دانپێدانانى فڕۆکەوانه‌ تایبەته‌كه‌ی بڵاوكرایه‌وه‌

دوا ساتەکانی هیتلەر.. نوێترین ئەرشیفی نهێنى ڕوسیا چی تێدایه‌ ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2023.01.02 05:38 PM
2239 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

  ئاژانسی ئاسایشی فیدیراڵی ڕووسیا (FSS -FCB) چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی نوێی سەبارەت بە دوا ساتەکانی هیتلەر بڵاوکردووەتەوە. ئاژانسی هەواڵی ڕووسیاش (نۆڤەستی) هەر (٢٩ی نیسانی ٢٠٢٢) وێنەی بەڵگەنامەکانی لەسەر سایتەکەی خۆی داناوە و هەندێ زنیاری لە بارەیانەوە پێشکەش بە خوێنەرانی کردووە.
 ئەم بەڵگەنامانە لە بەڕێوەبەرایەتی دەزگای ئاسایشی فیدیراڵی ڕووسی لە هەرێمی نۆڤگەرەد هەڵگیراوان. ئاژانسەکە وینەی تەنها پێنج لاپەڕەی داناوە کە لاپەڕەکانی( ٥، ٩، ١٠، ١١)ن لە گەڵ فۆرمێکدا وەک پاشکۆی ژمارە(٣) بۆ فەرمانی (ژمارە ٠٢٠٣) کە لە ساڵی ١٩٤٠ دەرچووە. وادیارە ئەو فەرمانە تایبەتە بە بەرپرسانی ئەڵمانیای نازی. ئەم فۆرمە ڕێکەتی ١٣ دیسەمبەری ١٩٤٥ بەسەرەوەیە.    
بەڵگەنامه‌كان تایبەتن بە دۆسێی لێکۆڵینەوە لەگەڵ فڕۆکەوانی تایبەتی هیتلەر، لێوتینانت – جەنەراڵ هانس باوەر(١٨٩٧ – ١٩٩٣). باوەر لە ئەفسەرانی پلە هەرە باڵای هێزی(SS) بووە و یەکێ لەو کەسانە بووە کە زۆر نزیک بووە لە هیتلەر جێی متمانەی بووە و تا دوا ساتەکانی بە دڵسۆزی لە خزمەتیدا بووە. 
هیتلەر بەرلەوەی خۆی بکوژێ بە دوو سێ کاتژمێر هانس باوەر بانگ دەکاتە لای خۆی و سوپاسی دڵسۆزیی هەموو ئەو ساڵانه‌ی دەکات کە لە گەڵیدا بووە، خواحافیزی لێ دەکات و دەیەوێ تابلۆیەکی پادشای پرووسیا فریدریکی مەزنی بە دیاری بداتێ. ئەو تابلۆیەی فریدریک ڕێمبرانت دروستی کردووە و لە ژوورەکەی هیتلەردا هەڵواسرابوو.  
هانس باوەر باسی بارودۆخی دوا ساتەکانی "قەڵا" کەی هیتلەر دەکات. ئەو ژێرزەمینەی هیتلەر و کەسە نزیکەکانی خۆیان تێدا حەشاردابوو و دوا مانگەکانی شەڕی دووەمی جیهانیان تێدا بەسەر دەبرد بە "قەڵا" نێوی دەبرا. 
باوەر کاتێ لەسەر بانهێشتی هیتلەر دەچێ بۆ قەڵا، سکرتێرەکەی مارتین بۆرمان و سەرۆکی پۆلیسی نهێنی دەوڵەت (گیستاپۆ) هێنریش میولەر(١٩٠٠ – ١٩٤٥) لەوێ دەبینێ. 
ئەم بەڵگەنامانەدا یەکەمین ژیاننامەی هانس باوەر دەگرنە خۆ کە بەدەسخەتی خۆی نووسراوە،  لەگەڵ وەرگێڕانی شایەتی و دانپێدانانەکانیدا بۆ سەر زمانی ڕووسی لە کاتی لێکۆڵێنەوەی ئەفسەرانی کۆمیساریاتی کاروباری ناوخۆی یەکێتی سۆڤییەت(KGB)دا لە گەڵیدا کە لە دیسەمبەری ١٩٤٥ بەڕێوەچوونە. ڕاپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتی زیندانی (بووتیرسک)ش، کە باوەر تێیدا زیندانی بوو بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای هەواڵگری سۆڤیەتی (ک گێ بێ) لە نیو ئەم بەڵگەنامانەدایە.   
لە کاتی لێکۆڵێنەوەکاندا باوەر بە ئەفسەرانی هەواڵگری سۆڤیەتی وتووە کە دەوروبەرە هەرە نزیکەکەی هیتلەر تا کۆتایی نیسانی ١٩٤٥ لە ژێرزەمینی ڕاوێژکارییەتی (کەنتسیلاریا)ی ئەڵمانیا لە بەرلین لە تەکیدا بوونە، بەڵام کەسیان نەیاندەزانی نییەتی چییە سەبارەت بە چارەنووسی خۆی.
باوەر گێڕاوێتەوە و دەڵی " لە ٣٠ نیسانی ١٩٤٥ بانگی کردم و منیش لەگەڵ یاریدەدەرەکەم سەرهەنگ بیتس چوومە لای. پێشوازی لێ کردین و و بردمی بۆ ژوورەکەی خۆی، تەوقەی لە گەڵدا کردم و وتی: باوەر، دەمەوێ خواحافیزیت لێ بکەم، دەمەوێ سوپاست بکەم بۆ هەموو ئەو ساڵانەی لە تەکمدا بوویت و خزمەتت کردم... ئەو زۆر پیر ببوو و بیری دەکردەوە، دەستی دەلەرزا. ئەوەم بۆ ڕوون بووەوە کە بڕیاری خۆی داوە و کۆتایی بە ژیانی دێنێ".

په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی هانس باوه‌ر

 باوەر باسی ئەوەشی کردووە کە هیتلەر پێی وتووە کە دەیەوێ تابلۆی پادشای پرووسیا فریدریکی مەزن کە ڕێمبرانت کێشاوێتی وەک دیاری و یادگاری پێشکەشی ئەمی بکات. گوایە هەوڵیشی لەگەڵیدا داوە لە بڕیاری کۆتایی هێنان بە ژیانی پاشگەز ببێتەوە و پێی وتووە: "چونکە ئەو کاتە هەموو شتێک لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەڕووخێ".
 لە وەڵامدا هیتلەر پێی دەڵێ" سەربازەکانم ناتوانن و نایانەوێ لەوە زیاتر بەرگریی بکەن، منیش بەرگەی ئەمە ناگرم". باوەڕ دەگێڕێتەوە و دەڵێ کە هیتلەر لەسەر قسەکانی بەردەوام بووە و وتوویەتی" ڕووسەکان لە گۆڕەپانی پۆتسدامن و دەتوانن گازێک بەکار بێنن و خەواڵووم بکەن و بە زیندوویی دەستگیرم بکەن"، ئەوەشی بە باوەر وتووە کە فەرمانی داوە تەرمەکەی خۆی و ئیڤا براونی ژنی کە تەنها دوێنێ، واتا ٢٩ نیسانی ١٩٤٥، خواستوویەتی بسووتێنن، چونکە دەترسا ڕووسەکان لەسەر شەقامەکان هەڵیانواسن بۆ ئەوەی پیشانی خەڵکیان بدەن وەک چۆن پارتیزانەکانی ئیتاڵیا بنیتۆ مسۆلینی ڕێبەری فاشیستەکانی ئەو وڵاتەیان هەڵواسی. 
پێدەچێ هیتلەر لە جەنەرالەکانی زۆر تووڕە بووبێ چونکە بە باوەری وتووە" ڕۆژێک دێت لەسەر گۆڕەکەم دەنووسن؛ قوربانی دەستی جەنەراڵەکانی بوو". باوەر ئەوەشی بە ئەفسەرانی ڕووس وتووە کە "ئەمە دوا وشەکانی سەرۆکەکەی ئەو بووە" و "من و یاریدەدەرەکەم دەستمان گوشی و بەبێ دەنگیی کشاینەوە و لە ژوورەکە دەرچووین". باوەر لە دوای دەرچوونی لە تەک میتسدا دەچن بۆ لەناوبردنی کاغەز و بەڵگەنامەکان و شت و مەکەکانیان کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی لە کەنتسیلاریا دەربچن. 
باوەر لە دوای تەواوکردنی ئەو ئەرکانە جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ژێرزەمینەکە بۆ ئەوەی تابلۆکەی ڕێمبرانت ببات. لە ژووری پێش ئۆفیسەکەی هیتلەر دووکەڵێکی زۆر دەبینێ و پیاوانی پۆلیسی نهێنی (ئێس ئێس) بە پەلە دەهاتن و و دەچوون، دەڵێ پرسیم "کارەکە تەواو بوو؟"، "بەڵێ"  "ئەی تەرمەکان لە کوێن؟، دەبینم بە بەتانی پێچراونەتەوە و بەنزینیان پیدا کراوە و لە باخچەی سەرەوەی کەنتسیلاریای ئیمپراتۆری دەسووتێن".
باوەر دەڵێ ئەو بەوەی ڕوویدا شۆک بوو و هەوڵی دەدا کاتی ئەوە دەستنیشان بکات ئایە لە چی کاتێکدا ئەوە ڕوویدا، لەم بارەیەوە دەڵێ" کاتێ خواحافیزیم لێی کرد کاتژمێر لە نێوان ٦ – ٧ی ئێوارە بوو و کاتژمێر ٩ ش جارێکی تر گەڕامەوە بۆ ژێرزەمینەکە کارەکە لە تەواو بووندا بوو"، واتا لە نێوان کاتژمێر ٧ و ٩ ئێوارەی ٣٠ نیسانی ١٩٤٥دا هیتلەر و ئێڤا براون کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و تەرمەکانیان سوتێنراون.  
لە کاتی گرتنی بەرلیندا کاربەدەستانی یەکێتی سۆڤیەت و لە پێش هەموویانەوە یۆسێپ ستالین و لاڤرێنتی بێریا داوایان لە ئاژانسی دژەهەواڵگری سەربازی سۆڤیەتی کردبوو کە ڕابەران و بەرپرسانی باڵای نازییەکانی ئەڵمانیا بدۆزنەوە و بە زیندوویی دەستگیریان بکەن.

هیتله‌ر و ئیڤا براون

 ئەم دەزگایە بە (سمێرش) دەناسرا کە لە لێکدانی دوو وشەی ڕووسی (سمێرت- مەرگ) و (شپیۆن- سیخوڕ) پێکهاتووە، واتا مەرگ بۆ سیخوڕەکان. ئەفسەرانی ئەم هێزە پەلاماری ڕاوێژکارییەت و ئەو ژێرزمینەیاندا کە هیتلەر و وەزیری پڕوپاگەندەی ڕایخی سێیەم جۆزێف گیۆبڵز دوا مانگەکانی شەڕیان تێدا بەسەر دەبرد. 
دوای گرتنی ژێرزەمینەکە لە ٢ ئایاری ١٩٤٥دا ئەو کەسانەیان گرت کە لە ژێرزەمینەکەدا بوون و  هەوڵیاندەدا لە بەرلین هەڵبێن. ئەفسەرانی دژەهەواڵگری سۆڤیەت دەستەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی نازییەکانیان گرت، کە بریتی بوون لە بەرپرسی دەوروبەری قەڵاکە ڤیلهلم مونکە، بەرپرسی پاراستنی هیتلەر هانس ڕاتینهوبەر، فڕۆکەوانی تایبەتی هیتلەر هانس باوەر، گەورە خزمەتکاری تایبەتی هیتلەر هاینز لینگ و یاریدەدەرەکەی ئۆتۆ گونش. 
لێکۆڵینەوەی چەندین جارەی ئەفسەرانی هەواڵگری سۆڤیەت لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەڵمانیای نازیدا سەبارەت بە چارەنووسی هیتلەر لە ئەرشیفی ناوەندی دەزگای ئاسایشی فیدیراڵی ڕووسیا و ئەرشیفی دەوڵەتیی ڕووسیای فیدیرالی، هەروەها لە دۆسێ و پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرساسن و ئەفسەرانی ئەڵمانیادا هەڵگیراون. 
لە کۆتاییدا بەپێی گێڕانەوەی هەموو ئەوانەی لە ٣٠ نیسانی ١٩٤٥دا لەو ژێرزەمینەدا بوون، ئەوە پشتڕاست بووەتەوە کە هیتلەر و ئێڤا براون لەو ڕۆژەدا خۆیان کوشت و لاشەکانیان سوتێنران. ڕۆژی پێشتر ئێڤای خواستبوو.
لە ڕۆژی ١ ئایاریش جۆزێف گیۆبڵز و ماگدای هاوژینی خۆیان کوشت دوای ئەوەی هەر شەش منداڵەکانیان کوشت. سەربازانی سۆڤیەت تەرمی هەموو ئەمانەیان لە ژێر زەمەینەکەدا بینیوە.
 لە ١٣ ئایاری هەمان ساڵدا ئەفسەرانی (سمێرش) شوێنی ناشتنی تەرمی سوتاوی هیتلەر و ئێڤایان لە باخچەی کانتسیلاریا دۆزییەوە و لە دوای چەندین ئەزموونی بزیشکیی دادوەری ئەوەیان پشتڕاست بووە کە تەرمی ئەوان بوون.

د.جه‌بار قادر

وێنەی پێنج لاپەڕەی بەڵگەنامەکان له‌ خواره‌وه‌ ببینن..

 

 

 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ