ده‌رباره‌ی دووه‌م به‌هێزترین پیاوی ڕوسیا

ڤلادیسلاڤ سورکۆڤ.. ڕاسپۆتینى ڤلادیمێر پۆتین

سه‌رباز حه‌مه‌ كه‌ریم 2021.10.31 04:51 PM
1352 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رباز حه‌مه‌ كه‌ریم

به‌كالۆریۆس له‌ مێژوو
وه‌رگێڕ و توێژه‌ر ـ زانكۆی سلێمانى

ڤلادیسلاڤ سورکۆف پیاوێکی شاراوە، ئاڵۆز و بزێو ناوێکە لە سیاسەتی ڕوسیا و جیهاندا چەندین نازناوی وەک ڕاسپۆتینی ڤلادیمێر پۆتین، کاردیناڵی خۆڵەمێشی یان بوکەڵەگێڕی کرملین هەڵگرتووە، پیاوێک کە وەک ڕاوێژکاری سەرەکی ڤلادیمێر پۆتین ناوزەند دەکرێت. 
دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی پێیوایە کە سورکۆف [دەمامکی زۆری لەسەر ڕوخساری داناوە] و  لە ماوەی چەندین دەیە نازناوی زۆری بۆ بەکاربراوە. 
سورکۆف خۆی بە نوسەری سیستمی سیاسی پۆتین، داهێنەری چەمکی دیموکراسیی حکومڕان یاخود ڕێکخراو دەزانێت و ڕۆڵێکی مەزن و کاریگەری لە پڕوپاگەندەی پۆست مۆدێرن، سەرکوتی سیاسی لە ڕوسیا و سیاسەتەکانی ئەم وڵاتە لە هەمبەر میدیاکاندا گێڕاوە، هەربۆیە زۆرێک ئەم کەسایەتییە بە دووەم بەهێزترین پیاوی ڕوسیا (پاش پۆتین) ناودەبەن.
یەکێک لە هاوکارەکانی پێشوتری سورکۆف ئاماژە بەوەدەکات کە: [سورکۆف خاوەنی  تێڕوانینێکی نوێیە بۆ پۆست مۆدێرنیزم، کەوا خۆی دەینێتەوە لەوەی: هیچ شتێک ڕاست نییە، هیچ ڕاستییەک بوونی نییە و هەمیشە ڕاستیی جێگرەوە بوونیان هەیە، سەرەداوی زۆربەی پێکهاتە سیاسییەکان لەژێر دەستی ئەودا بوون کە تەنها خۆی دەیزانی هەرشتێک لە کوێدایە: ئۆپۆزسیۆن، پارتە سیاییەکان، نوێنەرانی پەرلەمان، سەرۆکانی شاڕەوانی، هێنانەکایە یاخود لەناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی یان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژەدەوڵەت، کڵێسا، میدیاکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ....]  
مەبەستی سورکۆف لە دیموکراسی حکومڕان یاخود ڕێکخراو یان سەربەخۆ، ئەو سیستمەیە کە تێیدا هەڵبژاردنی دیموکراسی بە ئەنجامێکی پێشوەختەی دیاریکراو کۆتایی دێت و ئەوەش خۆی دەبینێتەوە لە بەردەوامیی حکومەتەکەی ڤلادیمێر پۆتین.

ڕاسپۆتین و پۆتین.. ئه‌و دوو پیاوه‌ی روسیا به‌رێوه‌ده‌به‌ن

ڤلادیسلاڤ سورکۆف متمانەپێکراو و بەهێزترین کەسی پۆتین بوو، هاوکاری بوو لە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ڕەها و پتەوکردن و بەهێزکردنی پایەکانی ئەو دەسەڵاتە لە وڵاتدا. ڕۆژگارێک بوو کە هیچ چالاکی و پەرچەکردارێکی سیاسی لە ڕوسیادا بەبێ خواست و ویستی سورکۆف نەدەهاتە ئاراوە. سەرباری ئەوەی پارتە سیاسییەکانی دومای ڕوسیای کۆنترۆل دەکرد و هەروەها گروپی گەنجانی لایەنگری پۆتینی دەهێنایە سەرشەقامەکانی ڕوسیا. زۆر پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ چەمکی [هەواڵی ساختە]ی وەک ئامڕازێکی جەنگی بەکاربهێنێت، ئەوا سورکۆف سەرقاڵی تیژکردنی شمشێرەکەی بوو و ئەمڕۆکە ڕوسیا کەڵک لە تەکنیکی پشێویە دیموکراسییەکانی خۆرئاوا وەردەگرێت.
تەنانەت پشتیوانی لەو هونەرمەندانەش دەکرد کە ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی کرملین دەگرت، بەم شێوەیە زۆرێک لەو باوەڕەدان کە سورکۆف ڕۆڵی هەبووە لە کۆنترۆڵکردنی ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا. سەرەڕای ئەوەی سورکۆف وەک جێگری یەکەمی کۆشکی کرملین چاودێری پارتە سیاسییەکانی پەرلەمان و کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی پۆتینی لە ئەستۆگرتبوو.
پێویستە ئاماژەش بەوە بکرێت کە لە ساڵی 2011 پاش ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی لەئەستۆرگرێت، ئەوا دەستبەرداری دەسەڵات بوو و لە ساڵی 2013 ئەرکی چاودێریکردنی پەیوەندییەکانی ڕوسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەتی پێشووی گرتەئەستۆ.
سورکۆف (1964 له‌دایكبووه‌ به‌ ره‌گه‌ز چیچانیه‌) ماوەیەک پاسەوانی تایبەتی میخائیل خۆدرۆڤسکی دەوڵەمەندترین ئۆلیگارشی ڕوسیای پاش یەکێتی سۆڤیەت بوو. 

سورکۆڤ هاوڕێی نزیكی ڕه‌مه‌زان قادیرۆڤی سه‌رۆكی چیچانه‌

خۆدرۆڤسکی هەر زوو هەستیکرد بەوەی هێزی بیرکردنەوەی سورکۆف زۆر زیاترە لە هێزی جەستەی، هەربۆیە ئەرکی بەرپرسیارێتی بەشی بازاڕگەری کارەکەی پێبەخشی.
لە ساڵی 1999 پاش تاقیکردنەوەی چەندین پیشە و کاری دەوڵەمەندانە لە بواری بازرگانی و بانکداری و بونیادنانی ئیمپڕاتۆرییەتێکی بازرگانی بەهێز ئەوا سورکۆف پەیوەندیکرد بە تیمی سەرۆک کۆماری بۆریس یێڵتسینەوە، ئەو شوێنەی کەوا تێیدا ڕۆڵێکی کاریگەر و گرنگی لە سەرکەوتنی ئەو کەسەدا گێڕا کەوا لەلایەن یێڵتسینەوە وەک جێگری دیاریکرابوو.
ڤلادیمێر پۆتین ئەفسەرێکی نەناسراو بوو کە دواجار بووە بەهێزترین و دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، کەسێک کەوا پێویستی بە کەسێکی پسپۆڕ و شارەزا هەبوو لە بواری سیاسەت و میدیا. هەربۆیە پێشینەی سورکۆف لە بانگەشە، پڕوپاگەندە و شانۆدا زۆر بە باشی لە تەکنەلۆجیای سیاسیدا بە کەڵکی پۆتین هات کە ئەویش خۆی دەبینییەوە لە: پێکهێنان و گۆڕینی شێوە و پێکهاتەی ڕایگشتی، ئاڵۆزکردنی ڕوداوەکان هاوشێوەی تۆڕی جاڵجاڵۆکە، دروستکردن و بونیادنانی ڕوکەشێکی ناوازە لە لیبڕالیزم بە مەبەست و ئامانجی نالیبڕالیزم. 
لە بەردەوامی دوو خولی سەرەتای سەرۆکایەتی ڤلادیمێر پۆتین، چەمکی [بوکەڵەگێڕ] پوختە و سادەترین وەسفی پیشەیی ڤلادیسلاڤ سورکۆف بوو. 
وەک سیاسەتساز و ئایدیاسازی سەرەکی کرملین، ئەوا زۆر بە باشی ڕۆڵی کەسێکی پیرۆز و وەک جێبەجێکەری ڕێبازی کەسایەتی پۆتینی گێڕا و توانی وێنەیەکی گشتیی نوێ لە پۆتین وەک سەرمەشقی پیاوانە و مەردانەی ڕوس بهێنێتە ئاراوە و بەرنامەی تەلەفیزیۆنی زۆر ورد و ڕێکخراو ئامادە بکات بە مەبەستی بانگەشە و پیاهەڵدانی پۆتین وەک ڕزگارکەر و فریادڕەسی ڕوسیا کەوا لەلایەن خوداوە نێردراوە.

سورکۆڤ وه‌ك سێبه‌ر به‌ دوای پۆتینه‌وه‌یه‌

نابێت ئەوەش فەرامۆش بکرێت کەوا هەموو هەفتەیەک ئامادەکار و سەرنوسەرانی هەواڵە سەرەکییەکانی ڕوسیا لە کرملین چاویان بە سورکۆف دەکەوت بە مەبەستی ئەوەی دەربارەی ڕاپۆرت و هەواڵی هەفتەکانی ڕابردوو پرس و ڕاوێژ و ڕێنمایی لێوەرگرن.
ئەم هاوکات ڕێبەرایەتی ڕاستیی پارتی ڕوسیای یەکگرتووی لەئەستۆ گرتبوو، ئەو پارتەی تا ئێستاش کۆنتڕۆڵی پەرلەمانی ئەم وڵاتەی کردووە.
شیکەرەوەیەکی سیاسی دەربارەی ڤلادیسلاڤ سورکۆف و تێڕوانینە سیاسییەکانی دەڵێت: [فەلسەفەی سورکۆف خۆی دەبینێتەوە لەوەی کە هیچ ئازادییەکی ڕاستەقینە لە جیهاندا نییە و سەرجەم دیموکراسییەکان، دیموکراسی ڕێکخراو و ئاڕاستەکراون. هەربۆیە کلیلی سەرکەوتن لە کارکردنە سەر خەڵکی و هەبوونی کاریگەری لەسەریان ئەوەیە کەوا ئەو وەهمەیان تێبگەیەنن کە ئەوان ئازادن لەکاتێکدا لە واقعدا بەڕێوەدەبرێن و ئاڕاستە دەکرێن، لە تێڕوانینی ئەودا تاکە ئازادییەک بوونی هەبێت ئەوا ئازادی هونەرە].
سورکۆف خۆی بە هونەرمەند دەزانی کە ئایدۆلۆجییەکانی بە پلان و نەخشەی خۆی دەبینییەوە.
لە ساڵی 2014 جارێکی دیکە سورکۆف وەک ڕاوێژکاری تایبەتی ڤلادیمێر پۆتین بۆ پرسەکانی پەیوەست بە جۆرجیا و ئۆکرانیا هەڵبژێردرا. وێڕای ئەوەی ڕۆمانێکی پۆست مۆدێرنی بەناوی [بە نزیکەیی هیچ] نوسیی کە پاڵەوانەکەی چەتە و لە هەمان کاتدا نووسەر و شاعیرێکی فێڵبازە کەوا پارە بە ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان دەدات تا خزمەتی بەرپرس و سیاسەتمەدارە گەندەڵەکان بکەن و بە دەستکاریکردن و شیواندنی ڕاستییەکان، هەواڵی ساختە دروست بکەن..


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ