هەمواركردنەوەی سنوری عێراق و توركیا

خوار خه‌تی برۆكسل.. سه‌رله‌نوێ دابه‌شكردنه‌وه‌ی كوردستان

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2022.07.01 01:35 PM
1233 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

بە گوێرەی مادەی سێیەمی رێكەوتننامەی لۆزان، بڕیاردرا هەردوو وڵاتی ئێراق و توركیا بەیەكەوە رێككەون بۆ دیاریكردنی سنووری نێوانیان، ئەگەر نەگەیشتنە هیچ رێككەوتنیك، بابەتەكە بدەنە دەست كۆمەڵەی گەلان.
 دوای ئەوە بەگوێرەی رێكەوتننامەی ئەنقەرە، هێڵی برۆكسل، وەك سنوورێك دیاریكرا، كە لە سێگۆشەی سوریا- ئێراق- توركیاوە دەست پێدەكات بۆ سێگۆشەی توركیا-ئێراق- ئێران. 
 توركیا ململانێیی لەسەر ئەوەبوو، كە هێڵی برۆكسلیش بكەوێتە ناو چوارچێوەی وڵاتەكەی و سنووری ئێراق و لە خوار هێڵی برۆكسلەوە دەست پێبكات، واتە هەموو ئەو ناوچە شاخاویانە بخاتە سەر توركیا، كە لە باكوری زاخۆوە دەست درێژدەبێتەوە تا دەگاتە مەتینا و لەوێشەوە بۆ باكووری رواندز، واتە رواندز دەكەوێتە ژێر هێڵی برۆكسل. بەڵام دواتر دەمی توركیا بە پشكی 10% نەوتی ئێراق بۆ ماوەی 25 ساڵ چەوركرا و ناچار بوو لەژێر فشارەكانی بەریتانیا بەهێڵی برۆكسڵ رازیبێت.
 دوای هەڵوەشانەوەی بلۆكی رۆژهەڵات و دروستبوونی هەرێمی كوردستان، توركیا پێ بە پێ هەنگاوی نا بۆئەوەی ئەو ناوچەیەی پێشتر وەك هێڵی سنووری داوای دەكرد، بە زیادەوە بە وڵاتەكەی بلكێنێتەوە.
 لە سەرەتادا نەخشەی دوای نەمانی سیستەمی دوو جەمسەری و قۆناغی تاكجەمسەری ئەمریكی، وادەهاتە بەرچاو، كە ئێراق هەڵدەوەشێتەوە،  پڕۆژەی جیهانگەرایی ئەمریكاش كاری بۆ هەڵوەشاندنەوەو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرد، بۆیە توركیا كاری بۆ ئەوە دەكرد، هەموو هەرێمی كوردستان، بخاتە ناو سنووری توركیا، بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین ستراتیژی توركیا بۆ ئەو ناوچەیە لە دوو خاڵی سەرەكی كۆبكەینەوە:
 1- گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ناوچەیەی، كە لەدوای ساڵانی نەوەدی سەدەی بیستەمدا كەوتە ژێر هەژموونی ئەو، واتە ئەوەی دواتر پێی دەگوترا دەڤەری زەرد بۆ سەر توركیا تا ئەو خاڵەی، هەژموونی ئێران تیایدا دەستی پێدەكرد، لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین دوای راپەڕین و لەرێگای شەڕی ناوخۆوە هەرێمی كوردستان بەسەر دوو ناوچەی هەژموونی دابەشكرا (ناوچەی سەوز) هەژموونی ئێران و (ناوچەی زەرد) هەژموونی توركیا، واتە بەشێكی گرنگ لە ویلایەتی مووسڵ بگەڕێنێتەوە بۆ سەر توركیا. 

نه‌خشه‌ی توركیا ئه‌گه‌ر خه‌تی برۆكسل بكرێته‌ سنوری له‌گه‌ڵ  عێراق

 ئەو هەنگاوەشی بە یەكەم شەڕی گەورەی ناوەخۆی كوردی، كە بە ناوی حكومەتی هەرێمەوە لەژێر شەرعیەتپێدانی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان لە 5\10\1992 دەستیپێكرد، دوای ئەوە توركیا وردە وردە هاتە پێشەوە، دوا چەقی پڕگاڵی توركیا زینی وەرتێ بوو (مانگی نیسانی 2020)، بۆئەوەی ئەو ناوچەیەی لە سنوورەكانی توركیاوە درێژدەبێتەوە تاوەكو دەگاتە زینی وەرتێ بەیەكەوە ببەستێتەوە. 
 دەبینین دوای كێشەی زینی وەرتێ، هێرشەكانی توركیا بە درێژایی ئەو ناوچە سنووریەی لە سنوورەكانی توركیا لە زاخۆوە تا دەگاتە زینی وەرتێ چڕتر و گەرمتر بووە.
 2- گەڕاندنەوەی ناوچە سنووریەكان و هەمواركردنەوەی سنووری نێوان ئێراق و توركیا بۆ خوار هێڵی برۆكسڵ، واتە ئەوەی توركیا لە ساڵی (1924-1925) داوای دەكردو دواتر لەژێر كاریگەری خاوەی پشكی 10% نەوتی ئێراق بۆ ماوەی 25 ساڵ، كە تا ساڵی (1952) خایاند، بە خەتی برۆكسڵ رازی بوو.
 تا ئێستاش ستراتیژی توركیا لە دەوری ئەو خاڵەدا دەخولێتەوە و دەیەوێت حالەتێكی دیافاكتۆ دامەزرێنێت، بۆئەوەی بەگوێرەی گۆڕانكارییەكان و هەمواربوونەوەی سیستەمی نوێی جیهان و هاوسەنگی هێزی جیهانی، ئەو بڕیاری خۆی بدات.
 دیارە لە ئێستادا ئێمە لە كۆتایی قۆناغێكی ئێجگار هەستیار دەژین و واپێدەچێت هەمدیس سازشەكان لەسەر حیسابی مەسەلەی كورد بێت، بۆیە توركیا هەنگاوەكانی خێراتركردووە و هێرشەكانی چڕتر كردۆتەوە، دەیەوێت كاتێك رێككەوتن لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە دەكرێت، ئەو داشی سواربێت و مەرجەكانی خۆی بسەپێنێت، كە ئەمەش لە چەند ئەگەرێك زیاتر بەخۆوە ناگرێت:
 1- فراوانبوونی چوارچێوەی شەڕەكان و هەڵوەشانەوەی ئێراق، ئەوكاتە ئەو بەئاسانی دەتوانێت راستەوخۆ كۆنترۆڵكردنی دەڤەری زەردی هەرێمی كوردستان رابگەیەنێت، كە ئەم ئەگەرە لە ستراتیژی ئۆراسی روسیا نزیكترە، كە دەیەوێت شوینەواری قۆناغی مۆدێرنیتە و نەخشەی مۆدێرنیتە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی بە تەواوی هەڵبوەشێنیتەوە قۆناغی ئیمپراتۆریاكان، (ئیمپراتۆریای عوسمانی نوێ و سەفەوی نوێ)، كە لەژێر جڵە و هەوساری خۆیدابن زیندوو بكاتەوە، كە ئەمە بەروونی لە پەیوەندیەكالنی روسیا لەگەڵ هەریەك لە ئێران و توركیا بە دیار دەكەوێت، تەنانەت بۆ ئەوەی ئەو دۆخە نوییە بسەپێنێت، كار بۆ ئەوە دەكات هەردوو وڵات لەژێر سەرپەرشتی و كۆدی ئەودا ببنە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
 2- ئەگەر بێت و شەڕەكە بوەستێت و لایەنە جیهانیەكان لەسەر ناوچەی هەژموونی خۆیان ریككەون، ئەو كاتە توركیا بەلایەنی كەم  هێلی برۆكسلی خستۆتەوە ژێر دەسەلاتی خۆی و داوای هەموار كردنەوەی سنوورەكانی دەكات بۆ خوار خەتی برۆكسل، وەك ئەوەی لە ساڵی (1924-1925) داوای دەكرد.
 شایەنی ئاماژە بۆ كردنە ئەو خەتە هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، كە ئێستا پارتی كرێكارانی كوردستانی تیا باڵادەستە (سەیری نەخشەی خوارەوە بكە).

 دیمەنی كۆی رووداوەكان وانیشان دەدات، كە هاتنەدی پێشبینی ئەگەر دووەم بەهێزتر بێت، لەبەرئەوەی ئێستا جۆرە ریككەوتنێكی هەرێمی هەستی پێدەكرێت بۆ ئەو رەفتارانەی توركیا، لەبەرئەوەی سەرباری ئەوەی توركیا ئەو بەشەی باشووری كوردستانی نەك هەرداگیر دەكات، بگرە وا سووتماكیشی دەكات،  لەكاتیكدا نە ئێراق و نە ئێران و نەهیچ دەوڵەتێكی تری رۆژئاوایی و نە هیزە ئۆراسیەكان (روسیا و هاوپەیمانەكانی) دەنگیان لێوە نایەت، واتە جۆرە رێككەوتنێك بە دیدەكرێت لە نێوان ئەمریكا و ئەوروپا، لەگەل روس و ئەوانەی لەبەرەی ئەودان، ئەگینا ناچێتە ئاوەزەوە وڵاتیكی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، بەوشێوە وڵاتیك داگیربكات و تاوانی جەنگ ئەنجام بدات، لێی بێدەنگ بن و هیچ پەرچەكرداریكیان نەبێت!.
 وادیارە ئێراقیش بە ئەگەری دووەم رازیە، چونكە لە ماوەی رابردوودا بەشێكی زۆر لە سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە راشكاوانە داوای جیابوونەوەی هەرێمی كوردستانیان كردوە بەو نەخشەیەی، كە ئەوان خۆیان دەیانەوێت، واتە بەبێ  ئەو ناوچانەی، كە جێگای داخە بە ناوچە دابڕێنراوەكان و ناوچەی 140 ناو دەبرێت، لەبەرئەوەی ئەوانیش پێیانوایە ئەو ناوچەیە جگە لە كێشە هیچی تری بۆ ئێراق نییە.
 تەنانەت واپێدەچێت سەركردایەتی باشووریش بەو دۆخە نوێیە رازی بووبێت، لەبەرئەوەی ئەوان هەمیشە كارتی چوونە پاڵ توركیایان وەك كارتێكی فشار بۆ سەر ئێراق هەژمار كردووە، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا زۆرجار بانگەشەیان بۆ ئەوە كردووە، كە ئەگەر باشووری كوردستان بە توركیا بلكێنرێتەوە، زیاتر خزمەتی مەسەلەی كورد دەكات، لەبەرئەوەی بەشێوەیەك لە شێوەكان واتای یەكگرتنەوەی دوو پارچەی كوردستانە و توركیاش لە ئێراق باشترە و دەوازەیەكیش لە بەردەم كورد بۆ ئەوروپا دەكرێتەوە، كە دیارە ئەمە ساویكەییەكی سیاسی و تێنەگەیشتنێكی قووڵە لە ستراتیژی دەوڵەتان. 

ئاڕاسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی پارتی ڕوو له‌ ستراتیژیی توركیایه‌

 جێگای داخە كاركردنی بەشێكی هێزە كوردیەكانیش، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە گەورەترین سنووری لەگەڵ توركیا هەیە بەو ئاڕاستەیە بووە، تازە خەریكە لە ستراتیژی توركیا تێدەگەن و لێوی خۆیان دەگەزنەوە، بەڵام دوای چی!؟
 شایەنی باسە جگە لە هەمواركردنەوەی سنوور وەك ئەوەی توركیا دەیەوێت، كە واتای قۆناغێكی تری دابەشكردنەوەی كوردستانە، ئەمجارەیان سنوورەكان بەشێوەیەكی وا دادەڕێژنەوە، هیچ بواریكی بەرگریكردن بۆ كورد تیا نامێنیتەوە، واتە گەورەترین دۆستی كورد، كە چیاكانە لێی دەسەننەوە، ئەو كاتە چیاكان نەك هەر دۆست نامێننەوە بەڵكو دەبنە گەورەترین دوژمنیش، چونكە راستە چیاكان پەسارێكی باشن بۆ بەریگریكردن بەڵام ئەگەر كەوتنە بەردەستی دوژمن، رۆڵیكی رێك پێچەوانە دەبینن و رزگاركردنیان ئاسان نییە.
 بەم چەشنە قۆناغی دوای ئەو داگیركردنە دەستپێدەكات، كە قۆناغی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچە سنووریانە، بەمەش لە قووڵایی ستراتیژی دوواوەی بەشەكانی كوردستان پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیاكە دەست پێدەكەن و تورك و عەرەب و خەڵكانی تری ناكورد نیشتەجێ دەكەن، كە پێشتر ئەو گۆڕینی دیمۆگرافیایە تەنیا لەو سنوورانەوە دەگوزەرا، كە دەكەوتە نیوان كوردو دەسەلاتە مەركەزیەكان. كە ئەمەش واتای ئەوەیە كوردستان دەكەوێتە نێو بەرداشی دوو پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیاوە، واتە كوردستان سەرلەنوێ لەخاچ دەدرێتەوە.
د.كامه‌ران مه‌نتك




دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ