ئایا كورد لە ئێستادا سەرکردەی ھەیه‌ ؟

سەرکردەکانی کورد.. جیاوازی سەرکردە و بنکردە ؟

ڕێبـیـن مـستەفـا شـێـخ 2022.04.21 12:52 AM
1947 جار خوێندراوەتەوە

ڕێبـیـن مـستەفـا شـێـخ

زانكۆی سلێمانی

توێژەری کۆمەڵایەتی  


 بیرمەند و حەکیم و فەیلەسوف و کۆمەڵناسی جیھانی ئیسلامی ئەبو نەسر محمد فارابی کە زۆرجار لە دوای مامۆستای یەکەم ئەرستۆ ناوی دێت فاڕابی ھەڵگری نازناوی مامۆستای دووەمە لە جیھانی ئیسلامی"مـعلـم الثـانـي". لە ساڵی "٨٧٠ - ٩٥٠"ی زاینی ژیاوە، فارابی شارەزایی زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی بووە، ئەمە جگە لەوەی پسپۆری چەند کایە و بوارێکی جیاواز بووە لەوانەش: کۆمەڵناسی، سیاسەت، ئایین و شەریعەت، یاسا و ئەدەب...ھتد. فارابی چەندین بابەت و پرسی جیاوازی ھێناوەتە سەر خوانی بیرکردنەوەی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی لە جیھانـی ئیسلامی لەوانە، شاری فازیلە، میتۆدی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، تایبەتمەندیەکانی سەرکردایەتی کردن، جۆرەکانی کۆمەڵگا مرۆییەکان کۆمەڵگای فاضیل و کۆمەڵگە نەزانەکان...ھتد

لێرەدا تەنھا دەمەوێت باسی سەرکردە و کواڵێتی سەرکردە بکەم، "المدینة الفاضلة" لە دیدی فارابی ئەو کۆمەڵگایەیە کە بەختەوەری و خۆشبەختی بۆ ئەندامانی کۆمەڵگاکە دابین دەکات، لە نێوانی ئەندامانی کۆمەڵگا ھاوکاری و سازان ھەیە، ھەریەکەیان بەئەرکی سەرشانی خۆی ھەڵدەستێت کە کۆمەڵگا و سەرکردایەتی کۆمەڵگا بۆی دادەنێن، واتا لە "المدینة الفاضلة" بەختەوەری ئەوکاتە وەدی دێت کە ئەندامان بەو کارە ھەڵبستن کە بۆیان دەستنیشان کراوە و لەگەل سرووشتی خۆیان دێتەوە، بەبۆچوونی فارابی کۆمەڵگەی "فاضل" ئەو کۆمەڵگایەیە کە خودانی سەرۆکێکی ڕەسەن و خۆڕسکە، پێویستە تاکەکانی کۆمەڵگاش گوێڕایەڵ و گوێ لەمستی فەرمایشت و پەیڤەکانی سەرۆک بن، واتا پێویستە لەسەر ئەندامانی کۆمەڵگا لەسەر بنچینەی فەرمایشتەکانی سەرۆکەکەیان بڕۆن لە دیدی فاڕابی جێبەجێکردنی ڕێنمایی و فەرمایشتەکانی سەرۆک زامنی بەختەوەری و چاکەیە لە کۆمەڵگەدا.

وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵی كێشراوی فارابی

ئەی تایبەتمەندیەکانی سەرۆک چین؟ بەچی جیادەکرێتەوە، ھەڵگری چ سیفات و تایبەتمەندیەکە کە جیای دەکاتەوە لە وانی دیکە ؟

لێرەدا ئاماژە بەگرنگترین سیفات و تایبەتمەندیەکانی سەرۆک و سەرکردایەتی دەکەین، بەبڕ وای فارابی سەرۆک ناتوانێت سەرکردایەتی کۆمەڵگە و ئەندامانی بکات ئەگەر ھەڵگری ئەم تایبەتمەندیە سرووشتی و ژینگەییانە نەبێت.

*گرنگترین تایبەتمەندییە سرووشتیەکان کە پێویستە لە سەرۆکدا ھەبن ؟

١:پێویسته‌ هه‌موو ئه‌ندامانی له‌شی ساغلەم و ته‌واو بن و هه‌ر ئه‌ندامێكی جەستەی به‌ نیازی جێبه‌جێكردنی كارێك بوو به‌ئاسانی بتوانێت جێبەجێی بکات.

٢:ده‌بێت بەئاسانی و بەباشی له‌شتەکان تێبگات و وتاربێژ هه‌رچی پێده‌ڵێ له‌مه‌به‌سته‌كه‌ی تێبگات.

٣:ده‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ تێیده‌گات و ده‌یبینێ و ده‌یبیستێ, جوان له‌به‌ری بكات و له‌بیری نه‌چێته‌وه‌.

٤:ده‌بێت زرنگ زیره‌ك بێت, به‌جۆرێك به‌ كه‌مترین و بچوكترین نیشانه‌ بزانێ مه‌به‌ست چییه‌ له‌و نیشانه‌یه‌.

دەبێت سەرۆک دانا و حەکیم بێت، خودانی فەلسەفە و حیکمەت و زانست بێت، شارەزایی لە لاینی تیۆری و پراکتیکی ئەم بوارانە ھەبێت

٥:دەبێت به‌جوانی قسه‌بكات, زمانزان و زمانپاراو بێت و بتوانێ گوزارشت بكات له‌وه‌ی له‌ھزر و مێشکیدایە.

٦:حه‌ز له‌خوێندن و خوێندنەوە بێت، زه‌حمه‌تی پرۆسه‌ی فێربوون ئازاری نه‌دات و ئه‌و ماندوبونه‌ی توشی ده‌بێ له‌پێناوی فێربوون پێی ناخۆش نه‌بێت.

٧:دەبێت‌ هه‌ڵپەی خواردن و خواردنه‌وه‌ و كاری سێكسی نه‌كات و خۆی دوربگرێ له‌ یاریكردن و ڕقی له‌و خۆشییه‌ بێت كه‌له‌وانه‌وه‌ ده‌سگیری ده‌بێت.

٨:دەبێت ڕاستگۆ بێت و مرۆڤی ڕاستگۆیی خۆشبوێت و ڕقی له‌درۆ و مرۆڤی درۆزن بێت.

٩:مرۆڤێكی قورس و گران بێت و حه‌ز به‌ سه‌ربه‌رزی بكات و خۆی به‌ گه‌وره‌تر بزانێ له‌هه‌ر كارێك ناشیرین بێت بۆ مرۆڤ, پول و پاره و ماڵی دونیا به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بێت.‌

١٠:حه‌زی له‌ دادگه‌ری و دادپه‌روه‌ران بێت و ڕقی له‌ سته‌م و سته‌مكاران بێت.

١١:مرۆڤێكی میانڕه‌و بێت له‌ته‌ك مرۆڤی كه‌للە ڕه‌ق و سه‌ركه‌ش و منجر ئه‌گه‌ر داوای دادپه‌روه‌ری لێكرا, به‌ڵام ئه‌گه‌ر داوای كارێكی ناشیرین و سته‌می لێكرا له‌وكاته‌دا ده‌بێ كه‌للە ڕه‌ق بێت و ملكه‌چ نه‌بێت.

١٢: پێویستە خاوەن بڕیار بێت و باوه‌ڕی به‌هێز بێت و له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ی كه‌ پێیوایه ده‌بێت بكرێت و به‌هه‌ڵمه‌ت و نه‌ترس بێت و كه‌سایه‌تی لاواز نه‌بێت‌.

گرنگترین ئەو تایبەتمەندییانە چین سەرۆک لە ژینگە و دەوروبەر و کۆمەڵگە وەریان دەگرێت ؟

١: دەبێت توانا و ھێزی ھەڵێنجانی ھەبێت و لەم کارەش پشت بە سەرکردەکانی تری "المدینة الفاضلة" ببەستێت و ھاوشێوەی ئەوان بێت.

٢:دەبێت سەرۆک ئاگاداری ڕێسا و یاساکانی پێش خۆی بێت و پارێزگاریشیان لێبکات، ھەروەھا دەبێت ھاوشێوەیی سەرکردەکانی پێش خۆی چاکەکار و فەزیلەتمەند بێت.

ئایا سەرکردەکانی کورد شایەنی ئەوەن ببنە پێشەوا و ڕێبەری کۆمەڵگ؟

٣:خاوەن دونیابینی و مێشکێکی فراوان بێت دەربارەی دۆخی کۆمەڵگە و شار و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش پشت بە دونیابینی خۆی و سەرکردەکانی پێش خۆی ببەستێت.

٤: دەبێت سەرۆک دانا و حەکیم بێت، خودانی فەلسەفە و حیکمەت و زانست بێت، شارەزایی لە لاینی تیۆری و پراکتیکی ئەم بوارانە ھەبێت.

٥:دەبێت توانا و ھێزی ھاندانی ھەبێت بۆ کاری چاکەکاری و دەبێت ئەندامانی کۆمەڵگە بەرەو چاکە و فەزیلەت ھانبدات و ئاڕاستەیان بکات.

٦:دەبێت سەرۆک لە کاروباری سەربازی و جەنگیدا شارەزا و پسپۆر بێت بتوانێت بەرگری لە کۆمەڵگە و شار و ئەندامانی بکات، چونکە خاوەنی بەرزترین پێگەی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتیە لە کۆمەڵگە و شاردا.

حەکیم و فەیلەسوفی مەزن فارابی كۆتایی به‌ ژماردنی ئه‌م سیفه‌ته‌ جوانانه‌ دێنێ كاتێك ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر یه‌كێك كاروباری شارێك به‌ڕێوه‌به‌رێت ئه‌گه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی تێدا نه‌بێت ئه‌وه‌ شاره‌كه‌ پاش ماوه‌یه‌ك وێران ده‌بێت" لێرەدا پرسیارێکی بچنینەیی و ڕیشەیی خۆی قوت دەکاتەوە ئایا سەرکردەکانی کۆمەڵگای کوردی ھەڵگری چ سیفاتێکی سەرکردەن، ئایا کورد لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا سەرکردەیی ھەبووە؟ ئایا سەرکردەکانی کورد شایەنی ئەوەن ببنە پێشەوا و ڕێبەری کۆمەڵگای کوردیی بەبێ ئەوەی ئەو تایبەتمەندیانەیان تێدا بێت کە فارابی باسیان دەکات؟


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ