
له كۆنگره‌ی حه‌وته‌می حزبی سۆسیالیست، كه ناوه‌ی گۆڕا به (پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان) گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی له سه‌ركردایه‌تی ڕوویدا، كه له‌مه‌ودوا كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی و ئیداره‌دانی ئه‌و پارته له گوڵه‌خانه‌وه.
به‌گشتى.. "ماڵی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود" توانیان تائاستێك كۆنترۆڵی سه‌ركردایه‌تی بكه‌ن و كاندیده‌كانیان له 10 یه‌كه‌می ده‌نگی كۆنگره بوون، به‌وه‌ش هه‌نگاوێكی گه‌وره‌تر چوونه پێشه‌وه تاوه‌كو پارته‌كه‌یان له "بنه‌ماڵه‌ییه‌وه" بكه‌ن به "خێزانیی"، هاوشێوه‌ی حیزبه‌كانی تری كوردستان.
موفاجه‌ئه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی كۆنگره، هاتنه‌پێشه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكرات بوو، واته (ڕێبین محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود)، كه توانی ده‌نگی یه‌كه‌می كۆنگره بباته‌وه (703) ده‌نگ. ئه‌وه‌ش وایكرد ئه‌م ده‌نگه زۆره بهێنی به‌شدارینه‌كردنی عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود بوو له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، چونكه ئه‌و له ڕۆژی یه‌كه‌می كۆنگره به‌بێ ده‌نگدان كرا به جێگری سه‌رۆكی پارته‌كه و به‌شداری له ڕكابه‌ری ده‌نگدانی سه‌ركردایه‌تی نه‌كرد.
زانیارییه‌كی ئه‌وتۆ له باره‌ی بڕوانامه و ئاستی خوێندن و زمانزانی و تواناكانى به‌رده‌ست نییه، به‌ڵام له ڕووی به‌رپرسارێتی حزبییه‌وه ڕێبین محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی شه‌هید عه‌تایه و سه‌رپه‌رشتی میدیاكانی حزبه‌كه‌ش ده‌كات، واته پێش كۆنگره چه‌ند پله‌یه‌كی په‌یژه‌ی به‌رپرسیارێتى بۆ سه‌ره‌وه بڕی بوو.
ڕێبین خێزانداره و كوڕی گه‌رده‌خانه (دایكی شه‌هید عه‌تا)، برایه‌كی تری هه‌یه به ناوی ئارین هه‌رچه‌نده ئه‌ندامی كۆنگره بوو به‌ڵام خۆی بۆ سه‌ركردایه‌تی كاندید نه‌كرد. هه‌روه‌ك محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود له هاوسه‌رێكی تر، كوڕێكی تری هه‌یه به ناوی ئاگرین به‌ڵام به‌شداری كۆنگره‌ی نه‌كرد.
به‌وشێوه‌یه، له‌مه‌ودوا ڕێبین محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌نجی سیاسی به ئاسمانی گوڵه‌خانه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه، پێده‌چێت له هه‌ڵبژاردنی مه‌كته‌بی سیاسیش كه له ناو سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت هه‌مدیسان ببێته "یه‌كه‌می بێ ڕكابه‌ر" و ده‌نگی یه‌كه‌م بهێنێ.
ڕێبین، ئه‌گه‌رچی به به‌هێزی هاتووه‌ته پێشه‌وه و ده‌توانێ ئه‌و ڕۆڵه بگێڕێ كه مه‌سرور بارزانی له ناو براكانیدا هه‌یه‌تی، كه هه‌م بووه‌ته فاكته‌ری تۆكمه‌كردنی برایه‌تیان هه‌م به په‌یوه‌ندییه‌كی جاڵجاڵۆكه‌یی به‌ستونیه‌تیه‌وه به جومگه‌كانی پارتیه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه دره‌وشاوه و به‌هێزانه‌شدا، ڕێبین محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود خاڵه لاوازه‌كانیشی كه‌م نین، ئه‌وه‌ش واده‌كات هه‌میشه له به‌رده‌م مه‌ترسی ڕه‌شه‌بای ته‌كه‌تول و بچوككردنه‌وه‌دا، بێت و بڕوات، ئه‌گه‌ر هه‌رزوو نه‌كه‌وێته خۆ‌و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان نه‌دات.
به‌تایبه‌ت پێویستی به‌وه‌یه هاوشێوه‌ی باوكی تۆڕی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی فراوان بێت، له ناو بازنه‌ی میدیا و ڕۆژنامه‌نووسانيشدا ڕایه‌ڵه‌ی تایبه‌تی دروست بكات و نزیك و دۆستایه‌تی زۆری له‌گه‌ڵیان هه‌بێت.
پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، له دوای هه‌ره‌سی شۆڕشی ئه‌یلول له لایه‌ن چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری شۆڕشه‌وه دامه‌زرێنرا به ناوی (بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى دیمو‌كراتى كوردستان). به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنیشی له ڕێى كه‌ریمى حیسامییه‌وه له به‌یروت چاپكرا و له 1976.8.8 ڕاگه‌یه‌نرا.
ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى پێكهاتبوون له: ساڵح یوسفى، عه‌لى عه‌سكه‌ریى، ڕه‌سوڵ مامه‌ند، تاهیرى عه‌لى والى، د.خالید سه‌عید، سه‌عدى عه‌زیز، عه‌لى هه‌ژار، كاردۆ گه‌ڵاڵی، سه‌ید كاكه و مه‌لا ناسیح. ئه‌م حزبه كاریگه‌ری سه‌ره‌كی هه‌بوو له بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كورد له عێراق و ڕۆڵێكی گه‌وره‌شی گێڕا له ڕاماڵینی به‌عس و ڕاپه‌ڕینی 1991.
دوای ڕاپه‌ڕین، حزبی سۆسیالیست له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان یه‌كیگرت، به‌ڵام ساڵی 1994 محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود له‌و یه‌كگرتنه هاته‌ده‌ره‌وه و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانی دامه‌زرانده‌وه به پشتیوانی مام جه‌لال تاڵه‌بانی، پاش ئه‌وه‌ی توشی پێكدادانی سه‌ختی چه‌كداریی بوو له‌گه‌ڵ پارتی، له‌وكاته‌شه‌وه تائێستا خۆی كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كه‌یه، كه ئێستا ناوه‌كه‌ی بووه به (پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان).