وڵاتێك به‌ دوو مه‌زهه‌بی مه‌سیحی ناكۆكه‌وه‌

ئۆکرانیا.. گیرۆدەی مێژوویەکی ناتەواو

شاسوار هه‌رشه‌می 2022.02.27 01:30 AM
417 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار هه‌رشه‌می

نوسه‌ر

مامۆستای ئاماده‌یى ـ ستۆكهۆڵم / سوید
خاوه‌نی چه‌ند كتێبێكی چاپكراو

کێشەکانی ئوکراینا و کێشەکانی نێوان ڕوسیا و ئوکراینا، هەر تەنیا سەرکێشی دیکتاتۆرێکی بێبەزەیی وەک پوتین نییە. هەر تەنیا خەونی گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ سنورەکانی سەردەمی قەیسەر و یەکیەتی سۆڤیەت نییە. 
سەرەڕای ئەمانەی سەرەوەش کە هۆکاری دیارن، خودی ئوکرایناش قوربانی پرۆسەیەکی مێژویی ناتەواوە، کە بیەوێت یان نا، بە ناچاری دەبێت باجەکەی بە شێوەیەک لە شێوەکان بدات.
کیێڤی پایتەختی ئوکراینا، لە سەدەی نۆیەمی زاینیی، واتا سەرەتای دەرکەوتنی زمانی ڕووسیی و جیابوونەوەی لە زمانی سلاڤی کلێسایی نزیک لە بولگاریی ئێستا، بوو بە پایتەختی یەکەمین دەستەڵاتی ئەرتەدۆکسی ڕووسیی، کە وابەستەی ئاینییان، بۆ کوستەنتینەی پایتەختی بێزەنتیانی ئەرتەدۆکسیی هەبوو. 
ئەم دەوڵەتە ڕووسیە زۆر نەژیا و بەر پەلاماری مەغۆلەکان و دواتریش تەتەران کەوت. تەتەرەکان تا نزیک کیێڤ هاتن و هەموو شارە ڕووسیەکانیان داگیر کرد، جگە لە مۆسکۆ، کە بە دانی ساڵانەی باج بە تەتەران، ملکەچیی سیاسی تەتەرەکان بوو. 
ئا لەو کاتە تاریک و دابڕاوی مێژوی ناوچەکە، هەژموونی پۆلۆنییە کاسۆلیکەکان لە کیێڤ و ڕۆژئاوای ئوکراینا پەرەیسەند و بەرەبەرە، زۆرینەی خەڵکی ڕۆژئاوای وڵاتەکە بوونە کاسۆلیک.
 هەر ناوی ئوکرایناش لەو دابڕانەوە هاتووە و واتاکەی بریتیە لە (کەنار، لێوار). بێگومان زۆرینەی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتیش، وەک ڕووسەکان هەر ئەرتەدۆکس بوون. 

كیێڤی پایته‌خت ـ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌


ڕووکردنە کلێسای ڕۆم و تێکەڵیی ئاینیی لەگەڵ پۆلۆنیا، کە زمانیان سەر بە بنخێزانی باکوریی سلاڤییە، کاریگەری کردە سەر زمانی خەڵکی ڕۆژئاوای وڵات و دواتریش ڕۆژهەڵات و بووە سەرەتای دروست بوونی زمانی ئوکراینیی. 
هێشتا زمانی ئوکراینیی، لێکچوونی لەگەڵ ڕووسی هەندە زۆرە، کە من لە ناو کیێڤ، بێ کێشە لە خەڵکەکە دەگەیشتم.  
ئیدی دوای ئەمەش، وڵاتەکە، هەمیشە لە ژێر هەژموونی دوو لایەنەی ڕووس و پۆلۆنیا مایەوە و خەڵکە دوو باڵ و دوو بەشەکەی، نەیانتوانی دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بکەن. 
دوای ئەوەی کە تورکەکان کوستەنتینەیان داگیرکرد و بووە ئیستەمبۆل، ڕووسەکان خۆیان بە جێگرەوەی پایتەختی ئەرسەدۆکسی دانا و بەم جۆرەش ڕەفتاریان دەکرد، کە زلهێزێکی ئاینیین.
ئیدی چونکە پۆلۆنیا خۆی کەوتبووە ژێر لینگی ئەڵمانەکان، ئوکرایناش بە ئاسانی کەوتەوە ژێر ڕکێفی ڕووسەکانەوە. ئەم بارە هەروا مایەوە. ئوکراینە ئەرسەدۆکسەکان، پتر هاوسۆزی ڕووسەکان بوون، چ لە سەردەمی قەیسەرەکان و چ لە سەردەمی کۆمۆنیزم و یەکیەتی سۆڤیەتدا، با کۆمۆنیزمیش ئاینیی وەلاوە نابووبێت. 
هەر لەم ڕووانگەیەشەوە بوو، بریجنێڤی ئەرسەدۆکسی ئوکراینیی، دوای نەمانی خرۆشچڤ، بووە خاوەن گەورەترین دەستەڵاتی یەکیەتی سۆڤیەت، هەر بە هەمان شێوەی یوسف ستالینی ئەرتەدۆکسی گورجیی و شیڤەردنادزەی گورجیی. 
دوای هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، دەستەڵاتدارانی کیێڤ، هەرگیز نەیانتوانی هاوسەنگیەک لە نێوان ڕۆژهەڵاتی ئەرسەدۆکسی وڵات و ڕۆژئاوای کاسۆلیکی وڵات ڕابگرن. 

ئۆكرانیا، رۆژهه‌ڵاتی ئه‌رسه‌دۆكس و رۆژئاوای كاسۆلیكه‌


ئەرسەدۆکسەکان، شان بە شانی ملیۆنان ڕووس، کە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهان هێندرابوونە ناو وڵاتەکە، ببوونە لایەنگری دەوڵەتی ڕووس و هاوسۆزیان لەگەڵ کاتۆلیکە هاوزمانەکانیان دروست نەببوو. 
جگە لەم کێشە ناوخۆییانەی ئوکراینا، دەوڵەتی ڕووسیاش، هەر لە دوای یەلتسنەوە، لە جیاتی یەک وەزارەتی دەرەوە، دوو وەزارەتی هەبوو، کە دووەمی ناوناوە، (وەزارەتی دەرەوەی نزیک) و تایبەتە بە کاروباری کۆمارە کۆنەکانی ناو یەکیەتی سۆڤیەتی و دەست دەخاتە ناو کاروباریان و هەوڵ دەدات بە هەمان شێوەی جاران هەڵیانسوڕێنێت، بێ ئەوەی وەک جاران خەرجیەکانیانیشیان بدات. 
ئەو دەوڵەتانەش کە یاخی دەبن، وەک لە جۆرجیا و ئازەربێجان و ئەرمێنیا بینیمان، هەموویان تووشی داگیرکاریی، جیاکردنەوەی ناوچە و هەرێم بوونەوە.
 سەرانی ئوکرایناش، کە نەیانتوانی لە باری ناسکی هاوسەنگی ئەتنی و ئاینیی ناوخۆیان تێبگەن و ویستیان لە هەژموونی ڕووسەکان دوورتر بکەونەوە، ڕووبەڕووی ئەم پەلامارە بوونەتەوە. 
ئەگەر ئوکراینا بواری مانەوەی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ مابێت، تەنیا دەتوانێت، بە ڕاگرتنی پارسەنگی نێوان هەردوو لای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دەوڵەتەکە، خۆی لەسەر پێ ڕابگرێت. هەروەک بە نزیکی مانەوە لە ڕووسیا، حوکمی مێژووە و ناتوانن لێی ڕابکەن. 
تێبینی: کێشەی نیوە دوورگەی کریم تەواو جیاوازە. دانیشتوانی نیوەدوورگەکە تا شەڕی دووەمی جیهان، زۆرینەیان تەتەر بوون، کە ستالین بۆ ناوچەی کازان ڕایگواستن و دواتر زۆرینەیەکی ڕووس  و هەندێک ئوکراینی هاتنە شوێنیان. لەسەردەمی بریجنێڤ، نیوەدوورگەکە خرایە سەر ئوکراینا، دەنا بەشێک نەبووە لە دەوڵەتەکە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ