وه‌ستانی ئه‌ردۆغان له‌ نێوان ڕۆژئاوا و ناڕۆژئاوادا

دیپلۆماسیەتی عوسمانی.. جەنگی ئۆکرانیا ئەردۆغانی بەهێزتر کرد بەڵام بۆچی نابێتە فریادڕەسی؟

كه‌یوان سدیق 2022.12.16 04:45 PM
1216 جار خوێندراوەتەوە

كه‌یوان سدیق

توێژه‌ر له‌ زانكۆی سلێمانى
ماسته‌ر له‌ مێژوو ـ ڕوسیا

نووسینی: ئۆلگا پرۆسڤیرۆڤا
وەرگێڕانی لە ڕوسی: کەیوان سدیق

          ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیا، شارەزایە لەوەی کە چۆن سوود لە هەر بارودۆخێکی سەخت وەربگرێت، وەک سەرکردەیەکی دەسەڵاتخواز پەیوەندی باشی لەگەڵ مۆسکۆ و کییڤ دەپارێزێت .لەو جەنگەی کە ڕووسیا دەستیپێکردووە، ئەردۆگان  دەرفەتێک دەبینێت بۆ زیادکردنی هەژموونی خۆی لە جیهاندا. لەلایەك بەردەوامە لە هاریکارییە نزیکەکانی لەگەڵ مۆسکۆ، بەشێوەیەک کە ڕەتیدەکاتەوە سزاکان بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت و ئامادە نییە گەشتە ئاسمانییەکانی نیوان هەردوو وڵات ڕابگرێت. لەلایەکی ترەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات و لە ڕێککەوتنی دانەوێڵەشدا لە ڤلادیمێر پوتین دەباتەوە. هەژموونی ئەردۆگان لە زیادبووندایە ، بەڵام تا کەی دەتوانێت لەسەر دوو پەت یاری بکات و ئایا  خواستەکانی ئاوێتەی ئاریشە سیاسیە ناوخۆییەکانی تورکیادا دەبن یاخود نا؟
لە سیسرکەوە بۆ هاوبەشێتی
      لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨، واتە  شەش مانگ پێش ئەوەی کە ڤلادیمێر زیلێنسکی نیازی خۆی بۆ کاندیدکردنی بۆ سەرۆکی ئۆکرانیا ڕابگەێنێت، زیلێنسکی کە بەڕێوبەری هونەری ستۆدیۆی ) کڤەرتاڵ ٩٥(بوو  دیمەنێکی گاڵتەجاڕانە لەسەر تورکیا نمایش دەکات. بە کڵاوێکی سوورەوە  دەچێتە سەر تەختەی شانۆ، )ئەم سەرپێچە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا باو بوو، بەڵام لە سەردەمی ئەتاتورکدا قەدەغەکرا(. بە لاساییکردنەوەی دەربڕینی زمانی تورکی، زیلێنسکی گاڵتە بە چەقەبەستوویی دەسەڵات لە تورکیا دەکات و ئەردۆگان بە "سیسرکێکی سمێڵدار"  ناو دەبات.


         چوار ساڵ تێدەپەڕێت و وێنەکە لە گۆڕاندایە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری مارسیدسی ڕەش دەگاتە کۆشکی پەتۆتسکی لە شاری لڤۆڤ. ڤلادیمێر زیلێنسکی بە تیشرتێکی ترادسیۆنی ، پانتۆڵ و  جووتێک پێڵاوی وەرزشی ڕەنگی خاکی لە دەروازەی کۆشکەکەیدا وەستاوە و چاوەڕێی دابەزینی ئەردۆگان لە ئۆتۆمبێلەکەی دەکات. ئەردۆگان بە قات و بۆینباخەوە بۆ ماوەیەکی درێژ دەستی سەرۆکی ئۆکرانیا دەگووشێت. بەشێوەیەکی سەرەکی زیلێنسکی قسە دەکات و وەک ئاماژەیەکی سوپاسگوزاری دەستی دەخاتە سەر سنگی. 
        ئەو چوار ساڵە هەم تورکیا و هەم ئۆکرانیاشی گۆڕی، دیمەنە گاڵتەئامێزەکان لە بیرکران. جێگەی باسە لە ساڵانی پێش جەنگیش هەردوو وڵات سوودیان لە پەیوەندییەکانیان وەردەگرت. تورکیا یەکێک بوو لەو چەند وڵاتەی کە پاش ساڵی ٢٠١٤ و لکاندنی نیمچە دوورگەی قرم بە ڕووسیاوە و، داگیرکردنی بەشێکی دۆنباس، ڕازیبوو بە فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بە ئۆکرانیا، کە ئێستا بوونەتە هێمای بەرخۆدانی ئۆکرانیا.
       ئەردۆگان هەمیشە لە بیری ئەوەدا بوو کە وڵاتەکەی بکاتە یاریکەرێکی کاریگەری سیاسی لە ناوچەکەدا، جگە لەوەش سەرۆکی تورکیا هاوسۆزی ئۆکرانیا بوو لە لەدەستدانی قرم ، نیشتیمانی تاتارەکانی قرم کە تورکیا هەمیشە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵیاندا هەبووە. زۆربەی جار ئەردۆگان خۆی لە لێدوانەکانی لەهەمبەر  پێویستی گەڕانەوەی قرم بۆ سەر ئۆکرانیا بەدوور دەگرت، هەندێ جار لە کۆڕ و مێزگردەکاندا ئەردۆگان تەنها بە شێویەکی زارەکی بەردەوام بوو لە پشتگیرکردنیان، بەڵام هەرچۆنێک بێت بەهۆی لێدوانەکانی ئەردۆگانەوە پرسی قرم لە نێو گفتوگۆی سەرکردەکانی جیهاندا ئامادەیی هەبوو.
        کاتێک ڕووسیا جەنگی  لە دژی ئۆکرانیا دەستپێکرد، ئەردۆگان نەیتوانی بێلایەن بێت و دەرفەتەکانی فراوانکردنی هەژموونی خۆی نەبینێت. تورکیا بەردەوام بوو لە دابینکردنی بایراکتار بۆ ئۆکرانیا و کۆمپانیای )بایکار( ی بەرهەمهێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سەرەڕای بەردەوامیی جەنگەکە دەستی بە دروستکردنی کارگەیەک لە کییڤ کرد. لە مانگی تشرینی یەکەم ، یەکەم کەشتی کۆرڤێت میلیگێم لە تورکیا خرایە خزمەتی هێزی سەربازی- کەشتیوانی ئۆکرانیا، کەشتیەکە دەبێتە گەورەترین کەشتی لە هێزی دەریایی ئۆکرانیادا.  ئەمە جگە لە باسکردن لەوەی کە زیلێنسکی خۆی هێلەکێکی گوللەنەبڕ لەبەر دەکات کە دروستکراوی تورکیایە.


       ئەگەر سەردەمانێک سیمای تورکیا لە بیری خەڵکی ئاساییدا بریتیبووبێت لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئەنتاڵیا، ئەوا ئێستا ئەردۆگان بانگەشەی ئەوە دەکات،  کە ببێتە کاریگەرترین کەسایەتی سیاسی لە ناوچەکەدا، وە هەموو هەوڵێک دەدات وەک نێوەندگیر رۆڵ بگێڕێت.  ئۆکرانیا و  ڕووسیا لەلای خۆیانەوە ڕازیبوون بەوەی تورکیا ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. دەزگای ڕاگەیاندنی ڤلادیمیر زیلێنسکی لە لێدوانە ڕەسمیەکانیدا ئەردۆگانی بە ( هاوبەش و هاوپەیمان) ناوبرد، بەڵام پێگەی سەرۆکی تورکیا هێندە بەهێز نەبوو وەک ئەوەی خۆی دەیخواست.
لە نێوان ڕۆژئاوا و  ناڕۆژئاوادا
        هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە ئەنکەرە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ململانێ سەربازییەکان، ئامادەیی نیشاندا ڕۆڵی ناوبژیوان لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا بگێڕێت. دانووستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیای رێکخست، لە پرۆسەی گۆڕێنەوەی دیلەکانی هەردوو وڵاتی ناوبراودا بەشداربوو، هەروەها هاوکاربوو لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا، بەڵام هەتا جەنگەکە زیاتر درێژە بکێشێت ،ئەوا  ئوکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پرسیاری زیاتریان بۆ تورکیا لەلا درووست دەبێت. لە لایەک ئەردۆگان بەشێوەیەکی ئاشکرا سەرکۆنەی کردەوەکانی ڕووسیا دەکات لە ئۆکرانیا و وە پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ناوچە داگیرکراوەکان – لە نێویاندا نیمچە دورگەی قرم پێویستە بگەڕێنەوە ژێر ڕکێفی  ئۆکرانیا. لە لایەکی ترەوە تورکیا تاکە دەوڵەتی ناتۆ بوو کە سزای بەسەر مۆسکۆدا نەسەپاند.
        هەروەها کاتێک ئەوروپا ئاسمانی خۆی بەڕووی ڕووسیادا داخست، تورکیا خۆی نەبەستەوە بەو بڕیارەوە و فڕۆکەکانی ڕووسیا بەردەوام بوون لە گەشتەکانیان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی تورکیاوە. تورکیا ڕازیبوو بە کارکردنی کارتی بانکی ( میر ) لە وڵاتەکەیدا و ڕووسەکان ڕێگەیان پێدرا هەژماری بانکی لە بانکە ناوخۆییەکانی تورکیادا بکەنەوە. ئەمە بەبێ باسکردن لەوەی کە لە کاتێکدا ئەوروپا هەر زوو کڕینی غازی ڕووسیای ڕەتکردەوە، بەڵام هەناردەکردنی غاز بۆ تورکیا بەردەوام بوو.  لە هەمان کاتدا، کە لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ( سوید و فینلاند ) ی ناچار کرد کە داوای ئەندامبوون لە ناتۆ بکەن، تورکیا تاکە ئەندامی هاوپەیمانێتیەکە بوو کە لە سەرەتادا پرۆسەکەی دواخست و دواتریش داوای ڕادەستکردنی دەیان کەسی دەکرد کە ئەنکەرە بە تیرۆریستیان دادەنێت.
        چەندینجار سیاسەتمەدارانی ئەمریکی و ئەوروپی بەڕوونی باسیان لەوە کردووە کە چەندە لە هەڵسوکەوتەکانی ئەردۆگان نیگەرانن، کە لە ڕاستیدا یارمەتی ڕووسیا دەدات بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لە دیواری تۆکمەی سزاکاندا، ئەم ترسانە ئۆکرانیاشی گرتەوە و لە سەرەتای هاوینەوە گوێبیستی ڕەخنەکان لە ئەردۆگان دەبین. وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە چەند مانگی ڕابردوودا دووجار باڵیۆزی تورکیای بانگهێشتکردووە بەمەبەستی " دەربڕینی نیگەرانی" دەربارەی چەند پرسێکی دیاریکراو، باڵیۆزی ئۆکرانیاش لە تورکیا بە ئاشکرا ئەردۆگانی تۆمەتبار کرد بە کڕینی ئەو دانەوێڵەیەی کە ڕووسیا لە ئۆکرانیای دزیوە.
          بۆ ماوەیەکی درێژ ئۆکرانیا پەیوەندییەکانی خۆی  لەگەڵ تورکیا وەک بەشێک لە هاوبەشێتی لەگەڵ ڕۆژئاوا تەماشا دەکرد، بەڵام لە ماوەی جەنگدا، کییڤ ناچاربوو لە گۆشەنیگایەکی ترەوە لە ڕەوشەکە بڕوانێت. ئیلیا کوسا پسپۆڕ لە گرانتی کارنێگا پێیوایە کە "  بەشێوەیەک لە شێوەکان،  ئەردۆگان گەیشتووە بەو ئامانجەی کە لە مێژە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، بۆ ئەوەی لەسەر گۆڕەپانی جیهانی زیاتر کاریگەر بێت و لەنێوان جیهانی ڕۆژئاوا و ناڕۆژئاوادا بوەستێت. بۆ ماوەیەکی درێژ، ئۆکرانیا یان تێبینی ئەمەی نەکردووە یاخود پێی باش بووە کە ئەم شتە بچووکانە پشتگوێ بخات:بەڵام لە ڕاستیدا  تورکیا ئەندامی ناتۆیە و لەشکرکێشی ڕووسیا، ئۆکرانیای ناچار کرد بابەتیانەتر لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بڕوانێت".
        بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە لە ئایندەیەکی نزیکدا پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و ئۆکرانیا تێکدەچێت، بەڵکو هاوبەشێتی ئەو دوو وڵاتە زیاتر سیمایەکی پراگماتیکی وەردەگرێت و بەپێی  بارودۆخەکان و بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندیەکانی تورکیا و بەردەوامی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕووسیادا دەبێت.
       تێڕوانینی ئەنکەرە بۆ هەماهەنگی نزیکی لەگەڵ ڕووسیا پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی. بەو پێیەی مۆسکۆ وەک دابینکەرێکی سەرەکی نەوت و غاز دەمێنێتەوە، ئەمە جگە لەوەی مەترسی ڕوودانی کارەساتی ئەتۆمی لە وێستگەی زاپارۆژیا هەبوو، کە ئەگەر ڕوویبدایە، ئەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تورکیا دەبوو.  دیمیتار بیچێڤ شارەزا لە کاروباری تورکیا لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لەو باوەڕەدایە :  کە  بە ئەگەرێکی کەم ڕۆژئاوا پشت بە هیچ کام لەو ڕوونکردنەوانەی تورکیا ببەستێت ، وە لەهەمان کاتدا تواناکانی ڕۆژئاوا کەمە لە کاردانەوە و فشارخستنە سەر تورکیا.
        وادیارە ئەمە سوودی خۆی هەیە: بەلای تورکیاوە ،پەیوەندیەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا ڕۆڵی بایەخدار دەگێڕن، بەوپێیەی ئەنکەرە گەورەترین هاوبەشی یەکێتی ئەوروپایە لە هاوردە و هەناردەدا و سەرچاوەی سەرەکی وەبەرهێنانە. هەربۆیە ئەردۆگان ناتوانێت درێژە بەم پەیوەندییانە نەدات، بەڵام لە یەکێتی ئەوروپا کۆدەنگیەک نییە دەربارەی ئەوەی کە چۆن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا  گەشە پێبدەن.
       دیمیتار بیچێڤ زیاتر ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت "لە یەکێتی ئەوروپا بۆچوونی جیاواز  هەیە دەربارەی ئەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ تورکیادا بکرێت. گروپێک بە سەرۆکایەتی فەرەنسا پێیوایە کە پێویستە بە تووندی مامەڵە لەگەڵ تورکیادا بکرێت، بەڵام گروپەکەی تر، بۆ نموونە  ئەڵمانیا لەوباوەڕەدایە کە پێویستە پەیوەندیەکان لەگەڵ تورکیا بەرەوپێش ببرێن. بۆیە ئەردۆگان توانای   چالاکی هەیە و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە دەزانێت چی دەگووزەرێت لە یەکێتی ئەوروپا". جگە لەوەش، لە دۆخێکدا کە ئەردۆگان بە نزیکەیی وەک تاکە سەرکردەی جیهان دەمێنێتەوە کە بەردەوامی بە پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ ڤلادیمێر پوتیندا، ڕۆژئاواش تێدەگات کە ئەمە دەرفەتێکە، بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئۆکرانیا هەرچەندە بچووکیش  بێت.
سیاسەتمەدار و بیرۆکرات
      پەیوەندییەکانی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و ڤلادیمێر پوتین لەم ساڵانەی دواییدا ئاڵۆز بوون. هەتا ساڵی ٢٠١٥ دەشێت بە پەیوەندییەکی دۆستانە ناو ببرێت، بەڵام جەنگ لە سوریا سەرکردەکانی کردە نەیاری یەکتری، کاتێک کە سوپای ڕووسیا بۆ لایەنگری بەشار ئەسەد چووە ناو جەنگەکەوە و لە هەمان کاتدا  تورکیاش پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی کرد.
       مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٥ ئالۆزترین مانگ بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا، ئەو کاتەی تورکیا لە سنوورەکانی سوریا- تورکیا فڕۆکەیەکی جەنگی ڕووسیای خستەخوارەوە. مۆسکۆ داوای لە تورکیا کرد کە بە فەرمی داوای لێبووردن بکات، بەڵام ئەنکەرە پێداگری کرد لەسەر ئەوەی کە مافی خۆی بووە لە فڕۆکە ڕووسیەکە بدات. لە وەڵامدا ڤلادیمێر پوتین بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی پەشیمانی تورکیا بکات،  قەدەغەی خستەسەر کەلوپەلی تورکی و گەشتکردنی لە ڕووسەکان بۆ تورکیا قەدەغەکرد، کە ئەمەی دووەمیان زیاتر ئابووریەکەی پشت بە گەشتیاری دەبەستێت. لە ڕاستیدا ئەمەش پچڕانی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی بەدوای خۆیدا هێنا.
       ئەو ماوەیەی کە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە دۆخێکی خراپدابوو ، ئەردۆگانی دووچاری نائارامی و پەشێوی کردبوو. ڕووسیا تەنانەت ڕایگەیاند کە ئەردۆگان بەنهێنی تێوەگلاوە هەیە لە کڕینی نەوت لە گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان. ئەردۆگان بەڵێنی دەستلەکارکێشانەوەی دا ئەگەر  کەسێک بتوانێت بەڵگەی تێوەگلانی بخاتەڕوو. بەڵام مۆسکۆ بڕیاریدا کە پشتڕاستی قسەکانی خۆی نەکاتەوە. 
      حەوت مانگ تێپەڕی و ئەردۆگان خۆی بەدەستەوەدا، پەیامێکی ئاراستەی پوتین کرد و سەرەخۆشی لە کەسوکاری فڕۆکەوانە کوژراوەکە کرد و پۆزشی بۆ مردنی هێنایەوە، بەڵام بەشێوازی ئاسایی خۆی داوای لێبووردنی لە تێکشاندنی فڕۆکە جەنگیەکە نەکرد. سەرەڕای ئەمەش، پلانەکەی ئەردۆگان سەریگرت و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات دەستیانپێکردەوە، بەڵام تەنها دوای چەند هەفتەیەک ،ئەردۆگان ڕووبەڕوی ئاڵۆزی ناوخۆیی بوویەوە، کاتێک هەوڵی کودەتای سەربازی درا،  تەنانەت هەوڵی دەستگیرکردنی خودی سەرۆکیش درا کە لەو کاتەدا لە ناوچە گەشتیاریەکانی دەریای ناوەڕاست لە پشوودا بوو. کودەتاچییەکان سەرکەوتوو نەبوون و کودەتاکە نەیتوانی ئامانجەکەی بپێکێت.


        پوتین یەکەم سەرکردەی بیانی بوو کە پەیوەندی بە ئەردۆگانەوە کرد. زۆری نەخایەند کە ئەردۆگان بەفڕۆکەیەك گەیشتە پیتەربورگ بۆ دیداری تایبەتی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا. گفتوگۆکانی ئەو کاتە جیاوازبوون لە هی ئێستا، ئەردۆگان پوتینی بە دۆستی خۆی ناوبرد و سوپاسی کرد کە دەرفەتی ئەو دیدارەی ڕەخساندووە. بەڵام کێشەکان لێرەدا کۆتاییان نەهات و ساڵی ٢٠١٩ جارێکی تر ڕووسیا و تورکیا خۆیان لە بەرەی دژ بە یەکتر لە باکوری  ڕۆژهەلاتی سوریا بینییەوە. ساڵێک دواتر بە تەواوی لە لێواری جەنگدا بوون کاتێک ئەردۆگان هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی هێزەکانی حکومەتی سوریا کرد و لە بەرانبەردا ڕووسیا بەڵێنی پشتیوانی بە ئەسەد دا.  گۆڕەپانی ململانێکان تەنها سوریا نەبوو، بەڵکو لیبیاشی لە خۆدەگرت ، کاتێک پوتین و ئەردۆگان پشتگیری لایەنە دژ بەیەکەکانیان دەکرد لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.
       سەرباری هەموو ئەمانە، لە ئەنجامدا هەردوولایان توانیان بگەنە ڕێککەوتن. جێگەی باسە  ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو وڵات و  هەروەها دژایەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا، رێگەیان لە تورکیا نەگرت  کە سیستەمی بەرگری S-400  لە ڕووسیا بکڕێت و هەروەها بۆری گازی تورکی لە دەرەوەی سنوری ئۆکرانیا بۆ تورکیا دابمەزرێنێت. ئەمە وێڕای ئەوەی کە کۆمپانیای ) ڕۆس ئاتۆم( مۆڵەتی دامەزراندنی وێستگەیەکی ئەتۆمی لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستی تورکیا وەرگرت.
         زۆرجار ئەردۆگان و پوتین بەراورد دەکرێن. هەردووکیان لە دوای قۆناغێکی سەخت لە وڵاتەکانیان هاتوونەتە سەر دەسەڵات، سەقامگیریان بۆ خەڵک فەراهەم کرد و داکۆکیکاری بەها ترادسیۆنیەکان بوون. بوونە سەرکردەی دەسەڵاتخواز و دەستیان بە سەرکوتکردنی نەیارەکانیان و هەروەها ڕوژنامەنووس و چالاکانی مەدەنیش کرد.  یوری ماشاڤێڤ بەڕێوبەری سەنتەری ڕووسی بۆ لێکۆڵینەوە لە تورکیای نوێ دەڵێت " شێوازی ئەردۆگان لە ڕواڵەتدا هاوشێوەی شێوازی پوتینە، بەڵام جیاوازییەکی گرنگ هەیە، پوتین کەسێکی بیرۆکراتە کە هیچ ئەزموونێکی لە خەباتی سیاسیدا نییە، بەڵام ئەردۆگان ڕێگایەکی دووری لە سیاسەتدا بڕیوە وپۆستی سەرۆکایەتی ئیستەنبوڵی لە ئەستۆ گرتووە و تەنانەت بەهۆی بۆچوونە سیاسیەکانیەوە بۆ ماوەیەک خرایە بەندینخانە ) لە ساڵی ١٩٩٧ ، بەهۆی هۆنراوەیەکەوە کە  بە خواستی دەسەڵات نەبوو ، ئەردۆگان ١٢٠ ڕۆژ بەند کراو و هەر بەو هۆیەشەوە ناچار بوو دەست لە پۆستی پاریزگاری ئیستەنبوڵ هەڵبگرێت- بی بی سی)
      سەرەڕای ئەم جیاوازییە، ئەردۆگان و پوتین زۆرجار توانیویانە بگەنە لێکتێگەیشتن و ڕێز لە خواست و بەرژەوەندییەکانی یەکتر بگرن، بەڵام جەنگ لە ئۆکرانیا ئەوەی پیشانی ئەردۆگان دا کە پێش دەستپێکردنی،  نەیدەتوانی درکی پێبکات.
جیهان زیاترە لە پێنج
      ڤلادیمێر پوتین بەوە ناسراوە کە حەز دەکات کەسانی دیکە لە چاوەڕوانیدا بهێڵێتەوە، ئەم جۆرە لە چاوەڕوانیکردن  لە سیاسەتی جیهانیدا بە بێڕێزیکردن حساب دەکرێت، بەڵام بە دەگمەن ڕوودەدات کۆبوونەوە لەگەڵ پوتیندا لە کاتی خۆیدا دەست پێبکات. لەگەڵ ئەوەشدا، لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، پوتین ناچار کرا بەوەی چاوەڕێ بکات، بۆ ماوەیەکی درێژ نا، تەنها نزیکەی خولەکێک. سەرۆکی ڕووسیا بە تەنها لە بەردەم کامێراکان لێوەکانی هەڵدەقرچاند و جوڵەی بە پێیەکانی دەکرد. دوای ئەوەی ئەردۆگان چووە ناو هۆڵەکەوە، پوتین دەستەکانی کردەوە و وەک ئەوە وابوو کە چاوەڕێی هاوڕێیەکی ئازیزی بکات کە لە کۆبوونەوە دواکەوتووە.
        شارەزایان بۆ ماوەیەکی درێژ پرسیاریان دەربارەی ئەوە دەکرد کە ئایا ئەمە ڕێکەوت یاخود ئاماژەیەکی بە ئەنقەست بووە لەلایەن ئەردۆگانەوە، هەریەک لەو بژاردانە ڕێی تێدەچێت، بەوپێیەی ئەردۆگان هەرگیز خواستەکانی خۆی لە سیاسەتی دەرەوەدا نەشاردۆتەوە و ساڵی ڕابردوو باسی لە " نادادپەروەری" سیستەمی جیهانی کرد  کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دامەزراوە. سەرۆکی تورکیا پێشنیاری کرد کە مافی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش نین فراونتر بکرێت، پاشان وتە بەناوبانگەکەی خۆی هێنایەوە "جیهان لە پێنج زیاترە" .
       ئەردۆگان بە لەبەرچاوگرتنی خواستەکانی خۆی، هەمیشە وەک  ڤلادیمێر پوتین خۆی بە یەکێک لە سەرکردەکانی ناوچەی دەریای ڕەش داناوە، بەڵام چەند مانگی جەنگەکە کە تیایدا سوپای ڕووسیا توانای خۆی نمایشکرد، هۆکارگەلێک دەداتە سەرۆکی تورکیا کە خۆی بە سەرکردە ناوبەرێت، شارەزا  یوری ماشاێڤ ئاماژە بەوەدەکات کە لە ئێستادا تواناکانی ڕووسیا بەراورد ناکرێن بە تواناکانی تورکیا.  جگە لەوەش، کاتێک  ڕووسیا سەرکەوتنی ئاسان و خێرای  لە جەنگەکەدا بەدەست نەهێنا، هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری بەسەردا هات.دێمیتار بێچیڤ ی شارەزا پێیوایە کە  لە ئێستادا ڕووسیا زۆر زیاتر پێویستی بە تورکیایە وەک لەوەی تورکیا  پێویستی بە ڕووسیا بێت.
       بێگومان ڕووسیا وەک هاوبەشێکی سەرەکی تورکیا لە کەرتی غازدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەردۆگان باش لەوە تێدەگات کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مۆسکۆ بازاڕەکانی فرۆشتنی غازی کەمدەبنەوە و ئەمەش واتای ئەوەیە کە ڕووسیا سەرکێشی بە بازاڕێکی گرنگی فرۆشتنی غازەوە ناکات. هەروەها ڤلادیمێر پوتینیش لەمە تێدەگات، بۆیە  پێشنیاری دامەزراندنی بنکەیەکی غازی لە تورکیا بۆ ئەردۆگان کرد کە ناوەندێکی دابەشکردن و هەموو پێداویستیەکانی تر لەخۆ بگرێت.  بێگومان ئەردۆگان بەم پێشنیارە ڕازیبوو، ئەگەر پڕۆژەیەکی لەمشێوەیە جێبەجێ بکرێت، ئەوا تورکیا دەبێتە نێوەندگیرێکی سەرەکی لە فرۆشتنی غازدا و  ژێرخانی پێویست بۆ ئەم مەبەستە بەدەست دەهێنێت. ڤلادیمێر پوتینیش هیوادارە لەڕێگەی ئەم پلانەوە بتوانێت غاز بە ئەوروپا بفرۆشێت، بەشێوەیەک کە پێویست بە پارەدان بە ڕۆبڵ و مامەڵەکردن لەگەڵ بانکە سزادراوەکانی ڕووسیا نەکات.
       لە ڕووی تیۆرییەوە پرۆژەکە ئاسان دەردەکەوێت، بەڵام لە پراکتیکدا کارێکی زەحمەتە. بۆری گازی ئێستای تورکیا لە دوو هێڵ پێکهاتووە، کە یەکێکیان پێداوستیەکانی تورکیا پڕ دەکاتەوە و دووەمیشیان غاز بۆ وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دەگوازێتەوە، بەڵام وڵاتانی باشوری ئەوروپا لەڕووی تەکنیکیەوە ناتوانن بڕێکی زۆر غاز وەربگرن.  واتە پێویست بە ڕاکێشانی بۆرییەکی تر دەکات، یوری ماڤاشێڤی تورکیاناس ئەم پرسیارە سەرەکییانە دەربارەی پرۆژەکە دەوروژێنێ: ئایا کێ بۆرییەکە ڕادەکێشێت؟ بە چ بڕە پارەیەک؟ لەکاتیکدا ڕووسیا لەژێر سزاکاندایە.
      بەڵام کێشە سەرەکیەکە تەنانەت کێشەی تەکنیکیش نییە، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەوروپا ئامادەیە " غازی تورکی" لەو ناوەندە بکڕێت، بە درککردن بەوەی بە ئەگەری زۆر غازی ڕووسی دەکڕێت؟ لەڕاستیدا کڕیارانی ئەوروپی بەدوای ئەمەدا ناگەڕێن. ئورسولا فۆن دێر لیان سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاند کە ئەوروپا تەنها لە ماوەی هەشت مانگدا توانیویەتی دوو لەسەر سێی جێگرەوەی هەناردەی غازی ڕووسیا پڕبکاتەوە.
"نمایشی عەقڵانی هێز" 
         دیمیتار بێچیڤ پێی وایە کە تاکو ئێستا ئەردۆگان توانیویەتی سوود لە جەنگ لە ئۆکرانیا وەربگرێت، بەڵام هەتا جەنگەکە لەپاڵ تورکیاوە درێژە بکێشێت، ئەوا بارودۆخەکە بۆ ئەردۆگان قورستر دەبێت. بەدیهێنانی ئاشتی لە ئۆکرانیا دەکرا بە سەرکەوتنی گەورە بۆ ئەردۆگان ئەژمار بکرێت، بەڵام جەنگەکە بەردەوامە و دەستکەوتە تاکەکەسیەکانی سەرکردە تورکەکە هێندە زۆر نین. گرنگترین دەستکەوتی بەشداریکردنیەتی لە ڕێکەوتنی دانەوێڵە. هەتا ناوەڕاستی هاوین هێزەکانی ڕووسیا بەندەرەکانی ئۆکرانیایان داخستبوو، کە بەهۆیەوە ملیۆنان تۆن دانەوێڵە لە چاوەڕوانی هەناردەکردندا بوون.  وڵاتانی هەژار ڕووبەڕووی هەڕەشەی کەمی خۆراک بوونەوە و نرخی خۆراک لە بازاڕی جیهانیدا بەرزبوویەوە. بە نێوەندگیری ئەردۆگان و نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆکە  بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵگیرا .
        لە پاییزدا، ڕووسیا تاکلایەنە لە ڕێکەوتنی دانەوێڵە کشایەوە و ئۆکرانیای بەوە تۆمەتبار کرد کە " ڕێڕەوی سەلامەتی" بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر کەشتیگەلی ڕووسیا، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و تەنها دوای ٧٢  کاتژمێر و گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەردۆگاندا ، ڤلادیمیر پوتین ڕای خۆی گۆڕی. تورکیا باسی لەوە نەکرد کە چۆن توانیویەتی مۆسکۆ قایل بکات بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە. ڕووسیاش ڕایگەیاند کە چەند گەرەنتییەکی وەرگرتووە، بەڵام سەرچاوە نهێنیەکانی ئاژانسەکانی ڕۆژئاوا ئاماژەیان بەوە کردووە کە گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ ڕێککەوتنی دانەوێڵە لە ئەنجامی فشارەکانی تورکیا بووە. ئەستەمە وێنای ئەوە بکەین کە ئایا ئەردۆگان ئەو ئەرگۆمێنتەی بەکارهێناوە یاخود نا، بەڵام بۆ تورکیا بەس بوو کە یاوەری کەشتییە بارهەڵگرەکان بە دانەویڵە بکات بەمەبەستی گەرەنتی سەلامەتیان، لە ئەگەری هەر هێرشێک لەلایەن ڕووسیاوە ئەگەر بە ڕێکەوتیش بێت بۆ سەر کەشتییەکانی تورکیا، ئەوا هێرشە بۆ سەر کەشتییەکانی ناتۆ.

ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌سته‌نبوڵ بۆ هه‌نارده‌كردنی گه‌نمی ئۆكرانیا


         ڕاوێژکاری نوسینگەی سەرۆکی ئۆکرانیا )میخائیل پەدەلیاک ( دڵنیایە لەوەی کە پوتین بە هۆی "نمایشی عەقڵانی هێز" ەوە ڕای خۆی گۆڕیوە، کە سیاسەتمەدارە ئۆکرانیەکە ناوی دەنێت " دیبلۆماسیەتی عوسمانی. ئەردۆگان، "  دیبلۆماسیەتی عوسمانی" تەنها لە دیالۆگەکانی نێوان مۆسکۆ و کییڤدا بەکارناهێنێت، بەڵکو دەرفەتێکی گەورە دەبینێت بۆ بڵاوکردنەوە و زیادکردنی هەژموونی خۆی لە ئەفریقا. تورکیا بەردەوامە لە کردنەوەی نوێنەرایەتی خۆی لە وڵاتانی ئەفریقا و لە ئێستادا ٤٣ باڵوێزخانەی هەیە لەو کێشوەرەدا. هێڵی ئاسمانی تورکی ئەم وڵاتانە لە ئاسماندا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەردۆگان بە بەردەوامی سەردانی ئەفریقا دەکات و تا ئێستا سەردانی زیاتر لە ٣٠ وڵاتی کردووە. لە سەرەتای ئەمساڵدا تورکیا بریکارە سەربازییەکانی خۆی بۆ ١٩ وڵاتی ئەفریقی نارد، لەنێویاندا ئەفریقای باشور، مەغریب، نەیجیریا، گانا، جەزائیر، ئەسیوپیا. لەم ساڵانەی دواییدا تورکیا ڕێککەوتنی سەربازی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا واژۆ کردووە.  ئەردۆگان پێشتر چەندین کۆبوونەوەی لوتکەی تورکیا- ئەفریقا ئەنجامداوە و بەردەوامە لە هاریکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کیشوەرەکە،  لەو نێوەندەدا هۆکارەکانی گواستنەوە و چەک و تەقەمەنی و لەنێویاندا درۆنە بەناوبانگەکانی بەو وڵاتانە دەفرۆشێت.
            یوری ماڤاشیڤ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە کاتێکدا ڕووسیا سەرقاڵی جەنگی ئۆکرانیایە، ئەردۆگان هەژموونی خۆی زیاد دەکات لە ئۆراسیا و بەگشتی لە تەواوی ئەو ناوچەیەی کە ڕووسیا کە بە ناوچەی هەژموونی خۆی دادەنێت. لە مانگی تشرینی دووەمدا، تورکیا سەرکردایەتی لوتکەی ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک زمانی کرد. کە تیایدا سەرکردەکانی ئۆزبەکستان، ئازەربایجان، کازاخستان و قیرغستان بەشدارییان کرد. لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا، گەنگەشەی ئەوە کرا کە تورکمانستان دەتوانێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بچێتە ناو ڕێکخراوەکەوە.
          لە ئێستادا، کاتەکە بۆ ئەردۆگان بە تەواوی لەبارە، لە دوای ئەوەی کازاخستان، گەورەترین وڵاتی ناوچەکە ناڕەزایی خۆی لە ڕووداوەکانی ئۆکرانیا دەربڕی وسەرۆکی وڵاتەکە قاسم ژۆمارت تۆکاێیڤ ڕەتیکردەوە دان بە سەربەخۆیی کۆمارەکانی دۆنباسدا بنێت، کە پارتی ئازادی و دیموکراتی ڕووسیا بە " ناوچەی خۆبەڕێوبەر" ناویان دەبات.  هاوکات ئەردۆگان بەردەوامە لە زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا و " هێزی نەرم" بەکاردەهێنیت بە تەرخانکردنی پارە، بۆ نموونە بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکان.  بەڵام تاکە گرفتی ئەردۆگان ئەوەیە کە لە هاوینی ساڵی داهاتوودا بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە تورکیا بەڕێوەبچێت. هەرچەندە سەرکەوتنەکانی ئەردۆگان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەشێت کاریگەر دەربکەون ، بەڵام بەلای دەنگدەرانەوە ئەوەی لە ناوخۆی وڵاتدا ڕوودەدات زۆر گرنگترە.
بەرگری کردن  لە مانشێتەکان
           ئەگەر لە سیاسەتی دەرەوەدا ئەردۆگان هەندێک سەرکەوتنی بەدەست هێنابێت، ئەوا لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی کێشەی جددی بۆتەوە. تورکیا لە قەیرانێکی ئابوری سەختدایە، ڕێژەی هەڵاوسان بەپێی خەمڵاندنە فەرمیەکان لە ٨٥٪ زیاترە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە ماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا. بەنزیکەیی نرخی هەمووشتێک لە بەرزبوونەوەدایە، بەتایبەتی نرخی خۆراک و گواستنەوە.  هۆکاری هەڵاوسانێکی لەمشێوەیە و دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرە، لە پاییزی ساڵی ٢٠٢١ دەستیپێکرد، کاتێك کە بانکی ناوەندی ڕێژەی سوودی سەرەکی دابەزاند، واتە ئەو ڕێژەیەی  کە بانکی ناوەندی لە قەرزدان بە بانکە بازرگانیەکان دەستی دەکەوێت.
         بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو جیهاندا بانکە ناوەندیەکان بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان، ڕێژەی سوود بەرزدەکەنەوە، بەڵام  ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دیدگای خۆی هەیە لە سیاسەتی دراوی بانکی ناوەندیدا. ئەردۆگان کە لە دوای قەیرانی ئابوری ساڵی ١٩٩٨ هاتۆتە سەر دەسەڵات و  ڕژێمەکەی زۆر پشتی بە بەڵێنەکانی سەقامگیری ئابوری لە وڵاتدا بەستووە ، بۆیە ئەم قەیرانەی ئێستا گرفتی گەورەی بۆ دروستکردووە.
          ئۆپۆزسیۆنی تورکیا شەرم ناکات لە ڕەخنەگرتن لە ئەردۆگان لەسەر قەیرانێکی دروستکراو. ساڵێک لەمەوبەر، سەرۆکی پارتی چاک  " میرال ئاکسێنەر" لە پەرلەمان وتی : کە هەزاران کتێب دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوبردنی ئابوری نووسراون، بەڵام تەنها یەک کتێبش لەسەر چۆنیەتی لە ناوبردنی  نەنووسراوە. نووسینی ئەم بەشە کەوتە ئەستۆی تۆ، بەڕێز ئەردۆگان".

ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێ هه‌ڵبژاردنی داهاتووش بباته‌وه‌


          بڕیارە هاوینی ساڵی ٢٠٢٣ لە تورکیا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، یوری ماڤاشێڤ بەڕێوبەری سەنتەری ڕووسی بۆ لێکۆڵینەوە لە تورکیای نوێ باس لەوە دەکات کە " ئۆپۆزسیۆن دەستەوئەژنۆ دانانیشێت، ئەوان تا ئێستا بەربژێری هاوپەیمانیەتیەکان ڕانەگەیاندووە و نایانەوێت ئەردۆگان کەڵک لەوە وەربگرێت، چونکە باش دەزانن ئەگەر ناوی کاندیدەکەیان ئاشکرا بکەن، دەشێت دەزگاکانی دەوڵەت لە دژی ئەو کەسە بەکاربهێنرێن و میدیاکانیش بە بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست و هەڵبەستراو گەرمدەکرێن. بۆیە لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆن و ئەردۆگان لە یەکتر دەڕوانن و بەمشێوەیە بەرەو ساڵی ٢٠٢٣ دەڕۆن. 
           دەزگا کارگێڕیەکان پێشتر دەستیان بە کارکردن لە هەندێ دۆسیەدا کردووە دژی ئەو کاندیدە لێوەشاوانەی کە دەرفەتی باشیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هەیە. ئەکرەم ئیمام ئۆغلو پارێزگاری ئیستانبوڵ تۆمەتبار کراوە بە سوکایەتیکردن بە ئەندامانی کۆمۆسیۆنی ناوەندی هەڵبژاردنەکان، کە ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساغببێتەوە ئەوا لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە و بۆ ماوەی ٤ ساڵیش زیندانی دەکرێت. هاوکارانی ئیمام ئۆغلۆ لە پارتی گەلی کۆماری دۆسیەکە دەبەستنەوە بە هەڵبژادنەکانەوە و لەوبڕوایەدان کە ئەردۆگان هەوڵدەدات لە تاکە کاندیدی بەتوانای ئۆپۆزسیۆن قوتاری ببێت.
          ئەردۆگان هەوڵدەدات سەرکەوتنەکانی سیاسەتی دەرەوە وەربگێڕێت بۆ ناوخۆی وڵات، بەڵام هاوڵاتیانی تورکیا پێشتر بەو ڕاستیە راهاتوون کە زۆرینە چۆن دەڕواننە تورکیا و ناوی سەرۆکیش مانشێتی رۆژنامەکان جێناهێڵێت. ماڤاشێڤ دەڵێت " خەڵک پێشتر بەرگرییان پەیداکردووە و ئەردۆگانیش لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا زۆر دوور کەوتۆتەوە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە زۆر ئەستەمە جێی ئەوشتە بگرینەوە لە کە لە بەفرگردا  نیە و لە تەلەفزیۆندا هەیە". لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ئەردۆگان دەرفەتی سەرکەوتنی زۆرە، وەک دیمیتار بێچیڤ ئاماژەی پێدەکات، حکومەتی ئەو وڵاتە وەك ڕێوشوێنێکی کورتخایەن دەستی بە پرۆگرامێکی یارمەتیدان کردووە، بەڵام سەرۆکی ئێستا تەنها پشت بەمە نابەستێت. "ئەو هەموو ئامرازەکانی دانانی کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەبەردەستدایە، لەوانە دەستخستنە ناو کاروباری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، هەروها کۆنتڕۆلکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، هەربۆیە ئەمە نابێتە کێبڕکێیەکی یەکسان بۆ هەمووان".  بێ گوێدانە شانسی ئەردۆگان لە هەڵبژاردنەکاندا، لە مانگەکانی داهاتوودا ئەو وەک نێوەندگیری نێوان ڕووسیا، ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا دەمێنێتەوە، لەبەرئەوەی هیچ نێوەندگیرێکی تر نییە. 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ