شیكارییه‌كی جیۆپۆلەتیکی

ڕووداوەکانی کازاخستان.. ململانێ بۆ گه‌مارۆدانى دڵی زه‌وی

ره‌نج نه‌وزاد 2022.01.17 11:25 PM
846 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

چەند هه‌فته‌یه‌كه‌ بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گاز وسووتەمەنی لە هەندێ شاری کازخستان، خۆپێشاندان وپشێوییەکی زۆر دەستی پێکردوە. گرانی نرخی سووتەمەنی تەنیا پاساوێک بوو، ئەگەر نا خۆپێشاندانەکان هەندێ ناوچە وشاری گرتوەتەوە، کە لەو شوێنانە نرخی سووتەمەنی بەرز نەبووەتەوە، هەر بۆیە هۆکاری سەرەکی خۆپێشاندانەکان لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی دۆخی خەراپی ئابووری وکۆمەڵایەتی وسیاسی ئەو وڵاتەیە بەدرێژایی چەندین ساڵ.
دەکرێت ئەمریکا وڕۆژئاوا لە پشت ئەو ڕووداوانەوە بن، بەڵام هەر چیەک بێت، زەمینەیەکی رەخساو هەیە لە کازخستان بۆ خۆپێشاندان وناڕەزایەتی دژ بە حکومەت.
بە هۆی گرنگی کازخستان لە ڕووی جوگرافییەوە، هەر ڕووداوێکی سیاسی لەو وڵاتە ڕووبدات، بەدەر نابێت لە بایەخپێدان یا لە دەستتێوەردانی چەندین دەوڵەتی زلهێزی وەک ئەمریکا وڕووسیا وچین.
بەشی هەرە گەورەی گرنگی کازخستان بۆ هەڵکەوتەی جوگرافی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە کە دەکەوێتە ئاسیایی ناوەڕاست. ئاسیای ناوەڕاست بە گشتی لە پێنج دەوڵەت پێکدێت (کازخستان، تورکمانستان، ئۆزباکستان، تاجیکیستان وکیرگستان). بەپێی هەندێک پۆلینکاری، ئاسیای ناوەڕاست جگە لەو پێنچ دەوڵەتە، ئەوا بەشێک لە ئەفغانستان وئێران وچین وڕووسیا... دەگرێتەوە، بە پێی داود ئۆغلۆ لە کتێبی قووڵایی ستراتیژی، ئاسیای ناوەڕاست جگە لەو پێنج دەوڵەتە، ئەوا ئازەربیجانیش دەگرێتەوە، ئەویش بە هۆی پەیوەندی جیۆکولتوری ئازەربیجان لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست وهەبوونی سنووری هاوبەشیان بە دەریایی قەزوین. بەڵام لای زۆرینەی شارەزایان ولە زۆربەی سەرچاوەکان، ئاسیای ناوەڕاست لەو پێنج دەوڵەتە پێکدێت کە ئاماژەی پێکرا. هەر بۆیە لەم نووسینەش مەبەست لە ئاسیای ناوەڕاست ئەو پۆلینکارییە باوەیە کە ئەو پێنج دەوڵەتە لەخۆدەگرێت.

هه‌ڵكه‌وتی جوگرافی کازاخستان له‌ ناو ئاسیای ناوه‌ڕاست

ناوچەی ئاسیایی ناوەڕاست، ناوچەیەکی داخراوە وناڕوانێتە سەر هیچ ئۆقیانووس ودەریاییەکی کراوە، تەنیا سنوری هەیە بە دەریایی قەزوین، ئەویش بە دەریاییەکی داخراو هەژمار دەکرێت. ناوچەیەکی گەورە و ووشکە، بەهەر پێنج وڵاتەکەوە ڕووبەری ئاسیای ناوەڕاست نزیک دەبێتەوە لە (٤) ملیۆن کم٢ بەڵام لەو ڕووبەرە گەورەیە تەنیا (٧٦،٧٠٠) کم٢ ڕووبەڕی ئاوییە، ئەوی تری هەمووی ووشکانییە، کە زیاتر لە بیابان وچیا پێکدێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ناوچەیە گرنگییەکی گەورە وفرە لایەنی هەیە، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەگەیەنێت بە ڕۆژئاوا، هەروەها ڕێگایەکی ووشکانی سەرەکیە بۆ گەیاندنی ئاسیا بە ئەوروپا. هاوکات ڕێگایەکی ووشکانی سەرەکی ڕووسیایە، بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان ( کەنارەکانی ئێران وپاکستان وهیندستان: کەنداوی عەرەبی ودەریایی عەرەب وئۆقیانووسی هیندی...). هەر بۆیە ئاسیای ناوەڕاست ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بازرگانی و ڕێگای ئاوڕیشمی کۆن، لەم سەردەمەشدا ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پرۆژەکەی چین ( دەستپێشخەری پشتێنە وڕێگا).
ئەو ناوچەیە سنورری هەیە بە چەندین دەوڵەتی گرنگی وەک چین وڕووسیا وئێران هەر وەها لە دەریای قەزوینەوە سنوری هەیە بە ناوچەی قەوقاز کە دیسانەوە ناوچەیەکی گرنگ وهەستیارە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. 
جگە لەو گرنگییە جوگرافییەیی باسکرا، ئەم ناوچەیە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیهان دادەنرێت بۆ سامانی سرووشتی بە تایبەت نەوت وگازی سروشتی.  
لەبەر ئەو خاسیەت وگرنگیانەی کە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست هەیەتی، ئەو ناوچەیە لە زۆرێک لە تیۆرییە گرنگەکانی جیوپۆلەتیک بایەخێکی تایبەتی پێدراوە. بۆ نموونە بەپێی تیۆرییەکەی ماکندەر (دڵی زەوی-جیهان) ئاسیای ناوەڕاست بەشێکی سەرەکی دڵی جیهان پێکدەهێنێت.

بەپێی ماکندەر، ئەوەی دڵی جیهان کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوا جیهان کۆنتڕۆڵ دەکات. هەروەها بە پێی نیکۆلار سپایکمن (تیۆری پەراوێز-لێواری زەوی) دیسانەوە ئاسیایی ناوەڕاست یەکێکە لەو ناوچانەی کە دەکەوێتە پەراوێزی زەوی کە دڵی زەویی گەمارۆداوە، دڵی زەوی بەپێی ئەم تیۆرییە ڕووسیایە. واتە ڕووسیا ئەگەر بکشێت بەرەو جیهان ئەوا لە ڕێگەی پەراوێزی زەوییەوە دەکشێت، ئەگەر گەمارۆش بدرێت لە لایەن هێزی دەریاییەوە (ئەمریکا ورۆژئاوا) ئەوا هەر لە ڕێگای پەراوێزی زەوییەوە ئەو کارە ئەنجامدەدرێت، بەپێی ئەم تیۆرییە، دڵی زەوی، پشت بە پەراوێزی زەوی دەبەستێت، کە ئاسیایی ناوەڕاست بەشێکە لەو پەراوێزە.

ده‌سه‌ڵاتی كازاخستان و روسیا خۆپیشاندانه‌كان به‌ پیلانگێريی رۆژئاوا ده‌زانن

بەپێی تیۆریست وسیاسی گەورەی ئەمریکی بریجنسکی، بۆ ئەوەی ئەمریکا هەژموونی هەبێت بەسەر جیهاندا، ئەوا دەبێت هەژموونی سەرەکی هەبێت بەسەر ئۆراسیا (لە ئەوروپاوە تا چین دەگرێتەوە)، بۆ ئەوەی هەژموونی هەبێت بەسەر ئۆراسیادا، ئەوا دەبێت هەژموونی هەبێت بەسەر ئاسیایی ناوەڕاست. 
بەپێی بریجنسکی ئاسیایی ناوەڕاست کلیلی کۆنتڕۆڵکردنی جیهانە، بۆیە دەبێت ئەمریکا ئامانجی ئەوە بێت کە بگاتە ئاسیای ناوەڕاست وهەژموونی سەرەکی هەبێت لەوێ وهەژموونی ڕووسیا و چین لەوێدا سنوردار بکات.
کازخستان گەورەترین وڵاتی ناوچەی ئاسیایی ناوەڕاستە و ڕووبەرەکەی زیاد لە ٢.٥ ملیۆن کم٢ و لە ٥٨٪ی ئەو ناوچەیە پێکدەهێنێت. 
سنورێکی درێژی هەیە لەگەڵ ڕووسیا کە زیاد لە ٦ هەزار کم دەبێت وهاوکات سنوورێکی درێژی لەگەڵ چین و لەگەڵ چوار دەوڵەتەکەی تری ناوچەکە هەیە.
بریجنسکی کازخستان بە پارێزەری ئاسیای ناوەڕاست دەزانێت وپێیوایە ئەگەر کازخستان ئازاد بێت لە هەژموونی ڕووسیا، ئەوا هەژموونی ڕووسیا لە کۆی ئاسیایی ناوەڕاست لاواز دەبێت. چونکە ڕووسیا تەنیا لە ڕێگەی کازخستانەوە سنووری هەیە بە ئاسیایی ناوەڕاست. بۆیە ئەگەر کازخستان دوور بکەوێتەوە لە هەژموونی ڕووسیا، ئەوا دەوڵەتانی تری ناوچەکەش دوور دەبنەوە لە ڕووسیا. 

ڕووسیا هەر لەسەردەمی قەیسەریەوە هەوڵی داوە ئاسیایی ناوەڕاست کۆنتڕۆڵ بکات چونکە ئەو ناوچەیە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیاوە هەبووە وهەیە، لە کاتی یەکێتی سۆڤیەت ئەو ناوچەیە بەشێک بوو لەو یەکێتییە. لە ئیستادا ڕووسیا بە حوکمی نزیکایەتی جوگرافی وهەبوونی کەمینەی ڕووسی وئەرسەدۆکی لە وڵاتانی ئەو ناوچەیە، بۆ نموونە لە ٢٣٪ی دانیشتووانی کازخستان ڕووسن، ماف بەخۆی دەدات کە دەستتێوەردان بکات بە پاساوی پاراستنی ڕووسەکانی ئەو ناوچەیە. 
هاوکات کازخستان یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە چەندین ڕێککەوتنی هەیە لەگەڵ چین و بە یەکێک لە وڵاتە سەرەکیەکانی پرۆژرەی پشتێنە وڕێگای چینی دادەنرێت. لەگەڵ ئەوانەشدا کازخستان نایەوێت دژایەتی ئەمریکا وڕۆژئاوا بکات، ئەوەی کازخستان دەکاتە بەرەی دژە ئەمریکا، بریتییە لە هەژموونی ڕووسیا وپێویستی ئەو وڵاتە بە چین، هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەو ناچارییە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵکەوتەی جوگرافی ئەو وڵاتە، کە ناچاری دەکات لەگەڵ ڕووسیا و چین پەیوەندییەکانی زیاتر بێت وەک لەگەڵ ئەمریکا.

پۆتین به‌ توندی پشتیوانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی قاسم تۆكایڤ ده‌كات

بە کورتی ساڵانێکی زۆرە ئەمریکا دەیەوێت ناوچەی ئاسیایی ناوەڕاست بکاتە ناوچەی ژێر هەژموونی خۆی، جەنگی ئەمریکا لە ئەفغانستان، یەکێک لە مەبەستە سەرەکیەکانی ئەوە بوو.
پێش دەرکەوتنی چین وەک رکابەرێکی سەرەکی ئەمریکا، ڕووسیا رکابەری سەرەکی ئەمریکا بوو لەو ناوچەیە، لە ئێستادا چین و ڕووسیا رکابەری سەرەکی ئەمریکان لەوێ. دەرکەوت هێنانی ئەو ناوچەیە بۆ ژێر هەژموونی ئەمریکا، سەرکەوتوو نەبوو وکارێکی ئەستەمە. بۆیە دەکرێت ئەمریکا بیەوێت ئەو ناوچەیە بەرەو ئاقارێکی فەوزا و ناسەقامگیری ببات، ناسەقامگیری لەو ناوچەیە، زیانی گەورەی دەبێت بۆ ڕووسیا وچین.
سەرقاڵکردنی ڕووسیا و چین بە مەترسییەکانی ئەو ناوچەیە، بە تایبەت زەمینەیەکی ڕەخساو هەیە لەو ناوچەیە بۆ سەرهەڵدانی بزوتنەوە ئیسلامیە توندڕەوەکان، کە چین وڕووسیا ترسێکی زۆر گەورەیان هەیە لەوەی ئەو بزوتنەوە ئیسلامیانە درێژ بێتەوە بۆ ناوخۆی چین ورووسیا. 
بە تایبەت سەرۆکی کازخستان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە بەشداری تیرۆریستان کرد لەو خۆپێشاندانە، دیارە مەبەستی لە بزوتنەوە ئیسلامیە توندڕەوەکانی کازخستانە.
دەکرێت یەکێ لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ ڕێگرتن لە هەژموونی چین و ڕووسیا، هاندان وهاوکاریکردنی بزوتنەوە ئیسلامییەکانی ئەو ناوچەیە بێت، کە بە ئاسانی دەکرێت جیهاد ڕابگەیەنن دژ بە هەژموونی چین وڕووسیا، ئەمەش دووبارە کردنەوەی سیاسەتی ئەمریکایە دژ بە سۆڤیەت.
بەوەش ئەو ناوچەیە لەبری ئەوەی سوودی ئابووری وئەمنی سیاسی بۆ ڕووسیا وچین هەبێت، دەکرێت بە سەرچاوەی مەترسی وهەڕەشە. ئەمەش بۆ ئەمریکا ورۆژئاوا سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت. کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و هاتنەوەی تاڵیبان، هەر لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە دەکرێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
ماوەیەکە ڕووسیا سەرقاڵی ئۆکرانیایە و سوپایەکی گەورەی بەرەو سنوری ئۆکرانیا-رووسیا جوڵاندوە. ڕووداوەکانی کازخستان ڕووسیا ماندووتر دەکات، لە ئێستا لە دوو لاوە ڕووسیا مەترسی لەسەر هەیە، لە ئۆکرانیا و لە کازخستان، پێش ئەوەش سەرقاڵی خۆپێشاندانەکانی بیلارووسیا بوو. کێشە درووست کردن لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا، ئەگەر بە ویستی ئەمریکا و رۆژئاواش نەبێت، ئەوا لە سوودی ئەوانە.
دەکرێت ئەمریکا بیەوێت ڕووسیا تێوەبگلێنێت لە هەندێ ڕووداوی ئاڵۆز، بۆ نموونە ناردنی سوپا بۆ ناو ئۆکرانیا یا بۆ کازخستان، بە تایبەت ئەگەر خۆپێشاندانەکانی کازخستان زیاتر فراوانتر بێت و بەرەو ڕووخاندنی ڕژێمی سیاسی بڕوات، ئەوا ڕووسیا ناچار دەبێت سوپا بنێرێت و ڕژێمی سیاسی ئەوێ بپارێزێت، لە دۆخێکی وادا جگە لە زیانی ئابووری بۆ ڕووسیا کە تێچووی چالاكیەکی سەربازی وا زۆر بەرزە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش فشارێکی گەورە دەکرێتە سەر ڕووسیا.

دەشکرێت ئەم ڕووداوانە تەنیا وەک سەرقاڵکردن وهەڕەشە بن لە ڕووسیا، وەک چۆن خۆپێشاندانەکان بیلارووسیا کۆنتڕۆڵکران، ئاواش ئەوانەی کازخستان کۆنتڕۆڵ بکرێت. بەڵام پەیام وهەڕەشەی جدین لە ڕووسیا، کە دەکرێت لەسەر سنوورەکانی فەوزا درووست بکرێت... ئەمەش لە پێناو ناچارکردنی ڕووسیا بە هەندێ سازش ووەستاندنی لەو سیاسەتە فراوانخوازیەیی کە لەسەردەمی پوتین پەیڕەوی دەکات.

پۆتین هێزی سه‌ربازی روسیای ره‌وانه‌ی كازاخستان كرد

دەکرێت ئەو ڕووداوانە پەیامێکی هەڕەشە ئامێز بن بۆ چین، کە ئاسیایی ناوەڕاست ئەو ناوچە ئارامە نییە کە بەشی گەورەی ڕێگای ووشکانی (پڕۆژەی پشتێنە وڕێگا)ی پێدا تێپەڕێت ودەکرێت بکرێن بە ناوچەیەکی نا سەقامگیر و نائارام.
ئاشکراشە سیاسەت وهەژموونی چین تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە ئابووری و بازرگانی دەبەستێت، نا سەقامگیری هەڕەشەی سەرەکییە بۆ بازرگانی.
ترسێکی تری ڕووسیا وچین ئەوەیە، کە ڕووداوەکانی کازخستان بگوازرێتەوە بۆ چوار دەوڵەتەکەی تری ئاسیایی ناوەڕاست، واتە نوقم بوونی ئەو ناوچەیە لە نا سەقامگیری وفەوزا. یاخود گۆڕینی ڕژێمە سیاسیەکانیان بە ڕژێمی نوێ ونزیک لە ڕۆژئاوا. چونکە ئەو پێنج وڵاتە جگە لە هاوبەشی جوگرافی، هاوبەشی کولتوری وئاینی ومێژوویان هەیە. هەردوو ئەو ئەگەرە زیانێکی گەورەیە بۆ ڕووسیا وچین ودەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ڕۆژئاوا.
بە کورتی چین و ڕووسیا و ئەمریکا سێ لایەنی دەرەکی سەرەکین لە ڕووداوەکانی کازخستان، ڕووسیا و چین ئامانجیان کۆتایی هاتنی خۆپێشاندانەکانە بە بێ گۆڕانکاری لە ڕژێمی سیاسی، ئەمریکا خوازیارە گۆڕانکاری لە ڕژێمی سیاسی ڕووبدات یاخود خۆپێشاندانەکان ئاڵۆزتر بن تا ڕووسیا سەرقاڵتر بکات. 
لەو سێ لایەنە تەنیا یەک لایەن کە ڕووسیایە، دەتوانێت چالاكی سەربازی ئەنجامبدات بۆ کۆتایهاتنی خۆپێشاندانەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی. ڕووسیا دەستکراوترە، هەروەها کازخستان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیاوە هەیە، بۆیە زۆر قوورسە ڕووسیا ڕێبدات گۆڕانکاری گەورە لە کازخستان بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا ڕووبدات، لەوەدا چین تا ڕادەیەکی زۆر هاوڕا وهاوکاری ڕووسیایە. بەڵام پەیامێکی توندی ئەمریکایە، کە دەتوانێت قەیرانی ئەمنی بۆ هەر یەک لە ڕووسیا و چین درووست بکات.
ئەم جۆرە پەیام وهاوکێشانە لە ئایندەدا بەردەوامیان دەبێت، چونکە ئەمریکا وا ئاسان ڕێ بە چین و رووسیا نادات یاری بکەن، چین ورووسیاش ئیتر نایانەوێت ئەمریکا بەو ئاسانی و تاکڕەوانییە حوکمی جیهان بکات.
ئاسیایی ناوەڕاست یەکێک دەبێت لە ناوچە هەرە ئاڵۆزەکانی ململانێی نێوان ئەمریکا لەگەڵ نەیارەکانی، چونکە ئەو ناوچەیە هاوسنوری هەرسێ نەیارە سەرەکیەکەی ئەمریکایە؛ چین و رووسیا و ئێران. 
ئەمریکا هەوڵدەدات یا کۆنتڕۆڵی بکات یا ڕێ نەدات نەیارەکانی کۆنتڕۆڵی بکەن و سوودی لێ ببینن، ئەوەی دووەم واتە هەوڵدان بۆ درووستکردنی قەیرانی جۆراوجۆر لەو ناوچەیەدا.
جگە لەو سێ هێزە، چەندین دەوڵەتی تری وەک ئێران و تورکیا و ئیسرائل بەم دواییە ئیماڕاتیش، بایەخی گەورە دەدەن بە ئاسیایی ناوەڕاست، بە تایبەت ئێران و تورکیا، کە هەژموونی مێژوویی و کولتوری وئاینیان هەبووە وهەیە لەو ناوچەیە، بەڵام بە هۆی گرنگی ناوچەکە و توندی ململانێی ئەو سێ زلهێزەی جیهان، دەوڵەتانی ئیقلیمی کەمتر دەتوانن ڕۆڵ ببینن.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ