- پێش سێ هەفتە، ئیمارات بڕیاری هەڵپەساردنی رێککەوتنێکی گرنگی چەندان ملیار دۆلاری دا لەگەڵ ئەمریکا بۆ کڕینی فرۆکەى جۆری ئێف٣٥ کە پێشکەوتووترین فرۆکەى ئەمریکایە - هۆکاری هەڵپەساردنەکە مەرجەکانى ئەمریکان کە بەشێکی مەرجەکان ئەوەن کە ئیمارات پەیوەندیەکانی لەگەڵ چین کەم بکاتەوە و پشت بە کۆمپانیای هیواوی چینی نەبەستێت لە بنیاتنانى ئینتەرنێتی جی٥.
- بەپێی راپۆرتێکی تر کە پێش دوو هەفتە لە میدیاکانى ئەمریکا بڵاوکرایەوە، چین یارمەتی سعودیه دەدات لە دروستکردنی موشەکی بالستی کیشوەربر کە یەکێکە لە گرنگترین چەکەکانى جیهان و ئێستا سعودیه خەریکی دروستکردنی ئەم جۆرە موشەکەیە
- سەرباری ئابڵوقە خنکێنەرەکانى ئەمریکا، هەناردەى نەوتی ئێران بۆ چین لەماوەى سێ مانگی رابردوو بەرێژەى ٤٠٪ زیادی کردووە و چین قونسڵخانەیەکی لە شاری بەندەر عەباس کردۆتەوە و پێشتریش چین و ئێران چەندین رێککەوتنی ئابوریان واژوو کردبوو.
- جگە لەمانە لە ماوەى دوو هەفتەى رابردوو، چین دوو رێککەوتنامەى گرنگی لەگەڵ عێراق واژووکرد کە بەپێی رێککەوتنەکان کۆمپانیاکانى چین لەماوەى دوو ساڵ ١٠٠٠ قوتابخانە لە عێراق دروستدەکەن و عێراق لەرێی نەفت پارەکە دەدات، رێککەوتنێکی تریان واژووکرد بۆ دروستکردنی گەورەترین پاڵاوگە لە بەسرا و چەندین رۆژەى پیترۆکیمیاوی تر بە بڕی ١٩ ملیار دۆلار، جگە لەمە چین شارێکی ٥ ملیار دۆلاری لە هەولێر دروست دەکات.
ئەو پاشەگەردانی و گەندەڵییەی لە کوردستان هەیە ئاسانکاریی دەکات بۆ داڕووخانى ئەم رژێمەى ئێستا و ڕێخۆشکردن بۆ گۆڕانکاریی
- هەموو ئەمانەى نیشانەى فراوانبوونی نفوزی چینە لە ناوچەکە و نیشانەى کەمبوونەوەى نفوزی ئەمریکاشە - لەم سەردەمە نوێیە کە بەشێوەى تەدریجی جیهان بەرەو فرەجەمسەری هەنگاو دەنێت، لە خۆرهەڵاتی ناوەراست رۆڵی گەورە وڵاتانى ئیقلیمیش بەتایبەت تورکیا و ئێران زیاتر دەبێت و دەچێتەوە قەبارە مێژوویەکەى خۆى کە زیاتر لە هەزار ساڵە رۆڵی سەرەکی دەگێرن لە گۆڕانکاریەکانى خۆرهەڵاتی ناوەراِست و جیهانی ئیسلامی.
- ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری گەورە و راستەوخۆى لەسەر کوردستانیش دەبێت و دەکرێت لەلایەن ئەوانەى چاویان لە گۆڕانکاریە بە عاقڵانە بەکار بهێنرێت و وەبەرهێنان لە داهاتوو بکەن چونکە بەهۆى شێوازی دروستبوونی هەرێمی کوردستان و جیۆسیاسیەکەى، ئەوە رەنگە تەنها شێوازبێت کە بتوانرێت گۆڕانکاری لە کوردستان بکرێت; بێگومان ئەم پاشەگەردانی و گەندەڵیە لەراددە بەدەرەیش کە لە کوردستان هەیە ئاسانکاری دەکات و زیاتر رێ بۆ داروخانى ئەم رژێمەى ئێستا و رێخۆشکردن بۆ گوڕانکاری دەکات. بەبێ خوێندنەوەى وێنە گەورەکە و جیۆسیاسی ناوچەکە ناتوانرێت بەرچاوت روون بێت و ناتوانی خۆت بۆ قۆستنەوەى گۆڕانکاریکان لە بەرژەوەندی خۆت ئامادە بکەى.
عهبدوڵا حهوێز
ڕۆژنامهنووس له كهناڵى BBC