په‌كه‌كه‌ دوای ڕێكه‌وتنى توركیا له‌گه‌ڵ سوید و فینله‌ندا

ڕاوی ئەسکەندەنافیا.. ئه‌ردۆغان چی به‌ده‌ستهێنا ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2022.06.29 07:17 PM
846 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

سەرەتا دەمەوێ بە شڕۆڤەیەکی گرنگی ڕۆژنامەی لمۆندی فەرەنسی باس لە بابەتەکە بکەم کە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
"لە نێوان قسە و باسەکان سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا لە کۆتاییهێنان بە بنبەست، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا وتی: واشنتۆن هیچ ئیمتیازێکی پێشکەش بە تورکیا نەکردووە بۆ ئەوەی ڕازیی بکات بۆ قبوڵکردنی گرێبەستێک. بەڵام بەرپرسەکە وتی: ئەمریکا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە یارمەتیدانی لێکنزیککردنەوەی هەردوو لایەنەکە، هەروەها بەڕێز بایدن بەیانی سێشەممە لەسەر فەرمانی سوید و فینلاند لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان قسەی کرد بۆ یارمەتیدانی هاندانی گفتوگۆکان.
ڕێککەوتنەکە لە کاتی کردنەوەی لوتکەیەکی گرنگدا هات کە لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زاڵ بوو، کە ڕێڕەوی هاوپەیمانییەکە بۆ ساڵانی داهاتوو دیاریی دەکات. لوتکەکە بە خوانێکی ئێوارەی سەرکردەکان بە میوانداری شا فیلیپی شەشەمی ئیسپانیا لە کۆشکی شاهانەی سەدەی 18ی مەدرید دەستی پێکرد".
هەموومان چاوەڕێمان دەکرد، کە زوو یان درەنگ سوێد و فینلاند دەبنە ئەندام لە ناتۆدا، بەڵام چی دەست تورکیا دەکەوێت؟ تورکیا ئەمجارە وەک سەردەمی شەڕی کەنداوی سێیه‌م (2003) دێتە بەرچاو.
 لەو سەردەمەدا، کە وەک ئێستا پارە و پوڵی تورکیا نەمابوو، ڕەجەب هەڵسا عەلی بابەجانی نارده‌ ئەمریکا و بە واشنتۆنی گوت:"ئەگەر 6 ملیارد یۆرۆمان بدەنێ، ڕێگا دەدەین فڕۆکەخانەی ئینجەرلیک بۆ شەڕی عێراق بەکاربێنن". ئەمریکا شەڕەکەی بەبێ تورکیا کرد و حکومەتی هەرێمی زیاتر بەهێزکرد تا کار گەیشتە ئەو ئاستە تورکیا خۆی پەیامی نارد پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان باشتر بکات. 
 ئەوە بنەماڵەی بارزانی بوون بۆ چڵێسی خۆیان گرێبەستێکی هیچوپوچیان لەگەڵ تورکیا سازکرد و خۆیان مەحکومی {هاڵک بانک}ی تورکیا کرد، کە بە قاچاغچیترین بانک دەناسرێ لە جیهاندا و لە ئەمریکا دۆزی لەسەر هەیە.

لوتكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی ناتۆ ـ مه‌درید ـ 2022.6.29

 ئێستا نایێمە ناو ووردەکارییەکان، سوێد ناتوانێ ببێتە تورکیا و هەموو شتێک قەدەغە بکات، ئەڵمانیا توندترین وڵاتە دژ بە په‌که‌که‌ کەچی رێگا بە خۆپێشانێک دەدا کە پێڵاوێکی ماکابی تورکی دوو مەتر درێژی تێدا بەکاردەهێندرێ، جا سوێد بۆ شتی توندتر بکات. 
 سوێد و ئەمریکا هیچ یارمەتییەکی په‌که‌که‌یان نەداوە تا کۆتایی پێ بێنن. ئەوەی هەیە ڕەنگبێ چەکی پێ بفرۆشن، ئێ چەکی لەوە باشتریش لە دەستی تورکیادا هەیە خۆ!!. 
 ئەوە قسەیەکی ڕاست نییە، کە گوایە ئامینە کاکە باوە دەیتوانی په‌که‌که‌ لە لیستی تێرۆر بهێنێتە دەرەوە، په‌که‌که‌ نە بە سەدان ئامینە، نە بە دادگای بەلجیکا لە لیستی تێرۆر نایێتە دەرەوە، په‌که‌که‌ بە تەنیا لە ڕێگای خودی تورکیا دێتە دەرەوە.
 ئەوەش یان لە ڕێگای شەڕێک کە ناوەندەکەی کوردستان نەبێ بەڵکو تورکیا بێ، یان لە رێگای ڕێککەوتنی سیاسی، بەڵام هەردوو ئەگەر لاوازن، کەواتە دەبێ گرینگی بەو شتانە بدرێن کە دەکرێن لە جیاتی خۆماندووکردن بە شتێک کە ناکرێ.
 ئەوەی تەیب بە دەستی خست ئەوەیە سبەینێ لە ڕێگای مێدیا و ڕۆژنامەوانە ئیخوانییەکان دهۆڵی "چۆکمان بە ناتۆ و ئەمریکا دا"دا، لێدەدەن.
 ئێ ئەو جۆرە شتانە ئاسایین، ئەوە نییە چەند کوردێکی گوماناویش کە بۆ شاردنەوەی گومانەکانی خۆیان هەر ڕۆژ ئەڵێن:" ئەمریکا ترێلەیەکی دیکەی ناردە ڕۆژئاوا، ئەمریکا جادەی حەسەکەی قیرتاو کرد، گەریلا لێیدا، فڕاندی و تڕاندی". یان ئەوە نییە خۆپێشاندانەکەی دوسەلدۆرف بە مەقەبی تورکی {پێڵاوی گەریلا} دەکەنە دەستکەوت و هەڵایەک لە کاتێکدا تورکیا بۆ ڕازیکردنی ناتۆ گەورەترین سودی لەو خۆپێشاندانە بینی و پێی گوتن:"ئەوە نییە گەریلا لە ئەڵمانیا بە جلوپێڵاوی خۆی خۆپێشاندان دەکات".

خۆپیشاندانی لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌ ـ ئه‌ڵمانیا

 گەلی کورد و حیزبە سیاسییەکان دەبێ سەرەتا دەمی ئەوانە بگرن کە ئامادەنین 5 ڕۆژ خۆیان بچنە شاخ، بەڵام لەسەر فێسبووک گەورەترین گێرەشێوێنی و پڕۆسەی بە کەرکردن بەرێوە دەبەن لە ژێرناوی دۆستایەتی کردنی گەریلا، ئەوە لە کاتێکدایە ئەوانە بەشێکیان گومانی کاری خراپیان لەسەر هەیە. 
 پاشان سیاسییەکان و چالاکوانە حزبیەکانی هەندەران دەبێ بزانن لەسەر چی سیاسەت دەکەن ؟ لەسەر ئەو شتانەی کە بۆ ئەوروپا وەک کێشە یان کێشەی ناوخۆیی تورکیا دەبیندرێن و مەشرەعیەتی سیاسیان نییە، یان لەسەر شتێک کە دەستکەوتە و مەشروعە ؟
 دەبووایە لە جیاتی پێڵاو، ڕەسمی دەمیرتاش و عوسمان کاڤاڵا بەرزکرابایەوە، چونکە سیستەمی ئەوروپا مەشروعیەتی پێ دەدا، دەبووایە لەسەر بنەمای ئاسایشی ئەوروپا لەگەڵ سوێد سیاسەت کرابووایە نەوەک ئامینەخانم بکەنە نوێنەری په‌که‌که‌ و سوێد ئیحراج بکەن کە هیچ سودی نەبوو.
 پاشان ڕاستیەک هەیە دەبێ بزانین و قەبووڵی بکەین دەربارەی گەریلا، لە دوای شەری خەندەک دا گەریلا کەوتۆتە ڕەوشی بەرگریی نەوەک هێرش، گەریلا لە بارەگاکانی خۆی بەرگریی دەکات، لە شەڕی خواکورک، حەفتانین و کوێ و کوێش سەربازی زۆر کوژران، بەڵام تورکیا بەرزاییەکانی گرتن. ئەوە بە تەنیا مەسەلەی توانای سەربازییە، نەوەک ئەوەی په‌که‌که‌ شەڕ ناکات.

توركیا شه‌ڕه‌كه‌ی هێناوه‌ته‌ ناو ماڵی په‌كه‌كه‌

 وادیارە گرتنی ئەو بەرزاییانە مەرج نییە سەرکەوتنی نیهائی تورکیا و شکتی گەریلا بێ، بەڵام نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین ستراتیژیی و تەکتیکی سیاسی لەسەر گەریلا و تەقدیسکردنی جلوبەرگی گەریلا بە تایبەتی لە ئەوروپا بنیاد بنێین، چونکە شەڕ لە ماڵی ئێمەیە نەک ئەوان.
 ئێمە لە ساڵی 1990 ناژین، تاقە کارێک ئەگەر بکرێ، گواستنەوەی شەڕە بۆ ناو شارەکانی تورکیا و ئەوەی دیکە دەبێ مەیدانی سیاسەت بە تایبەتی لە خۆرئاوا بۆ ڕۆژئاوا و هەدەپە چۆڵ بکرێ، چونکە نە په‌که‌که‌ و نە گەریلا ناتوانن لە سیستێمی سیاسی نێودەوڵەتیدا سیاسەتی لێگال و مەشروع بکەن. 
لە هەر شوێنێکدا سیاسییەکان کەسانی پۆپولیست و قیرەقیریان هەڵبژارد و کردە سەرمەشق، لەوێ دەیدۆڕێنن.
هیوا خۆشناو
چاودێری سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ