تا هەنوکە هیچ هەڵوێست و فتوایەکی دژی گەلی کورد نەبوە، لە پرسی چەسپاندنی فیدراڵییەت و دەستوردا سیستانی ڕۆڵی هەبوە، لە بابەتی ڕیفراندۆم دا سیستانی بێلایەن بو هیچ ورتەیەکی دژی کورد لێوە نەهات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ