ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی به‌رگریى ڕوسیا و توركیا و سوریا

پۆتین و ئه‌ردۆغان و ئه‌سه‌د.. چی به‌سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان ده‌هێنن؟

ره‌نج نه‌وزاد 2023.01.01 08:06 PM
163 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

چەند خاڵێکی گرنگی کۆبوونەوەکەی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە نێوان وەزیرانی بەرگری تورکیا و سوریا و ڕوسیا:
١. لە ساڵی ٢٠١١وە بۆ یەکەمجار تورکیا و سوریا لەسەر ئاستی باڵا و بە فەرمی کۆبوونەوە، ئەوەش بە ناوەندگیری ڕوسیا، تورکیا ئامادەیە دەستبەرداری هەموو خاکی سوریا ببێت، لە بەرامبەردا سوریا ڕۆژئاوای کوردستان لەناوببات و سوپای  سوریا بگەڕێتەوە بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، پێش ئەو کۆبوونەوەیە و لە کاتی کۆبوونەوەکەش تورکیا ئاماژەی بەوە داوە.
ماوەی ساڵێک دەبێت تورکیا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە باشترە لەگەڵ ئەسەد ئاشت ببێتەوە و پەیوەندییەکانیان دەست پێبکاتەوە، ماوەیەکە ئەردۆگان دەیەوێت لەگەڵ ئەسەد کۆببێتەوە، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ڕێگە خۆشکردن بوو بۆ کۆبوونەوەی ئەردۆگان و بەشار ئه‌سه‌د. 
٢. ڕوسیا پشتگیریی ئەو پرۆژەیەی تورکیا دەکات، کە بریتییە لە کشانەوەی تورکیا لە سوریا و ڕۆژئاوا، هەڵوەشاندنەوەی گروپە تیرۆریستییە عەرەبە سوونەکانی سەر بە تورکیا، لە بەرامبەردا ئەسەد هەموو خاکی سوریا و ڕۆژئاوا کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.
ئەمە بۆ ڕوسیا دەستکەوتێکی گەورەیە؛ چونکە ئەسەد بوکەڵەیەکی دەست پوتینە، ئەگەر ئەسەد هەموو سوریا بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، واتە ڕوسیا کۆی سوریا کۆنتڕۆڵ دەکات، هاوکات، ئەوە مانای کۆتایهاتنە بە مانەوەی سوپای ئەمریکا لەسەر خاکی ڕۆژئاوا و سوریا. 
٣. ئێران وەک هێزێکی سەرەکی لە سوریا، بە گشتی لەگەڵ سڕینەوەی ڕۆژئاوای کوردستانە، بەڵام بەو مەرج و پلانەی کە خۆی دەیەوێت، ئێران بەهۆی ڕێککەوتنی لەگەڵ پژاک، لەم کاتەدا کە ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵات دەکوڵێت، نایەوێت بە ئاشکرا بچێتە بەرەی تورکیا بۆ سڕینەوەی رۆژئاڤا، چونکە دەکرێت پەکەکە کاردانەوەی هەبێت لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

گه‌یشتنی وه‌زیری به‌رگریی و سه‌رۆكی هه‌واڵگریی توركیا بۆ مۆسكۆ


هەروەها ئێران بەشار ئەسەدێکی دەوێت کە زیاتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی بێت نەک ڕوسیا. شەڕی ڕوسیا و ئۆکڕانیاش، ئێران وەک هەلێکی دەبینێت بۆ لاوازبوونی ڕوسیا لە سوریا و ئەو بۆشایەیی ڕوسیا بەجێیدەهێڵێت ئێران دەیەوێت پڕی بکاتەوە لە ڕێگەی گروپە تیرۆریستییە عەرەبە شیعەکانی سەر بە ئێران.
ئێران مەبەستیەتی ئەسەد هەموو سوریا کۆنتڕۆڵ بکاتەوە لە ئەنجامی ڕێککەوتنی ڕوسیا و ئێران و ئەسەد، نەک تورکیا وەک بەرەیەکی سەرەکی. واتە ئێران و تورکیا و سوریا، ئامانجی سەرەکیان لەناوبردنی قەوارەکەی ڕۆژئاوای کوردستانە، بەڵام لە ئامراز و وردەکاریی و کاتدا جیاوازییان هەیە. بێگومان عێراقیش لە دوورەوە بێ ئەوەی بەرەیەکی سەرەکی بێت، هەمان ئامانجی سێ داگیرکەرەکەی تری هەیە. 
٤. لە بەرامبەر ئەو بەرە دژە کورد و کوردستانە، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەیە. ئەمریکا تا ئەمڕۆش وادیارە مەبەستیەتی ڕۆژئاوای کوردستان بمێنێتەوە، ویستی ئەمریکا بۆ مانەوەی ڕۆژئاوای کوردستان وادەکات هەر ڕێککەوتنێکی نێوان ئەو بەرەیە شکستبهێنێت. بەڵام ئەو ویستەی ئەمریکا بە چ نرخێک و چ سازشێکی بەرەی ڕوسیا - تورکیا - سوریا - ئێران گۆڕانی بەسەردا دێت؟ دەبێت چی بدەنە ئەمریکا بۆ ئەوەی ئەمریکا ڕۆژئاوای کوردستانیان بداتێ؟ جارێ زۆر ڕوون نییە. 

ئێران و تورکیا و سوریا ئامانجی سەرەکیان لەناوبردنی ڕۆژئاوای کوردستانە بەڵام لە ئامراز و وردەکاریی و کاتدا جیاوازییان هەیە

٥. ڕۆژئاوای کوردستان بە سەرکردایەتی ژەنەراڵ مەزڵوم کۆبانێ، لێدوانە فەرمییەکانیان تا ئەمرۆش زۆر باش و سیاسییە. ئاشکرا ویستەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان ئەو بەرە دژە کوردەی ڕەتکردەوە. بە هیچ شێوەیەک ئامادەی پیشاننادەن بۆ سڕینەوەی ڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر بە هەر ڕێککەوتن و نرخێک. تەنانەت ئاشکرا هەڕەشە دەکەن لە تورکیا لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی داگیرکارییەکانی.
ڕۆژئاوای کوردستان، تا ڕادەیەک یەک لابووەتەوە کە تەنیا ویستی ئەمریکا گرنگە بۆ مانەوەی ئەو قەوارە کوردستانییە پیرۆزە. بەڵام هەرگیز نابێت باوەڕ بەوە بکەین کە ئەمریکا خۆی یەکلاکردوەتەوە بۆ پاراستنی ئەو قەوارەیە. 

وه‌زیرانی به‌رگریی سوریا و روسیا و توركیا: عه‌لی مه‌حمود عه‌باس، سێرگی شویگۆ، خڵوسی ئاكار

٦. تورکیا، بۆ ماوەیەکی کاتی، وا دەردەکەوێت جارێ ئەو هێرشە سەربازییە زەمینییە ڕابگرێت بۆ سەر ڕۆژئاڤا. چونکە ئەمریکا ڕازی نییە تا ئێستا، هەروەها پێیوایە ئەمجارە زیانە سەربازییەکانی زۆر دەبێت، چونکە لێدوانەکانی هەسەدە بە ئاشکرا و بە ڕوونی دیارە کە خۆیان ئامادەکردوە و وەڵامی توندیان دەبێت. زیان گەیاندنی گەورە بە سوپای تورکیا لەم کاتەدا، زیانی دەبێت بۆ ئەردۆگان لە هەڵبژاردنەکانی چەند مانگی داهاتوو، بە تایبەت لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەو جەنگە، ئەوا ناردنەوەی ئاوارە سورییەکان لە تورکیاوە بۆ رۆژئاوا و سوریا دوادەکەوێت، ئەمەش کێشەیەکی گەورە دەبێت بۆ ئەردۆگان، خەڵکی تورکیا تەواو بێزاربوون لەو ئاوارە سوریانە، بۆیە ئەردۆگان هەوڵدەدات ئەوەی کە بە نیازە بە ڕێگەی سەربازی پێی بگات، بە ڕێگەی دبلۆماسی بەدەستی بهێنێت و بە زیانێکی زۆر کەمتر بگات بە هەمان دەستکەوت. 
٧. تاکە مەترسی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی ئەو کۆبوونەوە و ڕێککەوتنانەی نێوان لایەنەکانی ئەو بەرە دژە کوردە، بریتییە لە تورکیا، لەو بەرەیە تەنیا تورکیایە ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئەمریکایە و دەتوانێت ڕەزامەندی ئەمریکا بەدەست بهێنیت، بە تایبەت ئەمریکا بەهۆی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە، مەبەستیەتی یەکگرتوویی ناتۆ بپارێزێت و ئەندامێکی ناتۆی وەک تورکیا ناچار نەکات نزیکتر بێتەوە لە ڕوسیا.

ئەوەی دوژمنی سەرەکی و بەردەوامی کوردە نە داعشە نە نوسرە نە گروپە تیرۆریستیەکانی تر بەڵکو سوپاکانی تورکیا و ئێران و سوریا و عیراقن

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا دەبێت شتێک بداتە ئەمریکا بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا لە ئەمریکا بسەنێتەوە، ئایا تورکیا ئامادە دەبێت وەک ئەندامەکانی تری ناتۆ بچێتە بەرەی دژە ڕوسیا؟ ئەوە قوورسە، لەبەر چەندین هۆکار، گرنگترینیان ئەوەیە ئەگەر تورکیا ئەوە بکات، ئەوکات ڕوسیا ڕێکناکەوێت لەگەڵی لەسەر پرسی سوریا و رۆژئاوای کوردستان. 
٨. بەردەوامی و قووڵبوونەوەی جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکڕانیا لە بەرژەوەندی رۆژئاوای کوردستانە، چەنێک جەنگەکە ئاڵۆزتربێت، دەکرێت پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا ئاڵۆزتربن، ئەمەش وادەکات ئەمریکا درەنگتر و قورستر سازش لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بکات بۆ سوریاکەی ئەسەد کە ڕوسییە. زۆربەی کات، کورد بەرژەوەندی لەوەدایە کە فەوزا و جەنگ و ململانێ هەبێت لە نێوان دەوڵەتان و کەمترین سەقامگیری و ئارامی هەبێت.

ته‌نها ئه‌مریكییه‌كان له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی رۆژئاوای كوردستاندان


٩. ڕۆژئاوای کوردستان، ئەگەر بتوانێت و زەمینە هەبێت، پێویستە ئەو ململانێیە بقۆزێتەوە کە سەرەتاکەی دەرکەوتووە لە نێوان تورکیا و گروپە تیرۆریستییە عەرەبەکانی سەر بە تورکیا لە ڕۆژئاوا و سوریا.
گروپە تیرۆریستییەکان هەندێکیان وا هەست دەکەن کە تورکیا فڕۆشتوونی لەپێناو ڕێککەوتن لەگەڵ ئەسەد، ئەم ململانێیە ئەگەر بگاتە شەڕی سەربازی لەگەڵ تورکیا، پێویستە ڕۆژئاڤا بە هەند وەریبگرێت. دواجار ئەوەی دوژمنی سەرەکی و بەردەوامی کوردە، نە داعشە نە نوسرە نە گروپە تیرۆریستیەکانی تر، بەڵکو سوپاکانی تورکیا و ئێران و سوریا و عیراقن. پێویستە ڕۆژژئاڤا ئەوە بکاتە ستراتیژ و تەکتیک، کە شەڕی تیرۆر و داعش بۆ ڕاگەیاندن و بەدەستهێنانی دەستخۆشی ڕۆژئاوایە، پێویستە ئەوە تەکتیک بێت، نەک ستراتیژ.
ستراتیژ دەبێت ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای سوریا و سوپای تورکیا بێت، هەرگیز ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان ناتوانن کوردستان داگیربکەن، چونکە جیهان ئەوەی قبوڵ نییە، نا یاسایین، دەتوانن بۆ ماوەیەکی کورت هەندێک شوێنی کوردستان داگیر بکەن و هەندێک زیانی کاتی بدەن، پاشان هەر زلهێزەکان لەناویان دەبەن. بەڵام سوپاکانی ئەو چوار داگیرکەرە، دەتوانن بە یاسا و بە هێز و بە واقع سەدان ساڵ کوردستان داگیر بکەن و جیهانیش پشتگیریان دەکات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ